بەرگی شەشەم
کەسەکان بەپێی پۆست
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
بەرگی شەشەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
پسپۆڕی پزیشک و سۆنار و دەروونناسی ڕاهێنراوە. خەڵکی شارەدێی (تەوێڵە)یە، بە هۆکاری شەڕی عێراق و ئێران چوونەتە سلێمانی و ساڵی ١٩٨٣ لە سلێمانی لەدایکبووە. دەرچووی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنادا لەگەڵ تیم و پزیشکی نەخۆشخانەکەی ڕۆڵی بەرچاوی بینیوە، لە ئێستادا بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجەیە.
لە بەرواری ١٠/٢/١٩٨٤ لەدایکبووە، لە ئۆردوگای(نەسر) دەچێتە بەر خوێندن و قۆناغی سەرەتایی تەواودەکات، ساڵی ١٩٩٧ دەچێتە قەزای شارەزوور و لە خوێندنگای دواناوەندیی ئالان قۆناغی دواناوەندی تەواودەکات، ساڵی ٢٠٠٣ -٢٠٠٤ قۆناغی شەشەمی ئامادەی تەواودەکات، پاشان لە ساڵی ٢٠٠٤ -٢٠٠٩ بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بەشی خوێندنی ئاینی کۆلێژی زانستە کۆمەڵایەتیەکانی زانکۆی کۆیە وەردەگرێت. خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە. لە بەرواری ٢٧/٣/٢٠١٣ وەک بەڕێوبەری ئەوقافی شارەزوور دەستبەکاردەبێت، پاش بڕیاری کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی پارێزگای هەڵەبجە، لە ڕێکەوتی ١١/١١/٢٠١٥ وەک بەڕێوەبەری گشتی بە وەکالەت دەستبەکاردەبێت، ئێستاش بەردەوامە لە پیشەکەی.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاسایشی شارەزوورە. ناوی (ئەنوەر عوسمان عەلی مستەفا)یە. ساڵی ١٩٦٤ لە گوندی (عەنەب) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و لە پاش ڕاپەڕینیش ئامادەیی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ساڵی ١٩٧٩ پەیوەندی بە ڕێکخستنەوە کردووە و ساڵی ١٩٨٢ بووە بە پێشمەرگە. دوای ساڵی ١٩٩١ کراوەتە فەرماندەی بەتالیۆن و پاشان ئەندامی مەکتەبی عەسکەری و بەرپرسی کۆمیتەی پێشمەرگە دێرینەکان. ساڵی ١٩٩٥ بەرپرسی معاونیەتی ئاسایشی شارەزوور بووە، کە معاونیەتی ئاساییشی شارەزوور کراوەتە بەڕێوەبەرایەتی شارەزوور، بە پلەی عەمید بووە بە بەڕێوەبەری. ساڵی ٢٠٠٥ لە نزیک مۆنۆمێنتی هەڵەبجە شەهیدبووە.
ساڵی ١٩٧٩ لە هەڵەبجەی شەهید لەدایکبووە، ساڵی ٢٠١٣ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠١٤ بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی (پوترا) لە وڵاتی مالیزیا بەدەستهیناوە. خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری دارایی لە زانکۆی سلێمانی. ساڵی ٢٠٢١ەوە مامۆستای زانکۆ بووە لە زانکۆکانی سلێمانی و جیهان. خاوەنی چەندین توێژینەوەی زانستیە بە زمانی ئینگلیزی و ئێستا بەڕێوەبەری گشتیی دیوانە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی لە هەولێر.
ساڵی ١٩٨٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە، سالی ٢٠٠٦-٢٠٠٧ بڕوانامەی ئەندازیاری لە زانکۆی دهۆک بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٠٧ وەک ئەندازیاری بەڵێندەر لە گروپی کۆمپانیاکانی هەڵەبجە کاریکردوە، ساڵی ٢٠٠٩ لە شارەوانیی هەڵەبجە وەک ئەندازیارێک لە بەشی هونەری و پڕۆژەکان دامەزراوە. لە ساڵی ٢٠٠١٦ تا ٢٠٠١٩ بووە بەڕێوەبەری بەشەکەی خۆی لە شارەوانی. بەشداری چەندین خولی لەناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا کردووە. بڕوانامەی نێودەوڵەتی لە (بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و کارەساتە سروشتییەکان)دا لە وڵاتی ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠١٨دا بەدەستهێناوە. بڕوانامەی نێودەوڵەتی لە (چاکسازیی ڕێگاوبانەکان و بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان) لە وڵاتی یابان ساڵی ٢٠١٩ بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٢٢، بەڕێوەبەری نەخشەدانان بووە لە شارەوانیی هەڵەبجە. لە مانگی ١١ی ٢٠٢٣دا بووە بە بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە و بەردەوامە لە کارەکەی.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجە بووە. بە (حەسەنی شێخ نوری کارەبا) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٦ لە سلێمانی لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە زانستی ئیسلامی بەدەستهێناوە. یەکێک بووە لە یاریزانە دیارەکانی شار و لە تیپەکانی شۆڕش ساڵی ١٩٧١ و لە یەکگرتووی پیرمحەممەد، خەباتی سلێمانی و لە هەڵبژاردەی کۆلێج یاریکردووە، ساڵی ١٩٨١ تا ١٩٨٥ ڕاهێنەری خەباتی سلێمانی کردووە. لە ئێستادا بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینە.
