ھاڵەکۆک

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07


ڕووەکێکی خۆڕسکى ناوچەکەیە. سێ و چوار پەلکی پانی ھەیە، کە زۆر لە زەوی جیانابنەوە. سەلکێکی بە ئەندازەی بەڕوویەکی هەیە و نزیکەی حەوت سانتیمەتر لە زەویدایە. جیاوازی لەگەڵ (وشیرکوتک)دا لەوەدایه،‌ کە ئەم سەلکەکەی بەڕوولەیی و درێژترە. (ئاڵە کۆک)یشی پێدەوترێت.

سەرچاوەکان:

  1. ڕەشنوسی کتێبی (هەڵبژاردەیەک لە خواردنە کوردەوارییەکان، بەهار موحسین نەقشبەندی نەقشبەندی، ٢٠٢٢).
  2. گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (شۆخان عومەر مستەفا)، لەدایکبوو: ١٩٨٨، بڕوانامە: بەکالۆریۆس لە زانستی خۆراک و کوالیتی کۆنترۆڵ، لە ٧ی‌ ٥ی ٢٠٢١.

ئامادەکردنی: بەهار موحسین نەقشبەندی

3

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

کنیواڵ

گیاییەکی بەهاریی خۆڕسکە. شێوەی لەنێوان تەڕەپیاز و سیری سەوز و کەورەردایە. لە تەڵان و دەشت و چیاکان دەوربەری هەڵەبجە و هەورامان دەڕوێت. وەک سەوزە دەخورێت و هاوشێوەی پیاز و پیچک لە هەندێک شوێنی ناوچەکە گەر پیاز و پیچک نەبن، کەلانەی لێ دروستدەکرێت.

گەبڵە

گیایەکی بەهارانەیە. دوای توانەوەی بەفر دەردێت. تەمەن کورتە. گوڵی بچووکی زەردو سووری هەیە. لە چیا و شاخەکانی هەوراماندا زۆرە. پێش پشکوتنی گوڵەکانی سەرەتای دەرهاتنی، لێدەکرێتەوە. دەکوڵێنرێت و سووردەکرێتەوە، هێلکە و کاکڵەی گوێزی تێدەکرێت. (گەوڵە)شی پێدەڵێن.

گەزنە

جۆرە گیایەکە. نزیکەی نیو مەتر بەرز دەبێتەوە. مووی تیژی پێوەیە و خارشتدارە. گوڵی نێر و مێی هەیە. لە نێوان تەمووز و ئەیلولدا گوڵدەکات. لەناوچەکەدا ناسێنراوە. چارەسەری چەند نەخۆشیەکی وەک (گورچیلە و پرۆستات و شەلەل و تەنگەنەفەسی و. . هتد) پێکراوە. کوردەواری بایەخێکی زۆری بەم ڕووەکە داوە.

گنۆڕ

گیایەکی سروشتیی بەهارەیە. زیاتر لە شاخی شاهۆ و داڵانی و بێستوون و کوێستانەکانی هەورامان و گوندی دەرەتوێ دەڕوێت. هەورامییەکان پێیدەڵێن (نینۆر). ساقەکەی و وەک ڕیواس پاکدەکرێت و ڕەگەکەی ژێر خاکییە، وەک پەتاتە وایە، بەڵام درێژکۆلەیە و لە شێوەی توری درێژکۆلەدایە. تۆوەکەی نزیکە لە تۆوی بامیەوە. لە کۆندا وەک چارەسەر بۆ گەدە و ڕیخۆڵە ڕێڕەوی میز و میزڵدان و گورچیلە ناسێنراوە و خۆیشی وەک خۆراکێکی تێرکەریش کراوە بە ئارەدەوە و یان وەک پەتاتە خواردویانە. بە لێنراویش تێکەڵی دۆ و برنج کراوە و وەک دۆخەوا لێدەنرێت. بە کوڵاوی و سوورەکراویش دەخورێت. لە هەوراماندا زیاتر گوندە کاکەیی نشینەکانی ناوچەی هاوار بەکاریدەهێنن و تەنیا ڕەگەکەی دەخۆن. لە ئێستادا لە ساق و ڕەگەکەشی جۆرێک ترشیات دروستدەکرێت.

گوڵەفەقێ

گیایەکی بەهاریی بەربڵاوی ناوچەی شارەزور و هەڵەبجە و هەورامانە، پەلەکانی سپین و ناوەڕاستیان هەڵاڵەی زەردە. نزیکەی ٢٠-٣٠ سم بەرزە، لە کۆنەوە وەک گیا دەرمانی ناسراوە و چارەسەری گەلێک نەخۆشی پێدەکرێت. لە بەر ئەوەی شێوەکەی و زۆرییەکەی لە جلوبەرگ و کڵاو و جامانەی فەقێ دەچێت، بە گوڵە فەقێ ناسراوە. وشکدەکرێتەوە و لە بازارەکانی هەڵەبجە و خورماڵدا فرۆشی هەیە.

گونەسەگانە

گیایەکی خشۆکی تەمەندرێژە. قەدی لوولەییە، ڕەگی سەلکدارە. گەڵاکەی لەتیغ دەچێت، گوڵەکەی لە زوڕنا. ڕەنگی ژەنگدارە و پەڵەی زەردی پێوەیە. لە مارتەوە بۆ نیسان گوڵدەکات. بەرەکەی لە بەری لفکەشامی دەچێت. دەچێتە پیشەسازیی دەرمانەوە. لەبەرزایی (٩١٤م) دەڕوێت. لە بەرزاییەکانی هەڵەبجە و خورماڵدا هەیە. (مارسکە) و (پێکەلەشێر)شی پێ دەوترێت.