بەرگی چوارەم
شوێنی دەستکرد (گوند و شار)
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
بەرگی چوارەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای ناحیەی (خورماڵ) لە نێوان گوندەکانی (قوڵخورد، قاینەیجه، گردەنازێ). لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە (خورماڵ)ـە. مێژووی دروستبوونی بۆ ناوەڕاستی ساڵانى چلەکانى سەدەى ڕابردوو دەگەڕێتەوە. سەرەتا لەلایەن (عەلی حاجی محەممەد ڕەحمان بارام)ـەوە وەک تاقە ماڵەیەک چووتە شوێنەکە و هەر لەبەر ئەوەشە بەناوی ئەوەوە ناونراوە. پاشان ئامۆزاکانی لە گوندی قاینەیجەوە هاتوون و حاجی فەتاح و براکانی گوندەکەیان ئاوەدانکردووەتەوە. حاجی فەتاح ئەحمەد سڵێمان خۆی هەرچوار براکەی لە گوندەکە نیشتەجێبوون و بووە ڕیشسپی و حاجی حەمەئەمین بووە بە موختاری گوندەکە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٧ کەس بووە. ساڵی ١٩٧٨ لە کاتی ڕاگواستندا، حکومەت ویستوویەتی لە ئۆردوگای شانەدەری نیشتەجێیانبکات، بەڵام خەڵکەکە ڕازینەبوون و چوونەتە سەیدسادق. پاش ڕاپەڕین دووبارە گوندەکەیان ئاوەدانکردووەتەوە.
کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی سنوری ناحیەی (سیروان). لە باکورەوە لەگەڵ بیاوێڵه و لە باشورەوە جەلیلە و لە خۆرهەڵاتەوە دەرشیشی سەروو و له باکوری خۆرئاواوە زەمەقی و لە باشوری خۆرئاواشەوە لەگەڵ شاری هەڵەبجه هاوسنورە. (٧٤١م) لەئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لەسەر ڕێگەی سەرەکیی (هەڵەبجه - هەورامان - خورماڵ) هەڵکەوتووە. خاکێکی بەپیتی هەیە. چەند کانییەکی تێدایە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٤ی عەنەبە و زۆربەیان بۆ باخداری بەکاردێت بە تایبەتی باخی هەنار. لە ڕابردوودا نۆ سەرچاوەی ئاوی کانی تێدابووە و بەناوبانگ بووە لەگەڵ بوونی باخ و باخات وەک هەنار و هەنجیر و گوێز و ترێ و چەند میوەیەکی تر لەگەڵ هەندێک دار بەناوی (داری عەناب) لە گوندەکەدا بووه، بەری ئەو دارە وەک بەری داری گۆیژ بووە، دەکرێت ئەم گوندە بەناوی ئەو دارە یان چەند سەرچاوە ئاويانەوە ناونرابێت و لە وشەى(عیون)ى عەرەبيەوە، یان بەناوی (ترێ) ناونراوە، کە بەزمانی عەرەبی(عنب)ى پێ دەگوترێت. مێژووی دروستبوونی گوندەکە نادیارە، بەڵام ئەوە زانراوە، کە لەسەردەمی عەبدوڵای کوڕی عومەردا مزگەوتێک لەم گوندەدا دروستکراوە لەلایەن چەند پیاوێک، کە لە عەشیرەتی کەمانگەر بوون لەناو مزگەوتەکەدا و لەسەر کانی مەسوور درەختێکی پەڵگ یان چنار دەنێژن. مێژووی بونیادنانی بۆ ئەم چەند کەسە دەگەڕێتەوە، هەروەها دەرەختەکەش هەتا ئێستە ماوە و وەک یەکێک لە درەختە بەتەمەنەکانی کوردستان تۆمارکراوە. لەسەردەمی عوسمانیەکانیشدا ئاوەدانبووە و بەشێکی باخەکانی تاپۆی دەوڵەتی عوسمانیان هەیە. لە سەرژمێریی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٥٥٤ کەس بووە و لە ساڵی ١٩٦١دا زیاتر لە ١٧٠ خێزانی تێدا نیشتەجێبووە. مزگەوت، بنکەی تەندروستی، قوتابخانە و بنکەی کشتوکاڵی، کارەبای هەبووە، بەڵام بەهۆی شەڕی شۆڕشی کوردی و حکومەتی عێراق لە ساڵی ١٩٦١ هەتا کۆتایی شەڕی عێراق و ئێران، وردە وردە بەرەو چۆڵ بوون ڕۆشتووە. بەشێوەیەک ساڵی ١٩٨٧ ژمارەی خێزانەکانی بۆ ٧٠ خێزان کەمبووەتەوە. بەهۆی نزیکیی لە شاری هەڵەبجەوە چەندین جار وێران و تۆپباران کراوە هەر لەساڵی ١٩٦١ و ١٩٧٤ و لە شەڕی عێراق و ئێراندا بەهۆی بوونی مەعەسکەرێکی عێراقەوە چەندین جار بە تۆپی ئێران بۆردومانکراوە. لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا بووەتە شوێنی زۆرترین شەهید و لەیەکەم ساتی کیمیاباراندا ٢١٦ شەهیدی داوە، بەوهۆیەوە لە مەزارێکی گەوردا بەناوی گۆڕستانی شەهیدانی عەنەبدا بەخاکسپێرراون و لە ئێستادا گۆڕستانی سەرەکیی گوندەکەیە. ساڵی ١٩٩٤ لەلایەن ڕێکخراوی k.r.o بۆ ئاوەدانکردەوەی، کەرەستەی دروستکردنی ٨٦ خانووی داری بە دانیشتوانەکە داوە و هەروەها هەمان ڕێکخراو قوتابخانەشی بۆ دروستکردووەتەوە. ساڵی ١٩٥٤ بۆ یەکەمجار قوتابخانەی تێداکراوەتەوە. ساڵی ١٩٥٠ بۆیەکەمجار تەلەفزیۆن و ڕادیۆ هاتووەتە گوندەکە، کە هەردووکی بە پاتری و پیل ئیشیانکردووە. لەکۆتایی ١٩٦٠ کارەبای بۆ هاتووە. حاجی تۆفیقی حاجی نادر لە ساڵی ١٩٧٠ یەکەم ئۆتۆمبێلی هێناوەتە گوندەکە.
بە دووریی نزیکەی نۆ کیلۆمەتر و نیو لە باشورى خۆرئاوای ناحیەی (سيروان)ـە. لەگەڵ (پريسى خواروو، بێ لەنگە، قارەمانى، ميراولى، گورگەچيا، بەکراوا) هاوسنورە. بۆچوونێک هەيە پێیوایە ٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر و لەسەردەمی خان ئەحمەدخانی ئەردەڵان دووبرا بە ناوەکانی (قەمەر عەلی و غوڵام عەلی)، کە ناوی گوندەکە بۆ دووەمیان دەگەڕێتەوە و بەناوی ئەوەوە ناو نراوە. لە بنەڕەتدا جافن و سەر به عەشيرەتى (هارونى)ن. بەرزیى ئەم گوندە لە ئاستى ڕووى دەرياوە لە نێوان (٥٨٠ بۆ ٧٩٠م)دايە، لە بنەڕەتدا لە چوار گوندى بچوکتر پێکدێت ئەوانيش (غوڵامى سەروو، غوڵامى خواروو، کە (غوڵامى لمە)يشى پێ دەوترێت، بێژاوا، غوڵامى چنار). زنجيرە چياى (تونى غوڵامى) هەتا دێتە (ملەى پلان)، سنورى گوندە سەرەکيیەکە دەکات به دوو بەشەوە، بەجۆرێک هەردوو گوندى (بێژاوا، غوڵامى چنار) دەکەونە خۆرهەڵاتى ئەو چيايه و هەردوو گوندى (غوڵامى سەروو، غوڵامى خواروو)يش لە خۆرئاواى چياکەدا هەڵکەوتوون. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ ژمارەی دانيشتوانى غوڵامى سەروو ٧١ کەس بووە و غوڵامی خوارووش ١٣٧ کەس. لە ئێستادا ١٠٥ ماڵن، نزيکەى ٧٦٥ دۆنم زەوى بەردەڵانى هەيە، کە زياتر بۆ لەوەڕگا بەکاردەهێنرێت، ٤٥٩ دۆنم زەوى کشتوکاڵى هەيە، کە باخدارى و وشکەدانى وەک گەنم و جۆ و نۆک و نيسکى تێدا دەچێنرێت. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٩ی غوڵامی سەروو و خوارووە. سەرەڕاى ئەوەى لە ڕابردودا چەندجار بەر شاڵاوى ڕاگواستن و ماڵ وێرانى بوونەتەوە. (مام مستەفا گوڵ محەممەد)، کە خەڵکى ئەم گوندەيە، لە دەوروبەرى ساڵی ١٩٣٠ لە سوپاى ڕوسيادا سەرباز دەبێت و لەپاش ئەوە چەند وڵاتێکى ئەوروپى دەگەڕێت و خوێنەوارى هەبووە، کە هاتوەتەوە بۆ گوندى غوڵامى مزگەوتێکی لە گوندەکەدا دروستکردووە. لە شوێنە ديارەکانى: (چاڵە پان، دەورەى گولک، دەورەى سورک، چەمى ناودێ، کەوەلان، پلورگ، ملە پەنير، قوڵگەى بەرتەنگ، هەنجيرەکەى زارا، ملەى سەنگەر، ملەى کارێز، کاوڕ خورياو، چاڵگەى عاشوور، شانە پان، دارە زەرينەى غوڵامى، زنجيرە چياى تونى غوڵامى، ملەى پلان، بانى هەچان، ملەى حاجى، قەڵا ڕيخلە، کونە تەيارە... هتد. گرنگترين کانى و سەرچاوە ئاوييەکانيشى: (کانى چنار، کارێزى بێژاوا، کانى بەردينە "شەخسە"، کانى ئاخە، کانى کارێز، کانى کونە کۆزگە، کانى ئیمام محەممەد، کانى بەرامبەر، کانى بەرماڵان، کانى بەڕوو، کانى ناو ملان، کانى ناوماڵان، کانى سوێسکە، کانى فەقێ واز). چەند گۆڕستانێکى تێدايە وەک گۆڕستانەکانى (شێخ ڕۆزين، سيد مستەفا، ئیمام محەممەد، دارچکێ).
بە دووریی نزیکەی هەشت کیلۆمەتر، کەوتووەتە باشورى خۆرئاوای ناحیەی (سيروان). لەگەڵ گوندەکانى (ئيمامى زامن، قارەمانى، کانى توو، گورگەچيا، بەکراوا)دا هاوسنورە. بۆچوونێک هەيە پێیوایە ٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر و لەسەردەمی خان ئەحمەدخانی ئەردەڵان دووبرا هەبوون بە ناوەکانی (قەمەر عەلی و غوڵام عەلی)، کە ناوی گوندەکە بۆ دووەمیان دەگەڕێتەوە و بەناوی ئەوەوە ناو نراوە. بەهۆى دروستکردنى بەنداوى دەربەنديخان و دروستبوونى دەرياچەى دەربەنديخانەوە گوندی غوڵام (غوڵامی کۆن) ئاو دايپۆشیوەوە و دانيشتوانەکەى لە دوورى يەک کيلۆمەترەوە لەولایەوە گوندى غوڵامى ئێستا بونياددەنێنەوه. شوێنەواری گوندی غوڵامی کۆن لە وەرزی کەمئاویدا دەردەکەوێتەوە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ) لەسەر ڕێگەی سەرەکیی (سلێمانی - هەڵەبجە) و (٤٩٠م) لەئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باشورەوە لەگەڵ کشەدەری و لە باشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ تەپەسەرقوڵە و لە خۆرهەڵاتەوه لەگەڵ تەپەزێڕینە و لە باشوری خۆرئاواوە لەگەڵ گردی شەریف و لە باکوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ قەدەفەری و لە باکورەوە لەگەڵ گردەنازێ، هاوسنورە. دانیشتوانەکەی سەر بە عەشیرەتی (هارونی)ن. موڵکی (سەلمانی خانە) بووە، ساڵی ١٩١٨ لەجەنگی جیهانی یەکەمدا تورکەکان دەیکوژن، دواتر (حەمەی سەلمان) ئاوەدانیدەکاتەوە و پاش مردنی ئەویش،(حاجی حەمەئەمین) دەبێتە ڕیش سپی و لەناوچە جیاجیاکانەوە خەڵکی لە گوندەکەدا نیشتەجێدەبن. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٦٧ کەس بووە. ساڵی ١٩٦٣ بووە بە ٨٥ کەس. ساڵی ١٩٧٢ هەتا ١٩٧٤ بەهۆی هاتنی ئاوی سیروانەوە چۆڵکراوە. خاوەنی ١٥٠٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی و ٣٠ دۆنم باخه. بۆ ئاودێران پشت بە ئاوی (شەڵم) دەبەستێت، کە لە گوندی ڕیشێن و بناری (شاخى سورێن)ەوە سەرچاوەیگرتووە. لە شوێنەوارەکانی (گردی قاجر)ە، کە ساڵی ١٩٥٠ لە شوێنەواری سلێمانی تۆمارکراوە. هەروەها گردی (سەیدەکانی قاجر)ە، بە یەکێک لە شوێنەوارەکانی دادەنرێت. لە دیارترین کەسایەتی و پیاوماقوڵانی (حاجی حەمەئەمین کوڕی محەممەدی سەلمان)ـه، کە ساڵی ١٩٧٤ لەسەر ئەرکی خۆی مزگەوت و ساڵی ١٩٨٠ قوتابخانەی تێداکردووەتەوە و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە زەوی بەسەر دانیشتوانی گوندەکەدا دابەشکردووە. ساڵی ١٩٨٧ خاپوردەکرێت و دانیشتوانەکەی دەبرێنە ئۆردوگا زۆرەملێکان و ساڵی ١٩٩٢ ئاوەداندەکرێتەوە و پڕۆژەکانی ڕێگەی قیر و هێڵی کارەبا و پڕۆژەی ئاودێری بۆ ئەنجامدراوە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان). لە باکورەوە لەگەڵ (غوڵامى سەروو و غوڵامى خواروو، تووەقوت) و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی ميراولى و لە باکوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (بانەبانان، نێرگزەجاڕ، جەرداسنە)دا هاوسنورە. (٥٩٣م) لە ئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. گوندێکى کۆچەرى بوون و لە ئەنجامى کۆچ و گەرميان و کوێستانەوە له گەرميانەوە هاتوون و بەشێکيان لە شارەزوور و بەشێکيان لە قەرەداغ نيشتەجێبوون. بەپێى گێڕانەوەى دانيشتوانەکەى مێژووەکەی بۆ ٢٨٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و زياتر لە پێنج تا شەش پشتى دانيشتوانەکەى لەو گوندەدا ژياون. سەبارەت بە ناوى گوندەکە بۆچوونێک هەيە پێیوایە ٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر و لەسەردەمی خان ئەحمەدخانی ئەردەڵان دووبرا هەبوون بە ناوەکانی (قەمەر عەلی و غوڵام عەلی)، کە ناوی گوندەکە بۆ یەکەمیان دەگەڕێتەوە و بەناوی ئەوەوە ناونراوە. ژمارەيەک کانى و کارێزى وشک و زيندوو لە گوندەدا هەن وەک (کانى تەڵەدارەکە، لالۆ مەحموود، کانى هەناران، کانى ماين تۆپيو، کانى ترشان، کانى ڕۆنينە، گەڕاوەکە، کانى گۆمى وەزيران، کانى حەوزەکە، کانى مامۆ ڕەحمان، کانى سەرقەوەز، کارێزى بانى بى، کارێزى ئەسحابە، کانيە خواروو، کانێ گوێزێ، کانى پەلى خەياران، کارێزى پەلەڕەقە). ڕووبەرى گوندەکە زياتر لە ٧٠٠٠ دۆنم زەوى دەبێت و زەوییەکانی سەر بە کەرتى کشتوکاڵى ژمارە ٣٦ـە. دانيشتوانەکەى بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداريەوە سەرقاڵن. خزمەتگوزاری (کارەبا و جادە و بيرى ئاو)ى بۆ کراوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ١٣٧ کەس بوون و لە ئێستادا ١٢ ماڵى تێدايە و ژمارەى دانيشتوانەکەى ٢٣ کەسە.
