بەرگی چوارەم
شوێنی دەستکرد (گوند و شار)
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
بەرگی چوارەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
ئاشی ئاوە. خاوەنەکەی (مەحموود یاروەیس)ی ڕأوێژکاری حەمەپاشای جاف و خەزنەداری مەحموودپاشای جاف بووە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٦٥ لە خوارووی هەڵەبجەوه لە باخەکەی خۆیدا دایمەزراندووە. کەوتووەتە خوارووی گۆڕستانی شێخ ئیسماعیل و لەسەر چەمی خڕی خەزێنەی نزیک هەڵەبجە. بە ئاوی بامۆک و باوەکۆچەک و کانییەکانی نێو هەڵەبجە ئیشیکردووە.
ئاشى ئاوە. کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندى (سەعداوا)ی سەر بە ناحیەی (بەمۆ). بەناوی خاوەنەکەیەوە (مەلا محەممەد) ناونراوە. ساڵی ١٩٢٢ دروستکراوە. لە چەمی (زەردەگڵ)ـەوە جۆگەیەکی بۆ ڕاکێشراوە. دەیان ساڵ کاریکردووە و مەلا محەممەد و کوڕەکانی ئیشیانپێکردووە. هەتا ساڵانى پەنجاکانى سەدەى ڕابردوو ئیشیکردووە لە ئێستادا تەنها شوێنەواری ماوە.
ئاشی ئاوە. کەوتووەتە سنوری گوندی (چنار)ی ناوچەی کۆکۆیی، بە ئاوی سەرچاوەی چنار کاریکردووە، ئاشی سەرەکیی گوندەکە بووە. هەتا ساڵی ١٩٧٨ و کاتی ڕاگواستنی گوندەکان کاریکردووە. لە ئێستادا تەنها شوێنەوارەکەی ماوە.
ئاشی ئاوە. کەوتووەتە خوار گوندی (بنجۆی دڕە) لە دەستە ڕاستی ڕێگای (خورماڵ - زەردەهاڵ). لە مێژووی دروستبوون و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکە دێرینترە و نزیکەی ٢٠٠ ساڵ دەبێت لەکارکەوتووە. لە جۆگەی زەردەهاڵەوە ئاوی بۆ هێنراوە. لە کاتی کارکردندا شوێنەواری دەرکەوتووە.
کەوتووەتە باشوری گوندی (خێڵی حەمە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٠٠ و لەلایەن حاجی (عەبدولڕەحمان)ی باپیرەی (میرزا حەسەن)ـەوە دروستکراوە. لەسەردەمی میرزا حەسەندا ئاشێکی بەناوبانگ بووە و بە ئاوی (کانییەکانی مزگەوت) کاریکردووه. هەتا ساڵی ١٩٦١ بەردەوام بووه. (حەمەی حسێن) ئاشەوانی بووە. لە ئێستادا تەنها شوێنەواری ماوە.
کەوتووەتە گوندی گریانە. لە دامێنی زنجیرە چیای نزارە. لەناو باخی (حاجی محەممەد و هادی)ی کوڕیدایە. ساڵی ١٩٤٧ لە لایەن (حسێن بەگی کوڕی ڕۆستەم سان)ـەوە دروستکراوە. بە گەورەترین ئاشی گوندەکە دادەنرێت. هەریەکە لە (کاکەلە) و (مەحمولەی) کوڕی لە سەرەتادا ئیشیان تێدا کردووە. دواتر ماڵی (دەروێش نادر) هەتا ١٩٦٩ بەکاریانهێناوە. لە چەمی گریانەوە ئاوی بۆ هاتووە. هەتا ساڵی ٢٠١٠ شوێنەواری دیار بووە، بەڵام دواتر بەهۆی دروستکردنی تەڵانی ناوباخەوە شێوێنراوە.
بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٧ ئاشێک، کە بە گاز و ئاو ئیشیکردووە، بە هەرەوەزی لە شارۆچکەی خورماڵەوە هێنراوەتە گوندی (یاڵانپێ). لەبەرئەوەی ڕێگەی ئۆتۆمبێلی نەبووە، خەڵکەکە خۆیان بە ئامێری سادە و ساکار گواستوویانەتەوە. چەند کەسێک بە هاوبەشی ئاشەکەیان کڕیوە، لەوانە: ئەرکان مەحموود، حاجی عەلی حەمەسەعید، قادر حسێن.
کارگەیەکى دروستکردنى سفرەى سەفەرییە، یەکەم کارگەى دروستکردنى سفرەیە لە سنورى پارێزگاى هەڵەبجە. دەکەوێتە قەزاى خورماڵ، لە گەڕەکى داڵانى، کارگەکە سفرەی سەفەری لە زەرف دروستدەکات و دواتر لە کارتۆندا کەپس دەکرێت و دەخرێتە بازاڕەکانەوە. خاوەنی کەمال ئەمینە و لە سەرەتاى ساڵى ٢٠٢٤ دامەزراوە، ڕووبەری کارگەکەى ٥٠ مەتر دووجا دەبێت .ڕۆژانە لەسەر خواستی کڕیار سفرە بەرهەمدەهێنێت. ئەگەر بەردەوام کار بکرێت، ڕۆژانە پەنجا کارتۆن سفرە بەرهەم دەهێنێت. کارگەکە بە سێ کارمەند بەرێوەدەچێت. بەرهەمەکەی تەنها لە سنوری پارێزگای هەڵەبجەدا بڵاودەبێتەوە. لەڕۆژی دەستپێکردنەوە تا ئەمڕۆ، توانای بەرهەمهێنانى کارگەگە زیاترە و بەتەواوەتى دەتوانێت پێداویستیى پارێزگاى هەڵەبجە پڕبکاتەوە.
کارگەی دروستکردنی بلۆک بووە. لەساڵی ١٩٧٢ دامەزراوە، یەکەم کارگەی بلۆک بووە لە سنورەکەدا. کەوتووەتە تەنیشت قەڵای خورماڵ لە قەراخ چەمی زەڵم، کە بەناو خورماڵدا تێدەپەڕێت، لە تەنیشت ئێستای مزگەوتی قەڵا، مەحیەدین ڕەشید عەلی خاوەنی بووە. ڕووبەرەکەی ٢٠٠ مەتر دووجا بووە، کارگەی دەستی بووە، بلۆکی چیمەنتۆی دروستکردوە. ٢ کەس لەکارگەکە کاریانکردوە و ڕۆژانە بە پێی پێویستی و خواستنی خەڵکی، بلۆک دروستکراوە و ساڵی ١٩٧٦ بەیەکجاری داخراوە.
کارگەی دروستکردنی سەهۆڵ بووە، لەساڵی ١٩٧٦ دروستکراوە، کەوتووەتە بەرانبەر مزگەوتی گەورەی خورماڵ، خاوەنداریەتی کارگەکە بۆ کەسێک دەگەڕێتەوە بەناوی (حەمە ئەمین عەباس ڕۆستەم)، کارگەکە ڕۆژانە سەهۆڵی بەرهەمهێناوە و ڕووبەری کارگەکە ٥٠٠ مەتر دووجا بووە. ٢ کارمەند کاریانکردوە، ڕۆژانە ٢٥٠ قاڵب سەهۆڵی بەرهەمهێناوە. لە ساڵی ١٩٨٥دا کارگەکە بەهۆی شەڕی عێراق و ئێرانەوە لەکارکەوتووە. بیناکەی بە بلۆک و چیمەنتۆ دروستکراوە، تاکو ئێستاش پاشماوەی بیناکەی ماوە.
کارخانەیەکی بچووکە و پاشماوەی پلاستکی دەگۆڕیت بۆ کەرەستەی جوانکاری و پێداویستی. کەوتووەتە سەنتەری پارێزگای هەڵەبجە لە گەڕەکی ئەندازیاران نزیک کۆمەڵگەی پەروەردەیی هاوچەرخی هەڵەبجە. بیرۆکەی دروستبوونی بۆ ساڵی ٢٠٢٢ و دوو گەنجی بیانی (ئۆن – خەڵکی سکۆتلەندە) و (دۆمەنیک – خەڵکی ئەڵمانیا) دەگەڕێتەوە، کە لە ئەوروپاوە ڕوویان لە شاری هەڵەبجە کردووە و لەگەڵ ڕێکخراوی نوێ و بە سپۆنسەری ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، دایانمەزراندووە. ئامانجی خزمەتکردن و پاراستنی ژینگەی هەڵەبجەیە لە کەرەستەی پلاستیکی و گۆڕینی بۆ پێداویستی و جوانکاری. کەرەستەی پلاستیکیی بەکارهاتوو کۆدەکەنەوە و بۆ کەرەستەی وەک: جۆلانە، کاتژمێر، کورسی، سەبەتە، تەپڵەک و... بەکاریدەهێننەوە. (شنیار یادگار مەولود) بەڕێوەبەری کارخانەکەیە و پێنج کارمەند کاری تێدا دەکەن.
کەوتووەتە گەڕەکی سەرای کۆن لەناو شاری هەڵەبجە. ساڵی ١٩٧٠ (تۆفیق حەمە ئەحمەد پیرۆت)، کە بە (تۆفیقی موختار) ناسراوە دایناوە. بۆ دروستکردن و خستنەبازاڕی بلۆک لە جۆری ٢٠ بە ٤٠، ١٠ بە ٤٠، ٣٠ بە ٣٠ لە شاری هەڵەبجە، کارپێکردنی لە یەککاتدا سێ کەسی ویستووە. وەستا و بەردەستی وەستا بەرانبەر یەک بۆ کوتانی بلۆک بە دەسگاکە، چیمەنتۆ گرەوە، بەردەوام چیمەنتۆی گرتووەتەوە. لەگەڵ کرێکاری ئاوڕشێنکەر. کەرەسەی سەرەتایی (تێکەڵە) لم و چەو بووە و بە زۆری لە لامەرکەزی و سیروان و شانەدەرییەوە شۆفێران بە گەڵابە هێناویانە. نرخی فرۆشتنی بلۆک بە پێی قەبارەی بلۆکەکە جیاواز بووە، بۆ نمونە نرخی جوتێک بلۆکی ٢٠ بە ٤٠، هەشتا فلس بووە. هەتا بۆردومانی ١٩٧٤ی هەڵەبجە کاریکردووە. ساڵی ١٩٧٥ دوای گەڕانەوەی هەڵەبجەییەکان گواستراوەتەوە بۆ شوێنی ئێستای بەریدەکە لە نزیک گەراجی حامیدبەگ و بە شەریکی لەگەڵ عەلی بەگ کاریانپێکردووە، هەتا ساڵی ١٩٨٢ عەلی بەگ کڕیویەتییەوە و کاریپێکردووە و هەتا کیمیابارانی هەڵەبجە.
یەکەم کارگەی بلۆک بووە لە ناوچەکەدا لە دوای ڕاپەڕین. کەوتووەتە دەروازەی شار، بەرانبەر مزگەوتی شێخ عیززەدین. ساڵی ٢٠٠٥ لەسەر ڕووبەری (٥٠٠٠م) لە لایەن شێخ عەلی شێخ عیزەدین شێخ محەممەدەوە دانراوە. کەرەستەکانی لە کاپسە، ڕافعە، خەباتە، کرێن، مۆلیدە..هتد پێکهاتووە. کەرەستە خاوەکەی لم و بوحسە، لەسەدا ٧٠ی لە ناوچەکە دابیندەکرێت. ڕۆژانە ٣٠٠٠ بلۆکی بە هەموو قەبارەکان بەرهەمهێناوە و ڕاستەوخۆ گواستراونتەوە بۆ سەر بیناکە. ١٢ بۆ ١٥ کرێکار بە پێی کات کاریان تێداکردووە. نرخی جوتێک بلۆک بە ١٠٠٠ دیناری چاپی نوێ بووە.
