گنۆڕ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-13
گیایەکی سروشتیی بەهارەیە. زیاتر لە شاخی شاهۆ و داڵانی و بێستوون و کوێستانەکانی هەورامان و گوندی دەرەتوێ دەڕوێت. هەورامییەکان پێیدەڵێن (نینۆر). ساقەکەی و وەک ڕیواس پاکدەکرێت و ڕەگەکەی ژێر خاکییە، وەک پەتاتە وایە، بەڵام درێژکۆلەیە و لە شێوەی توری درێژکۆلەدایە. تۆوەکەی نزیکە لە تۆوی بامیەوە. لە کۆندا وەک چارەسەر بۆ گەدە و ڕیخۆڵە ڕێڕەوی میز و میزڵدان و گورچیلە ناسێنراوە و خۆیشی وەک خۆراکێکی تێرکەریش کراوە بە ئارەدەوە و یان وەک پەتاتە خواردویانە. بە لێنراویش تێکەڵی دۆ و برنج کراوە و وەک دۆخەوا لێدەنرێت. بە کوڵاوی و سوورەکراویش دەخورێت. لە هەوراماندا زیاتر گوندە کاکەیی نشینەکانی ناوچەی هاوار بەکاریدەهێنن و تەنیا ڕەگەکەی دەخۆن. لە ئێستادا لە ساق و ڕەگەکەشی جۆرێک ترشیات دروستدەکرێت.
سەرچاوەکان:
- سەردانیکردنی مەیدانی ئامادەکار بۆ شاخی شەڵواندڕ و پشت هانەنەوە و دەستکەوتنی گیایەکە، لە ١٠ی ٥ی ٢٠٢٤.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (هاوڕێ قادر مەحموود)، لەدایکبوو: ١٩٧٠، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: مامۆستا، لە ٢٥ی ٥ی ٢٠٢٤، لە هەڵەبجە.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم