بەرگی چوارەم
شوێنی دەستکرد (گوند و شار)
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
بەرگی چوارەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) لە نێوان سەنتەرى شارى هەڵەبجه و شارۆچکەی سيروان. بە دووریی نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە سەنتەرى شارى هەڵەبجه و بە دووریی نزیکەی چوار کیلۆمەتر لە سەنتەرى شارۆچکەی سيروانەوە دووره. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندى بياوێڵە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندى زەمەقیی ژووروو و له خۆرئاواوە لەگەڵ گوندى بەکراوا و لە باکور و باکورى خۆرهەڵاتيشەوە لەگەڵ گوندەکانى (تەپەکوڕه، قشڵاخەڕووته) هاوسنورە. (٥٥٠ بۆ ٥٩٠م) لە ئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە. بەشێک لە دانيشتوانەکەى موچەخۆرى حکومين بەشێکى تريان به کشتوکاڵ و باخدارى و کێڵگەى پەلەوەرييەوە خەريکن، هەتا ساڵى ١٩٩٥ (کارێزى زەمەقى) (کانى سپى) سەرچاوەى سەرەکیى ئاودێرى بوون، بەڵام لە ئێستادا بەگشتى پشت بە بيرە قوڵ و مامناوەندەکان دەبەسترێت. بۆچونى باو ئەوەيە ناوەکەی لە (زاموا +کى)يەوە هاتبێت، کە بەواتاى شوێن يان سەرزەمينى (زاموا)کان، يان لە (گوڵى زەمبەق)ەوە هاتبێت، کە کاتى خۆى لەم جۆرە گوڵه لە گوندەکەدا زۆر بووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٠٤ کەس بووە و لە ئێستادا ١٢٠ کەسە. بە يەکێک لە گوندەکانى (نەوڕۆڵى) دادەنرێت، بەڵام دانيشتوانەکەى بەسەر عەشرەتەکانى (نەورۆڵى، عەمەڵە، هارونى) دابەشبوون، خزمەتگوزارييەکانى (مزگەوت، قوتابخانه، ڕێگەى قير، بنکەى تەندروستى و تۆڕى ئاوى ماڵان، کارەباى نيشتمانى) هەيە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢ی زەمەقییە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سيروان) لە نێوان سەنتەرى شارى هەڵەبجه و شارۆچکەی سيروان. دوو کیلۆمەتر لە سەنتەرى شارى هەڵەبجه و به دووریی نزیکەی شەش کیلۆمەتر لە سەنتەرى شارۆچکەی سيروانەوە دوورە، لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ هەردوو گوندى (عەنەب و بياوێڵه) و لە باشور و باشورى خۆرئاواوە لەگەڵ سەنتەرى شارى هەڵەبجە و گوندى (هەسەنئاوا و بەکراوا)، لە باکوريشەوە گوندى (زەمەقیی خواروو) هاوسنورە، گوندێکى هەتا ڕادەيەک تەخته. (٥٨٠ بۆ ٦٣٠م) لەئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. بەشێک لە دانيشتوانەکەى موچەخۆرى حکومين بەشێکى تريان بە کشتوکاڵ و باخداريیەوە خەريکن بەتايبەت بە کشتوکاڵى سەوزە به هەموو جۆرەکانيەوە بەناوبانگە. بۆچونى باو ئەوەيە، که لە (زاموا +کى)يەوە هاتبێت، کە بەواتاى شوێن يان سەرزەمينى (زاموا)کان دێت، بەڵام دانيشتوانى گوندەکە پێيانوايە لە (زۆنگ و بۆق)ەوە هاتووە لەبەرئەوەى ناوچەيەکى شێدار و ئاودار لەهەمانکات گەرم بووە، بۆق و هاڵاوى شێ و گەرماى هەبووە، له ئێستادا سێ ماڵ نيشتەجێى گوندەکەن بەشێوەى هەميشەيى و سەر بە عەشرەتەکانى (نەورۆڵى، تاوگۆزى، هارونى)ن، جگە لە کارەباى نيشتمانى، هيچ خزمەتگوزاريیەکى دیکە لەم گوندەدا بوونى نیيە، سەرچاوە ئاوييەکانى بريتيیە لە (کارێزى زەمەقیی ژووروو) و (کانى سپى، کانى ڕەش، کانى بنگرد) و لەهەمان کات هەرسێ چەمى (خڕى خەزێنە، چەمى کانى سپى، حەمەوغان)ن، دەشتاييەکانى (بانەبۆر، گردەکەى مام سەعا، بەر گرد، بەر کارێز، شەلە سوور) لە سيما جوگرافیيەکانى گوندەکەن. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٨٢ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢ی زەمەقییە.
