بەرگی چوارەم
شوێنی دەستکرد (گوند و شار)
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
بەرگی چوارەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
به دووریی نزیکەی هەشت کیلۆمەتر لە ناوەندی شارۆچکەی (بەمۆ)وە دوورە. لە باشورەوە لەگەڵ ناحیەی بەمۆ و لە باکوری خۆرئاوا لەگەڵ گوندی چوارداران و لە باشور و باشوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی کانی پاشا و لە باشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی بەڕوێن و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی تووەوشکێ هاوسنورە. ساڵی ١٩٣٤ لەلایەن کەسایەتیەک بەناوی مەحموود حەمەساڵح ناسراو بە (مەحمووی زوەیرێ) ئاوەدانکراوەتەوە. لە دەوروبەری کانییەک بەناوی کانی وەیسکێ، پێدەچێت خاوەنداری ئەم کانیە کەسایەتیەک بوە بەناوی (وەیسی). لەکاتی ئێستادا لەم گوندە سێ خێزان دەژین، کە ژمارەیان ١٢ کەسە. زەویییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٤٤ی پشتەیە.
کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (خارگێڵان)ی سەر بە ناحیەی(بیارە) لە کەنار چەمی خارگێڵان. مێژووەکەی بۆ ٤٠٠ ساڵ بۆ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. دەکەوێتە خوارووی گوندەکەوە. لە ئێستادا تەنها شوێنەواری ماوە. بوونی گۆڕستان و ئاشی ئاوی بەڵگەی ئاوەدانی بوون، لە کاتی خۆیدا ڕووبەرەکەی زیاتر لە ١٠ دۆنم بووە. بە وتەی دانیشتوانی گوندەکە لە ڕابردوودا گوندی خارگێڵان لەم شوێنە بووە.
کۆنە لادێی سازان بووە. پێش هاتنی شێخ مۆئمنی سازانی بۆ گوندەکە شوێنەواری ژیان و پاشماوەی شوێنەوار وەک گۆزە و کوپەی تێدا بووە. لەکاتی ڕاکێشانی ڕێگادا گۆڕ دەرکەوتووە، کە دوو جۆر مردووی تێدابووە. بە گۆڕستانەکە وتراوە شەهی.
کەوتووەتە زنجیرە کێوەکانی (نزارە ڕەش)ی سەر بە گوندی (گریانە). ناوەکەی بۆ بوونی پاشماوەی ئەو خانوانە دەگەڕێتەوە، کە بەجێماون و پێیاندەوترێت (کەلارە: کەلاوە). لە قەدپاڵێکدا هەڵکەوتووە، کە ئێواران و لە وەرزی بەهاراندا دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی هەیە. بە وتەی خەڵکی ناوچەکە مێژووەکەی بۆ سەردەمی فتوحاتی ئیسلامی دەگەڕێتەوە. بەردەکانی گەورەن و کێشیان لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ کیلۆدایە. جۆگەی ئاودێرییان لە باوانی بنەوە ڕاکێشاوە. ژمارەی خانوەکانی لەنێوان ٢٥ بۆ ٣٠ خانودایە. خاوەنی شوێنەواری (میحرابی مزگەوت) کەوتووەتە بەشی سەرەوەی خانوەکانەوە. بوونی گۆڕستانی (قەبری قوتە) و ژمارەی گۆڕەکانی لەگەڵ بوونی بەردی (دنگ) و ئاش لە نزیکییەوە بەڵگەی دێرینیی ژیانە لە گوندەکەدا.
کەوتووەتە نێوان کانی هەنجیر و کانی هەنار لە سنوری گوندی بامۆک و باوەکۆچەک، کۆنەگوند بووە. شوێنەوارەکەی هەتا ئێستەش ماوەتەوە. دەڵێن بەهۆی شەڕوشۆر یان قاتوقڕیەوە دانیشتوانەکەی بۆ دەشتی شارەزوور کۆچیانکردووە. بەشێکیان لە نزیک زەڕایەن نیشتەجێن. لە ئێستادا وەکو عەشیرەتێک زیاتر بەناوبانگن بە ناوی وەرمەزیاران یان عەشیرەتی وەرمەزیاران.
