کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

886 بابەت

سمکۆ سالار

ناوی (سمکۆ سالار موشیر)ە. ساڵی ١٩٧٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری هەڵەبجە خوێندووە. بەکالۆریۆسی لە یاسادا لە کۆلیژی یاسا و ڕامیاری لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. دەرچووی خولی ئەفسەرانە. لە بواری یاساو کارگێڕیدا ٢٢ ساڵ خزمەتی هەیە. وەک بەڕێوەبەری ناحییەکانی (بیارە، خورماڵ، بەمۆ) و چەند جارێکیش وەک قایمقامی هەڵەبجە بە وەکالەت پۆستی هەبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. لە ئێستادا(٢٠٢٤) بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆیە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەری ناحیە

سوڵتان بەگ

قايمقامى قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. لە نێوان ٢٩ی ١٠ی ١٩١٦ بۆ کانوونى دووەمى ١٩١٨ لە دواى ئيبراهيم بەگ، قايمقامى قەزاکە بووە. زانیاری زیاتر لەسەری نەزانراوە.

سیروان عەبدوڵا بەگی جاف

بەگزادەی جاف، مودیر ناحیە و قایمقامە. ناوی (سیروان عەبدوڵا بەگ حسەین بەگ مەحموود پاشای محەممەد پاشای جاف)ـە. ساڵی ١٩٣٦ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و دواناوەندی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٥٦ لە کۆلێجی ياسا لە بەغدا خوێندویەتی و ساڵی ١٩٦١ بووە بە ئەفسەری يەدەگ. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی منداڵێکە. لە نێوان ساڵانی ١٩٦٣ بۆ ١٩٧٠ لە چەند شوێنێک بەڕێوەبەرى ناحیەکانی: (راوە، سرووری لە سنجار، ئەڵقۆش، زاب، بەعشیقە) و ماوەیەکیش قایمقامی (شێخان) بووە. لە نێوان ساڵانى ١٩٦٩ بۆ ١٩٧٤ ئەم پۆستانەی دیوە: جێگری پارێزگارەکانی شارەکانى هەولێر، دیوانیە، سماوە و بۆ ماوەیەکی کەمیش پارێزگاری هەولێر بووە. لە کۆتایی ١٩٧٤ تا ١٩٨٦ ئەم پۆستانەی دیوە: ئەمین عامی بلدیات، ئەمین عامی مالیە، ئەمین عامی داخلیە. ساڵی ١٩٨٦ تا ساڵی ١٩٩٠ بووە بە سەرۆکی ئەنجوومەنی تەنفیزی ناوچەی حوکمی زاتی و لە هەمان کاتدا سەرۆکی ڕۆژنامەی عێراق بووە. ساڵی ٢٠٠٣ خانەنشین کراوە.

شاهۆ عوسمان کەریم

ساڵی ١٩٧٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە هەڵەبجە و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە. دەرچووی بەشی یاسای کۆلێژی یاسا و ڕامیاری زانکۆی سلێمانییە. وەک بەڕێوەبەری ناحیەی سیروان دامەزراوە و ١٠ ساڵ لەو پۆستەدا ماوەتەوە. ساڵی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠٠٩ بە وەکالەت قایمقامی هەڵەبجە بووە. ماوەیەک بەڕێوەبەری شارۆچکەکانی سیروان و پیرەمەگرون و دوو ساڵ قایمقامی دوکان و چوار ساڵ قایمقامی شارباژێڕ بووە. ساڵی ٢٠٢٣ وەک جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ کاروباری کارگێڕی دەستبەکاربووە و تا ئێستا بەردەوامە. لە ناوەوەی هەرێم و وڵاتانی ئیتاڵیا و لبنان و تورکیادا بەشداری چەندین خول و پانێلی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.

شێخ جەمال نەقشبەندی

بەڕێوەبەری شارۆچکەی (خورماڵ)ـە. ناوی (شێخ جەمال کوڕی شێخ کەمالەدین کوڕی شێخ نجمەدین کوڕی شێخ عومەری بیارە)یە. ساڵی١٩٣٠ لە شارۆچکەی بیارە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتای لەبیارە و ناوەندی لە هەڵەبجە و ئامادەیی لە بەغداد تەواوکردوە. کۆلێژی حقوقی لە زانکۆ خوێندووە. لە وەزارەتی ناوخۆ دامەزراوە. ساڵی ١٩٧٠ بووە بە بەڕێوبەری شارۆچکەی خورماڵ و تا ساڵی ١٩٧٥ ماوەتەوە. لەسەردەمی ئەودا جادەی ئەحمەدئاوا - زەڵم نۆژەنکراوەتەوە. پڕۆژەی ئاوی خورماڵ جێبەجێکراوە. بۆ یەکەمجار تۆڕی کارەبا گەیەنراوەتە خورماڵ، قوتابخانەی ناوەندی کراوەتەوە. بەهۆی هەڵوێستی نیشتمانپەروەرییەوە ساڵی ١٩٧٥ دوورخراوەتەوە بۆ سەماوە و دواتر گەڕاوەتەوە سلێمانی و کاری پارێزەری کردووە و زۆر سەرکەوتوو بووە ماوەی شانزە ساڵ پارێزەر بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵە. ساڵی ١٩٩٤ کۆچیدواییکردووە، لە سلێمانی بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
بەڕێوبەری ناحیە

شێخ عەلی حسێن کەسنەزانی (بەڕێوبەری ناحیه)‌

ناوی (عەلی حسین عەبدولکەریم)ـە و بە (‌شێخ عەلی حسێن کەسنەزانی) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٤ لە گوندی (کرپچنه)ی‌ سەر به شارۆچکەی سەنگاو لەدایکبووه. سەرەتا لەحوجره ‌و دواتر قۆناغەکانی سەرەتایی و ئامادەیی له ‌کەرکوک تەواوکردووه. خولی ئامادەی سەرکردەی کارگێڕی لە پەیمانگای نەتەوەیی لە بەغداد تەواوکردووه. ‌ساڵی ١٩٧٥ تا ١٩٧٧ بەڕێوبەری ناحیەی خورماڵ بووه. دواتر ‌گواستراوەتەوە بۆ ناحیەی سەیدسادق دواتریش بۆ ناحیەی بازیان. ساڵی ١٩٧٨ کراوە بە قایمقامی قەزای پێنجوێن. لەپاش ڕاپەڕین بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە‌. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.

شێخ محەممەد ئەمین

قایمقامی هەڵەبجە بووە. ناوی (شێخ محەممەد ئەمین شێخ عەبدوڵا)یە. لەبەرئەوەی بنەماڵەی شێخانی عەبابەیلێ لە شۆڕشی شێخ مەحموددا دژی ئینگلیز بوون و گوندەکەیان سووتاوە، چوونەتە خۆرهەڵات. ساڵی ١٩٢٥ لە گوندی (بارامئاوا)ی ناوچەی مەریوان لەدایکبووە. ساڵی ١٩٣٢ لە هەڵەبجە خراوەتە قوتابخانە. سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و خانەی مامۆستایانی لە بەغدا تەواوکردووە. سەرکردەی شەڕی دەربەندیخان بووە. بەشداری گرتنی مەخفرەکانی هەورامانی کردووە. ساڵی ١٩٦٦ بۆ ١٩٧٠ کراوە بە قایمقامی هەڵەبجە. لەو خزمەتانەی لەسەردەمی ئەودا کراوە (ڕاکێشانی کارەبا، قیرتاوکردنی شەقامەکان، کردنەوەی کارگەی توتن و هێنانەوەی فەحسی توتن، فراوانکردنی بنکەو پڕۆژەی ئاو). ماوەی جیاواز قایمقامی (کەلار، چەمچەماڵ) و پارێزگاری (کەرکوک)یش بووە. ساڵی ١٩٧٨ خانەنشین بووە و ساڵی ١٩٨٨ کۆچیدواییکردووە.

شێخ یەحیا بەرزنجى

ناوى تەواوى (شێخ یەحیا کوڕى شێخ عەبدولعەزیز کوڕى شێخ باباڕەسوڵى کوڕى شێخ مەحموودە)، لە ناو بنەماڵەیەکى ئایینى و نیشتیمانپەروەر، لە ڕێکەوتى ١/٧/١٩٤٤ز لە گوندى (ڕۆڤیا)ى سەر بە ناحیەی (بەردەڕەش) لەدایکبووە. باوکى بۆ ماوەى ٥١ ساڵ شێخ و پێشەواى تەریقەتى قادریى ولیانى بووە و بە هەزاران شوێنکەوتوویان هەبووە. خوێندنى لاى زانایانى تەکییەى شێخ ئیسماعیلی ولیانى بووه،‌ پاشان خوێندنى قوتابخانەى دەوڵەتى دەستپێکردووە، چووەتە زانکۆ و کۆلێژى کارگێڕیى و ئابورى (إدارة‌ و الاقتصاد) لە شارى موسڵ تەواوکردووە. لە ماوەى دە ساڵدا، قائیمقامى سێ شوێن بووە، ساڵى ١٩٨١ بووه ‌بە قائیمقامى قەزاى دووکان و ماوەى دوو ساڵ لەو پۆستەدا ماوەتەوە. لە کانوونی دووەمی ١٩٨٨ و تەنها بۆماوەى ٣ مانگ بووەتە قائیمقامى قەزاى هەڵەبجە، لە ١٦/٣/١٩٨٨ بۆماوەى ٦ ساڵ، لەلایەن سوپاى ئێرانەوە بە دیلگیراوە. لە ساڵى ١٩٩٤ ئازادکراوە و لە ساڵى ١٩٩٦ بۆ ماوەى دوو ساڵ بووەتەوە بە قائیمقامى قەزاى ئاکرێ. پاشان هەتا کاتى خانەنشین بوونى، ڕاژەکەى گواستراوەتەوە بۆ دیوانى پارێزگاى دهۆک. ١٠/١/٢٠١٧ بە نەخۆشی لە وڵاتى نەمسا کۆچیدواییکردووە، تەرمەکەى گەڕێنراوەتەوە بۆ هەرێمى کوردستان و لە گۆڕستانى تەکییەى شێخ ئیسماعیلی ولیانى لە ڕۆڤیا بەخاکسپێردراوە.

زیاتر بزانە
قائیمقامى هەڵەبجە

عادیلەخانم

ناوى (عادیلەخانم کچی عەبدولقادر بەگی کوڕی حەمید بەگی کوڕی مەحموود بەگ کوڕی ئەحمەد بەگی ساحێبقڕان)ـە. ساڵی ١٨٥٩ لە شاری سنە لەدایکبووە، لە باوکەوه، لە بنەماڵەی (ساحێبقڕان)ـە، کە لە سەردەمی بابانەکاندا دەسەڵاتی گەورەیان لەناو میرنشینەکەدا هەبووە، لەدایکیشەوە لە بنەماڵەی (وەکیل)ـەکانی شاری سنەیە. عەبدولقادر بەگ دوای لەناوچوونی میرنشینی بابان، چاوی بەرایی نەهاتووە لە سلێمانیدا بمێنێتەوە، بۆیە ڕوویکردووەتە شاری سنە و خانمیش هەر لەوێ‌ لەدایکبووە، عەبدولقادر بەگی باوکی خاوەنی کتێبی (سیرە الاکراد)ە. عادیلەخانم لە ناوەڕاستى حەفتاکانی سەدەی نۆزدەدا بووەتە‌ هاوسەریی (عوسمان پاشای جاف) و هاتووەتە شاری هەڵەبجە. خێزانی دووەمی پاشا بووە و پێنج منداڵی لێ ‌بووە (تاهیربەگ، عیزەت بەگ، ئەحمەدموختار جاف و ناهیدە، سەبیحە). بەهۆی لێهاتوویی عادیلەخانم خۆیەوە، توانیویەی شوێنی خۆی لەناو عەشیرەتی جاف و ناوچەکەدا بکاتەوە و چەند ئیشوکارێکی عوسمان پاشای هاوسەريشى، کە لەو کاتەدا قایمقامی هەڵەبجە ١٨٨٩ بۆ ١٩٠٩ بووە، ڕادەپەڕێنێت. گەلێک لە سیما شارستانییەکانی سنەی بۆ هەڵەبجە گواستووەتەوە‌، لەوانە گرنگیدان بە باخ، دروستکردنی قەیسەری سەرگیراو بەشێوەی گومەزی، دروستکردنی مزگەوتێک بەناوی (خانم). بەڵام پاش مردنی عوسمان پاشا لە ساڵی ١٩٠٩ و هاتنی تورکە ئیتیحادییەکان، خانم ئەو دەسەڵاتەی جارانی نەماوە و زیاتر خەریکی ئیشوکاری ماڵەوە و عەشیرەتەکەی بووە. بە هاتنی ئینگلیزەکانیش بۆ ناوچەکە و کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی تورکە عوسمانییەکان، خانم پێگە و قورسایی جارانی بۆ گەڕاوەتەوە‌ و تەنانەت لە پاى هاوکارییەکانی بۆ ئینگلیزەکان نازناوی (خان بەهادور)یان پێ‌ بەخشیوه،‌ کە نازناوێکی بەرزی هیندییە، هەروەک بەگزادەکانی جاف پلەی قایمقامێتی شارەکەیان کەوتەوە دەست و ئەحمەدموختار جافی کوڕی ساڵى ١٩٢٤ کراوە بە قامقامی شارەکه. دواجار لە ڕۆژی یەک شەممە ٢٨ی ٩ى ١٩٢٤ عادیلەخانم لە هەڵەبجە کۆچیدواییکرد و لە گۆڕستانی (عەبابەیلێ‌) بەخاکسپێرراوە.

عەباس قولی سانی هەورامی

خۆشنوس و هونەردۆستە. ناوی (عەباس کوڕی بارام میرزابەگی هەورامان)ـە. بە فەرمانی شا عەباسی سەفەوی نازناوی (سان)ی پێدراوە و کراوە بە فەرمانڕەوای هەورامان. لەسەر مەزهەبی شیعە بووە. لەگەڵ عوسمانییەکاندا جەنگاوە و هیچ باج و خەراجێکی پێ نەداون و سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. لە لوڕستانەوە تا بەشێکی شارەزوور لەژێر فەرمانیدا بووە. چەند پرد و بینایەکی دروستکردووە. زستانان لە عەباسئاوا و هاوین لە هەواری کراوییەدۆڵ ژیاوە. ساڵی ١٦٦٤ ز کۆچیدواییکردووە و لە پاش خۆی بارام سانی کوڕی بووە بە سان.

زیاتر بزانە
فەرمانڕەوا

عەبدولحەکیم نەجیب عەبدوڕەحیم هانەسوورەیی

سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە‌یە. بە(سەید حەکیم سەید نەجیب هانەسوورەیی) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٩ لە گوندی (هانەسوورە) لەدایکبووە. پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی تەواوکردووە. لە وەرزشکارە دێرینەکانە و لەم تیپە وەرزشییانە یاریکردووە: تیشکۆ، نەورۆز، گوڵان ..هتد. ماوەیەک کراوەتە سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە. خيزاندارە و لە ئێستادا فەرمانبەرە لە خانوبەرەی هەڵەبجە.

زیاتر بزانە
سەرۆکی شارەوانی

عەبدولمەجيد ئەفەندى

قايمقامی قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. ماوەیەک قايمقامى (مڵازگرد) بووە لە تورکيا. ساڵی ١٩١١ بڕيارى گواستنەوەى بۆ قەزاى گوڵعەنبەر بۆ دەرچووە. ساڵی ١٩١٣ لەگەڵ (محەممەد عەلى بەگ)ى قايمقامى (ئامێدي)دا ئاڵوگۆڕيان پێکراوە. لەبارەی ژیانییەوە زۆرتر نازانرێت.

