عەنەب

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی سنوری ناحیەی (سیروان). لە باکورە‌وە‌ لەگەڵ بیاوێڵه و لە باشورەوە جەلیلە و لە خۆرهەڵاتەوە دەرشیشی سەروو و له ‌باکوری خۆرئاواوە زەمەقی و لە باشوری خۆرئاواشەوە لەگەڵ شاری هەڵەبجه هاوسنورە. (٧٤١م) لەئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لەسەر ڕێگەی سەرەکیی (هەڵەبجه ‌- هەورامان - خورماڵ) هەڵکەوتووە. خاکێکی بەپیتی هەیە. چەند کانییەکی تێدایە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٤ی عەنەبە و زۆربەیان بۆ باخداری بەکاردێت بە تایبەتی باخی هەنار. لە ڕابردوودا نۆ سەرچاوەی ئاوی کانی تێدابووە و بەناوبانگ بووە لەگەڵ بوونی باخ و باخات وەک هەنار و هەنجیر و گوێز و ترێ و چەند میوەیەکی تر لەگەڵ هەندێک دار بەناوی (داری عەناب) لە گوندەکەدا بووه،‌ بەری ئەو دارە وەک بەری داری گۆیژ بووە، ‌دەکرێت ئەم گوندە بەناوی ئەو دارە یان چەند سەرچاوە ئاويانەوە ناونرابێت و لە وشەى(عیون)ى عەرەبيەوە، یان بەناوی (ترێ) ناونراوە، کە بەزمانی عەرەبی(عنب)ى پێ دەگوترێت. مێژووی دروستبوونی گوندەکە نادیارە، بەڵام ئەوە زانراوە، کە لەسەردەمی عەبدوڵای کوڕی عومەردا مزگەوتێک لەم گوندەدا دروستکراوە لەلایەن چەند پیاوێک، کە لە عەشیرەتی کەمانگەر بوون لەناو مزگەوتەکەدا و لەسەر کانی مەسوور درەختێکی پەڵگ یان چنار دەنێژن. مێژووی بونیادنانی بۆ ئەم چەند کەسە دەگەڕێتەوە، هەروەها دەرەختەکەش هەتا ئێستە ماوە و وەک یەکێک لە درەختە بەتەمەنەکانی کوردستان تۆمارکراوە. لەسەردەمی عوسمانیەکانیشدا ئاوەدانبووە و بەشێکی باخەکانی تاپۆی دەوڵەتی عوسمانیان هەیە. لە سەرژمێریی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٥٥٤ کەس بووە و لە ساڵی ١٩٦١دا زیاتر لە ١٧٠ خێزانی تێدا نیشتەجێبووە. مزگەوت، بنکەی تەندروستی، قوتابخانە و بنکەی کشتوکاڵی، کارەبای هەبووە، بەڵام بەهۆی شەڕی شۆڕشی کوردی و حکومەتی عێراق لە ساڵی ١٩٦١ هەتا کۆتایی شەڕی عێراق و ئێران، وردە وردە بەرەو چۆڵ بوون ڕۆشتووە. بەشێوەیەک ساڵی ١٩٨٧ ژمارەی خێزانەکانی بۆ ٧٠ خێزان کەمبووەتەوە. بەهۆی نزیکیی لە شاری هەڵەبجەوە چەندین جار وێران و تۆپباران کراوە هەر لەساڵی ١٩٦١ و ١٩٧٤ و لە شەڕی عێراق و ئێراندا بەهۆی بوونی مەعەسکەرێکی عێراقەوە چەندین جار بە تۆپی ئێران بۆردومانکراوە. لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا بووەتە شوێنی زۆرترین شەهید و لەیەکەم ساتی کیمیاباراندا ٢١٦ شەهیدی داوە، بەوهۆیەوە لە مەزارێکی گەوردا بەناوی گۆڕستانی شەهیدانی عەنەبدا بەخاکسپێرراون و لە ئێستادا گۆڕستانی سەرەکیی گوندەکەیە. ساڵی ١٩٩٤ لەلایەن ڕێکخراوی k.r.o بۆ ئاوەدانکردەوەی، کەرەستەی دروستکردنی ٨٦ خانووی داری بە دانیشتوانەکە داوە و هەروەها هەمان ڕێکخراو قوتابخانەشی بۆ دروستکردووەتەوە. ساڵی ١٩٥٤ بۆ یەکەمجار قوتابخانەی تێداکراوەتەوە. ساڵی ١٩٥٠ بۆیەکەمجار تەلەفزیۆن و ڕادیۆ هاتووەتە گوندەکە، کە هەردووکی بە پاتری و پیل ئیشیانکردووە. لەکۆتایی ١٩٦٠ کارەبای بۆ هاتووە. حاجی تۆفیقی حاجی نادر لە ساڵی ١٩٧٠ یەکەم ئۆتۆمبێلی هێناوەتە گوندەکە.

سەرچاوەکان:

  1. چەردەیەک لە تەمەن، حاجی محمد عەنەبی، چاپی یەکەم، چاپخانەی سیما، سلێمانی، ٢٠١٤، ل١٠- ٢٦.

