وەنەوشە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-16
گیایەکی بەهارەیە. گوڵێکی شینیباوی تاریکی بۆنخۆش بە لاسکی ناسکەوە لە نێو گەڵاکانیەوە دەردەچێت. لە گۆلاو و قەراخی چۆم و تەڵانەکاندا دەڕوێت. لە باخەکانی چاوگ و عەبابەیلێ و لادێکانی هەورامان و حەوشەی ماڵاندا هەیە. لە کۆنەوە وەک گیایەکی دەرمانی لە لایەن خەڵکی ناوچەی هەڵەبجە و هەورامانەوە ناسراوە. ڕەگ و گوڵ و گەڵاکەی گەلێک مادەی تێدان، کە لە پزیشکیدا بەکاردێن. گوڵەکەی دەگیرێت و وشکدەکرێت. لە دەرمانگەری میللیدا گەڵا و گوڵەکەی بە گەلێک شێواز ئامادەدەکرێت، لەوانە (بە وشکی و ڕۆن لێگرتن و بۆن و هتد). لە چارەسەری نەخۆشییەکانی (وەناق و تەنگە نەفەسی، بیرۆی وشک، کۆکە، سورێژە، بێخەوی، خیزەی سنگ، کڕێشی سەر، قەبزی..هتدا) بەکاردێت. دەتوانرێت سێ کاتژمێر جارێک بخورێت و غەرغەرەی پێبکرێت. لەگەڵ شیر و کونجی و گەلێک گیای تردا تێکەڵدەکرێت. هەر لەبەر ئەوە هەتا ئیستاش لە دوکانەکانی داودەرمانی هەڵەبجەدا بایەخی پێدەدرێت.
سەرچاوەکان:
- گێتی زیندەوەر، عەلائەدین سەجادی، بڵاوکراوەی ئاراس، چاپی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەورەردە، هەولێر، ٢٠٠٠، ل١٨٢.
- هەگبەی کوردەواری بۆ چارەسەری نەخۆشی بە خۆراک و گژوگیا، هێرش مەحمود، چاپی یەکەم، ٢٠٠٧، چاپخانه ؟، هەولێر، ل٢٧٦.
- هونەری ژیان لە هەوراماندا.ئەیوب کوێخا ڕۆستەم چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ل٢٨٦.
- هەگبەو هەوراگە، ئەیوب ڕۆستەم، چاپی یەکەم، ئۆفسێتی قانع، ٣٠٠٣، ل٣٣.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم