بەرگی شەشەم
کەسەکان بەپێی پۆست
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
بەرگی شەشەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
بەگزادەی جاف، وەزیرە. ناوی (ئەکرەم کوڕى حاميد بەگ کوڕى مەجيد بەگ کوڕى عوسمان پاشا کوڕى محەممەد پاشاى جاف)ـه. ساڵى ١٩٢٨ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنى سەرەتايى لە هەڵەبجە و ناوەندى لە (سلێمانى) تەواوکردووه. ساڵى ١٩٥١ بڕوانامەى بەکالۆريۆسى له بوارى کشتوکاڵ لە زانکۆى (کۆلۆرادۆ)ى ويلايەتە يەکگرتووەکانى ئەمريکا و ساڵى ١٩٥٢ بڕوانامەى ماستەرى لە ئەندازياريى کشتوکاڵى لە زانکۆى (کنتاکى) لە ئەمريکا و ساڵى ١٩٥٦ بڕوانامەى دکتۆراى لە هەمان پسپۆڕيدا لە زانکۆى (ئورکيون) لە ئەمريکا بەدەستهێناوە. گەڕاوەتەوە بۆ عێراق و کۆمەڵێک پۆستى زانستى و ئيدارى وەرگرتووە. سەرۆکايەتى ژمارەيەک شاندى کشتوکاڵى کردووە بۆ وڵاتانى سۆڤيەت، ئەمريکا، يوگسلافيا، ڕۆمانيا، ميسر، سوريا و ئەردەن. لە سەردەمی (عەبدولسەلام عارف) و لە کابینەی فەرمانڕەوایەتی (عارف عەبدولڕەزاق)، کە لە ماوەی ٦ی ٩ی ١٩٦٥ بۆ ٢١ی ٩ی ١٩٦٥دا بۆ ماوەی ١٠٥ ڕۆژ وەک وەزیری کشتوکاڵ کاریکردووە. ساڵى ١٩٦٩ لە بەشى کشتوکاڵى زانکۆى بەغدا وانەى وتووەتەوە. ساڵى ١٩٧٠ کراوە بە نوێنەرى ڕێکخراوى کشتوکاڵى و خۆراکى نێودەوڵەتى (فاو) لە سۆماڵ و ساڵى ١٩٧٤ هەمان پۆستى پێدراوە لە ميسر. ساڵى ١٩٩١ کراوە بەڕاويژکارى هەمان ڕێکخراو لە ڕۆما، ساڵى ٢٠١٠ کۆچیدواییکردووە.
پزیشک، وەزیری تەندروستی و خێرخوازە. ناوی (تاهیر عەبدوڵا حسین)ـە. ساڵی ١٩٥٥ لە شارەدێێ (تەوێڵە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە تەوێڵە و هەڵەبجە و قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی و کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی موسڵ تەواوکردووە. بڕوانامەی دبلۆمی باڵا و بۆردی عەرەبی لە بەغداد وەرگرتووە. گەورە پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی و کۆئەندامی هەرس و جگەر و شێرپەنجەیە. سەرۆکی بەشی نەشتەرگەرییە لە کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی. سەرپەرشتیاری قوتابیانی بۆردی کوردستان و عێراقه. بەڕێوەبەری پرۆگرامی خوێندنی نەشتەرگەرییە لە فاکەڵتی پزیشکی. ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٤ وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێم بووە. بە پزیشکێکی خێرخواز ناسراوە و خزمەتی زۆری بە ناوچەی هەورامان و بە تایبەتی تەوێڵە کردووە. بەشدار بووە لە یارمەتیدانی نەخۆش و گەڕانەوەی کرێی نەشتەرگەری و دانیشتن لە ڕۆژانی هەینی و بینینی نەخۆشی تەوێڵە بێبەرانبەر.
وەزیر، دادوەرە. لە نەوەی موسابەگی خورماڵە. ساڵی ١٩٤١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووه. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی له هەڵەبجە و ئامادەی لە سلێمانی کۆلێجی حقوقی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردوه. لە شاری بەغداد بووه بە پارێزەر. بەهۆی کوردایەتییەوە، ساڵی ١٩٦٥ بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە و دواتر بەر لێبوردن کەوتووە. ساڵی ١٩٧٣ تا ١٩٧٥ حاکمی شۆڕش بووە و سەرۆکی دادگای تاوان بووە له تەوێڵە و بیاره. پاش نسکۆ جارێکی تر له شاری بەغدا دەستیکردووەتەوە بە کاری پارێزەری. ساڵی ١٩٨٤ گەڕاوەتەوە شاری سلێمانی. ساڵی ١٩٩٢ ئەندامی دەستەی دامەرزاندنی یەکیەتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی و دواتر بەڕێوبەری ڕێکخراوەکە بووە. ئەندامی دامەرزێنەری پارێزەرانی کوردستان بووە. سەرۆکی دەستەی ڕێکخراوی ژیانەوەی هەڵەبجە بووە. ساڵی ١٩٩٧ پاش تاقیکردنەوە کراوه بە دادوەر له دادگای هەولێر، پاشان کراوەتە ڕاوێژکاری وەزارەتی داد له داڕشتنی یاسا، هەمان ساڵ بووە بە دادوەر لە دادگای هەولێر و دواتر کراوەتە سەرۆکی دادگای تاوان و لیژنەی بەکوردیکردنی سەرجەم فۆڕم و نوسینەکانی فەرهەنگی یاسایی. ساڵی ٢٠٠٤ کراوە بە ئەندامی دادگای تاوانەکانی عێراق له بەغداد، کە سەرانی ڕژێمی بەعسیان دادگایکردووە. وەک دادوەر فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ هەریەک لە سەدام حسێن سەرۆکی پێشوی عێراق و بەرزان تکریتی و تەها یاسین ڕەمەزان دەرکردووە. ساڵی ٢٠٠٩ کراوە وەزیری داد لە حکومەتی هەرێم. جگە لە کاری یاسایی، خاوەنی کۆمەڵێک شیعر و پەخشان و چەند باسێکی کارگێڕی و مێژوویی و کۆمەڵایەتییە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئێستادا لە ئەمریکا دەژی.
پێشمەرگە، نوسەر، وەرگێڕ و وەزیرە. ناوی (محەممەد سەعید عەلی)یە. ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی (دۆڵبیان) سەر بە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. تا پۆلی سێیەمی ناوەندی بڕیوە و دواتر بووە بە پێشمەرگە و بەشداری لە چالاکیی سەربازی و ڕێکخستنی نهێنیدا کردووه و بەبێ دابڕان، تا ڕاپەڕین بەردەوامبووە. پلەکانی حیزبایەتی بڕیوە و تا ئەندامی سەرکردایەتی ڕۆیشتووە. ساڵی ١٩٩٦ لە (کۆلیجی سەربازیی قەڵاچوالان) خوێندکار بووە. ساڵی ٢٠٠٠ بۆ ماوەی نۆ ساڵ وەک سەرپەرشتیاری (مەڵبەندی شارەزوور) دەستبەکاربووە. لە بواری نوسین وەرگێڕاندا چەند بەرهەمی بڵاوکراوەی هەیە، لەوانە وەرگێڕأنی: (بیرەوەریەکانی تەیمووری لەنگ، چیا نشینانی زاگرۆس، گەڕانەوە بۆ سەرەتاکانى ئيسلام، حەسەن سەباح "دوو بەرگ") و نوسینی (پياوێک لە لوتکەى مەردايەتيدا، گازبارانى هەڵەبجە و ڕاستى ڕووداوەکه، دەنگى خاک "دوو بەرگ"). لە ئێستادا وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمە.
ساڵی ١٩٦٠ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە. ٤ ساڵ جێگری وەزیری کارەبای عێراق بووە و ٢٠٠٤-٢٠٠٨ بووەتە وەزیر لە حکومەتی عێراقی. ساڵی ١٩٩٣-٢٠٠١ وەزیری کارەبا بووە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئـێستا بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراقە.
وەزیری ژینگەیە. ساڵی ١٩٦٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. بەشداریی جوڵانەوەی شۆڕشگێڕی دژی بەعس کردووە. لقێکی دەزگای کارگوزاری و فریاکەوتنی جیهانی ئیسلامی هێناوەتە کوردستانی خۆرهەڵات. یەکێک بووە لە سەرپەرشتیارانی ئۆردوگاکانی پارێزگای کرماشان و هاوکاری مانگانەیان بە هەتیوانی داوە. دوای ڕاپەڕین دەزگاکە خزمەتەکانی فراوان کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. لە کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزیری ژینگە بووە، کە دەستەی ژینگەی ناو بووە. لە ئێستادا بەرپرسی مەڵبەندی هەڵەبجەی کۆمەڵی دادگەرییە.
بە شێخ عەفان نەقشبەندی ناسراوە. ساڵی ١٩٣٩ لە باخەکۆن لەدایکبووە. ساڵی ١٩٥٧ لە کۆلێژی حقوق لە بەغداد وەرگیراوە و تەواویکردووە. بەشداری کاروباری سیاسی و کارگێڕی کردووە و بەڕێوەبەری ناحیەکانی مێرگەسوور، دەوروبەری میللە، بووە. ئەندامی خولی یەکی پەرلەمان و وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بوە لە کابینەی سێیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. خێزانداربووە. ساڵی ٢٠٢١ لە هەولێر کۆچیدواییکردووە.