کەوتووەت سنوری ناحیەی (سیروان) و (١٧کم) لە شاری هەڵەبجەوە دوورە. یەکەمجار بنەچەى (نەورۆڵییەکان) لەم شوێنەدا بارگەیانخستووە و ناوەکەشی (کەوتە: واتە بارگەخستن) و لەوەوە هاتووە. سەرەتا گوندەکە لە ڕۆخی ڕووباری سیرواندا بووە، بەڵام دواتر بووە بەژێر ئاوەوە و دانیشتوانەکەی هاتوونەتە سەرەوە بۆ شوێنی ئێستا. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی تەوەنەوەل و لە خۆرئاواییەوە لەگەڵ گوندەکانی (هانەژاڵە و نەوەرە) و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی سەرشاتەدا هاوسنورە. ڕووبەرەکەی زیاترە لە ٢٠٠ دۆنم. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٨٥ کەس بووە. لە ئێستادا ١٢ ماڵ لێیە. بەهۆی کەمی زەویی کشتوکاڵییەوە دانیشتوانەکەی زیاتر خەریکی ئاژەڵدارین، بەهۆی ئەوەی ناوچەی دەربەند زەنگی گوزەرگەی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانە، ژمارەیەکیش لەوێ کاردەکەن. کانی نەیجە و کانیی قازانگە سەرچاوەی ئاوی گوندەکەن.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) و بە دووریی کەمتر لە(٢٠٠م) کەوتووەتە سەر ڕێگەی سەرەکیی سلێمانی – هەڵەبجەی شەهید. ساڵی ١٩٥٣ لەلایەن (محەممەد عەلی ساڵح، ئیبراهیم مەحموود یاروەیس، محەممەد مەحموود یاروەیس) ئاوەدانکراوەتەوە. لە باشورەوە لەگەڵ گوندی تەپەتۆڵەکە و لە باکورەوە لەگەڵ گوندی قاجر و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی تەپەسەرقوڵە و لە خۆرئاواوە لەگەڵ دەریاچەی دەربەندیخان هاوسنورە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٨ی کشەدەریە. هیچ زەوییەکی دێمیان نییە و خاوەنی ٤٠٠ دۆنم زەویی بەراون. خاوەنی دوو جۆگەی ئاودێرین بە ناوەکانی (جۆگەی ئاش، کە سەرچاوەکەی ئاوی ڕیشێنە و جۆگەیەک لە چەمی زەڵم)، دوو کانی لە گوندەکەدا هەیە بەناوەکانی(کانی عەربان ''لەزەمەنی کۆندا خەڵکی غەیرە کوردی تێدابووە و ئەو ناوەی لێنراوە''، کانی سێوە). لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٦٥ کەس بووە و لە ئێستادا ١٥ ماڵ لە گوندەکەدا نیشتەجێن و ٨٠ کەس دەبن، لە هەردوو عەشیرەتی (یاسوانی و سیانی)، دانیشتوانی گوندەکە بەزۆری خەریکی کشتوکاڵ و باخدارین و بەتایبەت هەنار و قۆخ و هەنجیر، هەندێکیشیان فەرمانبەرن لە کەرتە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت، هەروەها خزمەتگوزارییەکانی وەک قوتابخانە و مزگەوت و بنکەی تەندروستی و قیرتاوکردنی ڕێگاکەیان بۆ ناو گوندەکە بۆ کراوە. ساڵی ١٩٧٤ بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان دانیشتوانەکەی شوێنی گوندەکەیان بۆ ئەم شـوێنە گواستووەتەوە.
