تۆفیق حاجی محەممەد عەلی
سەرۆکی شارەوانی ھەڵەبجە بووە. ساڵی ١٩٠٤ لە ھەڵەبجە لەدایکبووە. کوڕی حەمەعەلی میرزا حەمەکەریمی پاڵانیابووە، کە باوکی یەکەم سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجەبووە. خوێندنی سەرەتایی لە سلێمانی تەواوکردووە. چەند ساڵێک لە خوێندن دابڕاوە و دەستیکردووە بە کاروباری بازرگانی، پاشان دەستیکردووەتەوە بە خوێندن. لە ساڵانی ١٩٣٠ بۆ ١٩٤٧ سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بووه. لەسەردەمی ناوبراودا چەندین پڕۆژەی چاکسازیی لە ھەڵەبجە جێبەجێکراون. ساڵی ١٩٨٧ کۆچیدواییکردووە.
داود بەگی عەبابەیلێ
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە و لە بەگزادەکانی جافە. ناوی (داودبەگ کوڕی حەمەسەعید بەگ کوڕی وەسمان پاشای جاف)ـە و بە (داودبەگی عەبابەیلێ) ناسراوە. ساڵی ١٨٩٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووه. لە حوجرە خوێندویەتی. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ١٠ منداڵە. چووەتە عەبابەیلێ و کۆشکی بۆ خۆی دروستکردووە. لە ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوودا بۆ یەکەمجار موبەریدەی کارەبای بردووەتە گوندی عەبابەیلێ. لە سەرەتای ساڵانی بیستەکان و لەسەردەمی ئینگلیزەکاندا بووە بە یەکەمین سەرۆکی شارەوانی. یەکێک بووە لە سەرۆکەکانی هۆزی گەورەی جاف. لە سنوری شارەزوور و هەڵەبجەدا خاوەنی ١٨ گوند بووه. ساڵی ١٩٧٥ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوندی عەبابەیلێ بەخاکسپێرراوە.
سەلامی حاجی بیلال
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجەیە. ناوی (سەلام بیلال ئەسکەندەر)ە. ساڵی ١٩٦٧ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە تەوێڵە و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری سلێمانی خوێندووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی شارستانی لە زانکۆی موسڵ بە دەستهێناوە. ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٩ سەرۆکی شارەوانیی (خورماڵ) بووە. چەندین پۆستی کارگێڕی وەک (بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی بەوەکالەت، لێپرسراوی پڕۆژەکان، پلان و بەدواداچوون) بینیوە. ساڵی ٢٠٢٣ بووە بە سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە. چەندین پڕۆژەی وەستاوی خستوەتەوەگەڕ و چەند پڕۆژەیەکی نوێی ئەنجامداوە.
سەید کەریم سەید قادر خەیات هەڵەبجەیی
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجەیە. ناوی (کەریم قادر "خەیات" فەرەج هەڵەبجەیی)یە. ساڵی ١٩٥٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە و بەشی شارستانیی کۆلێجی ئەندازیاری لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووه و وەک ئەندازیار لە شاری نەجەف دامەزراوە. دواتر ڕاژەکەی گواستووەتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی محەلی. لەماوەی جیاوازدا بەرپرسی شارەوانییەکانی قەڵادزێ و سەیدسادق بووە. ساڵانی ١٩٨٧ بۆ ١٩٨٨ وەک ئەندازیار لە شارەوانیی هەڵەبجە و دواتر سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە کاریکردووە. پاش کیمیابارانی هەڵەبجە خۆی و خێزانەکەی ئاوارەی وڵاتی ئێران بوون. پاش ڕاپەڕین و لە ساڵی ١٩٩٢ بۆ ماوەیەک لە شارەوانیی هەڵەبجەی تازە (قەزای شارەزوور) وەک ئەندازیار کاریکردووە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ شارەوانی سلێمانی. ساڵی ١٩٩٦ بە نەخۆشی لە کۆچیدواییکردووە.
بارام بەگی ئەحمەدبەگی ڕیشێن
لە بەگزادەکانى وەڵەدبەگى عەشيرەتى جافە. ناوی (بارام بەگ کوڕى ئەحمەد بەگ کوڕى محەممەد بەگ کوڕى قادر بەگە. باوکى بە ئەحمەد بەگى ڕێشێن ناسراوە. (سەبیحەخان)ی دایکیشی کچی عوسمان پاشای جاف و عاديلەخان بووە. ساڵى ١٩٢٤ لە هەڵەبجە لەدایکبووە، هاوسەرگيرى کردووە. له دوای خۆیدا سێ کوڕ و سێ کچی جێهێشتووە، يەکێک لەوانە هونەرمەندى گۆرانيبێژ (پەيوەند جاف)ـە. له ناوەڕاستى شەستەکانى سەدەى ڕابردوو ماوەيەک سەرۆکى شارەوانیی هەڵەبجه بووە. ساڵی ١٩٨٣ به نەخۆشی کۆچیدواییکردووە.
عەبدولحەکیم نەجیب عەبدوڕەحیم هانەسوورەیی
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجەیە. بە(سەید حەکیم سەید نەجیب هانەسوورەیی) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٩ لە گوندی (هانەسوورە) لەدایکبووە. پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی تەواوکردووە. لە وەرزشکارە دێرینەکانە و لەم تیپە وەرزشییانە یاریکردووە: تیشکۆ، نەورۆز، گوڵان ..هتد. ماوەیەک کراوەتە سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە. خيزاندارە و لە ئێستادا فەرمانبەرە لە خانوبەرەی هەڵەبجە.