کارگەیەکی دەستیی بنێشی کوردی سروشتییە. کار لەسەر بەرهەمی ناوچەیی دەکات. کەوتووەتە خوار پارکی شاری یاریی هەڵەبجە و سەروی مەڵبەندی بزووتنەوەی ئیسلامی. خاوەنەکەی سەلاح قادر محەممەدە. یەکەمین کارگەی لەو جۆرەیە و ساڵی ٢٠١٨ کراوەتەوە. بیناکەی دوکانێکی گەورەی سەربەخۆیە و بە گوێری ئیشوکارەکە، دابەشکراوە بۆ بەشی کوڵان و بڕین و پێچانەوەی بنێشتەکە. بەشێوە و قەبارەی جیا لە ٣غم بۆ کیلۆیان هەیە. بەرهەمەکانی بریتین لە بنێشتی تاڵ بەشێوەی قوتوو، کەپسول، بنێشتی جوین و ئاوی بنێشتەکە و ڕەوانەکردنیان بۆ بازاڕەکانی هەڵەبجه و دەرەوەی. بە گوێرەی وەرزی بنێشتکردن کرێکاریان زیادوکەم دەکات. بە گشتی ڕۆژانە ٦-٨کرێکاری ڕەگەزی مێ کاری تێدادەکەن، بەرهەمی خاوی بنێشت هەم بە ڕاستەوخۆ لە بنێشتکەری کەژەکانەوە دەکڕن و هەم لە بازرگانانی بنێشت. نرخی کیلۆیەک بنێشت لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٠ هەزار دینارە.
کارگەیەکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی بنێشتی کوردیی سروشتییە. کار لەسەر بەرووبومی ناوخۆ دەکات، کەوتووەتە سەر جوتسایدی مامۆستایان بەرانبەر خلیج مۆڵ، خاوەنەکەی بینەر تاهر ساڵحە، ساڵی ٢٠٢٠ کراوەتەوە. شەش کارمەندی هەیە ٥ ڕەگەزی مێ و یەک نێر. بیناکەیان کرێیە و ڕووبەرەکەی (٢٥٠م)ە. لە ناوەوە بە گوێرەی ئیشی کارگەکە بەشبەش کراوە. بەشی کوڵاندنی بنێشتەکە، بەرهەمهێنان، چاککردن و پارچەپارچەکردن، بەشی فرۆش، کۆگا. دوای وەرزی بنێشتکردن کەرەستەی خاو لە بنێشتکەر، بەڕاستەوخۆ یان بازرگانیی بنێشت، دەیکڕن و دەیگوازنەوە بۆ کارگەکە. چەند بەرهەمێکی لێ دەگیرێت، وەک: بنێشتی تاڵ، ئاوی بنێشت، بنێشتی کوردیی خۆماڵی. بە شێوازی قوتوو، شووشە و قیاس ڕەوانەی بازاڕی دەکەن، لە پارچەی ٢٥٠ دینارییەوە هەتا کیلۆ دروستدەکرێت. بەرهەمەکانیان خواستی زۆری لەسەرە و لە جۆری بنێشتەکانی تر خواست لەسەری زیاترە.
کەوتووەتە سنوری شارۆچکەی (سیروان). ساڵی ١٩٧٩ لە لایەن وڵاتی (یابان یان کۆمپانیایەکی یابانی)ـەوە دروستکراوە. لە بنەڕەتدا کارگەکە بۆ هەڵگرتن و پاراستنی میوە و سەوزە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بووە، بەڵام بە ناوی کارگەی پەتاتە ناسراوە. هەموو کەلوپەل و ئامێرێکی پێویستی هاوچەرخی پاککردنەوە و هەڵگرتنی پەتاتەی تێدابووە، بەتایبەتی ئامێری ساردکەرەوە. کارگەکە بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕی عێراق - ئێرانەوە لەکارکەوتووە.