ئامادەکردنی: د. مقداد عومەر عەبدوڵا

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

کێلەسپی

ساڵی ١٩٥٩ گوندی (کێلەسپی) لەگەڵ گوندی (جان جان) لەیەک دراوە و ناحیەی (سیروان) پێکهێنراوە. ساڵی ١٩٥٧ بە فەرمی هەردوو گوندەکە کراون بە یەک. کەوتووەتە سەرەتای لای ڕاستی ئەو ڕێگەیەی لە سیروانەوە بۆ هەڵەبجە دەچێت. بنچینەی ناوەکەی بۆ ئەو کێلەسپی و بەرزانە دەگەڕێتەوە، کە لە دروستکردنی گۆڕستانی گوندەکەدا هەبوون، ئەم کێلانە لە بەردی شاخ تاشراون و زۆرینەیان لە دوو مەتر بەرزتر بوون. هەتا ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بەشێک لەم کێلانە مابوون. دوو لە کێلەکان نوسراوی لەسەر هەڵکۆڵرابوو، لەکاتی هێرشی (زەعیم سدیق مستەفا) ساڵی ١٩٦٣، کێلەکان دیارنەمان. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٦٣ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٧ی بەشارەتە.

گەچێنەی زێڕوون

کەوتووەتە قەدپاڵی زنجیرە چیای سورێن. بە دووریی نزیکەی (١٣کم) کەوتووەتە خۆرئاوای ناحیە‌ی (خورماڵ)ەوە. لە حۆرئاواوە لەگەڵ گوندی بانیبنۆک و لە باکورەوە لەگەڵ خۆرهەڵاتی کوردستان و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی چنارە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی کانی ئاسکان هاوسنورە. مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵی ١٩١٠ دەگەڕێتەوە کاتێک (فەقێ محەممەد ئەکبەر) لە گوندی (قەویلەوە)هاتووە و بونیادیناوە. ‌لەچوارچێوەی هەڵمەتی ڕاگواستنی گوندەکانی سەرسنور، ساڵی ١٩٧٨ ڕاگوێزراوە بۆ ئۆردوگای زۆرە ملێی (شانەدەری و سەیدسادق). لەپاش ڕاپەڕین، ‌ساڵی ١٩٩٦ ئاوەدانکراوەتەوە‌ و لە ئێستادا چوار ماڵی تێدایە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٨ کەس بووە.

گردەچاڵ

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بەحرکە) لە پارێزگای هەولێر. هەڵەبجەییەکان لە دوای کیمیابارانی هەڵەبجە و گەڕانەوەیان لە وڵاتی ئێران، لە دەشتاییەکانی حەوزی بازیان و باینجان هێشتنیاننەوە، پاش ماوەیەکی کەم کۆمەڵێکی زۆیان لێ دەستبەسەرکران و بەره ‌و سنوری ئەم گوندە ڕاگوێزران و لە سەختترین ژیاندا نیشتەجێکران. بە سادەترین پێداویستی و کولەمەرگی ڕووبەڕووی سەختیی ڕۆژگارەکە کرانەوە. بە یارمەتی و چاونەترسی هەولێرییەکان توانیان ئەو ڕۆژانە بەڕێبکەن.

گردی قازی

لە باکورەوە لەگەڵ گوندی گوڵەخانە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی گردیگۆ و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی تەپەڕێزینە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی گێڵەک هاوسنورە. لەسەر سەرچاوەی ناوەکەی زانیاریەکی ئاشکرا نییە، بەڵام ئەوەی، کە دیارە میژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، کە بەشێک لە خێزانەکانی لە گوندەکانی دەوروبەرەوە، کە سەر بە(عەشیرەتی سەدانی)ن، دێنە ئەم جێیە و هەتا ئێستاش ماونەتەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٣ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٨ی کشەدەریی تەپەڕێزینەیە‌. لەئێستادا ژمارەیان ١٠٠ کەسە و بە سەر ٢٣ خێزاندا دابەشبوون. خاوەنی ٣٤٠ دۆنم زەویی بەراوە و نزیکەی ٨٠ دۆنمی باخی هەنارە. دیارترین کانی، کە گوندەکە بۆ کشتوکاڵ سودیلێوەردەگرن بەناوی (کانی گیڵەک)ەوەیە، ئەمە جگە لە بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی بۆ باخداری و کشتوکاڵ. گوندەکە ڕاستەوخۆ کەوتووەتە سەر ڕێگەی سەرەکیی (خورماڵ -سەیدسادق) و مزگەوت و بیری ئاوی خواردنەوە و ڕێگاوبان و هۆڵی بۆنەکانی هەیە. پیشەی دانیشتوانەکەی بریتییە لە کشتوکاڵ و باخداری و فەرمانبەری میری.

گردیگۆ

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) لەسەر سێڕیانی خورماڵ هەڵەبجە و سەیدسادق و لە نزیک پردی زەڵمە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (کوڵکنیی فەقێ کەرەم و کوڵکنیی حەمەسوور) و لە باکوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (گردی قازی و تەپەڕێزینە) و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی (تەپی سەفا) و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (تەپەتۆڵەکە، تەپەسەرقوڵە، کشەدەر) هاوسنورە. لە تۆمارە فەرمیەکاندا بەناوی کوڵکنیی خواروو ناوی هاتووە. هەندێکیش دەڵێن مێژووی زۆر کۆنە و پێدەچێت ئەو گردە بۆ سەردەمی گۆتییەکان بگەڕێتەوە. بەڵام مێژووی ئاوەدانکردنەوەی بۆ ساڵی ١٨٠٠کان دەگەڕێتەوە. سەرەتا ئەولمحمەمەدی کاخانی حەمەخانی محە ئاوەدانیکردووەتەوە، بەهۆی گردەکەی ناویەوە ناونراوە گردیگۆ و خۆشی بووەتە موختاری گوندەکە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ١٤٣ کەس بوون، کە ٨٣ نێر و ٦٦ لە ڕەگەزی مێ بوون. لە ساڵی ١٩٧٠ بەشێوەی کاتی قوتابخانەی تێدا کراوەتەوە و لە ماڵی هاوڵاتیەک بەناوی عەوڵای ئەحمەدی وەیسی، هەتا ساڵی ١٩٨٧ بەردەوامدەبێت و دواتر گوندەکە وێرانکراوە. لە کۆندا گۆڕستانی سەرەکیی گوندەکە گۆڕستانی شاوەیس و باوەیس بووە. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات مردووەکانیان لە گوندی شیرەمەڕ و شوێنانی دیکە بەخاکدەسپێرن. ڕێکخراوی HAD ئەڵمانی لە ساڵی ١٩٩٤ کەلوپەلی بیناسازی پێشکەش بە دانیشتوانی گوندەکە کرد و لەهەمان ساڵدا هەمان ڕێکخراو قوتابخانەی بۆ گوندەکە کردەوە. لەساڵی ١٩٩٣ ڕێکخراوی ڕابیتەی ئیسلامی کورد، مزگەوت و لە ساڵی ١٩٩٨ هۆڵی پرسەی بۆ گوندەکە دروستکردووە. لە ساڵی ٢٠٠٢ نەخۆشخانە لە گوندەکەدا کراوەتەوە. لە ساڵی ١٩٩٩ قوتابخانەیەکی بنەڕەتیی دیکە لە گوندەکە کراوەتەوە. لەڕووی خزمەتگوزارییەوە ئەحمەدی کوێخا ڕەشید خزمەتێکی زۆری بە گوندەکە کردووە و ژێرخانی ئاوەدانی هێناوەتە گوندەکە. لەساڵی ٢٠١٦ مزگەوتەکە بە شێوەی خێرخوازی نۆژەنکراوەتەوە و هۆڵی پرسەی پیاوان دروستکراوە. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی گوندەکە و سێڕیانی هەڵەبجە بۆ خورماڵ و سیروان و پێگەی ستراتیجیی گوندەکە لە ڕووی سەربازییەوە، تەنها لەسەردەمی زەعیم سدیق چوارجار گوندەکە سووتاوە و کاولبووە. لە شەڕی ناوخۆدا دووبارە شوێنی پێکدادانی هێزە کوردییەکان بووە و بەردەوام هێرشیکراوەتەسەر. لە نەخشەی گرتنی هەڵەبجە وەک شوینێکی سەرەکی و دابڕینی هەڵەبجە لە سلیمانی هێرشیکراوەتەسەر.

گریانە

بە دووریی (٢٥کم) لە باشورى خۆرهەڵاتى شاری هەڵەبجەوە دوورە. سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. کەوتووەتە سنوری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستان. لە خۆرهەڵاتەوە ڕووباری سیروان لەگەڵ گوندی شێخان لە شارستانی پاوە لەیەکیان جیادەکاتەوە. له خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (هاوار، هاوارە کۆن) لە باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی (بۆین و ڕێشاو) و لە باکورەوە لەگەڵ شارەدێی تەوێڵە و گوندەکانی (سۆسەکان، دەرەتفێ) هاوسنوره. دەربارەی ناوەکەی، بۆچوونی بەهێز ئەوەیە، کە لەئاڤێستادا بە (گارێهانە) ناوی هاتووە. بە تێپەڕبوونی کات لەسەر زار بۆ (گریانە) گۆڕاوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٨٣ کەس و ساڵی ٢٠١٦دا ٦٥٠ کەس بووە. کۆمەڵێک گۆڕستان و ئەشکەوتى تێدایە لەوانە ئەشکەوتى (کونیل، زاخێ، دووەر، مقەر، کولێن دەشت)، هەروەها شوێنەواری ٣٥ خانو و میحرابی مزگەوت و بەردە دنگێک و دوو ئاش تێیدا بەجێماوە، یەکێکیان تەمەنى بۆ زیاتر لە ‌١٠٠ ساڵ دەگەرێتەوه. گریانە بە دارەبەن بەناوبانگە. چەندین کانی و کارێزی‌ تێدایە، لەوانە (کانی پیرکامڵ، کانی بن گوێز، کانی کونێل، کارێزی وەیسە، کارێزی حەمەکافە). زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥٣ی گریانەیە‌.