به کوڵکنیی حاجی حەمەسوور ناسراوە. بە دووریی پێنج کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەی (خوروماڵ)ـەوە دوورە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی گێڵەک و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی کوڵکنیی فەقێ کەرەم و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (ئاواییی حاجی حەمەئەمین، شیرەمەڕ) و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (گردیگۆ، گردی قازی) هاسنورە. (٥١٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە دوای ساڵی ١٩٣٠ لە لایەن (حاجی حەمەسوور، سەعیدی حەمەی بارام، مەحموودی حەمەی بارام، ئەحمەدی فەتاحی مەتا، عەبدولقادری ڕۆستم) ئاوەدانکراوەتەوه. دانیشتوانەکەی بەشێکی خەریکی کشتوکاڵن بە تایبەتی باخی (هەنار و قۆخ)، هەندێکیان فەرمانبەری دەوڵەتن. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٥ی شێخ موسێیە. ٣٦٠ دۆنم زەوی بەراویان هەیە. یەک جۆگەی ئاودێری هەیە بەناوی جۆگەی (شێخ موسێ) ناوی جۆگەکە لە ناوی هەردوو برا (شێخ عیسا)(شێخ موسا)وە هاتووە، چوار کانی هەمیشەیی لە گوند هەیە بەناوی کانی (ژنان)، (پیاوان)، (یمکە خەمە)، (مام مینە)، که وەک سەرچاوە بۆ مەبەستی ئاو خواردنەوە و ئاودێری بەکاریدەهێنن. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٤٩ کەس بووە و لە ئێستادا ٢٠٧ کەسە. ٤٨ خانو لەم گوندەدا هەیە، هەریەکە لە (قوتابخانە و مزگەوت و بنکەی تەندروستی، هۆڵی بۆنەکان، کارەبای نیشتمانی، تۆڕی ئاو خواردنەوە) هەیە، ڕێگەی بەستنەوەی بە ناحیەی (خورماڵ) ڕێگەیەکی (قیرە).
بە دووریی پێنج کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەی (خورماڵ)ـەوە دوورە. بە (کوڵکنیی فەقێ کەرەم)یش ناو دەبرێت. لە باشورەوە لەگەڵ گوندی تەپی سەفایی خواروو و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەل گوندی تازەدێ و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی گردیگۆ هاوسنورە. (٥٢٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سەرەتای دروستبوونی لەدوای ساڵی ١٨٦٧ یەکەم جار ئاوەنکراوەتەوە، جاری دووەم ساڵی ١٩٤٨ لە لایەن (محەممەد فەقێ کەرەم، أحمد فەقێ کەرەم، محەممەد عەلی محەممەد، ئەحمدی عەلی محەممەد، فەرج ئیبراهیم، قادر ئەلماس) ئاوەدانکراوەتەوە. سەبارەت بە ناوی گوندەکە هەندێک دەڵێن لە (گوڵ کەنی)یە هاتووە ئەو ناوچەیەی ئەو گوندەی لێ دروستبووه، گوڵی زۆر بووە، هەندێکی تر دەڵێن لە وشەی تورکیی (کوڵکن)ەوە هاتووە، کە بە واتای(مێرگ)دێت، چونکە ئەو ناوچەیە کانی و ئاوی زۆری لێیە، دواتر وشەکە گۆڕاوە بووە بە (کوڵکنی)، ئێستا بە باخە(هەنار) و (خەیار) بەناوبانگە. دانیشتوانەکەی بەشێکی خەریکی ئاڵداری و کشتوکاڵ و باخدارین، هەندێکیان فەرمانبەری دەوڵەتن. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٨ی تەوێڵە جۆیە. ٣٢٥ دۆنم زەویی بەراویان هەیە. یەک جۆگەی ئاودێری هەیە، بەناوی جۆگەی (تەوێڵەجۆ)، کە سەرچاوەی ئاوەکەی ئاوی (گەنجان) ی خورماڵە، چوار کانیی هەمیشەیی لە گوند هەیە بەناوەکانی (کوڵکنی، چاوگە درێژ، گردی خدر، چوگە بۆرە)، که وەک سەرچاوە بۆ مەبەستی ئاوخواردنەوە و ئاودێری بەکاریدەهێنن. ژمارەی دانیشتوانی ٩٦ کەس ٢٣ خێزانن و ٢٣ خانوى تێدايە و سەر بە عەشيرەتى (سەدانی)ين، هەریەکە لە (قوتابخانە، مزگەوت، بنکەی تەندروستی، هۆڵی بۆنەکان، کارەبای نیشتمانی، تۆڕی ئاو خواردنەوە) هەیە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٧ کەس بووە.
کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای ناحیەی (سیروان)ەوە. (٢١کم) لە سەنتەری شاری هەڵەبجەوە دوورە. لەنێوان گوندەکانی نەیجەڵە و پێگەیە و لەسەر سنوری باشور و خۆرهەڵاتی کوردستانە. ڕووباری سیروان بە دۆڵێکی قوڵدا بە بەردەمیدا وەک کەوانەیەک تێپەڕدەبێت. هەربۆیە واتای گوندەکەش بەواتای دۆڵێک دێت، کە داربەڕووی تازە ڕواوی تێدایە، کە پێیدەوترێت (متک). (٧٣٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. هیچ سەرچاوەیەکی ئاوی وەک کانی تێدانییە و وشکە و تەنها ڕووباری سیروان وەک سەرچاوەی سەرەکی بەکارهاتووە. لە کۆمەڵێک ماڵی کەم پێکهاتووە و ئاویان بە کونە ڕاکێشاوە. بەڵام ئێستە چۆڵە و بە ڕەسمی کەسی تێدانیە. بنەماڵەی مستەفای سەلیم بەگی ئێناخی لەوێ بۆیەکەمجار ئاوەدانیانکردووەتەوە و لە عەشیرەتی ئێناخین. مەخفەری پۆلیسی عوسمانییەکانی تێدایە و پێیدەوترێت قشڵە. گوندەکە بەزۆری لە دارستانی سروشتی و چیای بەرز و دۆڵی قوڵ پێکهاتووە. کاری سەرەکیی خەڵکەکەی بازرگانی بووە لەگەڵ خۆرهەڵاتی کوردستان. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٥١ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرت کشتوکاڵی ژمارە ٦٨ی قوڵی مشکانە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) لە باشور و باشوری خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (ڕێشاو، کانى گوێز) و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی سازان و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی بۆین هاوسنورە. مێژووى دروستبوونى گوندەکە بۆ ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە لە دەوروبەرى ساڵى ١٨٥٢ دەگەڕێتەوە. لە بنەچەدا دانیشتوانەکەی خەڵکی خۆرهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت گوندی (تەشار) بوون، دواتر خەڵکی تر لەڕێی ژن و ژنخوازییەوە تێکەڵاویان بوون وەک (دەوانی، کڵاشی، لۆراوەگی، ئێناخی). لەڕێى کەسێک بەناوی (ئەحمەد تەشاری)وە بونیادنراوە، هەڵبژاردنی ئەم جێگەیە بە هۆکارى ئاژەڵداريی و باخدارى بووە. بۆ ناوەکەی چەند بۆچونێک هەیە، بەڵام ئەوەی زیاتر باوترە و دەماودەم گێڕدراوەتەوە ئەوەيە، کە بەهۆی بوونی ئاژەڵێکی زۆر و دروستکردنی(کۆزە - پەچە) واتە(جێگەى حەوانەوەی ئاژەڵ و مەڕوماڵات)، کە هێندە زۆربووە لە دوورەوە وەک ئاوەدانییەکى تەواو بینراوە، لەبەرئەوە پێیانوتوە(ئاواییی کۆزە) دواتر بووە بە(کۆزە ئاوا)پاشان لەگەڵ گۆڕانی زمان و