عەبدولوەهاب ئاغا ئەربیلی

بەڕێوەبەری قەزای گوڵعەنبەر (خورماڵ)ی سەر بە لیوای سلێمانی بووە. لە دوای ڕووخانی میرنشینی بابان ساڵی ١٨٥١ تا ١٨٦٩ بەڕێوەبەری قەزاکانی گوڵعەنبەر و هەڵەبجەبووە. لەو مێژووەوە بەڕێوەبەری قەزاکان گۆڕاون بە قایمقام، بەڵام دوای ماوەیەک عەبدولوەهاب لابراوە و ئەحمەد ئەفەندی وەک بەڕێوەبەری قەزاکە دانراوە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەری قەزا

عەبدوڵا ئاغای عەزیز ئاغازاده

بەڕێوەبەری قەزای گوڵعەنبەر (خورماڵ)ـە. ساڵی ١٢٧٢ کۆچی بەرانبەر بە ١٨٥٦ زاینی سەر بە لیوا سلێمانی بووە و دوای ساڵی ١٨٦٩, کە محەممەد پاشای جاف بووە بە قایمقامی قەزای گوڵعەنبەر، هەڵەبجە بووەتە ناوەندی قەزاکە. هەتا ئەو مێژووە بەڕێوەبەر نەک قایمقام قەزاکەی بەڕێوەبردووە. دوای لابردنی ئەحمەد ئەفەندی لە ساڵی ١٨٥٦ عەبدوڵا ئاغا، کە لە خانەدانەکانی لیوای سلێمانی ‌و ئەندامی مەجلیس لیوا بووە، شوێنی گرتووتەوە و لەبری ئەو دانراوە. ئەگەرچی مێژووی دەستبەکاربوونەکەی بە ٢٠ کانوونی دووەمی ١٨٥٥ کۆچی وەک بەڕێوەبەر دیاریکراوە، بەڵام وادیارە ماوەیەک دواکەوتووە لە ٢٣ ڕەجەبی ١٨٥٦ دەستبەکاربووە، بەڵام نازانرێت هۆی دواکەوتنەکەی چی بووە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەری قەزا

عەبدوڵا عادل ئال قازی

بەڕێوەبەری شارەدێی خورماڵە. لە خێزانی (ئال قازی)ی بەناوبانگن بە زانست و خواپەرستی. ساڵی ١٨٩٣ لە شارى سلێمانی لەدایکبووە و خوێندنی سەرەتایی لەوێ تەواوکردووە، قوتابخانەی (ڕوشديیەی سەربازیی) لە بەغداد خوێندووە. دواتر کۆلێژی مافی تەواوکردووە و ساڵی ١٩٢٧ بووە بە بەڕێوەبەری شارەدێی (عەزیزیە). دواتر لە ساڵى ١٩٤٦ کراوە بە بەڕێوەبەری شارەدێی خـورماڵ و چەند شارەدێیەکی تریش.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەری ناحیە

عەبدوڵا محەممەد خواکەرەم نەورۆڵی

سەرۆک عەشرەتی نەورۆڵی، ئاینپەروەر، نیشتمان دۆست، سوارچاکە. ساڵی ١٨٨٠ لەدایکبووە. خاوەنی ٣٠٠ سێ سەد ئەسپسوار و ٧٠٠ پیادە بووە، ئیدارە و کارگێڕی زۆر باشی لە عەشیرەتەکەیدا بەڕێوەبردووە. لە هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان و گەرمیاندا دەسەڵاتی ڕۆشتووە. ئەو ماوەیەیی، کە دابڕان لە فەرماندارێتی و قایمقامی هەڵەبجەدا بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوه،‌ دروستبووە، وەک بەڕێوەبەری شار کاری هاوڵاتیان بەڕێکردووە. کاتێک هەواڵی تیرۆرکردنی شاعیر و چیرۆکنوس (ئەحمەدموختار جاف)ی پێ دەگەیەنن، بەدەم تەرمی شاعیرەوە ڕۆیشتووە و مەراسیمیان بۆ جەنازەکەی کردووە. هاوکار و کۆمەکی هەژارەکانی کردووە و ئاشی تایبەتی بۆ داناون. هاوڕێی مەلیکی کوردستان (شێخ مەحموودی حەفید) بووە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

عەلى ئيبراهيم دەروێش

سەرۆکى شارەوانیى هەڵەبجەیە.‌ ساڵى ١٩٣١ لە شارى سلێمانى لەدایکبووه. خوێندنى سەرەتايى لە قوتابخانەى فەيسەڵييە تەواوکردووە، بڕوانامەى بەکالۆريۆسى لە بەشى (ديراساتى ئيسلامى)ى لە زانکۆى سلێمانى بەدەستهێناوە. لە نێوان ساڵانى ١٩٧٥ بۆ ١٩٧٧ سەرۆکى شارەوانیى هەڵەبجە بووه، دواتر گواستراوەتەوە بۆ سلێمانى و بەوەکالەت کراوە بە سەرۆکى شارەوانیى سلێمانی و دواتریش بووە بە سەرۆکى شارەوانیى سەرچنار. ماوەیەک‌ بەڕێوەبەرى مەسڵەحەى سلێمانى بووە. ساڵانى ١٩٨٤ بۆ ١٩٨٧ نائيب ئەميندارى گشتیى ئەوقافى سلێمانى بووە. ساڵى ١٩٩٢ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
سەرۆکی شارەوانی

عوسمان پاشای جاف

سەرۆک عەشیرەتی جافە. ناوی (عوسمان پاشا کوڕی محەممەد پاشا کوڕی کەیخەسرەو بەگی کوڕی سلێمان بەگی کوڕی زاھیر بەگ)ـە. ساڵی ١٨٤٧ لەدایکبووە. یەکێکە لە سەرۆک عەشیرەتەکانی جاف و لە ناوچەکانی سلێمانی و ئەردەڵاندا دەسەڵاتی ھەبووە. ساڵی ١٨٧٣ لەلایەن ئێرانەوە کراوە بە فەرمانڕەوای (جوانڕۆ) و (زەھاو). بەپێی پەیمانێک، کە باوکی لەگەڵ عوسمانییەکاندا بەستویەتی، عەشیرەتی جاف گەڕاوەتەوە بۆ ناو دەوڵەتی عوسمانی. ساڵی ١٨٨٨ عوسمان پاشا کراوە بە قایمقامی ھەڵەبجە. لەبارەی کەسێتیی عوسمان پاشاوە زێوەری شاعیر دەڵێت: (بەڕاستی دیوەخان و نانوخوانی عوسمان پاشا خوانی "بەغما" بووە، نەک بە خسوسی، بە دائیمی وابووە. بۆ تەعمیری مزگەوتی گەورە لە سلێمانی، کە لە زەمانی بابانەکانەوە دروستکرابوو، ڕوو لە خراپ بوون بوو، بەجارێ ٥٠٠ لیرەی عوسمانی نارد، کە سەرفی تەعمیراتی بکەن، ھەروەھا بۆ عولەمای ھەڵەبجە و ئەترافی ئیحسانی دەوامی ئەکرد، تەبیعەتی ئەوەندە بەرز بوو، کە بھاتایە سولەیمانی میوانی کەس نەدەبوو، خانووی خسوسی ئەگرت. ھەروەک ھەڵەبجە ئەھلی سولەیمانی و مەئموران ئەچوونە دیوەخانەکەی). حکومەتی عوسمانی پلەی (میری میران)ی پێ بەخشیوە و حکومەتی ئێرانیش دیاریی نایاب و بەنرخی پێشکەشکردووە. بە بەردەوامی سەردانی شارەکانی: سلێمانی، کەرکوک و موسڵی کردووە، ھەربۆیە زۆربەی دەسەڵاتەکەی کەوتبووە دەست عادیلەخانمی خێزانی. ڕۆڵی ھەبووە لە پێشخستی هەڵەبجەدا، وەک: دروستکردنی یەکەم بازاڕی سەرگیراو (قەیسەری)، گەرماو (حەمام)ی گشتی و کۆشکی خانەوادەکەی، کە لەسەر شێوازی بیناسازی سنە دروستکراون. دواجار لە دوای بیست ساڵ لە قایمقامییەتیی ھەڵەبجە، عوسمان پاشا لە ساڵی ١٩٠٩ لە ھەڵەبجە کۆچیدواییکردووە. دوو جار ژیانی هاوسەر پێکھێناوە، حەوت منداڵی بووە. خێزانێکی خوشکی جافرسان بووە. ئەوی دیکەیان عادیلەخانمی کچی عەبدولقادربەگی ساحێبقڕان بووە. بەهۆی ئەو خزمایەتیەشی لەگەڵ ئێرانیيەکان ماوەیەکی زۆرە لە بابەتی زەويیوزاردا یارمەتی زۆری جافرسان و لەو ڕێیەشەوە حکومەتی ئێرانی داوە، ئێرانییەکان لەبەر ئەو دۆستایەتی و نزیکایەتییەی، کە لەگەڵ پاشا هەیان بوو شمشێرێکی ڕازاوەیان پێشکەشکردووە و پلەی (خان)یان پێ بەخشیوە. لەسەر ئەم بابەتە کاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانی لە عوسمان پاشا تووڕە و نیگەران بوون و داوای لێکۆڵینەوەیان کردووە، چەند جارێک پاشایان بۆ سلێمانی و کەرکوک و هەولێر و موسڵ بانگکردووە. بە بەردەوامی ڕاپۆرت لە دژی عوسمان پاشای جاف بەرزکراوەتەوە و داوای لێکۆڵینەوە و سزادانی کراوە، پێشنیازی دوورخستنەوەی عادیلەخانمی خێزانی لە هەڵەبجە و گواستنەوەی مەڵبەندی قەزاکەش لە هەڵەبجەوە بۆ خورماڵ کراوە، بۆئەوەی قەزاکە لەژێردەستی پاشا و بەگزادەکانی جاف دەربهێنن، سەرباری ئەوەش هەتا کۆچیدوایی لە ١٩٠٩دا نەیانتوانیوە لە پۆستەکەی لایببەن.

عوسمان سانی هەورامی

عوسمان کوڕی عەلی مەردان سانی کوڕی حسێن سانە. لە دەمی ململانێکانی سانیەتی ئەسکەندەرساندا لە لایەن ئەمانوڵاخانەوە فەرمانی سانی بۆدەرکراوە. دوای کوژرانی ئەسکەندەرسان لە ساڵی ١٨١٩ فەرمانڕەوای هەورامانی لهۆنی گرتەدەست. لەشکرێکی بۆ پاراستنی مەڵبەندەکەی پێکهێناوە. دەستی بە ئاوەدانکردنەوە کرد و هەوڵی باشکردنەوەی نێوان تێکچووەکانی داوە. ئاشتەوایی دروستکردووە و حەزی بە خوێنڕشتن نەبووە. لەبەر ئەوە والیی ئەردەڵان ویستوویەتی لەناویبەرێت. بۆ ئەو مەبەستە خوسرەوبەگی کوڕی مەنوچەر هاندەدات و لە ساڵی ١٨٢٣ دەیکوژێت. لەماوەی بیست و حەوت ساڵی حوکمڕانی ئەمانوڵاخانی ئەردەڵانیدا، حەوت کەس لە سانە هەرە لێهاتوەکانی هەورامان، دەستیان چووەت خوێنی یەکتر و یەک لەدوای یەک کوژراون.

زیاتر بزانە
فەرمانڕەوا

عوسمان شارباژێڕی

ناوی (عوسمان ئەنوەر محەممەد)ە و بە (عوسمان شارباژێڕی) ناسراوە. ‌ساڵی ١٩٨٠ لە ئۆردوگای شانەدەری لەدایکبووە. لەسەرەتاوە تا قۆناغی ئامادەیی لە سلێمانی خوێندویەتی. کۆلێجی پۆلیسی لە قەلاچۆلان تەواوکردووە و ساڵی ٢٠٠٤ یەکەمین لێپرسروای ڕەگەزنامه ‌و باری شارستانێتیی شارباژێر بووە. دواتر و لەکاتی جیاوازدا کراوە بە بەڕێوبەری ناحییەکانی: سیتەک و زەلان لە سنوری قەزای شارباژێڕ. ساڵی ٢٠١٩ تا ٢٠٢١ بووە بە‌ بەڕێوبەری ناحیەی خورماڵ بووه. دواتر بووە بە بەڕێوبەری ناحیەی بەکرەجۆ. لە ئێستادا قایمقامی قەزای شارباژێڕە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.

زیاتر بزانە
بەرێوبەری ناحیە
پێشتر 1
...
6 7 8
...
45 دواتر