حەمەپاشای جاف

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07


لاپەڕەی 87

قایمقام

حەمەپاشا کوڕی کەیخوسرە و بەگی کوڕی سڵێمان بەگی کوڕی زاهیر بەگە، ساڵی ١٨١٤/١٨١٥ لەدایکبووە و دوای مردنی باوکی لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لەلایەن بەگزادەکانی جافەوە بە سەرۆکی عەشیرەتەکەی هەڵبژێرراوه. لە ٢٤ی ١١ی ١٨٦٩ مەزبەتەی بوون بە قایمقامی بۆ پڕدەکەنەوە و دەینێرن بۆ بەغداد و دواتریش پلەی پاشایەتی پێ‌ دەدەن. محەممەد پاشا دەبێتە یەکەم قایمقامی هەڵەبجە و دەستی لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکەدا دیار بووە و هەتا ساڵی ١٨٧٣ لەو پۆستەدا ماوەتەوه. بە لێهاتوویی خۆی توانیویەتی هۆزی جاف یەک بخات و بیانکات بە خاوەن دەسەڵاتێکی گەورە و فراوان. (ئیدمۆندز) پێیوایە ناوبراو دوا سەرۆکەکانی جافە‌، کە تەواوی هۆزەکانی عەشیرەتەکەی لەژێر دەستدا بێت. سەر بۆ هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و ئێرانی دانەنەواندووە. بنکەی سەرەکی لە هەڵەبجە بووە. کاتێک نێوانی لەگەڵ کاربەدەستانی عوسمانی لە بەغدا تێکچووه، لەگەڵ خزمانی لە بەگزادەکانی بارام بەگی و وەڵەدبەگی و ژمارەیەکی زۆر لە عەشیرەتەکەی خاکی عوسمانی جێهێشتووە و چووەتە ئێران. ئەوانیش ڕێزێکی زۆریان لێگرتووە و نازناوی (خان)یان پێداوە و ناوچەکانی (زەهاو و قەسری شیرین و هۆرێن و شێخان)یان پێ بەخشیوە و عوسمان بەگی کوڕیشیان کردووە بە حاکمی (جوانڕۆ). ساڵی ١٨٧٧ گەڕاوەتەوە سنوری دەوڵەتی عوسمانی و جگە لە سەرۆکایەتیی عەشیرەتەکەی، پۆستی قایمقامیەتیی هەڵەبجەشی پێدراوەتەوە و لەو پۆستەدا ماوەتەوە. حکومەتی عوسمانی پلەی قاپوچی باشی ١٨٦٢ پێبەخشیووە. ئەگەرچی لەگەڵ مەدحەت پاشای ١٨٦٩-١٨٧٢ والی بەغدا پەیمانی نیشتەجێکردنی جافەکانی مۆرکرد و لەپای ئەو پەیمانە پلەی (میری میران)ی پێدراو و کرا بە قایمقامی گوڵعەنبەر و یەکەی کارگێڕی قەزای بۆ دروستکراوە. بەڵام حەمەپاشا نەک هەر ئەو بەڵینەی نەبردەسەر، بەڵکو تا ساتی کوشتنی دژی نیشتەجێکردنی جافەکان بەرەنگاری کرد. لە کارەکانی دروستکردنی بازاڕ و قەیسەری و مزگەوت و ئاوەدانیی هەڵەبجە، کۆشکێکی لە بەکراوا دروستکردووە، پاشان قەڵای شێروانەی بونیادناوە، ساڵی ١٨٨١ بە فیتی دەوڵەتی عوسمانی نە‌یارەکانی پاشا و عەشیرەتی جاف، لە نزیک (کفری) کاتێک خەریکی ڕاوکردن دەبێت‌ غافڵکوژی دەکەن.

سەرچاوەکان:

  1. هەڵەبجە (١٨٨٩-١٩٣٠)، عادل صدیق، چاپی یەکەم، چاپ و پەخشی نوسەر، ب. ش، ٢٠٠٨.
  2. هەڵەبجە لە چەند بەڵگەنامەیەکی ئەرشیفی عوسمانیدا، سامان سەڵاح، گۆڤاری خاڵ، ژمارە (١٢)، ساڵی ٢٠١٧، ل١١٣.
  3. تەئريخى جاف، کەريم بەگى فەتاح بگى جاف، لێکۆڵينەوەى د. حەسەن جاف، چاپی یەکەم، ١٩٩٥، ل١٦٤ – ١٨٦.
  4. A_}MKT_MHM__٠٠٣٥٢_٠٠٠٤٠_٠٠١_٠٠١
  5. A_}MKT_MHM__٠٠٢٤٩_٠٠٠٤١_٠٠١_٠٠١.
  6. گۆڤاری (ڕۆشنبیری نوێ)، ژمارە (١١٦)، بەغداد، ١٩٨٧، با وردتر لەڕووداوە مێژووییەکان بکۆڵینەوە، د. حەسەن جاف، ل٤٠-٤٥.
  7. گۆڤاری (توێژەر)، بەرگی ٦، ژمارە ١، بەهاری ٢٠٢٣، د. حەسەن جاف کەریم جاف و تریفە عەبدول سەلام محەمەد عەلی، محەمەد پاشای سەرۆکهۆزی جاف (١٨١٤-١٨٨١)، ل٦٧، ٦١.