گفتوگۆی خەڵکیدا بووە بە(کۆساوا) و ئێستا ئەم ناوە بەکاردێت. لە گرنگترین کانیاوەکانى(بەهارەدۆڵ)ه، کە سەرچاوەى ئاوى گوندەکە بووە، هەندێک ساڵ وشک و بێ ئاوە، هەر ئەوەش وایکردووە چەندین دۆنم لە باخەکانى گوندەکە ساڵانە وشکبێت و جارێکى تر لە ساڵە تەڕەکاندا دەچێنرێنەوە. دیارترین ئەو ڕووەکە سروشتیانەى، کە لە سنورى گوندەکەدا هەن: (داربەڕوو و قەزوان)ن، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى گوندەکە خاوەنى لەوەڕگایەکى سروشتیى زۆر بە بایەخە و لە کۆنەوە تاکو ئێستا سودى زۆرى هەبووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٣٩ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرت کشتوکاڵی ژمارە ٤٨ی کۆساوایە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). هەر لە لایەن دانیشتوانی ئەو گوندەوە خاوەندارێتی باخ و زەویزارەکانی دەکرێت. تۆماری (زەوی و باخەکانی) بەناوی (مستەفا جەعفەر سوڵتان) (سالار بەگی خەرپانی) و (شێخ ئەحمەد)ەوە بووە. سەرچاوەکان هۆکاری ناونانی ئەم ناوەی بۆ (کۆلێژ)، پێیانوایە لەسەردەمی مەدرەسەی (شێخ عەبدوڵا)ی خەرپانیدا وەقفی فەقێ و قوتابیەکانی بووە. لە هاویناندا وەک هەوارگەیەک بۆ وانەوتنەوە بەکاریانهێناوە. چەندین چەمی گرنگی لەخۆگرتووە، وەک چەمی (هانەیاسەمەن، هانە شارانی، چەمی سەرچەمە و زوزوگلان)ە. بەهۆی زۆریی سەرچاوەکانی ئاوەوە، لە ساڵانی پێشوودا زەوییە بەراوەکانی کراونەتە توتن و لۆکە. لە ئێستادا خاوەندارێتی بۆ خوالێخۆشبوو (دکتۆر ئەسکەندەر نارنجڵەیی) دەگەڕێتەوە. تێیدا چەند پڕۆژەی بەخێوکردنی مەڕوماڵات و مریشک و کارگەی بەرهەمهێنانی قارچکی تێدا کراوەتەوە.
ساڵی ١٩٥٩ گوندی (کێلەسپی) لەگەڵ گوندی (جان جان) لەیەک دراوە و ناحیەی (سیروان) پێکهێنراوە. ساڵی ١٩٥٧ بە فەرمی هەردوو گوندەکە کراون بە یەک. کەوتووەتە سەرەتای لای ڕاستی ئەو ڕێگەیەی لە سیروانەوە بۆ هەڵەبجە دەچێت. بنچینەی ناوەکەی بۆ ئەو کێلەسپی و بەرزانە دەگەڕێتەوە، کە لە دروستکردنی گۆڕستانی گوندەکەدا هەبوون، ئەم کێلانە لە بەردی شاخ تاشراون و زۆرینەیان لە دوو مەتر بەرزتر بوون. هەتا ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بەشێک لەم کێلانە مابوون. دوو لە کێلەکان نوسراوی لەسەر هەڵکۆڵرابوو، لەکاتی هێرشی (زەعیم سدیق مستەفا) ساڵی ١٩٦٣، کێلەکان دیارنەمان. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٦٣ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٧ی بەشارەتە.
