جەمیل عەبدوڕەحمان محەممەد
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
قایمقام و شاعیرە. ناوى (جەميل عەبدولڕەحمان محەممەد فەرج مەحموود ميروەيس)ـه. ساڵی ١٩٥٤ لە گوندى (پريسى ژوروو) لەدایکبووە. خوێندنى قۆناغى سەرەتايى و ناوەندى لە شارى هەڵەبجە و دواناوەندى لە شارى سلێمانى تەواوکردووە و بۆ ماوەى ساڵێک خولى ئامادەکارى و پێگەياندنى مامۆستايانى لەشارى بەغداد بینیوە و لە قوتابخانەی گوندەکانی: سازان، پريسى ژوروو و ژمارەیەک لە قوتابخانەکانی هەڵەبجەدا مامۆستا بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. لە سەرەتاى هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستى بە نوسینی شيعر و هۆنراوە کردووە و نازناوى (شاخەوان) بووە. جگە لە ديوانە چاپکراوەکەى (ديوانى شاخەوان)، (١٥) کاسێتى تۆمارکراو و سەدان دەستنوسى شيعريى چاپنەکراويشى هەيە. پاش کیمیابارانى شارى هەڵەبجە بووە بە پێشمەرگە و تا ساڵى ١٩٩٦ بەردەوامبووە. لەو ساڵەوە تا ٢٠٠٦ قائيمقامى هەڵەبجە بووه. ساڵى ٢٠١١ خانەنشين بووە و لە زێدى خۆى بە کشتوکاڵ و باخدارييەوە خەريکبووه. ساڵی ٢٠١٧ لە گوندى (پريسى ژوروو) کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانى (گوڵان) لە هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.
سەرچاوەکان:
- ديوانى شاخەوان، جەمیل عەبدوڕەحمان محەممەد، بەرگى يەکەم، چاپى يەکەم، چاپخانەى گەنج، سلێمانى، ٢٠١٥.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (حسيبە عەبدولڕەحمان محەممەد)ی خوشکى مامۆستا جەميل، لەدايکبوو: ١٩٥٨، لە ٢٢ى ١٠ى ٢٠٢٢.
ئامادەکردنی: هێمن کەمال حەمەئەمين