هەڵاڵەبرایمە: هەراڵەبرەمی

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15


ڕوەکێکی گوڵداری بەهارەی کوێستانییە. بە زۆری لە شاخەکانی هەورامان لە پشت: هانەنەوە، ئێڵانپێ، مڵەخورد و شنروێ و پشت ئاوێسەر دا دەڕوێت. گوڵێکی زەرد و سووری هەیە. نزیکەی نیو مەتر بۆ مەترێک بەرز دەبێتەوە. هەر بنێکی پێنج بۆ ١٠ گوڵ دەگرێت، کە بەشێوەی ملی شکاو ڕوو بە زەوی خۆی دەنوێنێت و بەو هۆیەشەوە شەونمی ناوی وەک فرمێسک دەتکێت. پەلکی سەوزیش لەسەر بنی گوڵەکانەوە و وەک قژ بەرەو ئاسمان بەرزبوونەتەوە. چووەتە ئەدەبی میللییەوە. هەندێ خەڵکی ناوچەی هەورامان و سەلکی ئەم گوڵە کە وەک پیازە دەهێنن و لە گۆڕستانەکان دەيڕوێنن.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (فاتیح عەبدوڵا ڕەحمان)، لەدایکبوو: ١٩٦٩، بڕوانامە: ماستەر، edam: lhlcsjh>لە ١٢ی ١٢ی ٢٠٢٤، لە سلێمانی.
  2. سەردانی مەیدانی ئامادەکار بۆ کوێستانەکانی ڕەنگینە، لە ١٧ی ٥ی ٢٠٢٤.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

8

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

گێلاخە

ڕووەکێکی خۆڕسکی ناوچەکەیە. گەڵاکەی باریکی سێ پەلە. گوڵەکەی لە نێرگسی سپی دەچێت. لەسەر یاڵ و گرد و زەویی سوورکە و بەیاردا دەڕوێت و زۆر لە زەوی بەرز نابێتەوە. گەڵاکەی ڕەنگی سەوزە. لەبنەوە سەلک دەکات. بە زەردکراوی لە ڕۆن و پیازدا سووردەکرێتەوە، ھەروەھا بەشێوەی شۆرباش دروستدەکرێت و ئامادەدەکرێت بۆ خواردن. (گوڵ ئاغا)شی پێدەوترێت.

ترشۆکە

ڕووەکێکی خۆڕسکی ناوچەکەیە. پڕ گەڵا و بەپەلکە. (کوزەرە)شی پێدەوترێت. لە سەرەتای وەرزی بەھاردا دەردەکەوێت، گەڵاکانی کەمێک درێژکۆلە و باڵای کورتی لاسک سووری هەیە. لە گەڵای سڵق دەچێت، بە قەدەر گوێچکەی مەڕێک پان و درێژە. تامی ترشە. دوو جۆری هەیە: ترشۆکەی چیاکان، کە تامەکەی زۆر ترشە و بە زۆری لەبن بەرد و زیخەڵاندا دەڕوێت. گەڵاکەی دەکرێت بە یاپراخ. ترشۆکەی دەشتەکییش، کە لە کەنار و ڕۆخی جۆگە و ڕوبار و شوێنە ئاوییەکاندا دەڕوێت و ترشییەکەی کەمترە.

چاوبازە

ڕووەکێکی خۆڕسکی ناوچەکەیە، بازەڵەی دڕکاوی قەددرێژە لە جۆری کەرتەشی دەچێت. توانای بەرزبونەوەی ھەیە، گەڵاکانی چقڵیان ھەیە، زۆرجار بە ھەوا و ڕەشەبایەک گەڵای پێوە نامێنێت و تەنھا قەدەکەی دەمێنێتەوە. بە (چاو زاقە) و (کاھوی کەروێشک)یش ناودەبرێت. نزیکەی (٥٠ بۆ ٦٠سم) لەئاستی زەوی بەرز دەبێتەوە، کە پیر بوو، گوڵێکی مۆر دەردەکات. لەگەڵ دەرکەوتنیدا گەڵا و لاسکەکەی بەکاڵی دەخورێت، بەشێوەی زەردکردنی و سوورکردنەوەی لەناو ڕۆن و پیازیشدا ئامادەدەکرێت بۆ خواردن.

خەرتەلە

ڕووەکێکی خۆڕسکی ناوچەکەیە. لە دەشتودەر دەبینرێت، گەڵاکەی کەمێک زبرە، لاسکەکەی پاش پاککردنی بە کاڵی دەخورێت. گەڵاکەشی بە ناسکی تێکەڵ بە گیاوردەڵەی تر دەکرێت و دەخورێت.

ڕێواس

ڕووەکێکی بەهارییە لە بەرزاییەکان و شوێنی ئەستەمی کوێستانان دەڕوێت. لە بەرزاییەکانی شنروێ و شاخی هەورامان و ڕەنگینە و شەڵواندڕ و پشتی هانەنەوەدا زۆرە. گەڵای پان و ساقێکی درێژی ناسکی هەیە و سەرەکەی گوڵێکی دنک وردی تۆپزی دەکات. پێش گوڵکردن لاسکەکەی دەخورێت و تامێکی تەڕی مزری هەیە و چەندین ترشەڵۆکی تێدایە. لەکۆندا ڕێواس و بەری داری تاوگ کاریگەری تاعونی لە هەوراماندا کەمکردووتەوە و حەکیم و پزیشکە میللیەکانی هەورامان بۆ چارەسەری گەلێک نەخۆشی کەڵکیان لێوەرگرتووە. لەوانە: ئێسک و سکئێشە و بایاری و خوێن و زەردوویی و مایەسیری و دڵ تێکچوون و دان و پوک و..هتد. ئاوی ڕێواس دەکرێتە چاوەوە و بینایی زیاددەکات.

کەماولۆ

دوو ڕووەکى لەیەک چوون و لە شوێنە کویستانەکانی ناوچەکەدا دەڕوێن. تامێکى تاڵ و بۆنێکى تیژیان هەیە. ساقەکەیان نزیکەى ٢٠ بۆ ٣٠سم بەرز دەبێتەوە، لەبەشى سەرەوەیدا بەفراوانى دەکرێنەوە و ڕەنگێکى سەوزى تێرى جوانیان هەیە. بەتەڕى ساقەکەیان لیک دەردەدەن. ئەوکاتەى خەریکە وشکدەبێت، دەبڕرێت و وشکدەکرێتەوە و دەکوترێت. وەک ئالیک بۆ وەڵاخ و مەڕووماڵات بەکاردەهێنرێت.