کەوتووەتە دەشتى شارەزوور و سەر بە ناحیەی (خورماڵ) و بە دووریی نزیکەی نۆ کیلۆمەتر لە سەنتەرى ناحيەکەوە دووره. (٥٠٠م) لە ئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندى گردەنازێ و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندى گوڵەخانە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندى قاجر و لە باکورەوە لەگەڵ گوندى مەلا وەیسە هاوسنورە. سەبارەت بە ناوى گوندەکە دانيشتوانى گوندەکە باس لەوە دەکەن، کە ئافرەتێک هەبووە ساڵی ١٥٨٤ ناوی (تامینە) بووە و پێنج کوڕی هەبووە، یەکێک لە کوڕەکانی ناوی (قەزنەفەر) بووە، قەزنەفەر ئەم گوندەى دروستکردوە و ناوەکەشی هەر لەوەوە هاتووە، بەڵام دواتر بە پێى تێپەڕبوونى کات بووە بە قەدەفەری، گەرچى دانيشتوانى گوندى قەدەفەرى لە (عەشيرەتى جاف و تيرەى هارونى)ن، بەڵام بەشێکى کەميان سەر بە عەشرەتەکانى ترى ناوچەکەن. لەڕووى سەرچاوەى ئاويیەوە ئەم گوندە دوو کانى بە ناوەکانى (کانی سەید، زەلە ڕەش) تێدايە، بەڵام بۆ ئاودێرى بەزۆرى پشت بەئاوى(جۆگەى ڕيشێن)دەبەستن، بۆ ئاوى خواردنەوە و بەکارهێنانەکانى ناوماڵيش پشت دەبەستن بە بيرى ئيرتيوازى، دەشتێکيش نزيک بە گوندەکەيە بە (دەشتى زۆنگەکە) بەناوبانگە. ڕووبەری گوندەکە نزيکەى ١٠٠ دۆنمە و سەر بە هەردوو کەرتى ١٣ی(ڕیشێن) و ١٤ى (گردەنازێ)يه، بەشێکى دانيشتوانەکەى فەرمانبەرى ميرين و ئەوانى تر کارى جوتيارى و ئاژەڵداری دەکەن، کە بەگشتى باخداری پيشەيانە، ئەو زەوييانەش، کە پشتاون بەگشتى دەکرێن بە گەنم و جۆ، خزمەتگوزارييەکانى(جادەی قیر، بیری ئاوی خواردنەوە، بنکەى تەندروستى، قوتابخانە، کارەباى نيشتمانى، هۆڵی پرسە، مزگەوت)ى تێدايە، چەند شوێنەوارێکى مێژوويش لە گوندەکەدا هەن، وەک (گردی حەمەی حەمەئەمین، گردە لەت، گردی عەلی مرادخان). ژمارەى دانيشتوانى گوندەکە لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٨١ کەس بووە، بەڵام لە ئێستادا ٦٥٨ کەسە.
کەوتووەتە بناری چیای سورێن و سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ـە. لە باکورەوە لەگەڵ بەردەبەل و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ نەوێ لە خۆرئاواوە لەگەڵ وڵەسمت و لە باشورەوە لەگەڵ تازەدێی ڕەقە هاوسنورە. لەگوندەکەدا لەدامێنی شاخی (قەڵاڕۆینێ) دا کانییەکی تێدابووە، ئاوەکەی بەقەڵەم بازو بە پڕتاو هاتووەتە دەرەوە، بەهۆی بەردێکەوە، کە لەبەردەمیدا بووە، هەڵبەزودابەزی کردووە، دواتر (قەڵەم باز) بووە بە(قەڵبەز، پاشان قەڵبەزە). ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی، کە لە (قەڵبەزەدا) سودیانلێوەرگیراوە زۆربەیان (دێمن) و بۆ کشتوکاڵی زستانە بەکارهاتوون، وەک (گەنم، جۆ، نیسک، پاقلە)، سەرەڕای کشتوکاڵکردن، پاوەنی بەردەڵانی هەیە لە قەدپاڵی شاخەکان و پێدەشتەکانیدا بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیان وەک(مانگا، مەڕ، بزن). سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٣٩ی بەردەبەلە. لە سیەکاندا ئاوەدانکراوەتەوە لەساڵانی (شەشت)ەکانی سەدەی ڕابردوو خەڵکی گوند مزگەوتیان تێدان دروستکردووە، هەر لەساڵانی شەستەکاندا بۆ یەکەمجار ئاشە مەکینە هاتووەتە گوندەکەو گەنم و جۆی ئاوایی و گوندەکانی دەوروبەری هاڕیوە. ساڵی ١٩٧٨ ژمارەی ماڵەکانی ١٨ ماڵ بووە و هاوشێوەی گوندەکانی تری کوردستان بەر شاڵاوی ڕاگواستن کەوتووە. لەدوای ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی ساڵی ١٩٩١ دانیشتوانەکەی گەڕانەوەونەتەوە و سەرلەنوێ بەدەستوبازوی خۆیان گوندەکەیان ئاوەدانکردووەتەوە، کە ژمارەیان ١٥ خێزان بووە. خزمەتگوزاری: ئاو، مزگەوت، قوتابخانەی تێدا دروستکراوە. شوینەوار و شوێنەکانی :(قەڵاڕۆینێ) (شاخی قەراینجار) (شاخی ملەفاوی) (کڵاش تەڕکەرە)، (شاخی ئاوبارە)، (دەرە قوڵە)، (کانیە ساردەکە) (گۆڕستان) دکەوێتە بەشی باشوری خۆرهەڵات و گؤرستانێکی دێرینی گوندەکە بووە.
کەوتووەتە باکوری گوندی (گڵێجاڵ)ی سەر بە ناحیەی (بەمۆ). لە باکورەوە لەگەڵ گوندی مۆردکە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی گڵێجاڵ و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی بانی بۆڵان و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی سەراو هاسنورە. بەهۆی شوێنە ناوەندییەکەی لە پشتکێوی بەمۆ، ناوەکەی لە مانای وشەی (قلب)ی عەرەبییەوە هاتووە، کە بە واتای دڵ دێت. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٤٧ـە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٥٠ کەس بووە و لە ئێستادا شەش خێزان لەم گوندە دەژین ژمارەیان ٢٤ کەسە.
سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ـە، بەڵام لە ئێستادا کارەکانی لە شارۆچکەی (سيروان) بەڕێ دەکرێت. بە دووریی نزیکەی شەش کیلۆمەتر لە سەنتەرى شارى هەڵەبجەوە دوورە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی تەپەکوڕە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی (دەرەشیشی خواروو و بیاوێڵە) و لە باشوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی زەمەقیی خواروو و لە باکوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی خێڵی حەمه، هاوسنورە. (٥٥٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سەبارەت بە ناولێنانەکەی بۆچوونێک پێیوایە لە وشەى (قشڵاخ)ی تورکيیەوە هاتووە، کە واتای شوێنێک دەگەیەنێت، کە خۆر بە باشى لێىبدات. بۆچونێکى تر ئەوەیە، کە لە وشەى (قشڵ)ـەوە هاتبێت، کە بە واتاى (بنکه) يان (مەڵبەندى پۆليس) دێت. شوێنى جوگرافیى گوندەکە لە ڕابردوودا هەوارگەى زستانەى جافەکان بووە. زۆربەى دانيشتوانەکەى سەر بە عەشيرەتى (عەمەڵە)ن.(مارف محەممەد ناوخاسى ئاغاوەيس) کوێخاى گوندەکە بووه. سەرچاوە ئاويیەکانى کارێزێکى کۆن، کە لە گوندى (عەنەب)ەوە هاتووە و بيرى ئيرتيوازى و جۆگەى دەستکردی (دەلێن) و چەمى (خڕە خەزێنە)یە. ڕووبەرى گوندەکە نزيکەى ٢٥٠٠ دۆنمە و زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٨ى قشڵاخەڕووتەيه. دانيشتوانەکەى بەشێکى فەرمانبەرى ميرین، ئەوانى تر بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارييەوە خەريکن. لە سەرژمێریى ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٧٦ کەس بووه و لەئێستادا ٢٠ کەسن. خزمەتگوزاری کارەباى نيشتمانى و مزگەوتى هەیە.
بە دووریی نزیکەی نۆ کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای ناحیەی (خورماڵ) لە دەشتايى و تەختاييەکانى دەشتى شارەزوور. لە باشورەوە لەگەڵ گوندی قەدەفەرى و لە باشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی مەلاوەيسە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی ڕێشێن لە باکورەوە لەگەڵ گوندی قاینەجە و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی گامێشتەپە هاوسنورە. (٥١٥م) لە ئاستى ڕووی دەرياوە بەرزە. (قوڵخورد) ناوێکى تورکيە و بەواتاى (خۆڵى ورد) دێت، بەهۆى بەپيتى و جوانیی خاکەکەيەوە ناونراوە، لەڕووى کۆمەڵايەتيەوە گوندەکە کەوتووەتە سنورى ئەو جوگرافيايەى، کە لە ناوچەکەدا بەر (عەشيرەتى هاروونى) کەوتووه. تەواوى دانيشتوانى گوندەکەش هارونين و سەر بەهەمان عەشيرەتن. لە بنەماڵە ديارەکانى ئەم گوندە بنەماڵەى(بارام يوسوو)ە. لەسەر دەستى نەوەيەکى بارام يوسوو، کە ناوى (حاجى محەممەد ڕەحمان بارام) بووە لە ساڵى ١٩٤٠ دروستکراوە. ئەگەر چى ڕووبەرى گوندەکە تەنها ١٥ دۆنمە و لەڕووى جوگرافییەوە زەويەکى بەرفراوانى نيیە، بەڵام خاوەنى چەند کانى و کارێزێکە بەناوەکانى(کانى قوڵخورد)، (کانى مام غفور)، (کارێزى گردە بەراز). زەوییەکانی سەر بە کەرتى کشتوکاڵی ژمارە ١٣ی ڕیشێنە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٨ کەس بووە و لە ئێستادا شەش خێزانە تێیدا نیشتەجێن و بە کشتوکاڵەوە سەرقاڵن. خزمەتگوزارییەکانی (ڕێگەى قير، کارەبا)ی هەیە.
کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى شارۆچکەی (سيروان)ـەوه لە نزيک گردى (قۆرتاس)ـە. بەهۆى دروستکردنى بەنداوى دەربەنديخانەوە شوێنى گوندەکە ژێرئاو کەوتووە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی کانی شێخ و لە باشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی گورگەچیا و لە باشوری خۆرئاواوه لەگەڵ گوندی ئیمامی زامن هاوسنورە و بەدرێژایی دەریاچەی دەربەندیخان لە باکور و باکوری خۆرئاوا هەتا باشوری خۆرهەڵات هەڵکەوتووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٩ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتى کشتوکاڵی ژمارە ١٣ی کانی شێخ قۆرتاسە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) لەسەر ڕێگەی (سیروان - ئیمامی زامن). لە باکورەوە دەریاچەی دەربەندیخان و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی بەکراوا و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ ناحیەی سیروان و گوندی دوانزەئیمام و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی کانی شێخدا، هاوسنورە. لە بنەڕەتدا ناوی گوندی ڕەنگاڵ بووە، ئەویش بەهۆی ئەوەی، کە گردێکی لێیە لەنزیک ئەم گوندەی ئێستا بەناوی گردی ڕەنگاڵ، یەکەمجار ساڵی ١٩٤٤ لەلایەن (حاجی کەریم ئەرخەوان، حاجی محەممەد قادر زۆراب) گوندەکەیان ئاوەدان کردووەتەوە، پاشان هەندێک ماڵی تر، کە لە بنەڕەتدا خەڵکی ئەم گوندەبوون و لەنزیک گوندی دوانزەئیمامی سەروو ژیاون، ماڵ دەگوازنەوە بۆ گوندی ڕەنگاڵ و ساڵی ١٩٥٠ و ناوی گوندەکە دەگۆڕێت بە کاگردەڵ. (٥٠٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢ی دەلێنی خوارووە . ٣٥٠ دۆنم زەویی دێم و ٨٤٠ دۆنم زەویی بەراوە و بۆ ئاودێری بەزۆری پشت بە ئاوی چەم و کانی و بیرە حەفرەکان دەبەستن، خاوەنی حەوت جۆگەی ئاودێرین، بە ناوەکانی(جۆگەی موسابەگ، جۆگەی بگارەکە، جۆگەی کانیەچێییەگە، جۆگەی کانییەکەی سەید، جۆگە قوڕینە، جۆگەی تڵمە، جۆگەی ڕەنگاڵ)، لەگەڵ ئەوەشدا یەک کانی لە گوندەکەدا بوونی هەیە بەناوی(کانی موساوک یان موسابەگ)، کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی گوندەکەیە، لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٠٩ کەس بووە. لەسەردەمی بەعس و پێش چۆڵکردنی بەزۆرەملێی گوندەکان نزیکەی ١٥٠ ماڵ بووە، کە دانیشتوانەکەی نزیکەی ٧٥٠ کەس دەبوون، بەڵام لە ئێستادا تەنها سێ ماڵی تێدایە، کە بەگشتی ١٨ کەسن، پێکهاتوون لە عەشیرەتەکانی(هاروونی، نەورۆڵی، شاتری، وڵەدبەگ، عەمەڵە)، دانیشتوانی گوندەکە بەزۆری خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین، هەندێکیشیان لە فەرمانگە حکومییەکان فەرمانبەرن، خزمەتگوزارییەکانی: مزگەوت، کارەبای هەیە.
