کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

886 بابەت

ئارام قادر

سیاسی، پەرلەمانتار و نوسەرە. ناوی (ئەیوب نیعمەت قادر)ە. ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و کۆلێژی یاسای لە سلێمانی تەواوکردووە. بڕوانامەی ماستەری لە زانستە سیاسییەکاندا هەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. لە دامەزرێنەرانی (بزووتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی) بووە. ئەندامی مەکتەبی سیاسی (بزووتنەوەی ڕاپەرینی ئیسلامی) و (کۆمەڵی ئیسلامی) بووه. لە (دامەزرێنەرانی هاوپەیمانیی نیشتمانی) بووە و پاشانیش بووە بە‌ سەرۆکی ئەو حیزبە. ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٣ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووه. خاوەنی چەند کتێبێکه، لەوانە (شەوانی تورکستان، ئیسلام و سیاسەت، ڕیفۆرم لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستاندا).

زیاتر بزانە
پەرلەمانتار

ئاری عەبدولەتیف مەولود

پەرلەمانتار، شاعیر، ڕاگەیاندنکارە‌. ناوی (ئاری عەبدولەتیف مەولود عەبدولکەریم)ـە. ساڵی ١٩٧٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی کوردیدا هەیە. ساڵی ١٩٩٥ کاری بێژەری کردووە و هەمان ساڵ یەکەمین شیعری خۆی بڵاوکردووەتەوە. لەساڵی١٩٩٧ەوە وتاری لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوە. ساڵی ٢٠٠٩ بووە بە خاوەن ئیمتیاز و بەڕێوەبەری گۆڤاری (پرێس)‌. ئەندامی چەند ڕێکخراو و دەستەیەکی ڕۆشنبیری بووە. خاوەنی ١٥ کتێبی چاپکراوە، لەوانە (وەرزی نۆیەم، ئەلبوومی وەنەوشە، بەفر لە دڵی ئاگردا، ڕەنگە ژیان بمرێ و من نەمرم، نامە زەردەکانی ئادەم...). نزیکەی ٥٠ خەڵاتی وەرگرتووە. ساڵی ٢٠١٧ بووە بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و لە ئێستادا لە شاری هەڵەبجە نیشتەجێیە.

زیاتر بزانە
پەرلەمانتار

ئاریان تاوگۆزی

ناوی تەواوی ئاریان سەید عەزیز ئەحمەدە، ساڵی ١٩٧٥ لە گوندی تریفە لەدایکبووە. قۆناغەکانی خوێندنی ئامادەیی و زانکۆی لە بەریتانیا تەواوکردووە. بڕوانامەی دیبلۆم لە حکومەت و سیاسەت و دیبلۆم لە وەرگێڕانی یاسایی کوردی - ئینگلیزی لە ئەنستیتۆی زمانەوانی لە لەندەن و بەکالۆریۆسی لە لیکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی و ماجستێری لە دیبلۆماسییەت، بەدەستهیناوە. لە ڕێکخراوەکانی وەک (نۆرس ئۆف ئینگلەند ڕفیوجی سێرڤس، ڕفیوجی کانسل، ترێلەس)، کاریکردووە. وەک سەرۆکی هەرێمی ناوەڕاست و خۆرئاوای ئینگلتەرای ڕيکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ (ئای ئۆ ئێم)، پاشان جێگری سەرۆکی هەرێمی ڕێکخراوی (ڕفیوجی ئاکشن) کاریکردووە. بەڕێوەبەری گشتیی هەردوو کۆمپانیای (هانسن لۆ) بۆ کاروبار و ڕاوێژی یاسایی و(کۆنێکشن سێرڤس) بۆ کاروباری زمانەوانی و وەرگێڕانە. وەک یەکەم کورد لە مێژوودا بووتە ئەندامی کۆمەڵەی وەرگێڕانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی. دامەزرێنەر و سەرۆکی چەند ڕێکخراوێک بووە. وەک کۆمەڵەی کوردی لە بێرمینگهام، ڕێکخراوی خۆری سوور، هەروەها سەرۆکی ڕێکخراوی (پییەرز ڕۆدم) بۆ کاروباری کەمە_نەتەوەکان لە بەریتانیا بووە. لە هەڵبژاردنی گشتی بۆ پەرلەمانی عێراق بووەتە پەرلەمانتار. ئەندامی لیژنەی پەرلەمانییە بۆ داڕشتنی ستراتیژی ئاسایشی نیشتیمانی عێراقی. خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە.

زیاتر بزانە
پەرلەمانتار

ئەحمەد بەگى حەمەساڵح بەگ

سەرۆک عەشرەتی جاف و ئەندامی پەرلەمانی عێراقە. ناوی (ئەحمەد بەگ کوڕى حەمەساڵح بەگ کوڕى عەزيز بەگ کوڕى محەممەد بەگ کوڕى قادربەگى جاف)ـه. لە بەگزادەکانى بارام بەگى جافە. (خورشيدە خانم)ى دايکى، کچى (محەممەد پاشاى جاف)ـە. ساڵى ١٩٠٣ لە گوندى (ميراولى)ی ناوچەى نەورۆڵى لەدایکبووه. يەکێکە لە سەرۆکەکانى عەشيرەتى جاف. لە سەرەتاوە لە گوندەکانى ميراولى و چرۆسانەى ناوچەى نەورۆڵى‌ و دواتر لە هەڵەبجە نیشتەجێبووە.‌ ساڵى ١٩٥٤ وەک نوێنەرى ليواى سلێمانى (قەزاى هەڵەبجە) بووە بە نائيبى پەرلەمانى عێراق. چوار جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. ساڵی ١٩٧٣ لە بەغداد کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
پەرلەمانتار

ئەحمەدی حاجی ڕەشید

پەرلەمانتار و نوسەرە. ناوی (ئەحمەد ڕەشید ئەحمەد)ە، ساڵی ١٩٦٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووه. خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە هەڵەبجە و کۆلێژی زانستەکانی لە موسڵ و کۆلێژی کارگێڕی و ئابوری لە سلێمانی تەواوکردووە. بەکالۆریۆسی وەرگرتووە. لە پاڵ ئەوانەشدا هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمە لە زانستە شەرعییەکاندا. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. ساڵانی ١٩٩٢ - ٢٠٠٥ لە قوتابخانەکانی هەڵەبجەدا مامۆستابووە. ساڵانی ٢٠٠٥ - ٢٠١٤ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بووە. لە ساڵی ٢٠١٤ - ٢٠٢١ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بووه. کتێبی (دەرونناسیی سەربازی) کردووە بە کوردی و کتێبی (بیست و سێ ساڵ سەروەری)یشی نوسیوە.

زیاتر بزانە
پەرلەمانتار

ئەنوەر بەگى جەميل بەگى جاف

ناوی (ئەنوەر جەميل بەگ حەمەعەلى بەگ محەممەد پاشاى جاف کەيخەسرەو بەگى جاف)ـە. مەليحەخانی دایکی دواى مردنى جەميل بەگى هاوسەریی شویکردووەتەوە بە حاميدبەگى مەجيدبەگى عوسمان پاشاى جاف، حاميدبەگ زياتر سەرپەرشتیکردووە و خستوويەتييە بەر خوێندن، قۆناغەکانى سەرەتايى و ناوەندى تەواوکردووە و ناردويەتى بۆ بەيروت. قۆناغى ئامادەيى لە (زانکۆی ئەمەریکی_ئەمریکا، تەواوکردووە و گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا و بەشى ياساى لە زانکۆى بەغدا خوێندووە و بووە بە پارێزەر‌. ژيانى هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. خاوەنى زەویوزار و موڵک و ماڵێکى زۆر بووه. ساڵى ١٩٤٧ بووە بە نائيب لە پەرلەمانى عێراق، بەڵام بەهۆى پەيمانى (پورت سموث)ى ساڵى ١٩٤٨ى نێوان عێراق و بەريتانيا، کە ئەنوەر بەگ يەکێک بووە لە نەيارەکانى ئەو پەيماننامەيە، وازى لە کارەکەى هێناوە. تا ساڵى ١٩٦٢ لە هەڵەبجە ژياوە و دواتر چووەتە بەغداد. ساڵی ١٩٩٠ بە نەخۆشى شێرپەنجە لە بەغداد کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانى شێخ عەبدولقادرى گەيلانى بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
پەرلەمانتار

بارزان هەورامی

ناو‌ی (بارزان عەبدوڵا نەسروڵڵا)یە و بە (بەرزانی حاجی ئەولە)ش ناسراوە. ساڵی ١٩٦٠ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. ساڵی ١٩٨٣ کۆلێژی زانستی لە زانکۆی سەڵاحەدین تەواوکردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە جیۆلۆجیدا هەیە. لەپرسی نەوت و وەبەرهێنانیدا شارەزایە. ساڵی ٢٠٠٥ ئەندامی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان بووە. ساڵی ١٩٨٨ ئاوارەی ئێران بووە و پاش ڕاپەڕین گەڕاوەتەوە. جگە لە زمانی کوردی، فارسی و عەرەبیش دەزانێت. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. ساڵی ٢٠٠٩ خانەنشین کراوە.

زیاتر بزانە
پەرلەمانتار

بەرزان عوسمان محەممەد ئەحمەد

بە (ملازم بەرزان هەڵەبجەیی) ناسراوە. ساڵی ١٩٨٣ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی کۆلیژی پۆلیسی قەڵاچوالانە. تا پلەی مقەدەمی بڕیووە و بۆ عەقید دەرچووە. ٢١ ساڵ خزمەتی لە ناو هێزەکانی ئاسایییشی ناوخۆدا هەیە، لە: بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی چالاکە مەدەنییەکانی سلێمانی، بەرێوەبەر لە بنکەی پۆلیسی هەڵەبجە، بیارە، تەوێڵە، بەرێوەبەری ناحیەی بیارە بە وەکالەت، بەشی پۆلیسی شارەوانی، ناوشار، کۆمەڵگەیی بە وەکالەت، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەڵەبجە، ئەندامی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەڵەبجە و ڕێکخراوی لاهای بۆ پرسی جینۆساید و لقی هەڵەبجەی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان و سەرپەرشتیاری دەروازەی مەرزی (تەوێڵە – شۆشمێ)یە. ئەندامی تیمی مەیدانیی ناوشاری زانیارینامەی پارێزگای هەڵەبجەیه.‌ سەدان سوپاس و خەڵاتی حکومی و ناحکومی وەرگرتووە و هیچ سزایەکی سەربازی و کارگێڕی نییە. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢٤دا، لەسەر بازنەی پارێزگای هەڵەبجە بووە بە ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمان.

زیاتر بزانە
پەرلەمانتار

باڵانبۆ محەممەد عەلی

ناوی (باڵانبۆى کوێخا حەمەبۆر)ە. ساڵى ١٩٧٢ له گوندى (باوەکۆچەک) لەدایکبووه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. ساڵى ١٩٨٧ دواى ئازادبوونی لە زیندانی بەعس، بووە بە پێشمەرگە. پلەکانى پێشمەرگايەتى تا پلەى (فەرماندەى له شکر) بڕيوە. پاش ڕاپەڕین کۆلێژى سەربازى لە (قەڵاچۆلان) تەواوکردووه. لەژیانی پێشمەرگایەتیدا (چوارجار) بریندار بووە. ئەندامی‌ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی ساڵی (٢٠١٨) بووە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبى، فارسى، سويدى و ئينگليزيى دەزانێت.

زیاتر بزانە
پەرلەمانتار

بەختیار شاوەیس

ناوی (بەختیار جەبار عەلی محەممەد شاوەیس)ـە و بە (دکتۆر بەختیار شاوەیس) ناسراوە. دوای ڕاگواستنی گوندەکان چوونەتە قەزای (سەیدسادق) و ساڵی ١٩٨٠ لەوێ لەدایکبووە. لەپاش خاپوورکردنی (سەیدسادق) لە ساڵی ١٩٨٨دا، چوونەتە ئۆردوگای زۆرەملێی (باریکە)، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. دوو بڕانامەی بەکالۆریۆسی لە بوارەکانی (پزیشکی ڤێتێرنەری، یاسا و ڕامیاری)دا بەدەستهێناوە. خاوەنی نۆ کتێبی چاپکراوە (گەنج...سیاسەت... مەعریفە، هۆشیاری دیموکراسی، گەنج و دەسەڵات، ئۆپۆزسیۆن، لە چەمکەوە بۆ ئەرک، لەپێناوی ساغکردنەوەی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان لە عیراقی نوێدا،..هتد). ساڵانی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٠ ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری ڕێبازی نوێ بووە. لە خولی سێیەم و چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠٢١، ئەندامی پەرلەمان بووە. لەگەڵ هاوڕێکانی لە پەرلەمان (گروپی هەڵەبجە)یان پێکهێناوە و کاریان لەسەر کەیسەکانی (بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، برینداران و بەرکەوتووانی کیمیاباران، منداڵە ونبووەکان، قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی ڕژێمی بەعس بۆ ناوچەی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان) کردووه.‌ ڕۆڵی هەبووە لەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیار بدات بەوەی: هەڵەبجە نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق بێت و بەم بۆنەیەوە سوپاسنامەی لەلایەن پارێزگاری هەڵەبجەوە ئاڕاستە‌کراوە.

زیاتر بزانە
پەرلەمانتار

بەفرین حسێن خەلیفە‌

ناوی (بەفرین حسەین موحەممەد)ە. ساڵی ١٩٨٢ لە شارۆچکەی سیروان لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی ئامادەیی لە قەزای شارەزوور و کۆلیژی یاسای لە زانکۆی کۆیە تەواوکردووە و بووە بە پارێزەر. لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی کۆردستان ساڵی ٢٠٠٩ بووە بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان.

زیاتر بزانە
پەرلەمانتار

بەکر حەمەسدیق عارف

پەرلەمانتار، پارێزەر، نوسەر و ڕۆژنامەنوسە. ساڵی ١٩٦٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسادا لە زانکۆی بەغداد و ماستەری لە یاسای گشتی لە زانکۆی جنان لە لوبنان بەدەستهێناوە. جگە لە بواری پارێزەرێتی کاری لە ئەرشیفکردنی بەڵگەکانی تاوانی هەڵەبجە و کانیعاشقان و ئەنفالدا کردووە. خاوەنی کتێبی (حلبجة في مواجهة سموم الموت) و کتێبێکی تایبەتە لەسەر سیرەتنامەی قورئانیی پێغەمبەرە (د.خ)، کە پێنج بەرگە و لە ئێستادا لەژێر چاپدایە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. لە کەیسی کیمیابارانی هەڵەبجە و کانیعاشقان ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٠ و کەیسی ژمارە (٢٢٤/ اتحادیة/ ٢٠٢٣) لە بەردەم دادگای باڵای فیدراڵی عێراقدا، کە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڕیار دەرچووە، کاریکردووە. ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٤ ئەندامی خولی دووەمی پەرلەمانی عێراق بووە. لە ئێستادا کاری پارێزەرێتی دەکات و ئەندامی خۆبەخشە لە ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی.

زیاتر بزانە
پەرلەمانتار

پێشەوا هەورامی

ناوی (پێشەوا تاهیر مستەفا)یە. پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانە. ساڵی ١٩٩١ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. قۆناغی خوێندنی سەرەتای لە هەولێر و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە کۆلێژی هونەر بەشی پەیکەرسازی زانکۆی سەڵاحەدین. زیاتر لە دوانزدە ساڵ ئەزمونی بواری ڕاگەیاندنی هەبووە و ماوەیەک وەک بێژەر لە تەلەفزیۆنی ڕووداو کاریکردووە، ماوەیەک وتەبێژی فراکسیۆن و ئێستاش وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

زیاتر بزانە
پەرلەمانتار

جەلال بەگی حامیدبەگی جاف

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارێزەر، دیبلۆماسییە. ‌ناوی (جەلال بەگ کوڕی حامیدبەگی مەجید بەگی عوسمان پاشای جاف)ـە. ساڵی ١٩٢٣ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە هەڵەبجە و ناوەندیی لە سلێمانی و بەغدا و دوو ساڵی کۆلێژی یاسای لە بەغدا تەواوکردووە. بۆ ماوەی دوو ساڵ تێیدا خوێندوویەتی. ١٩٤٥-١٩٤٦ لە زانکۆی (فؤاد الأول) لە قاهیرە خوێندنی یاسای تەواوکردووە. لە بەغداد کاری پارێزەریی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ساڵی ٢٠٠١ لە لەندەن کۆچیدواییکردووە و هەر لەوێ بەخاکسپێرراوە. يەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەى (دارکەر). ماوەیەکی زۆر لە‌ وەزارەتی دەرەوە کاریکردووە و چەند پۆستێکی جیاوازی هەبووه، لەوانە هەڵسوڕاوی کارەکانى کۆمسیۆنی عێراقی لە مۆسکۆ، مەدرید، پاریس، کابوڵ، بوخارست، بەرلین و پەکین. ساڵی ١٩٥٧ وەک یاریدەدەری سەرۆکى پرۆتۆکۆڵى شاهانە کاریکردووە و هەر هەمان ساڵ بە جێگری لیوای سلێمانی هەڵبژێرراوە و تاوەکو ١٤ى تەمووزى ١٩٥٨ لەم پۆستەدا ماوەتەوە‌. لەسەر لیوای سلێمانی وەک ئەندامى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی هەڵبژێرراوە.

زیاتر بزانە
پەرلەمانتار

حامیدبەگ

پەرلەمانتار و گەورەی جافە‌‌‌. (حامیدبەگ يان عەبدولحەميد کوڕی مەجیدبەگی کوڕی عوسمان پاشای کوڕی محەممەد پاشای کوڕی کەیخەسرەو بەگی جاف)ـە، یەکێکە لە سەرۆک و بەگزادە ناسراوەکانى عەشیرەتی جاف، ساڵی ١٨٩٤ لە هەڵەبجە لەدایکبووە، تاقانەى باوکى بووه. خوێندنی ئاینی لەسەر دەستی مامۆستا ناودارەکانی هەڵەبجە خوێندووە. جگە لە زمانی کوردی، فارسی، عەرەبی و تورکی زانیوه. پشتیوانی لە‌ شۆڕشی شێخ مەحموود کردووە و بەو هۆیە‌وە تووشی کێشەی زۆر بووە لەگەڵ ئینگلیزەکاندا و ئاوارە و زيندانی کراوە. لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٢٥ بۆ ١٩٣١ قایمقامی هەڵەبجە بووە و دواتر بووە بە قایمقامی چەمچەماڵ و لە خولەکانی (حەوت و یانزە و دوانزە و سیانزە و پانزە)دا نائب بووە لە پەرلەمانی عێراق. حاميد بەگ ساڵی ١٩٨٨ لە شارى بەغداد کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانى غەوس (شێخ عەبدولقادرى گەيلانى) بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
پەرلەمانتار

حەبیب محەمەد عەلی

ساڵی ١٩٧٠ لە گوندی چواردارانی سەرووی سەر بە ناحیەی بەمۆ لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە زەڕایەن تەواوکردووە. بڕوانامی بەکالۆریۆسی لە یاساو ماف لە زانکۆی سەڵاحەدین بەدەستهیناوە. لە خولی دووەمدا ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە. خێزاندارە و خاوەنی پێنج منداڵە. سەرنوسەی گۆڤاری کۆچ و ڕاوێژکاری یاسایی عێڵبەگی جافە و چەندین کتێبی چاپکراوی هەیە.

زیاتر بزانە
پەرلەمانتار

حەسەن فەهمی بەگ

پەرلەمانتار، شاعیر، وەرگێڕ، مێژووناسە‌‌. ناوی (حەسەن کوڕی عەلی بەگ کوڕی مەحموود پاشای حەمەپاشای جاف)ـە. دايکى ناوى ناهيدەی کچى عوسمان پاشاى جاف و عاديلەخانمە. حەسەن بەگ تاقانە بووە و ساڵی ١٩٠٥یان ١٩٠٦ لەکاتى گەرميان و کوێستانى عەشيرەتى جافدا لە شوێنێک، کە پێىدەڵێن (کۆترەڕەش) لە ناوچەى شەمێرانى نزيک هەڵەبجە لەدایکبووە. هەتا تەمەنى سێ بۆ چوار ساڵى هەر لە ماڵى پاشادا بووە و مامۆستای تایبەتی بۆ گیراوە و فێری خوێندن و نوسین بووە. سێ جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. ‌جگە لە زمانی کوردی، فارسی، عەرەبی، تورکی و کەمێک ئینگلیزیشی زانیوە‌. لە پاش کۆچیدوایی باوکی بووە بە سەرۆکی عێلی جاف. جگە لە نوسینی ژمارەیەکی کەم هۆنراوە، خاوەنى کتێبێکى (مێژووی هۆزی جاف و مەحموود پاشای جاف)ـە و دوو کتێبى وەرگێڕراویشی هەیە بەناوەکانی (پاڵەوانی زەند، گەڕانەوەی دە هەزار یۆنانییەکه)، هەروەها لە گۆڤاری گەلاوێژدا وتاری هەیە. چوار جار و لە ساڵەکانی(١٩٤٨، ١٩٥٣، ١٩٥٤، ١٩٥٨) لەسەر پشکی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق بووە بە پەرلەمانتار، ساڵی ١٩٧٣ کۆچیدواییکردووه و لە مزگەوتەکەى قزرابات بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
پەرلەمانتار

حەمەعەلی تۆفیق میرزا

ناوی (میرزا فەتاح هەورامی)یە. ساڵی ١٩٤٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا پۆلی یازدەی خوێندووە. دوای ١١ی ئازاری ١٩٧٠ دەکرێتە سەرۆکی شارەوانیی(بیارە). ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە و ساڵی ١٩٧٥ گەڕاوەتەوە و بۆ ماوەی چوار ساڵی بەزۆرەملێ ڕەوانەی پارێزگای دیوانییە کراوە. بەهۆی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٨٧ی هەڵەبجەوه،‌ ڕووی لە کوردستانی خۆرهەڵات کردووە و پاش ڕاپەڕین گەڕاوەتەوە. ساڵی ٢٠٠١ بووە بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان. لە بەرهەمە چاپکراوەکانی: (بیرەوەریەکان و ژیانی پەرلەمانتاریم، چالاکییەکانی ساڵانەی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان، هەڵەبجە و پەرلەمان، درەختی بنەماڵەی حاجی ڕەحمان، جینۆساید و تاوانەکانی ڕژێمی عێراق دژ بەگەلی کوردستان، پێشنیار بۆ پێشهاتەکان). ساڵی ٢٠١٢ بڕیاریداوە مزگەوت و هۆڵێکی پرسە بۆ گوندی زەردەهاڵ دروستبکات و پاش ئەوەی ساڵی ٢٠١٣ کۆچیدواییکرد، پڕۆژەکە جێبەجێکراوە.

زیاتر بزانە
پەرلەمانتار

خالید شێخ سديق

ڕاوێژکاری یاساییە. ناوی (خالید سديق عەبدلعەزیز محەممەد)ە. لە بنەماڵەیەکی ئاینی لە شارى هەڵەبجە لەدایکبووه. کۆلێژى ياسا و ڕاميارى لە زانکۆى سەڵاحەدین خوێندووە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبى، ئينگليزى و فارسى دەزانێت. ‌ساڵى ٢٠١٥ بڕوانامەى ناوبژيوانى دادوەرى (التحکم القضائي) بەدەستهێناوە. لە ئیستادا وەک ڕاوێژکارى ياسايى لە سەرۆکايەتیى ئەنجومەنى وەزيران کاردەکات. سەرۆکى ليژنەى تەواوکردنى ڕێکارەکانى بەپارێزگابوونى هەڵەبجەى شەهيد بووە. چەندين وتاری له ‌ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردووەتەوە.

زیاتر بزانە
ڕاوێژکار

ڕەئوف حاجی فەرەج کۆکۆیی

ناوی (ڕەئوف حاجی فەرج محەممەد)ە. ساڵی ١٩٤٦ لە گوندی (سەرچاوگ)ی کۆکۆیی لەدایکبووە. بەهۆی ئەوەی لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە بووە، ساڵی ١٩٦٢ لەگەڵ باوکیدا چەند ڕۆژێک بەندکراوە. خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٦٩ بە مامۆستایی لە هەڵەبجە دامەزراوە و لە سەردەمی جیاوازدا لە ژمارەیەک قوتابخانه وانەی وتووەوە. دووبارە لە ساڵی ١٩٧٩ بە هۆکاری سیاسی بۆ ماوەیەک زیندانی کراوە. بەهۆی کیمیابارانی ساڵی ١٩٨٨ەوه،‌ ڕوویکردووەتە ئێران و لە شاری (سونخر) نیشتەجێبووە. لەگەڵ ئەوەشدا لەکاتی لێبوردنی گشتیدا گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، بەڵام چەند ڕۆژێک بەندکراوە و ڕەوانەی بەندیخانەی (نوگرەسەلمان) کراوە. دوای ئازادبوونی، گەڕاوەتەوە سەر پیشەکەی و تا ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩٢ مامۆستا بووە. دواتریش وەک سەرپەرشتیاری پەروەردەیی درێژەی بە خزمەت داوە. ئەندامی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان بووە. ساڵی ٢٠٠٥ خانەنشین بووە. ئەندامی باڵای یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان و بەرپرسی لقی سلێمانی ئەو یەکێتییەیە.

زیاتر بزانە
پەرلەمانتار
1 2
...
45 دواتر