مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

944 بابەت

کوزەڵە

گیایەکی ئاویی تەمەن درێژە. لە کۆمەڵەی خاچییەکانە. بەسەوزی بە چێشتی شلەش دەخورێت. گەڵاکەی سەوزە. گوڵەکەی سپی و زەردە. تامەکەی تیژە. لە کانیاو و گۆلاوی کوردستاندا دەڕوێت. لە هەڵەبجە و دەوروبەری و خورماڵ و تەوێڵەدا هەیە. بۆ میزگیران و هەرس و ئاوسانی سپڵ کەڵکی لێوەرگیراوە.

کەماولۆ

دوو ڕووەکى لەیەک چوون و لە شوێنە کویستانەکانی ناوچەکەدا دەڕوێن. تامێکى تاڵ و بۆنێکى تیژیان هەیە. ساقەکەیان نزیکەى ٢٠ بۆ ٣٠سم بەرز دەبێتەوە، لەبەشى سەرەوەیدا بەفراوانى دەکرێنەوە و ڕەنگێکى سەوزى تێرى جوانیان هەیە. بەتەڕى ساقەکەیان لیک دەردەدەن. ئەوکاتەى خەریکە وشکدەبێت، دەبڕرێت و وشکدەکرێتەوە و دەکوترێت. وەک ئالیک بۆ وەڵاخ و مەڕووماڵات بەکاردەهێنرێت.

گەبڵە

گیایەکی بەهارانەیە. دوای توانەوەی بەفر دەردێت. تەمەن کورتە. گوڵی بچووکی زەردو سووری هەیە. لە چیا و شاخەکانی هەوراماندا زۆرە. پێش پشکوتنی گوڵەکانی سەرەتای دەرهاتنی، لێدەکرێتەوە. دەکوڵێنرێت و سووردەکرێتەوە، هێلکە و کاکڵەی گوێزی تێدەکرێت. (گەوڵە)شی پێدەڵێن.

گەزنە

جۆرە گیایەکە. نزیکەی نیو مەتر بەرز دەبێتەوە. مووی تیژی پێوەیە و خارشتدارە. گوڵی نێر و مێی هەیە. لە نێوان تەمووز و ئەیلولدا گوڵدەکات. لەناوچەکەدا ناسێنراوە. چارەسەری چەند نەخۆشیەکی وەک (گورچیلە و پرۆستات و شەلەل و تەنگەنەفەسی و. . هتد) پێکراوە. کوردەواری بایەخێکی زۆری بەم ڕووەکە داوە.

گنۆڕ

گیایەکی سروشتیی بەهارەیە. زیاتر لە شاخی شاهۆ و داڵانی و بێستوون و کوێستانەکانی هەورامان و گوندی دەرەتوێ دەڕوێت. هەورامییەکان پێیدەڵێن (نینۆر). ساقەکەی و وەک ڕیواس پاکدەکرێت و ڕەگەکەی ژێر خاکییە، وەک پەتاتە وایە، بەڵام درێژکۆلەیە و لە شێوەی توری درێژکۆلەدایە. تۆوەکەی نزیکە لە تۆوی بامیەوە. لە کۆندا وەک چارەسەر بۆ گەدە و ڕیخۆڵە ڕێڕەوی میز و میزڵدان و گورچیلە ناسێنراوە و خۆیشی وەک خۆراکێکی تێرکەریش کراوە بە ئارەدەوە و یان وەک پەتاتە خواردویانە. بە لێنراویش تێکەڵی دۆ و برنج کراوە و وەک دۆخەوا لێدەنرێت. بە کوڵاوی و سوورەکراویش دەخورێت. لە هەوراماندا زیاتر گوندە کاکەیی نشینەکانی ناوچەی هاوار بەکاریدەهێنن و تەنیا ڕەگەکەی دەخۆن. لە ئێستادا لە ساق و ڕەگەکەشی جۆرێک ترشیات دروستدەکرێت.