ساڵی ١٩٦٧ بڕیاری دروستکردنی دراوە و ساڵی ١٩٧٠ تەواوکراوە. بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی سیاسییەوە کارکردنی دواکەوتووه. ساڵی ١٩٧٦ کۆمپانیایەکی بولگاری خستوویەتییە کار. ١٨٠ کرێکار و ١٣ فەرمانبەری هەبووە. ساڵی ١٩٨٨ لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا کارگەکە کۆتاییپێهاتووە و دوای ڕاپەڕینیش باڵەخانەکەی تێکدراوە.
ساڵی ١٩٩٨ دامەزراوە. (بەهجەت تۆفیق عەبدوڵا عەلی) خاوەنیەتی. سەرەتا و بۆ ماوەی ساڵێک لە یەکێک لە دوکانەکانی قەیسەریی باڵامبۆدا بووە. سەرەتا لە ڕێگەی کۆمەڵێک کەرەستەی سادەوە بەڕێوەبراوە. ساڵی ٢٠٠٩ شوێنی کارگەکە گواستراوەتەوە بۆ گەڕەکی تووەوشک و خوار مزگەوتی ئیمامی غەزالی، شوێنێک بۆ کارگەکەی دروستکراوە و ئامێری پێشکەوتووی لە ئێرانەوە بۆ هێنراوە. پێشتر تەنها لە ناوخۆی هەڵەبجە فرۆشراوە، بەڵام لە ئێستادا لە ڕێگەی بەڕادی گەورە لە ناوخۆ و دەرەوەی هەڵەبجەش ساغدەکرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پێشتر بەرهەمەکانی ئەم کارگەیە تەنها چنورەی سەهۆڵی سادە بوو، بەڵام ئێستا چەندین بەرھەمی تایبەتی وەکوو چنورە بە تامی میوەکان، دۆندرمە بە شیری خۆمانە و دۆندرمەی تایبەت بە کەسێک شەکرەی هەبێت دروستدەکرێت و لە وەرزی بەهاریشدا چنورەی سەربەقاوە دروستدەکرێت.
یەکەم کارگەی چیمەنتۆی ئامادەکراوە، کە مکسەر و پەمپی هێناوەتە هەڵەبجە، ساڵی ٢٠٠٥ لە گەڕەکی دەروازە و لە پشتی کارگەی بلۆکی شێخ عەلییەوە دانراوە. بە ناوی خاوەنەکەیەوە (شێخ تاهیر شێخ عیززەدین شێخ محەممەد)ەوە ناونراوە. لەبەرئەوەی بەڵێندەر بووە و بۆ بەئەنجامگەیاندنی کارەکانی خۆی دایناوە، کۆنکرێتی زۆربەی فەرمانگە و جادە و شۆستە و ئاوەڕۆکان، بوژانەوەی ئاوەدانیی ئەو ساڵانەی هەڵەبجەی پێکراوە، بەڵام چونکە یەکەم کارگەبووە، خەڵکی تریش ڕوویان لێناوە و ئیشی بۆ کردوون. ١٠ بۆ ٢٥ کرێکار کاریان تێدا کردووە و بە گوێرەی کات ژمارەکە کەم و زیادی کردووە. نرخی یەک مەتر سێجا کۆنکرێت لە نێوان ٥٠ بۆ ٧٠ دۆلاردا بووە.
کەوتووەتە گەڕەکی شارەوانی لە سەرووی پارێزگای هەڵەبجە. ساڵی ٢٠١٤ لەسەر ڕووبەری (٣٠٠٠م) زەوی دامەزراوە. لە ئێستادا (سەردار ئەمین فەتاح) خاوەنیەتی. ئامێرەکانی: مکسەر، شۆڤڵ، پەمپ، تەنکەر، گەڵابە...هتدی هەیە. ئۆفیسەکەی لە کابینە دروستکراوە. ٨ بۆ ١٢ کرێکاری هەیە. زۆربەی پڕۆژە حکومی و ئەهلییەکانی ناو شار و گەڕەکی گۆران سیتی و بەشێک لە ماڵان، لە ڕێگەی ئەم کارگەیەوە کۆنکرێتکراون.