ئامادەکردنی: د. سامان مستەفا ڕەشید

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ئەحمەد محەممەد نوری

قایمقام، سياسى، کارگێڕیی و کەسایەتیی کۆمەڵايەتیيە، ناوی (ئەحمەد محەممەد نوری مەحموود)ە و بە (ئەحمەدى مامەنوری قارەمانى) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە گوندی (قارەمانی) سەر بە شارۆچکەی (سیروان) لەدایکبووە. تا ئاستى ناوەندی خوێندووە و لەبەر پێشمەرگايەتى وازى لە خوێندن هێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى شەش منداڵه. ساڵی ١٩٩٩ قایمقامی قەزای (شارەزوور) بووە. ‌لە ئێستادا ئەندامی مەکتەبی سیاسی (پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان)ـە.

ئەرکان حەسەن

یەکەم قایمقامی قەزای مەرکەزی پارێزگای ھەڵەبجەیە، کە پاش ڕاپەڕین دەستبەکاربووە. ناوی (ئەرکان حەسەن غەفور محەممەد)ە. ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (سەراو) لەدایکبووە. قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی لە ھەڵەبجە و بەشی فیزیای‌ لە کۆلێژی پەروەردە لە هەولێر تەواوکردووە‌. چەند ساڵێک مامۆستایەتی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. ماوەیەک بەڕێوەبەری پەروەردەی ھەڵەبجە و ماوەیەکیش قایمقامی (سەیدسادق)بووە. ژیانی وەرزشی لە قوتابخانەی گوندەی سەرەتایی لە ناوچەی نەوڕۆڵییەوە دەستیپێکردووە و لەم تیپە وەرزشییانەی تۆپیپێدا یاریکردووە: تیپی وەرزشی نەورۆڵی، تیپی وەرزشی باڵامبۆ، تیپی وەرزشی بۆکان، تیپی وەرزشی ئاوارەکان لە ئۆردوگای هەرسین لە ئێران، هەروەها لە تیپی وەرزشی مامۆستایان لە خوێندنگای ناوەندی گۆران یاری تۆپی بالەی ئەنجامداوە.

ئەکرەم حەمەعەلی عەبدوڵا

لە کابینەی یەکەمی حکومەتی هەریمی کوردستاندا، یەکەم قایمقامی هەڵەبجە بووە. ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (وەڵەسمت) لە بناری سورێن لەدایکبووە. لە نفوس ١٩٦٩ی بۆ تۆمارکراوە. خوێندنی سەرەتایی لە وەڵەسەمت و ناوەندی لە کۆمەڵگای شانەدەری تەواوکردووە. ساڵی ١٩٨٣ بووە بە پێشمەرگە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. ساڵی ١٩٩٢ بووە بە قایمقامی هەڵەبجە. ساڵی ١٩٩٤ شەهید بووە.

ئەمين بەگ

قايمقامى قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. دواى سوڵتان (٢٩ی ١٠ی ١٩١٦ بۆ کانوونى دووەمی ١٩١٨) وەک قايمقامى قەزاکه بووە. زانیاریی زیاتر لەسەری نەزانراوە.

ئيبراهيم ئەدهەم

قايمقامی قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. دواى محەممەد عەلى بەگ بووە بە قايمقامى قەزاکه. پێشتر قايمقامى قەزاى کۆيە بووە و لە ١٧ی ٦ی ١٩١٤ فەرمانى گواستنەوەى بۆ قەزاى گوڵعەنبەر بۆ دەرچووە، بەڵام زۆر لەو پۆستەدا نەماوەتەوە و ١٩١٤ ئەمين بەگ ناوێک جێگەی گرتووەتەوە.

ئيبراهيم بەگ

قايمقام قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. دواى ئيبراهيم ئەدهەم وەک قايمقامى قەزاکه بووە. پێشتر قايمقامى قەزاى (واردۆ) بووە لە باکورى کوردستان. لە ڕۆژى ٢٢ی ٦ی ١٩١٦ەوە بۆ چەند مانگێک قایمقامی قەزاکە بووە و لە ٢٩ی ١٠ی ١٩١٦ سوڵتان بەگ لەشوێنی دانراوە.