کەوتووەتە باکوری ناحیەی (خورماڵ) لە دامێنی چیای سورێنەوە بە ئاڕاستەی خۆرئاوا درێژدەبێتەوە بەرەو دەشتی شارەزوور. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی بانیبنۆک و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی دەرەگوڵان و لە باکوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی چنارە و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی قاینەیجە و لە باکوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی نەوێ هاوسنورە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٢ی زێرۆنە و بۆ بەرهەمهێنانی بەرووبومی کشتوکاڵی بەتایبەتی بەرووبومی دانەوێڵە زۆر باشە. بەشەکانی خۆرهەڵاتی گوندەکە ناوچەیەکی شاخاویی سەخته و زۆربەی دابارینی بەشێوەی بەفره و ژمارەیەک ئەشکەوتی تیادا دەرکەوتووە. (٦٨٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سەبارەت بەناوی گوندەکە وەک خەڵکی گوندەکە ئاماژەیپێدەدەن ناوێکی تری هەیە ئەویش ناسراوە بە(زێڕون)ە، کە دەڵێن لەو ڕووبارە ڕوونەوە هاتووە، کە لە ڕابڕدوودا لەگوندەکەدا بووە بەڵام ئێستا نەماوە، ئەوەی تایبەتە بەناوی کانی ئاسکانی ئێستا ئاماژه بەوە دەکەن، کە لە ناو گوندەکەدا کانیەکی لێیە، کە تاوەکو ئێستاش بۆ خواردنەوە بەکاردەهێنرێت و ئاژەڵی ئاسکیان تێدا بینیوە لەوەوە ناوەکەی وەرگیراوه و بووەتە کانی ئاسکان، ساڵی ١٩٦٠ بۆیەکەم جار قوتابخانەی تێدا دروستکراوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٢٩ کەس بووە و ساڵی ١٩٧٢ و لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٥٥ ماڵ تیایدا نیشتەجێبووە. له گوندەکەدا چەند ئەشکەوتێک هەیە، کە کەوتووەتە چیای سورێن لەوانە ئەشکەوتی (پیرەمەگرون، هەزارەسوون، بن شاخ مەجید). شوێنەواری (تەپەگەوری)یش یەکێکی ترە لە شوێنە دیارەکانی گوندەکە.
کەوتووەتە بناری چیای بەمۆ و بە دووریی نزیکەی سێ کیلۆمەتر لە ناوەندی ناحیەی (بەمۆ)وە دوورە. زەوییەکانی کەوتوونەتە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە (٤٤) ی پشتە. لە باشورەوە لەگەڵ گوندی قەیتول لە شارستانی سەلاسی باوەجانی لە خۆرهەڵاتی کوردستان و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی بەڕوێن و لە خۆرئاواوە لەگەڵ زەوییەکانی گوندی حاجی ئاوادا، هاوسنورە. لە دەوروبەری ساڵەکانی ١٩٣٠ ئاوەدانکراوەتەوە. دەوروبەری گوندەکە ناوچەیەکی دارستانیی چڕە و چەندین ڕەز و باخی بەرداری تێدایە و دەوڵەمەندە بە سەرچاوی ئاو، بەتایبەتی کانی، لەوانە (کانی پاشا)، کە گوندەکەی بەناوی ئەو کانیەوە ناونراوە، چونکە جێگای حەوانەوەی میر و فەرمانڕەوایان بووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٣٢ کەس بووە و لە ئێستادا نۆ خێزان دەژین، کە ژمارەیان ٥٤ کەسە.
یەکێکە لە گوندەکانی ناوچەی نەوڕۆڵی و بە دووریی نۆ کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرئاوای شارى هەڵەبجە. سەر بە ناحیەی (سیروان)ـە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی چرۆستانە و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی غوڵامی کۆن و لە باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی (غوڵامی سەروو و قارەمانی) و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی نێرگزەجاڕ و دەریاچەی دەربەندیخان و لە باکورەوە لەگەڵ گوندی بێژاوا هاوسنورە. لەگەڵ گوندى (پریس)دا زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٢ن. خاوەنی ٦٠٠ دۆنم زەویی کشتوکاڵی دێم و بەراوە. ساڵی ١٩٧٨ ڕاگوێزراوە بۆ کۆمەڵگای زۆرەملێی سیروان و زەمەقی و پێش ئەو ڕێکەوتە نزیکەی ١٠ ماڵی تێدا بووە. لە ئێستادا چوار ماڵی تێدایە، لە کۆندا خەڵکی لەنێوان(کانی تووی سەروو، کانی تووی خواروو) گەرمیان و کوێستانیان کردووە. کانییەکانی بریتین لە(کانی بەهمەن، کانی حەمە کۆسە، کانی سەروو، کانی ئیمەت، کانی زەوییە گەورە، کانییە کوێرە)، هەروەها لەم گوندەدا کارێز هەبووە، بەڵام لەئێستادا تەنها شوێنەوارەکەی ماوە. تەنها دوو باخی تێدایە.
کەوتووەتە خۆرئاواى ناحیەی (سيروان) و لەگەڵ گوندەکانى کانى شێخ و گورگەچيا هاوسنورە. بەهۆى دروستکردنى بەنداوى دەربەنديخانەوە ئاو لە گوندەکە نزيک بووەتەوە و دانيشتوانەکەى لە کۆتايى پەنجاکان و سەرەتاى شەستەکانى سەدەى ڕابردوو کۆچيانکردووە، کە له هەردوو عەشيرەتى هارونى و تاوگۆزى بوون. هارونيیەکان چوونەتە گوندى کانى شێخ و تاوگۆزيیەکان لە گورگەچيا نيشتەجێبوون و ساڵى ١٩٦٩ بەتەواوى گوندەکە ژێرئاوکەوتووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٧ کەس بووە.