گوڵەفەقێ

گیایەکی بەهاریی بەربڵاوی ناوچەی شارەزور و هەڵەبجە و هەورامانە، پەلەکانی سپین و ناوەڕاستیان هەڵاڵەی زەردە. نزیکەی ٢٠-٣٠ سم بەرزە، لە کۆنەوە وەک گیا دەرمانی ناسراوە و چارەسەری گەلێک نەخۆشی پێدەکرێت. لە بەر ئەوەی شێوەکەی و زۆرییەکەی لە جلوبەرگ و کڵاو و جامانەی فەقێ دەچێت، بە گوڵە فەقێ ناسراوە. وشکدەکرێتەوە و لە بازارەکانی هەڵەبجە و خورماڵدا فرۆشی هەیە.

گونەسەگانە

گیایەکی خشۆکی تەمەندرێژە. قەدی لوولەییە، ڕەگی سەلکدارە. گەڵاکەی لەتیغ دەچێت، گوڵەکەی لە زوڕنا. ڕەنگی ژەنگدارە و پەڵەی زەردی پێوەیە. لە مارتەوە بۆ نیسان گوڵدەکات. بەرەکەی لە بەری لفکەشامی دەچێت. دەچێتە پیشەسازیی دەرمانەوە. لەبەرزایی (٩١٤م) دەڕوێت. لە بەرزاییەکانی هەڵەبجە و خورماڵدا هەیە. (مارسکە) و (پێکەلەشێر)شی پێ دەوترێت.

گۆزروان

گیایەکی تەمەندرێژی گەورەیە. نزیکەی یەک مەتر بەرزە. گەڵاکەی زبر و دڕکاوییە، شێوەی هێلکەیی یان ڕمییە، گوڵەکەی شینە، ڕەگ و گەڵاو گوڵە وشککراوەکەی لە بازاڕەکاندا هەیە. دەچێتە پیشەسازیی دەرمانەوە. لە دەرمانگەی میللیی هەوراماندا وەک دەوا لە کۆنەوە بەکاربراوە.

گیواوڵە

گیایەکیا وردی ناو دەشتە. لە بارانی دوای پەڵەوە سەوزدەبێت و هەتا سەرەتای بەهار دەمێنێتەوە. کۆکردنەوە و هێنانیان لەلایەن ژنانی‌ سنوری هەڵەبجەوە‌ وەک نەریتێکی لێهاتووە. پاش پاککردن و زەردکردنی، بە شلە لەگەڵ: ڕووبەهەنار و هەناردا لێدەنرێت، یان لەگەڵ هێلکەدا سوردەکرێتەوە و دەخورێت.

گێلاخە

ڕووەکێکی خۆڕسکی ناوچەکەیە. گەڵاکەی باریکی سێ پەلە. گوڵەکەی لە نێرگسی سپی دەچێت. لەسەر یاڵ و گرد و زەویی سوورکە و بەیاردا دەڕوێت و زۆر لە زەوی بەرز نابێتەوە. گەڵاکەی ڕەنگی سەوزە. لەبنەوە سەلک دەکات. بە زەردکراوی لە ڕۆن و پیازدا سووردەکرێتەوە، ھەروەھا بەشێوەی شۆرباش دروستدەکرێت و ئامادەدەکرێت بۆ خواردن. (گوڵ ئاغا)شی پێدەوترێت.

ھاڵەکۆک

ڕووەکێکی خۆڕسکى ناوچەکەیە. سێ و چوار پەلکی پانی ھەیە، کە زۆر لە زەوی جیانابنەوە. سەلکێکی بە ئەندازەی بەڕوویەکی هەیە و نزیکەی حەوت سانتیمەتر لە زەویدایە. جیاوازی لەگەڵ (وشیرکوتک)دا لەوەدایه،‌ کە ئەم سەلکەکەی بەڕوولەیی و درێژترە. (ئاڵە کۆک)یشی پێدەوترێت.

هەلامە

گیایەکی بەهارییە. بە زۆری لە چەم و تەڵان و نزار و چیاکانی هەوراماندا دەڕوێت، بە ڕادەیەکی کەم لەگەڵ گیاوردەڵەدا تێکەڵدەکرێت. زۆر خواردنی مرۆڤ تووشی سکچوون دەکات. لەبەر ئەوە وەک دەرمان بۆ قەبزی بەکاریدەهێنن. لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر بایەخی جیاوازە. میلۆدییەکی هەورامی بەناوەوە ناونراوە.

هەڵاڵەبرایمە: هەراڵەبرەمی

ڕوەکێکی گوڵداری بەهارەی کوێستانییە. بە زۆری لە شاخەکانی هەورامان لە پشت: هانەنەوە، ئێڵانپێ، مڵەخورد و شنروێ و پشت ئاوێسەر دا دەڕوێت. گوڵێکی زەرد و سووری هەیە. نزیکەی نیو مەتر بۆ مەترێک بەرز دەبێتەوە. هەر بنێکی پێنج بۆ ١٠ گوڵ دەگرێت، کە بەشێوەی ملی شکاو ڕوو بە زەوی خۆی دەنوێنێت و بەو هۆیەشەوە شەونمی ناوی وەک فرمێسک دەتکێت. پەلکی سەوزیش لەسەر بنی گوڵەکانەوە و وەک قژ بەرەو ئاسمان بەرزبوونەتەوە. چووەتە ئەدەبی میللییەوە. هەندێ خەڵکی ناوچەی هەورامان و سەلکی ئەم گوڵە کە وەک پیازە دەهێنن و لە گۆڕستانەکان دەيڕوێنن.

هێرۆ

گیایەکە لە بنەماڵەی تۆڵەکەیە. بەلام گەڵاکەی پان و گەورە و کوڵکنە. ساقەکەی هەتا دوو مەتر بەرزدەبێتەوە. گوڵکەی لە شێوەی ڕەحەتیدایە، سوور و سپی و پەمەییەکەی لە دەرودەشت و لاپاڵەکانی هەڵەبجە و هەوراماندا بە شێوەی خۆڕسک دەڕوێت. گەڵاکەی بە ناسکی لەگەڵ یاپراخدا دەپێچرێت. لەکۆنەوە لای حەکیمانی ناوچەکە وەک گیایەکی دەرمانی ناسراوە و ڕەگ و گەڵا و گوڵ و تۆوەکەی بە شێوازی جیاجیا لەگەڵ سرکە و زەیتون و کبریت و ئاردی جۆ و..هتد ئامادەکراوە و چارەسەری چەندین نەخۆشی پێکراوە. لەوانە: جۆرێک لە بەڵەکی، لووی نێوان پێست و گۆشت، میزگیران، درەنگ_هاتنە دەرەوەی منداڵ، کۆڵنج، مار و دوپشک پێوەدان هەڵامەت و تەنگەنەفەسی، فێ و گرانەتاو..هتد. گەڵا و گوڵەکەی لە هاویندا بە تازەیی لێدەکرێتەوە و لە سێبەردا وشکدەکرێت، ڕەگەکانی لە پاییزدا هەڵدەکەنرێن و دەشۆردرێنەوە و هەڵدەگیرێن. (هەرمەڵێ)شی پێدەوترێت.

وەرکەمەر

گوڵێکی سروشتیی خۆڕسکە، گوڵی زەردی پێکەوە بەستراو و دانە وردی لە شێوەی چەتردا هەیە. لەشاخەکانی هەوراماندا، دەڕوێت. لە کۆنەوە هەورامییەکان بۆ جوانی و بۆنخۆشی و دەرمان ناسیویانە، بە بەهاوە سەیریانکردووە و بۆ دیاری و پتەوکرنی پەیوەندیی خۆشەویستی هێناویانە، چووەتە نێو گۆرانی و شیعری شاعیرانەوە، بە وشکی تێکەڵی گیاوگوڵی تریان کردووە. لە ماڵدا بۆ دوورخستنەوەی هەندێک گیانداری خشۆک دانراوە.

وەنەوشە

گیایەکی بەهارەیە. گوڵێکی شینیباوی تاریکی بۆنخۆش بە لاسکی ناسکەوە لە نێو گەڵاکانیەوە دەردەچێت. لە گۆلاو و قەراخی چۆم و تەڵانەکاندا دەڕوێت. لە باخەکانی چاوگ و عەبابەیلێ و لادێکانی هەورامان و حەوشەی ماڵاندا هەیە. لە کۆنەوە وەک گیایەکی دەرمانی لە لایەن خەڵکی ناوچەی هەڵەبجە و هەورامانەوە ناسراوە. ڕەگ و گوڵ و گەڵاکەی گەلێک مادەی تێدان، کە لە پزیشکیدا بەکاردێن. گوڵەکەی دەگیرێت و وشکدەکرێت. لە دەرمانگەری میللیدا گەڵا و گوڵەکەی بە گەلێک شێواز ئامادەدەکرێت، لەوانە (بە وشکی و ڕۆن لێگرتن و بۆن و هتد). لە چارەسەری نەخۆشییەکانی (وەناق و تەنگە نەفەسی، بیرۆی وشک، کۆکە، سورێژە، بێخەوی، خیزەی سنگ، کڕێشی سەر، قەبزی..هتدا) بەکاردێت. دەتوانرێت سێ کاتژمێر جارێک بخورێت و غەرغەرەی پێبکرێت. لەگەڵ شیر و کونجی و گەلێک گیای تردا تێکەڵدەکرێت. هەر لەبەر ئەوە هەتا ئیستاش لە دوکانەکانی داودەرمانی هەڵەبجەدا بایەخی پێدەدرێت.

ئاڵ

ژنێکی ئەفسانەییە و لە خەیاڵ دروستکراوە، لە بیروباوەڕی پێشینانی خەڵکی ناوچەکەدا دوژمنی ژنی دووگیان و کاتی منداڵبوونە، بۆیە لایان وابووە، کە لە کاتی منداڵبووندا چڕنووک لە منداڵی دایکەکە دەگرێت و خوێنی زۆری لێدەڕوات. ئەگەر منداڵ بە مردووی لە دایک بوایە، یان لەبار بچووایە، دەوترا (ئاڵ بردویەتییەوە). بۆ چارەسەری ئەمە، پشتێن یان جامانە و مشکیی ژنمردەیەکیان بە ئاڵ لە سەری زەیسانەکە پێچاوە و بەم کارەش وتراوە (ئاڵبڕە).

خێو و دێو

گیانلەبەرێکی دروستکراوی خەیاڵ و باوەڕی خەڵکی ناوچەکەیە. باوەڕ وابووه،‌ کە لە کانی و سەرچاوەی ئاو، جۆگە و ئەشکەوتەکان هەن. بۆیە کەم کەس توانیویەتی بە تاریکی و بە شەودا بچێتە ئەو شوێنانه. ژمارەیەک لە سەرچاوەی ئاو و کانی بەناوی دێوەوە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجەدا‌ هە‌ن‌. بۆ خۆپارێزی لە خێو و دێو، ئایەی کورسی و کۆمەڵێک نزا خوێندراوە، هەتا مرۆڤ لەو بوونەوەرانە پارێزراوبن و لە شەڕ و ترسی ڕزگاری ببێت.

زیاتر بزانە
بیروباوەڕ

دۆنادۆن

گەشت و گەڕانی ڕۆحە، بۆ بەدەستهێنانی نەمری، یەکێکە لە بنەواکانی ئایینی یارسان. دوای هەزار و یەک تەن گەڕان، ڕۆح دەچێتە جیهانی نەمریەوە. دوونەکان لە هەردەورە و زەمانێکا، ناوێکیان هەیە و بەردەوامی مرۆڤ لە ڕێگەی دۆنادۆنەوەیەو ئەوەش ڕاستیی ڕێگای (یاری)یە. دۆنادۆن جیاوازی هەیە لەگەڵ تەناسوخ دا. پشتێکی زۆری گەورە پیاوان لە هەوراماندا دەرکەوتوونەتەوە.

زیاتر بزانە
بیروباوەڕ

بالۆکەلابردن

لابردنی گۆشتی زیادەی لەشە، کە بە شێوەی بالۆکە دەرکەوتوون. بێجگە لە دەرمانی گیایی و چەند شتێکی تر وەک چارەسەر لە ڕێگەی باوەڕی خەڵکیشەوە پەنا بۆ لابردنیان براوە. لەوانە: لێدانی میزی خۆی، هاڕاوەی تەباشیر، شیری چەند ڕووەکێک، بادانی پژ و لقی داری تەڕ، کە کەسێکی تر، لقەکان بادەدات و بۆ کەسی بالۆکەدار، یان هێنانی سپڵێک و دەنکە جۆ، یان گەنم بەژمارەی بالۆکەکان، دەنکە جۆکان دەچەقێنرێن بەسپڵەکەدا و پاشان لە شوێنێک کەس نەزانێت سپڵ و جۆکان دەشاردرێنەوە.

پێشتر 1
...
42 43 44
...
48 دواتر