ساڵی ١٩٧٢ لەدایکبووە، کۆلێژی زمان، بەشی عەرەبیی خوێندووە، بەڕێوەبەری گشتییە، لە کومسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی کوردستان، فەرمانگەی هەڵەبجە، کاردەکات. سەرپەرشتیی ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە کردووە. لە ڕابردوودا، وەک: یاریزان، ڕاهێنەر، دادوەر و سەرپەرشتیار و پێشکەشکار دەرکەوتووە. بۆ تیپەکانی: پەیام، هەڵبژاردەی لاوانی هەڵەبجە، قوتابيانی زەمەقی، مەبەست، ڕێناسین" ڕاستی و یانەکانی پەیام، بەختیاری، سیروانی نوێ، یاریکردووە.
خێڵان عەبدولڕەحمان مێرزا حەسەن ساڵی ١٩٨٤ لە گوندی خێڵی حەمە لەدایکبووە، پاش ڕاگواستنی گوندەکانی دەوروبەری هەڵەبجە، لە ساڵی ١٩٨٧ ڕوودەکەنە ئێران. بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە پسپۆڕیی ئەندازیاریی تەلارسازی لە زانکۆی کۆیە وەردەگرێت، ئەندامی کارای یەکێتیی ئەندازیارانی کوردستان/ لقی سلێمانی بووە و وەک ئەندازیار لە چەندین پڕۆژەی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتیدا کاریکردووە، لە ساڵی ٢٠١٢ وەک ئەندازیار لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە دامەزراوە و لە بەشی نەخشەدانان وەک لێپرسراوی بەشەکە دەستبەکاربووە، دواتر لە ساڵی ٢٠٢٠ دەبێتە بەڕێوبەری گشتی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەڵەبجە و هەتا ئێستاش لە کارەکەی بەردەوامە.
بەڕێوەبەری گشتییە. ناوی (دانا حەمەشەریف سەعید ڕەحمان)ـە. ساڵی ١٩٨٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە سلێمانی و بیارە و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە و بیارە خوێندووە. بەشی ئینگلیزی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. حەوت ساڵ لە فەرماندەیی گشتی لە بەشی کارگێڕی کاریکردووە، ماوەیەکیش مامۆستای ئینگلیزی بووە لە هەڵەبجە. ساڵیکیش بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگاری هەڵەبجە بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لە ٣١ی ٥ی ٢٠٠٢ بووەتە بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەڵەبجە و تا ئێستا بەردەوامە.
بەڕێوەبەری گشتییە. ساڵی ١٩٨٧ لە لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجەدا تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠١١ لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبانی هەڵەبجە وەک ئەندازیار دامەزراوە. نزیکەی پێنج ساڵ وەک ئەندازیاری بەڵێندەری کۆمپانیا و نۆ ساڵ وەک ئەندازیاری سەرپەرشتیار لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبانی هەڵەبجە سەرپەرشتی پڕۆژەى کردووە. لە ٨ی ١١ی ٢٠٢١ لەگەڵ هێنانەکایەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی هەڵەبجە، وەک یەکەم بەڕێوەبەری گشتی دەستبەکاربووە و هەتا ئێستا بەردەوامە.
بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجەیە. بە مامۆستا سەرخێڵی مۆنۆمێنت ناسراوە. ساڵی ١٩٧٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی بەشی ئینگلیزیی کۆلێژی زمانی زانکۆی سلێمانییە و لە پەیمانگای مامۆستایانی هەڵەبجە دامەزراوە. ساڵی ٢٠٠٦ بووە بە بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە و تا ٢٠٢٣ بەردەوامبووە. ئەندامی ڕێکخراوی یەکێتیی مامۆستایان و مۆنۆمێنیتەکانی جیهان بۆ ئاشتی و کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیاباران و opcw بۆ چەکی کۆکوژ و ڕێکخراوی mayors for peace یە. بەشداری کۆنفرانسی ئاشتیی گەلانی ٢٠١٠ی یابان، ٢٠١٢ی ئێران و ڕاهێنان بۆ ئەرشیف و دۆکیۆمێنتی ٢٠١٧ لەپۆڵەندا کردووە. لە ئێستادا بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیریی هەڵەبجەیه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٧٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی کشتوکاڵ بەشی بەروبوومی کێڵگەیی لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. لەبواری کشتوکاڵی لەشاری هەڵەبجە چەند بەرپرسیارێتییەکی وەرگرتووە: سەرۆکی لقی کشتوکاڵی هەڵەبجە، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرێتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەیە و تا ئێستا لەم پۆستەیاندا بەردەوامە. سەرپەرشتیاری چەند پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی لە ناوچەکەدا کردووە، لە دیارترینیان: (دروستکردنی دارستانی عەبابەیلێ لەسەر ڕووبەری ١٠٠ دۆنم، پڕۆژەی بەدارستان_کردنی ڕێگای سەرەکیی هەڵەبجە -سیروان بەدرێژایی چوار کیلۆمەتر، دروستکردنی کێڵگەی ڕێنمایی هەڵەبجە، باخێکی زەیتون، تاقیگەی کشتوکاڵی لە هەڵەبجە لە ساڵی ٢٠٠٨، کە تا ئەوکاتە، یەکەم تاقیگەی کشتوکاڵی بووە لە کوردستاندا. ڕێکخستنی هەفتەبازاڕی کشتوکاڵی هەڵەبجە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکشتوکاڵییەکانی ناوچەکە، ڕێکخستنی ڤیستیڤاڵی ساڵانەی هەنار لە هەڵەبجە بە هاوکاری تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ڕێکخراوی جوتیارانی گەنج، سەندیکای ئەندازیارانی کشتوکاڵ و لە ئێستادا بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەیە.
بەڕێوەبەری گشتییە. بە مامۆستا (غەریب گریانەیی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٩ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. ساڵی ٢٠٠٥ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆمەڵناسیدا بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٠٦ بە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامەی سلێمانی دامەزراوە. ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠٢١ بەڕێوەبەری (قوتابخانەی هیوای بنەڕەتی) بووە لە شارۆچکەی (سیروان). ماوەی چوار ساڵ لێپرسراوی نوێنەرایەتیی هەڵەبجەی (کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز) بووە. ماوەی دوو ساڵ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزار بووە لە هەڵەبجە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.
بەڕێوەبەری گشتییە. ساڵی ١٩٧٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی سلێمانی تەواوکردووە. بڕوانامەى بەکالۆریۆسی لە پسپۆڕیی زانستی سیاسیدا هەیە. لە ئێستادا ٢٦ ساڵ خزمەتی کارگێڕیی هەیە و لە ماوەی خزمەتی فەرمانبەریدا چەندین ئەرکی پێسپێرراوە، لەوانە یاریدەدەر و دواتر بەڕێوەبەری قوتابخانە، ساڵی ٢٠١٢ تا ٢٠١٧ بەرێوەبەری گەنجینە (تەجھیزات) بووە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە. ساڵی ٢٠١٧ەوە تا ئێستا وەک بەڕێوەبەری گشتی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە بەردەوامە.
بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیریی سلێمانییە. ناوی (موحسین حەسەن بارام)ـە. ساڵی ١٩٧٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە مێژوو لە زانکۆی سەڵاحەدین و لە یاسا لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. ماستەری لە یاسا لە زانکۆی بەیروت و دواتریش دکتۆرای بەدەستهێناوە. ئەندامی دەستەی نوسەرانی: ڕۆژنامەی هەڵەبجە، گۆڤاری هەڵەبجە، ڕۆژنامەی دەنگ، ماڵپەڕی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە. وەک: سەرنوسەری هەواڵی ڕادیۆی نەوا، بەرپرسی بەشی بیروڕای ڕۆژنامەی ڕۆژنامە، سەرپەرشتیاری چاپی لەندەنی هاوڵاتی، ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، بەپرسی ڕاگەیاندنی لقی بەیروتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕاوێژکاری یاسایی ڕێکخراوی پەیمانگای کورد بۆ هەڵبژاردن، بنکەی ئەدەبیی هەڵەبجە، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ کورد، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی کاریکردووە و لە ئێستادا بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانییە. خاوەنی چەند کتێبێکی چاپکراوە، لەوانە: (پاش ڕاپەڕین و پرسەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، ڕاپۆرتی ئاسک بۆ مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، ڕێبەری ڕۆژنامەنوسان، تورکیا لە ئەتاتورکەوە بۆ ئەردۆغان دادگاییکردنی جەلاد... دادگاییکردنی عەدالەت). چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، دیارترینیان: یەکەمی شیعر لە ڤێستیڤاڵی گەلاوێژ بۆ ساڵی ٢٠٠٢. جگە لە زمانی دایکی، عەرەبی، فارسی و ئینگلیزییش دەزانێت. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.