بە دووریی نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە ناحیەی (سیروان)ـەوە دوورە. لە باکورە و دەریاچەی دەربەندیخان و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی گورگەچیایە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی کاگردەڵ و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی ئیمامی زامندا، هاوسنورە. بەپێی وتەی دانیشتوانی گوندەکە، ئەوکەسانەی، کە گوندەکەیان دروستکردووە موریدی شێخ بوون و سەییدەکانی هانەسورە شوێنەکەیان بۆ دیاریکردوون لە تەنیشت ئەو کانیەی، کە لە شوێنی ئێستەی گوندەکەدا هەیە و ناویان ناوە کانی شێخ، ساڵی ١٩٠٤ لەلایەن خەسرەوی مرادخان لەگەڵ دوو کوڕەکەی بەناوەکانی (مەحموود خەسرەو مرادخان و حمەامین خەسرەو مرادخان) دروستکراوە. (٤٩٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٣ی کانی شێخ قۆرتاسە. کانی شێخ نزیکەی ٣٨٠ دۆنم زەوی دێمی هەیە لەگەڵ ٤٩٠ دۆنم زەویی بەراو، بۆ کشتوکاڵ کردن پشت بە کانی بیری حەفر و جۆگەی ئاودێری دەبەستن. خاوەنی دوو جۆگەی ئاودێرین بەناوەکانی (جۆگەی کانی شێخ، سەرچاوەکەی کانی گوندەکەیە هەر بەناوی کانی شێخ، لەگەڵ جۆگەی قۆرتاس)ە. لە ئێستەدا هیچ ماڵێک لە گوندەکەدا نییە و دانیشتوانەکەی بەزۆری لە شارۆچکەی سیروان و هەندێکیشیان لە هەڵەبجەی تازە(مالوان) نیشتەجێن، لە عەشرەتی هارونین، بەزۆری کشتوکاڵ و باخداری دەکەن، بەتایبەت باخی هەنار و بەروبوومی دانەوێڵە، هیچ خزمەتگوزارییەک لە گوندەکەدا بوونی نییە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٩٢ کەس بووە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) و بە دووریی نۆ کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی سەنتەرى شاری هەڵەبجه. لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (عەبابەیلێ و دەڵەمەڕ) و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندى هاوار لە خۆرئاواوە لەگەڵ شارى هەڵەبجە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی (کۆساوا و سازان و تلەوەرێ) هاوسنورە. ڕووبەرەکەى نزیکەى(٢٠کم٢)یە. نزیکەى ٢٥٠ ساڵ بەر لەئێستە ئاوەدانى تێکەوتووە و لەسەردەستى کەسایەتیەک بەناوی (محەممەد بەگ) دروستکراوە، کە دەکاتە باپیرە گەورەى بەشێکى زۆرى خەڵکى گوندەکە. ئەو بۆچووونەى تايبەت بە ناونانى گوندەکە هەیە و دەماودەم بەکارهاتووە تاکو ئەمڕۆش بریتییە لەهەبوونى دارگوێزێک لەسەر کانیی سەرەکیى گوندى ناوبراو بەم هۆیەشەوە بەگوندى کانى گوێز ناو دەبرێت. دوو کانیى سەرەکى هەیە (کانى خوار عەلى بەگ، و کانى حاجى عێزەت) هەندێک جاریش بە کانیى سەرەوە ناوى دەهێنرێت. لەپاش ڕاگواستن و داگرتنى گوندە سنورييەکان بەهۆى جەنگى ئێران ــ عێراقەوە بە هەمیشەیى هیچ ماڵێکى تێیدا نیە بۆ نیشتەجێبوون و ژیانکردن تێیدا، بەڵام لەوەرزى پایز و زستان و بەهاردا چەند ماڵێک سەرقاڵى ژیانى لادێن و خەریکى ئاژەڵدارین بەهۆى ئەوەى خاوەن لەوەڕگایەکى سروشتیى باشە، هەروەها کەمیى ئاوى گوندەکە فاکتەرێکى ترە، کە دەبێتە هۆى ئەوەى نەتوانرێت بەخێوکردنى ئاژەڵ و باخداری پێکەوە بێت، بێگومان ئەمەش بەپلەى یەکەم دەرهاویشتەى وشکەساڵى و بارودۆخى گۆڕانى ئاووهەوایە. لەگرنگترین ئەو ڕووەکە سروشتیانەش لەسنورى گوندەکەدا هەن (دارى بەڕوو) بەشێوەیەکى چڕ بوونى هەیە و هاوکات بەکەمى (دارى گۆیژ)یش دەبینرێت. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٨ی ئەباعوبەیدەیە.
پاشماوەی شوێنەواری گوندێکی دێرینە. بە دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (میریسوور)ی سەر به ناحیەی (خورماڵ). مێژووەکەى بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. لەئێستادا شوێنەواری ماوە و بەهۆى بوونى کانییەک لە نزیکیەوە پێیوتراوە کانى میران.