کنیواڵ
گیاییەکی بەهاریی خۆڕسکە. شێوەی لەنێوان تەڕەپیاز و سیری سەوز و کەورەردایە. لە تەڵان و دەشت و چیاکان دەوربەری هەڵەبجە و هەورامان دەڕوێت. وەک سەوزە دەخورێت و هاوشێوەی پیاز و پیچک لە هەندێک شوێنی ناوچەکە گەر پیاز و پیچک نەبن، کەلانەی لێ دروستدەکرێت.
گەبڵە
گیایەکی بەهارانەیە. دوای توانەوەی بەفر دەردێت. تەمەن کورتە. گوڵی بچووکی زەردو سووری هەیە. لە چیا و شاخەکانی هەوراماندا زۆرە. پێش پشکوتنی گوڵەکانی سەرەتای دەرهاتنی، لێدەکرێتەوە. دەکوڵێنرێت و سووردەکرێتەوە، هێلکە و کاکڵەی گوێزی تێدەکرێت. (گەوڵە)شی پێدەڵێن.
گەزنە
جۆرە گیایەکە. نزیکەی نیو مەتر بەرز دەبێتەوە. مووی تیژی پێوەیە و خارشتدارە. گوڵی نێر و مێی هەیە. لە نێوان تەمووز و ئەیلولدا گوڵدەکات. لەناوچەکەدا ناسێنراوە. چارەسەری چەند نەخۆشیەکی وەک (گورچیلە و پرۆستات و شەلەل و تەنگەنەفەسی و. . هتد) پێکراوە. کوردەواری بایەخێکی زۆری بەم ڕووەکە داوە.
گنۆڕ
گیایەکی سروشتیی بەهارەیە. زیاتر لە شاخی شاهۆ و داڵانی و بێستوون و کوێستانەکانی هەورامان و گوندی دەرەتوێ دەڕوێت. هەورامییەکان پێیدەڵێن (نینۆر). ساقەکەی و وەک ڕیواس پاکدەکرێت و ڕەگەکەی ژێر خاکییە، وەک پەتاتە وایە، بەڵام درێژکۆلەیە و لە شێوەی توری درێژکۆلەدایە. تۆوەکەی نزیکە لە تۆوی بامیەوە. لە کۆندا وەک چارەسەر بۆ گەدە و ڕیخۆڵە ڕێڕەوی میز و میزڵدان و گورچیلە ناسێنراوە و خۆیشی وەک خۆراکێکی تێرکەریش کراوە بە ئارەدەوە و یان وەک پەتاتە خواردویانە. بە لێنراویش تێکەڵی دۆ و برنج کراوە و وەک دۆخەوا لێدەنرێت. بە کوڵاوی و سوورەکراویش دەخورێت. لە هەوراماندا زیاتر گوندە کاکەیی نشینەکانی ناوچەی هاوار بەکاریدەهێنن و تەنیا ڕەگەکەی دەخۆن. لە ئێستادا لە ساق و ڕەگەکەشی جۆرێک ترشیات دروستدەکرێت.
گوڵەفەقێ
گیایەکی بەهاریی بەربڵاوی ناوچەی شارەزور و هەڵەبجە و هەورامانە، پەلەکانی سپین و ناوەڕاستیان هەڵاڵەی زەردە. نزیکەی ٢٠-٣٠ سم بەرزە، لە کۆنەوە وەک گیا دەرمانی ناسراوە و چارەسەری گەلێک نەخۆشی پێدەکرێت. لە بەر ئەوەی شێوەکەی و زۆرییەکەی لە جلوبەرگ و کڵاو و جامانەی فەقێ دەچێت، بە گوڵە فەقێ ناسراوە. وشکدەکرێتەوە و لە بازارەکانی هەڵەبجە و خورماڵدا فرۆشی هەیە.
گۆزروان
گیایەکی تەمەندرێژی گەورەیە. نزیکەی یەک مەتر بەرزە. گەڵاکەی زبر و دڕکاوییە، شێوەی هێلکەیی یان ڕمییە، گوڵەکەی شینە، ڕەگ و گەڵاو گوڵە وشککراوەکەی لە بازاڕەکاندا هەیە. دەچێتە پیشەسازیی دەرمانەوە. لە دەرمانگەی میللیی هەوراماندا وەک دەوا لە کۆنەوە بەکاربراوە.