سەعید قەزاز
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
قایمقامی هەڵەبجەیە. ناوی (محەممەد سەعید کوڕی مەلا مەجید کوڕی ئەحمەد کوڕی حەسەن قەزاز)ە، ساڵی ١٩٠٤ لە سلێمانی لەدایکبووە. بە منداڵی خراوەتە حوجرە و دواتر لە (مەدرەسەی ڕوشدییەی عەسکەری) خوێندویەتی. ساڵی ١٩٢٢ بووە بە مامۆستا. ساڵی ١٩٢٤ بە کاتبی کاپتن لاین دامەزراوه و ساڵی ١٩٢٨ بووە بە کاتبی نهێنی موفەتیشی ئیداری لە لیوای (دلێم) لە ئەنبار و هەمان ساڵ بووە بە وەرگێڕ لە موتەسەڕیفییەتی موسڵ. لە حکومەتە یەکلەدواییەکەکانی سەردەمی پاشایەتیدا بووەتە وەزیری ناوخۆ، تا ڕوخانی ڕژێمی پاشایەتی، کاتب بووە لە لقی هەواڵگریی نهێنیی وەزارەتی ناوخۆ، کاتبی نهێنی موفەتیشی ئیداری لە حیللە و دلێم، مودیری تەحریراتی لیوای کەرکوک، بەڕێوەبەری شارەدێیەکانی (تکریت، دوزخورماتوو، شەقڵاوه، تانجەرۆ و بازیان)، قۆمیسەری سنوری عێراق، قایمقامی (زاخۆ، کفری) یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی ناوخۆ، وەکیل و دواتر موتەسەڕیفی (هەولێر، کوت، کەرکوک و موسڵ)، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبەری گشتیی بەندەرەکانی عێراق، بەڕێوەبەری گشتیی کەشتیوانی، وەزیری ناوخۆ، دوو جار بووە بە نائیبی سلێمانی و شەش جاریش وەزیری ناوخۆ، ساڵی ١٩٣٨ بۆ ١٩٣٩، کە هەڵەبجە قایمقامی نەبووە، بەوەکالەت قایمقامیەتی بەڕێوەبردووە. لەسەردەمی ئەمدا هەڵەبجە بە دوو مەکینەی کارەبایی ڕوناککراوەتەوە. ساڵی ١٩٥٨ خۆی ڕادەستی شۆڕشگێرانی ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ دەکات. ساڵی ١٩٥٩ لەسێدارەدراوە.
سەرچاوەکان:
- ڕۆژنامەی پێشکەوتن (یەکەمین ڕۆژنامەی سلێمانی ٢٩ی ئەپریلی١٩٢٠-٢٧ی جولای١٩٢٢)، ژ (١-١١٨)، ئامادەکردنی سدیق ساڵح و ڕەفیق ساڵح، چاپخانەی شڤان، سلێمانی، ٢٠١٢، ل١٨.
- هەڵەبجە لەئامێزی مێژوودا، حەکیم مەلا ساڵح، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، چاپخانە منارە، ٢٠٠٤، ل٣٥.
- سەرنج لەسەر سەعد قەزاز، مێژووی کەسایەتی، زوهێر کازم عەبوود، وەرگێڕانی: هێدی گۆمەیی، چاپخانەی کارۆ، ٢٠٢٠، ل٦٦.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم