هێرۆ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
گیایەکە لە بنەماڵەی تۆڵەکەیە. بەلام گەڵاکەی پان و گەورە و کوڵکنە. ساقەکەی هەتا دوو مەتر بەرزدەبێتەوە. گوڵکەی لە شێوەی ڕەحەتیدایە، سوور و سپی و پەمەییەکەی لە دەرودەشت و لاپاڵەکانی هەڵەبجە و هەوراماندا بە شێوەی خۆڕسک دەڕوێت. گەڵاکەی بە ناسکی لەگەڵ یاپراخدا دەپێچرێت. لەکۆنەوە لای حەکیمانی ناوچەکە وەک گیایەکی دەرمانی ناسراوە و ڕەگ و گەڵا و گوڵ و تۆوەکەی بە شێوازی جیاجیا لەگەڵ سرکە و زەیتون و کبریت و ئاردی جۆ و..هتد ئامادەکراوە و چارەسەری چەندین نەخۆشی پێکراوە. لەوانە: جۆرێک لە بەڵەکی، لووی نێوان پێست و گۆشت، میزگیران، درەنگ_هاتنە دەرەوەی منداڵ، کۆڵنج، مار و دوپشک پێوەدان هەڵامەت و تەنگەنەفەسی، فێ و گرانەتاو..هتد. گەڵا و گوڵەکەی لە هاویندا بە تازەیی لێدەکرێتەوە و لە سێبەردا وشکدەکرێت، ڕەگەکانی لە پاییزدا هەڵدەکەنرێن و دەشۆردرێنەوە و هەڵدەگیرێن. (هەرمەڵێ)شی پێدەوترێت.
سەرچاوەکان:
- گێتی زیندەوەر، عەلائەدین سەجادی، بڵاوکراوەی ئاراس، چاپی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەورەردە، هەولێر، ٢٠٠٠، ل٢٨٣.
- هەگبەی کوردەواری بۆ چارەسەری نەخۆشی بە خۆراک و گژوگیا، هێرش مەحمود، چاپی یەکەم، ٢٠٠٧، چاپخانه ؟، هەولێر، ل٢٣٦.
- هەگبەو هەوراگە، ئەیوب ڕۆستەم، چاپی یەکەم، ئۆفسێتی قانع، ٣٠٠٣، ل٣٣.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم