ساڵح زەکی بەگ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
قایمقام و پارێزگار، شاعیر و ڕۆژنامەوانە. ناوی (ساڵح زەکی بەگ کوڕی حسەین بەگ کوڕی داود بەگ کوڕی مەحموود بەگ)ـە. لە بنەماڵەی (ساحێبقڕان)ـە. لە ٦ی ٣ی ١٨٨٦ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. کە منداڵ بووە دایکی و دواتریش و باوکی کۆچیدواییانکردووه. عوسمان بەگی مامی بردویەتییە لای خۆی. لە سلێمانی و بەغداد خوێندویەتی. ساڵی ١٩٠٢ چووە بۆ ئەستەنبوڵ و لە خوێندنگەی جەنگی خوێندویەتی و ساڵی ١٩٠٦ پلەی مولازمی وەرگرتووە. بەشداری شەڕی یەکەمی جیهانی کردووە و لە شەڕی (شوعەیبه)دا بریندار بووە. پلەی (موقەدەم)ی وەرگرتووە و ساڵی ١٩٢١ وازی لە سوپا هێناوە و گەڕاوەتەوە عێراق. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و تورکی زانیوە و شارەزای زمانی فەرەنسی و فارسیش بووە. بە کوردی هۆنراوەی نوسیوە. ساڵی ١٩٢٢ بووە بە قایمقامی (ئاکرێ). لە بەغداد گۆڤاری (دیاری کوردستان)ـی دەرکردووە. بە ماوەی جیاجیا بەڕێوەبەری ناحیەکانی (قەزانیه)، (شارەبان)، (عەفەک) و قایمقامی (چەمچەماڵ)، (کۆیە) و (ئامێدی)، هەروەها پارێزگای (سلێمانی)، (دیالە) و (هەولێر) بووە. لە ١٣ی ١٢ی ١٩٤٤دا لە بەغداد کۆچیدواییکردووە.
سەرچاوەکان:
- ناودارانی کورد، میر بەسری، وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە، عبدالخالق عەلائەدین، چاپی دووەم. چاپخانەی منارە هەولێر، ٢٠٠٩، ل ١٧٦-١٧٧.
- معجم أعلام الکرد فى التاريخ الاسلامى والعصر الحديث فى کردستان وخارجها، محمد على الصويرکى، مطبعة مؤسسة حمدى للطبع والنشر، السليمانية، ٢٠٠٦، ص٣٥٩.
- کەشکۆڵی گیو، کۆکردنەوەی: گیوی موکریانی، بەرگی یەکەم، ل١٢٥و١٢٦.
ئامادەکردنی: د. عادل سدیق عەلی