ناوی (عەلی محەممەد ئەحمەد)ە و لەناو خەڵکى بە (مامۆستا عەلی زەمەقی) ناسراوە، لە ساڵی ١٩٥٢ لەگوندی (زەمەقیی خواروو) هاتوەتە دنیاوە. ساڵی ١٩٧٦ خولێکی مامۆستایی لە بەغداد تەواوکردووە و بووە بە مامۆستا و لە چەند قوتابخانەيەک کاری مامۆستایەتی کردوە. هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە (الشریعة و اصول الدین)، لە پەيمانگاى ئەوروپی بۆ خوێندنی ئینسانی لە فەرنسا بە شێوازی موراسەلە. ساڵی ١٩٩٢ وەک بەڕێوبەری لقی (ڕابیتەی ئیسلامی کورد) لە سلێمانی دەستبەکاربووە. لە دەستەی دامەزرێنەرانی (یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان)ـە. ساڵی ٢٠٠٦ لەسەر لیستی (یەکگرتووى ئيسلامى) کرا بەوەزیر لەحکومەتی عێراقی فیدراڵ و هەر لەو پۆستەدا توانی لە بیستەمين ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا ڕاپۆرتی وێرانکاری و کارەساتی هەڵەبجە لە ئەنجومەنی وەزیران بخاتە پێش چاوی حکومەت و چەند بڕیارێکیان پێ وەربگرێت، کە دیارترینیان ئاوەدانکردنەوەی ٦٠٠ کەلاوەی شاری هەڵەبجە بووە.
سیاسی و وەزیرە. ساڵى ١٩٥٥ له گوندى (عەبابەيلێ)ی نزیک هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیی خوێندووە. يەکێکە لە کارەکتەرە سياسى و ئاينيەکانى (ڕابوونى ئيسلامى) و ٤٥ ساڵ دەعوە و جيهادى کردووە. لە دامەزرێنەرانى (بزووتنەوەى پەيوەندى ئيسلامى) بووه، کە دواتر ناوەکەی بووە بە (بزووتنەوەى ئيسلامى لەکوردستان/ عێراق) و چەندين لێپرسراوێتی وەرگرتووە. به کەسێکی میانڕەو ناسراوە. ساڵى ١٩٨٥ یەکەمین نوسینی خۆی بڵاو کردووەتەوە و بەردەوامبووە. بەشداری چەند کۆنگرەیەکی لە وڵاتانى دەرەوە کردووە. ئەندامى کۆنگرەى موعارەزەی عێراقى بووه. ساڵى ١٩٧٧ بووە بە فەرمانبەر و لە شارەکانى (پێنجوێن، سلێمانى و هەڵەبجە) کاریکردووە. لە ساڵى ٢٠١٠ بووە بە وەزيرى (ئەوقاف و کاروبارى ئاينى) لە (حکومەتى هەرێمى کوردستان). ڕابەرى گشتیى (بزووتنەوەى ئيسلامى لەکوردستان/ عێراق)ـە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى پێنج منداڵه.
سیاسی و وەزیرە. ساڵى ١٩٦٢ لە گوندە (گێڵەک)ى سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەيى لە سنوری (هەڵەبجە) تەواوکردووە و بڕوانامەى بەکالۆريۆسى لە زانستە سياسيیەکان هەیە. ساڵى ١٩٧٦ پەيوەندى بە کاری ڕامیارییەوە کردووە. پاش ڕاپەڕین لە حیزبدا، تا لێپرسراوی مەکتەب ڕۆیشتووە. ساڵى ٢٠١٤ بووە بە وەزيرى (شەهيدان و ئەنفالکراوان). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار پێنج منداڵە.
نوسەر و ساسی و وەزیرە. ساڵی ١٩٦٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. کۆلێژی کارگێڕی و ئابوری، بەشى ئابوری، لە زانکۆی موسڵ تەواوکردووە. هەروەها دەرچووی کۆلێژى یاسای زانکۆی سەڵاحەدینە. هەڵگری بڕوانامەى ماستەرە لە زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی جیهانی بۆ زانستە ئیسلامی و ئیدارییەکان لە لەندەن، هەروەها هەڵگری بڕوانامەى دکتۆرایە لە هەمان زانکۆ. ئەندامی دەستەى دامەزرێنەری یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان بووە و ماوەی ٢٥ ساڵ ئەندامی سەرکردایەتی و ١٩ ساڵیش ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەم حیزبە بووە. کۆتا پۆستی حکومیی بریتیبووە لە وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٩. هەروەها وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەمان کابینە بووە بەوەکالەت، تا کاتی خانەنشین بوونی. ماوەیەک جێگری سەرنوسەر و سەرنوسەری گۆڤاری پەیامی ڕاستی بووە. خاوەنی پێنج کتێب و لێکۆڵینەوەیە بە ناونیشانەکانی: (تیشکێک لەسەر کێشەى نەتەوەیی و دیموکراسی لە عێراقدا)، (مافی چارەی خۆنوسین)، (سیستەمی تاکحیزبی و کاریگەریی لەسەر مافە سیاسییەکانی هاوڵاتییان ٢٠٠٨)، (قەیرانەکانی حیزب و کێشەکانی حیزبایەتی لە هەرێمی کوردستاندا) و (دەعوە و سیاسەت لە کاری حیزب و کۆمەڵە سیاسییە ئیسلامییەکاندا).
وەزیرە. ناوی (محەممەد شێخ ڕەئوف شیخ محەممەد عەلی) هانەسوورەییە. ساڵی ١٩٦١ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. لای باوکی خوێندوویەتی و فێری قورئان خوێندنەوە بووە. تا قۆناغی ئامادەیی لە ھەڵەبجە و کۆلێژی شەریعەی لە زانکۆی بەغدا و دبلۆمی باڵای لە زانستە سیاسییەکاندا تەواوکردووە. ساڵانی ١٩٩١ بۆ ١٩٩٤ مامۆستا بووە لە قوتابخانەی زانستە شەرعییەکانی گەیلانی لە ھەڵەبجە. پێشنوێژی مزگەوتی (خانم) بووە لە ھەڵەبجە. ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٩ بووە بە وەزیری بازرگانی لە حکومەتی ھەرێم. کتێبێکی بە دوو بەرگی بە ناوی (اشارات ومفاهيم لفهم القرآن الکريم) بڵاوکردووەتەوە. بە زمانی کوردی و عەرەبی لە بوارە سیاسی و فیکری و ئابوری و بازرگانییەکاندا نوسینەکانی بڵاوکردووەتەوە. لەسەردەمی وەزارەتەکەیدا پڕۆژەی هەناردەکردنی هەناری هەڵەبجە بۆ دەرەوە دەستپێکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە.
مامۆستای ئاینی، سیسی و وەزیرە. (کوڕی مامۆستا عومەر عەبدولعەزیزی کوڕی مامۆستا مەلا عەزیزی پریس)ـە. ساڵی ١٩٤٧ له گوندی (په لیهێرۆ) لەدایکبووە. لە منداڵییەوە لەلای باوکی دەستی به خوێندنی علومی شەرعی کردووە و دواتریش درێژەیپێداوە. پەیمانگای ئیسلامی لە هەڵەبجە و کۆلیژی ئیمام ئەعزەمی لە بەغداد خوێندووە و لە دواتری تەمەنیدا ماستەری بەدەستهێناوە. ساڵی ١٩٦٢ دەستی بەکاری ڕێکخستن و سیاسی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. ساڵی ١٩٨٧ له کۆڕەوەکەی خەڵکی هەڵەبجە بەناچاری ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە. ساڵی ٢٠٠٨ ڕابەری گشتیی بزوتنەوەی ئیسلامی بووە. خاوەنی چەند بابەتیکی فیقهی و فیرەقی ئیسلامییه. ئەندامێکی چالاکی (ناوەندی کوردستان بۆ ئیعجازی زانستی قورئان)بووە. ساڵانی ١٩٩٧ بۆ ٢٠٠٤ وەزیری ئەوقاف بووە.
وەزیر، سياسى، کۆمەڵايەتى و ئەکاديمییە. ساڵى ١٩٥٣ لە هەڵەبجە لەدايکبووە. خوێندنى سەرەتايى و ناوەندى و ئامادەيى لە هەڵەبجە تەواوکردووە. بەکالۆريۆسى لە (فيزيا) و پاشتر ماستەرى لە (مێژووى سياسى کورد) و دکتۆرای لە (فيکرى سياسى ئيسلامى)دا بەدەستهێناوە. ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بووە و تا پۆستی (سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی) پلەی وەرگرتووە. ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٦ وەزیری دادی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. بە ھەردوو زمانی (کوردی و عەرەبی) نوسين و وتار و بابەتى فيکرى لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوە. نزیکەی ٢٠ کتێب و نامیلکەى بە چاپ گەياندووە، لەوانە (نوێکردنەوەی فیکری ئیسلامی و ڕۆڵی لە چاکسازی سیاسیدا/ دکتۆرانامە، دەوڵەتی مەدەنی لە دیدێکی ئیسلامیەوە، ڕەوتی ئیسلامی وپرسی چاکسازی لە سایەی شۆڕشەکانی گەلانی ناوچەکەدا، گۆڕانە ژیاریەکان و جیھانی ئیسلامی/ وەرگێڕان و الشعب الکوردي والسياسات الدولية في القرن العشرين/ ماستەرنامە).