بەرگی شەشەم
کەسەکان بەپێی پۆست
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
بەرگی شەشەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
کەسایەتیی ئاینیی یارسانە. ناوى (ئەحمەد کوڕی فەتاحی جاف)ـە. لە سەرەتای سەدی پێنجەمی کۆچی لە (تەپی سەفای خواروو) لە شارەزوور لەدایکبووە. بە لاوی چووەتە سەرگەت و دەستی بە خوێندن کردووە. ژيانى هاوسەریی پێکهێناوە. کە بابای کوڕی ڕەوش و ڕەوشتی یاری دامەزراندووە، ئەميش چووەتە سەر ڕێ و ڕەوشتی یاری. کەڵام و هۆنراوەکانی لە (کەڵام دەورەی بابا ناووس) لە سەرئەنجامدا کۆکراونەتەوە. لە کۆتايى سەدەی پێنجەمدا کۆچیدواییکردووە و لە سەرگەت بەخاکسپێرراوە.
کەسایەتیی ئایینیی یارسانە. یەکێکە لە حەفتا و دوو پیر و یارانی سان سەهاکی بەرزنجی. لە سەدەی حەوتەمی کۆچی لە گوندى (هاوار)ى نزيک هەڵەبجە لەدایکبووە. بۆ ڕێنوێنی چووەتە شارەزوور و پاشان لە (سەرگەت) گیرساوەتەوە. لە (سەرئەنجام)دا لە کەڵامی بارگەبارگەدا هۆنراوەی تۆمارکراوە. لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا، کۆچیدواییکردووە و مەزارەکەی لە گوندی سەرگەتە.
شاعیر و تەمبوورژەنێکی یارسانییە. ناوی (ئیبراهیم کوڕی ئەحمەد)ە. لە دەوروبەری ساڵی ١٠٨٤ لە گوندی (سەرگەت)ی سەر بە (بیارە) لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی خوێندووە و کەوتووەتە سەوداسەری دەروێشی بۆیە لەلای خەڵکانێک بە (بلە شێت) ناوبانگی ڕۆیشتووە. یەکێکە لە پیرانی یارسان و بە (بابا ناوسی جاف) ناسراوە. ناوەڕۆکی هۆنراوەکانی ئامۆژگاریی و پەند و داناییە. هۆنراوەکانی هێشتا کۆنەکراونەتەوە و لە کتێبێکدا چاپ نەکراون. لە دەوروبەری ساڵی ١١٦١ کۆچیدواییکردووە.
یەکێکە لە ڕابەرانى ئایينى یارسان. ساڵی ٩٣٥ لە دەوروبەری کێوی شاهۆ لەدایکبووە. سەرەتا بە دەروێشی ژیاوە، پاشان بووەتە پیری ڕێی خوایی و خەڵکی بۆ وەرگرتنی ڕەوشتەکەی هانداوە. ژمارەیەکی زۆر مرید و شوێنکەوتووی لە دەور کۆبووەتەوه، لەوانە(باوا قەیسەری هەورامی، باوا سەرنجی کەلاتی، باواگەرچەکی هەوامی، دایە تەورێزی هەورامی). لە سەردەمی باوا سەرهەنگدا سەردەمی دەرکەوتنی ژن و کاریگەریی ژن بووە لە چالاکییە دینییەکاندا. هۆنراوەکانی خۆی و هەندێک لە یارانی(دەورەی بابا سەرهەنگ) لە (سەرئەنجام)دا نوسراون. لە کۆتایی سەدەی چوارەمی کۆچیدا لە شارۆچکەی (تەوێڵە) کۆچیدواییکردووە و هەر لەوێش بەخاکسپێرراوە. دەوروبەری مەزارگەکەی بووە بە گۆڕستانی تەوێڵەییەکان و بە گۆڕستانی (باوا سەرهەنگ) بەناوبانگە.
شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. له کۆتاییەکانی سەدەی حەوتەم لە شارەزوور لەدایکبووە. بە منداڵی نراوەتە بەر خوێندن و دواتر لە بەغداد خوێندنی و گەڕاوەتەوە شارەزوور و خەریکی وانەوتنەوە بووە. چووتە شێخان و بۆ ماوەیەک لەلای سان سەهاک بووە ودمی پیریی لێ وەرگرتووە. گەڕاوەتەوە مەڵبەندی خۆی و لە دەوروبەری ساڵی ١٣٥٢ کۆچیدواییکردووە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.
شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. له سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە. لە شارەزوور لەدایکبووە. یەکێکە لە ٧٢ پیر و یارانی سان سەهاک. چەند هۆنراوەیەکی لە سەرئەنجامدا بە یادگاری ماوەتەوە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.
شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. لە حەفتا و دوو پیرە و یارانی سان سەهاکە. لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە. لە دەوروبەری شاهۆ لەدایکبووە. دەچێتە هەورامان و ماوەیەک لای سان سەهاک بووە و خەرقەی لێ وەرگرتووە. لە شارەزوور کۆچیدواییکردووە. هۆنراوەکانی لە سەرئەنجامدا تۆمارن.
شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. لە حەفتا و دوو پیرەی یارسان و یاری (سان سەهاک)ـە. بە گوێرەی (سەرئەنجام) لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە. لە (بارگەبارگەی سەرئەنجام)دا ناوى هاتووە. باوکی پیر حەیدەر خەڵکی (قرمیسین) بووە. لە (کوفە) لەدایکبووە و لە هەورامان و شارەزوور ژیاوە و لە گوندی(هاوار) کۆچیدواییکردووە.
لە حەفتا و دوو پیرەی یارسان و یاری (سان سەهاک)ـە. لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە. (دەرەشیش) ناوى گوندێکی نزیک شارى هەڵەبجەیە. لە شارەزوور و هەوراماندا ژیاوە. لە شێخان (خەرقە)ی لە (سان سەهاک) وەرگرتووە و هەر لەوێش کۆچیدواییکردووە.
زانا و کەسایەتییەکی ئایینی یارسانييە. لە حەفتاو دوو پیرەی یارسان و یاری (سان سەهاک)ـە. لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە. مەرقەدەکەی لە گوندی (هاوار) و لەگەڵ چەند کەسی تردا بەخاکسپێرراون. بەو شوێنە دەڵێن (حەوت بەنان). لای خەڵکی بە (خەلیفە قەمەر) ناسراوە. لە (بارگەبارگەی سەرئەنجام)دا، هۆنراوەی هاتووە.
شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. لە حەفتا و دوو پیرەی یارسان و یاری (سان سەهاک)ـە. لە کۆتاییەکانی سەدەی حەوتی کۆچی و سەرەتای سەدەی هەشتی کۆچیدا لەدایکبووە. لە گوندی (هاوار) کۆچیدواییکردووە. نەوەکانی لە هاوار بە (پیرسمایلیيەکان) ناسراون و درێژەیان بە ئەرکە ئایینیەکەيان داوە. نەزەرگەکە دەکەوێتە نزیک نەزەرگەی میر ئەسکندر و لە خواروی گوندی هاوار.
شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. لە حەفتا و دوو پیرەی یارسان و یاری (سان سەهاک)ـە. لە بنەچەدا خەڵکی لای (ڕەزاون)ـە. لە شارەزوور لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە. ساڵى لەدایکبوون و کۆچیدواییەکەی ڕووننیيە.
شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. لە حەفتا و دوو پیرەی یارسان و یاری (سان سەهاک)ـە. ناوی (مالک)ـە. بە (پیر مالکی گۆران) ناسراوە. ساڵی ١٢٤٤ لە (سەراو دوودەرە) لەدایکبووە. چووەتە عێراق و شام و زاستى قورئان و حەدیسى خوێندووە. چووەتە هەورامان و لە (شێخان) لای سان سەهاک پلەوپایەی پیری پێدراوە. ساڵی ١٣٣٤ کۆچیدواییکردووە.
شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. لە حەفتا و دوو پیرەی یارسان و یاری (سان سەهاک)ـە. ساڵی ١٢٤٠ لە(شارەزوور) لەدایکبووە. ڕێزمانی عەرەبی و فیقهی ئیسلامی خوێندووە. مەیلی بۆ ئەستێرەناسی و پیتۆڵی هەبووە. لە بەغداد خوێندویەتی و لە شارەزوور وانەی وتووەتەوە. لە شێخان (خەرقە)ی لە (سان سەهاک) وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە زێدی خۆی. ساڵی ١٣٣٢ کۆچیدواییکردووە.
شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. ساڵی ١٢٤١ لە (شام) و لە بنەماڵەیەکی کورد لەدایکبووە. بۆ خوێندن هاتووەتە شارەزوور و هەورامان. لە زۆربەی زانستەکاندا شارەزا بووە. سێیەم یان چوارەم فریشتەیە. لە هۆنراوە دەستووریيەکەی (سان سەهاک)دا، لە ئەرکە دینیەکەیەوە بە (قەڵەمدار، دەفتەردار و قەڵەم زەڕین) ناسراوە. لە دەفتەرە پیرۆزەکانی یارسان و سەرئەنجامدا ناوی هاتووە. لە کۆتاییەکانی سەدەی هەشتەمی کۆچیدا لە (کرند) کۆچیدواییکردووە و هەر لەوێش بەخاکسپێرراوە.
شاعیر و تەمبوورژەنێکی ئایینی یارسانییە. لە حەفتا و دوو پیرەی یارسانە. (کوڕی سەید عەتای شارەزووری)يە. ساڵی ١٢٦٣ لە (مۆردین) لەدایکبووە. لای باوکی ڕێزمان و ئەدەب و قورئانی خوێندووە و دواتر مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. چووەتە شێخان و لەسەر دەستی (سان سەهاک) ئایینی یاریی وەرگرتووە. هۆنراوەکانی لە(بارگە بارگی سەرئەنجام)دا تۆمارکراون. لە (مۆردین) کۆچیدواییکردووە.
شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. لە حەفتا و دوو پیرەی یارسان و یاری (سان سەهاک)ـە. لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە. لە شارەزوور یان دەوروبەری لاى (مۆردین) لەدایکبووە و لە لوڕستان کۆچیدواییکردووە. شیعرەکانی لە (سەرئەنجام) دا تۆمارکراون.
شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. ناوی (فەرۆخ کوڕی بیهرۆز)ە. لە دەوروبەری ساڵی ١٢٨٠ لە شارەزوور لەدایکبووە. بە کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکبووە. بە فەقێیەتی چەند شوێنێکی کوردستان و بەغداد و شام و میسر چووە. گەڕاوەتەوە مەڵبەندی خۆی و دواتر چووەتە شێخان و لای سان سەهاک ماوەتەوه، تا لە دەوروبەری ساڵی ١٣٦٦ کۆچیدواییکردووە. نازناوی (پێشـەنـگ)ـە. ژمـارەیـەک لـە هـۆنـراوەکـانـی لـەبەردەستدایە و تۆمارکراون.
شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. ناوی (ئیسحاق کوڕی عەلی)ـە. لە شارەزوور لەدایکبووە. ساڵی لەدایکبوونی نەزانراوە. لە منداڵییەوە چوودتە حوجره و بە فەقێیەتی چەند شوێنێکی کوردستان گەڕاوە و دواتر چووەتە شێخان و لای سان سەهاک ماوەتەوە تا لە دەوروبەری ساڵی ١٣٨١ کۆچیدواییکردووە. نازناوی (تەوار)ـە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.
شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. ناوی (شەمسەدین کوڕی خەلیل)ـە. لە شارەزوور لەدایکبووە. ساڵی لەدایکبوونی نەزانراوە. لە منداڵییەوە چووەتە حوجره و بۆ خوێندن چەند شوێنێک گەڕاوە. دواتر چووەتە شێخان و لای سان سەهاک ماوەتەوه، تا ساڵی ١٣٥٤ کۆچیدواییکردووە. نازناوی (چەرگا)یـە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.