کەوتووەتە قەدپاڵی زنجیرە چیای سورێن. بە دووریی نزیکەی (١٣کم) کەوتووەتە خۆرئاوای ناحیەی (خورماڵ)ەوە. لە حۆرئاواوە لەگەڵ گوندی بانیبنۆک و لە باکورەوە لەگەڵ خۆرهەڵاتی کوردستان و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی چنارە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی کانی ئاسکان هاوسنورە. مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵی ١٩١٠ دەگەڕێتەوە کاتێک (فەقێ محەممەد ئەکبەر) لە گوندی (قەویلەوە)هاتووە و بونیادیناوە. لەچوارچێوەی هەڵمەتی ڕاگواستنی گوندەکانی سەرسنور، ساڵی ١٩٧٨ ڕاگوێزراوە بۆ ئۆردوگای زۆرە ملێی (شانەدەری و سەیدسادق). لەپاش ڕاپەڕین، ساڵی ١٩٩٦ ئاوەدانکراوەتەوە و لە ئێستادا چوار ماڵی تێدایە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٨ کەس بووە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بەحرکە) لە پارێزگای هەولێر. هەڵەبجەییەکان لە دوای کیمیابارانی هەڵەبجە و گەڕانەوەیان لە وڵاتی ئێران، لە دەشتاییەکانی حەوزی بازیان و باینجان هێشتنیاننەوە، پاش ماوەیەکی کەم کۆمەڵێکی زۆیان لێ دەستبەسەرکران و بەره و سنوری ئەم گوندە ڕاگوێزران و لە سەختترین ژیاندا نیشتەجێکران. بە سادەترین پێداویستی و کولەمەرگی ڕووبەڕووی سەختیی ڕۆژگارەکە کرانەوە. بە یارمەتی و چاونەترسی هەولێرییەکان توانیان ئەو ڕۆژانە بەڕێبکەن.
لە باکورەوە لەگەڵ گوندی گوڵەخانە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی گردیگۆ و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی تەپەڕێزینە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی گێڵەک هاوسنورە. لەسەر سەرچاوەی ناوەکەی زانیاریەکی ئاشکرا نییە، بەڵام ئەوەی، کە دیارە میژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، کە بەشێک لە خێزانەکانی لە گوندەکانی دەوروبەرەوە، کە سەر بە(عەشیرەتی سەدانی)ن، دێنە ئەم جێیە و هەتا ئێستاش ماونەتەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٣ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٨ی کشەدەریی تەپەڕێزینەیە. لەئێستادا ژمارەیان ١٠٠ کەسە و بە سەر ٢٣ خێزاندا دابەشبوون. خاوەنی ٣٤٠ دۆنم زەویی بەراوە و نزیکەی ٨٠ دۆنمی باخی هەنارە. دیارترین کانی، کە گوندەکە بۆ کشتوکاڵ سودیلێوەردەگرن بەناوی (کانی گیڵەک)ەوەیە، ئەمە جگە لە بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی بۆ باخداری و کشتوکاڵ. گوندەکە ڕاستەوخۆ کەوتووەتە سەر ڕێگەی سەرەکیی (خورماڵ -سەیدسادق) و مزگەوت و بیری ئاوی خواردنەوە و ڕێگاوبان و هۆڵی بۆنەکانی هەیە. پیشەی دانیشتوانەکەی بریتییە لە کشتوکاڵ و باخداری و فەرمانبەری میری.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) لەسەر سێڕیانی خورماڵ هەڵەبجە و سەیدسادق و لە نزیک پردی زەڵمە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (کوڵکنیی فەقێ کەرەم و کوڵکنیی حەمەسوور) و لە باکوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (گردی قازی و تەپەڕێزینە) و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی (تەپی سەفا) و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (تەپەتۆڵەکە، تەپەسەرقوڵە، کشەدەر) هاوسنورە. لە تۆمارە فەرمیەکاندا بەناوی کوڵکنیی خواروو ناوی هاتووە. هەندێکیش دەڵێن مێژووی زۆر کۆنە و پێدەچێت ئەو گردە بۆ سەردەمی گۆتییەکان بگەڕێتەوە. بەڵام مێژووی ئاوەدانکردنەوەی بۆ ساڵی ١٨٠٠کان دەگەڕێتەوە. سەرەتا ئەولمحمەمەدی کاخانی حەمەخانی محە ئاوەدانیکردووەتەوە، بەهۆی گردەکەی ناویەوە ناونراوە گردیگۆ و خۆشی بووەتە موختاری گوندەکە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ١٤٣ کەس بوون، کە ٨٣ نێر و ٦٦ لە ڕەگەزی مێ بوون. لە ساڵی ١٩٧٠ بەشێوەی کاتی قوتابخانەی تێدا کراوەتەوە و لە ماڵی هاوڵاتیەک بەناوی عەوڵای ئەحمەدی وەیسی، هەتا ساڵی ١٩٨٧ بەردەوامدەبێت و دواتر گوندەکە وێرانکراوە. لە کۆندا گۆڕستانی سەرەکیی گوندەکە گۆڕستانی شاوەیس و باوەیس بووە. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات مردووەکانیان لە گوندی شیرەمەڕ و شوێنانی دیکە بەخاکدەسپێرن. ڕێکخراوی HAD ئەڵمانی لە ساڵی ١٩٩٤ کەلوپەلی بیناسازی پێشکەش بە دانیشتوانی گوندەکە کرد و لەهەمان ساڵدا هەمان ڕێکخراو قوتابخانەی بۆ گوندەکە کردەوە. لەساڵی ١٩٩٣ ڕێکخراوی ڕابیتەی ئیسلامی کورد، مزگەوت و لە ساڵی ١٩٩٨ هۆڵی پرسەی بۆ گوندەکە دروستکردووە. لە ساڵی ٢٠٠٢ نەخۆشخانە لە گوندەکەدا کراوەتەوە. لە ساڵی ١٩٩٩ قوتابخانەیەکی بنەڕەتیی دیکە لە گوندەکە کراوەتەوە. لەڕووی خزمەتگوزارییەوە ئەحمەدی کوێخا ڕەشید خزمەتێکی زۆری بە گوندەکە کردووە و ژێرخانی ئاوەدانی هێناوەتە گوندەکە. لەساڵی ٢٠١٦ مزگەوتەکە بە شێوەی خێرخوازی نۆژەنکراوەتەوە و هۆڵی پرسەی پیاوان دروستکراوە. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی گوندەکە و سێڕیانی هەڵەبجە بۆ خورماڵ و سیروان و پێگەی ستراتیجیی گوندەکە لە ڕووی سەربازییەوە، تەنها لەسەردەمی زەعیم سدیق چوارجار گوندەکە سووتاوە و کاولبووە. لە شەڕی ناوخۆدا دووبارە شوێنی پێکدادانی هێزە کوردییەکان بووە و بەردەوام هێرشیکراوەتەسەر. لە نەخشەی گرتنی هەڵەبجە وەک شوینێکی سەرەکی و دابڕینی هەڵەبجە لە سلیمانی هێرشیکراوەتەسەر.
بە دووریی (٢٥کم) لە باشورى خۆرهەڵاتى شاری هەڵەبجەوە دوورە. سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. کەوتووەتە سنوری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستان. لە خۆرهەڵاتەوە ڕووباری سیروان لەگەڵ گوندی شێخان لە شارستانی پاوە لەیەکیان جیادەکاتەوە. له خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (هاوار، هاوارە کۆن) لە باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی (بۆین و ڕێشاو) و لە باکورەوە لەگەڵ شارەدێی تەوێڵە و گوندەکانی (سۆسەکان، دەرەتفێ) هاوسنوره. دەربارەی ناوەکەی، بۆچوونی بەهێز ئەوەیە، کە لەئاڤێستادا بە (گارێهانە) ناوی هاتووە. بە تێپەڕبوونی کات لەسەر زار بۆ (گریانە) گۆڕاوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٨٣ کەس و ساڵی ٢٠١٦دا ٦٥٠ کەس بووە. کۆمەڵێک گۆڕستان و ئەشکەوتى تێدایە لەوانە ئەشکەوتى (کونیل، زاخێ، دووەر، مقەر، کولێن دەشت)، هەروەها شوێنەواری ٣٥ خانو و میحرابی مزگەوت و بەردە دنگێک و دوو ئاش تێیدا بەجێماوە، یەکێکیان تەمەنى بۆ زیاتر لە ١٠٠ ساڵ دەگەرێتەوه. گریانە بە دارەبەن بەناوبانگە. چەندین کانی و کارێزی تێدایە، لەوانە (کانی پیرکامڵ، کانی بن گوێز، کانی کونێل، کارێزی وەیسە، کارێزی حەمەکافە). زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥٣ی گریانەیە.
کەوتووەتە سەر سنوری نێوان ئێران - عێراق. هاوسنورە لەگەڵ گوندەکانی (بانی بۆڵان) لە باکوری خۆرهەڵاتی و (گوندی پشتە) لە باشوری خۆرئاوا و (قەڵپ و گڵێجاڵ) لە خۆرئاوا و باشوری، هەروەها ناوچەی (شیخ سێلە) لە سنوری ئێرانەوە. لەڕووی کارگێڕيەوە سەر بە ناحیەی (بەمۆ)یە، بۆیە هەندێک پێیانوایە، کە ناولێنانەکەی لە وشەی گومرگەوە هاتووە. سەرەتای دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٧٥٠ لە لایەن کەسايەتییەکانی وەک (مەجید عەولا، عەبدولحەمید کاکەخان، قادر سلێمان، سلید فەتاح، ئەمین عەزیز، حەمەساڵح قادر). دانیشتوانی (گوندی گمە) لە ئێستادا ١١٠ کەسن، کە بەسەر ١٢ خێزاندا دابەشبوون و سەرجەمیان لە (عەشیرەتی تاوگۆزى)ن و بەگشتى ئاژەڵدارن، بەهۆى ئەوەى هیچ زەوییەکی کشتوکاڵیی تەخت ناکەوێتە سنوری گوندەکەوە، کشتوکاڵى تێداناکرێت، ئەوەی هەیە بریتيیە لە ناوچەیەکی شاخاوی، کە لەوەڕگایەکی فراوان و دەوڵەمەندی پێکهێناوە و بە هەزاران دۆنم دەخەمڵێنرێت و زیاتر پشت بە ئاوى باران دەبەستێت، سەرەڕای بوونی کانیاو، بەڵام دانیشتوانەکەی بۆ ئاوى خواردنەوە پشت بە بیری قوڵ دەبەستن، هەروها خزمەتگوزارییەکانی وەک (مزگەوت، قوتابخانە)ی هەیە، بەڵام لە زۆر خزمەتگوزاریی دیکەی سەرەتایی وەک ڕێگەوبان بێبەشە، توخمەکانی وەک (گۆگرد و خەڵوزی بەردین) لە سنوری ئەم گوندەدا هەن.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان). لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی بەکراوا و لە باکورەوە لەگەڵ گوندی کانی شێخ و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی ئیمامی زامن و لە باشوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (بێژاوا، غوڵامی) و لە باشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی پریسی خواروو هاوسنورە. شوێنەواری ئاوەدانییەک لە نزیک گوندەکەوەیە و باوەڕ وەهایە، کە بەهەمان ناوەوە ٢٠٠ ساڵ پێشتر هەبووە. دەشتی سنوری گوندەکەش هەر بە (دەشتی گورگەچیا) ناسراوە، گوندەکە لەلایەن (عەبدولڕەحمانی ئایش) و (حاجی عەبدولقادر مستەفا)وە لە ساڵی ١٩٦١دا ئاوەدانکراوەتەوە. (٥٢٠م) لە ئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢١ی چاڵگەی عاشوورە و ڕووبەری نزیکەی ١٧٠٠ دۆنمـە. چەند گردێکى مێژويى تێدايە وەک (گردی قۆرتاس و گردەماتە). لە گرنگترين شوێنگە جوگرافيیەکانى بريتين لە (قۆرتاس، کانی بەهارە، کانی سپی، دەشتی گورگەچیا، چەمی ئاوبڵاو، کانی خاڵۆ بەگ، جۆگەی قۆرتاس، چەمی شێخ ئەولکەریم). لە ئێستادا نزیکەی بیست ماڵی تێدایە و ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ١٠٠ کەس دەبن. خزمەتگوزاریی مزگەوت و کارەبای نیشتیمانی و قوتابخانە و هۆڵی بۆنەکان و تۆڕی ئاوی هەیە، خەڵکەکەی بە ئاژەڵداری و کشتوکاڵەوە خەریکن.