ئاوایییەکی دێرینی بناری چیای سورێن بووە لە سنوری ناحیەی (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی نەوێ و لە باشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی دەرەگۆلان و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی قاینجە هاوسنورە. دانیشتوانی لە کۆتایی ساڵانی ١٩٣٠ هاتوونەتە بناری قەڵاکان و لەشوێنی ئێستەی گوندی کانی ئاسکان نیشتەجێبوون، کە کانییەکی تێدابووە و ئاسکی تێدابینراوە. حاجی تۆفیق بەگ کەسایەتیی دیاری گوندەکە ناوی ناوە کانی ئاسکان. زێڕوون جگە لەوەی ناوی ناوچەیەکی دیاری بناری سورێنە، دانیشتوانی ناوچەکەش وەک نازناوی خۆیان بەکاریدەهێنن. دەربارەی ناوی زێڕوون، دەڵێن بەهۆی بوونی ئاوێکی ڕوونەوە ئەو ناوەی لێ نراوە بە واتای زێیەک، کە ئاوەکەی ڕوون بێت. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٢٩ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٢ی زێڕۆنە.
سەر بە ناحيەى (سيروان)ە. (١١کم) لە باشورى خۆرهەڵاتى شارى هەڵەبجەوە و دوورە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانى (کۆساوا و ڕێشاو) و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (لمە و تلەوەرێ و نەيجەڵە) و لەباکورەوە لەگەڵ گوندەکانى (عەبابەيلێ و بامۆک) هاوسنورە. لەنێوان چەند زنجیرە چیا و دۆڵ و دەشت هەڵکەوتووە. بەناوبانگترینیان زنجیرە چیاکانی (سەرکەورگ، ملە هومڵە، شنروێ) و شاخەکانى (قەڵای سازان، جۆجاڕ، باوە خەمان، کەمەرەسور، سەرهەنار) و دۆڵەکانى (چەمی ملە، چەمی دۆڵان، چاوگ، چەمی دەراش، چەمی خوارباخ، چەمی تەپە خەزێنە، چەمی دۆڵی کەورگ، چەمی کەمەرسور) و (دەشتی سازان)، کە بە (دەشتێ) ناسراوە دەشتێکی بەپیتە و بەراوە. سەرەتا لە ناوچەی سازان چەند بنەماڵەیەک لە کوردستانی ئێرانەوە هاتوون و لە (باسکی کەلاران) نیشتەجێبوون. پاش ئەوەی (شێخ موئمن ) لە ناوچەی (وەزەنێى بەڵخە)ی هەورامان نیشتەجێبووە لەگەڵ دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیە نەگونجاوە و بەجێیهێشتووە و لە ناوچەی سازان نیشتەجێبووە و مزگەوتێکی تیادا دروستکردووە، پاشان (تفەنگ چیەکان) و چەند بنەماڵەیەکی (لۆراوبەگی) هاتوون نیشتەجێبوون، مێژوی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی سێ سەدە بەر لەئێستا، سەبارەت بە ناوى (سازان) دوو بۆچون هەیە، يەکەميان پێیوایە (سازان) لە ناوی (ساسان)ەوە هاتووە، لەناوچەی سازان پاشماوە و ئاسەوارێکی زۆری ساسانییەکانی تێدايە، (ساسان) گۆڕاوە بۆ (سازان)، بۆچونى دووەم ئەوەیە کاتێک (شێخ موئمن)، کە لادێکەی دروستکردووە گەڕاوەتەوە بۆ ئەو ناوچەیەی لێی هاتبوو، پرسیاریان لێکردووە چیت کردووە؟ ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت "شوێنیکم بۆ خۆم سازان". پێکهاتەی دانیشتوانی سازان بەگشتى سێ بەشن، بەشى يەکەميان، کە دوو لەسەر سێى دانيشتوانەکەى پێکدەهێنن بريتين لە شێخ و سەييدەکان، کە هەندێکیان لە سەیدەکانى (سەڵوەتاوا (سەڵوەتاباد)ی کوردستانی ئێران و هەندێکیشیان لە سەیدەکانی (عەبابەیلێ)ن بەشی دووەميان لە ناوچەی (لۆراوبەگی) لە کوردستانی ئێرانەوە هاتوون و لەپاڵ شێخەکاندا نیشتەجێبوون، هەرچى بەشى سێهەمە لە خێلی (تفەنگچییەکان)ن، ئەمانەش هەر لە ئێرانەوە هاتوون. لەڕابردوودا (٨٣)ماڵ بووە، بەڵام لە ئێستادا خەڵکى گوندەکە تەنها لەکاتى وەرزى کشتوکاڵ و ئاودێرى دەگەڕێنەوە گوندەکەيان. کانییەکانی سازان بریتین لە: چاوگی سازان، سەروەزەن کانی بەروەزەن، کانی سوڵتان، کانی شێخ عەلی، کانی مزگەوت، کانی دەراش، هەروەها بەشێک لە سنورەکەی کەوتووەتە سەر (ڕووباری سیروان)، کە سروشتێکی جوانی بەخشیوە بە ناوچەکە، لەڕابردودا چەند ئاشێکی ئاويی تێدا بووە و تەنانەت خەڵکی گوندەکانی هاوسنوريشى باراشیان بۆ هێناون و لەو ئاشانەدا هاڕیویانە، لە ئێستادا دانیشتوانی سازان بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریيەوە خەریکن، هەروەها لە دۆڵی چاوگی سازان و بەردەم (کانی سەروەزەن) باخێکی زۆری هەنار هەیە، کە زیاتر لە سەد دۆنم دەبێت و چەند جۆرێک هەنار بەرهەمدەهێنن وەک (هەناری ساڵە خانی) و (لا ڕەشە)، بەهۆى باشى و بەرزیى کواليتیى هەنارەکەى، ناو و ناوبانگێکی باشی هەیە. لەسەردەمی حکومەتی پاشایەتی و کۆماریدا خزمەتگوزارييەکانى (قوتابخانە و نەخۆشخانە و مزگەوت و تۆڕى ئاو و ڕێگەى خاکى) بۆ دروستکراوە، کە پێش ڕاگواستنی گوندە سنورييەکان منداڵەکانی گوندەکانى دەوروبەر لە قوتابخانەکەی سازان خویندوویانە. لەسەردەمى حکومەتی هەرێمدا تەنها پڕۆژەی کارەبای نيشتيمانى بۆ ڕاکێشراوە. سەیرانگای (پشت قەڵا) کەوتووەتە سنوری ئەم گوندەوە. زەوییەکانی لەسەر کەرتی ژمارە ٣٢ی سازانە.
کەوتووەتە ناوچەی نەورۆڵی و بە دووریی نزیکەی هەشت کیلۆمەتر لە باشوری خۆرئاوای شاری هەڵەبجەوە دوورە. سەر بە ناحیەی (سیروان)ـە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی هانەسوورە و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (هانەژاڵە و گوندە) و لە باشورەوە لەگەڵ هەردوو شاخی (سماقان و باڵامبۆ) و لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانى (بێ لەنگە و چرۆسانە) هاوسنورە. ڕووبەری گوندەکە ١٠٢٥ دۆنمە. لە ڕابردوودا لە بەشی خوارەوەی شوێنی ئێستای گوندەکە بووە و ساڵی ١٩١٤ دانیشتوانەکەی هاتوونەتە ئەم شوێنەی ئێستای. ساڵی ١٩٧٤ بۆردومانکراوە، ساڵی ١٩٧٨ ڕاگوێزراوە، پێش ئەو ڕێکەوتە نزیکەی ٩٢ ماڵی تێدابووە، کە قەرەباڵغترین گوندی ناوچەی نەوڕۆڵی بووە، لەئێستادا شەش ماڵ بۆ ئاژەڵ بەخێوکردن و ئاودانی باخ سەردانی گوندەکە دەکەن. گرنگترین شوێنەکانی: قەبرسانی میران بەگ، کونە سوچەڕ، کوڕێی باڵامبۆ، شاور، کانگە بەردان، دارمازگان، بانە ساراتین، دۆڵی بەڵالوکان، ڕێگەی پیرغەوی، سەردەرە، تەپەسەوز، دۆڵە دووگەران، قەبرسانی چریکەکان، بەنەسیری، تووی سەیلێ). کانییەکانی(کانی سەرچاوگە، کانی قوڵقووڵە، کانی پلوورگ، قشڵاغان، کارێزی مامۆ حسین، کارێزی فەتاح ساڵح، کارێزی مامۆ ئەمین، کانی مەلا ئەحمەد، هسێر). لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٤٣ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٣٠ی گوندە و سەراوە.
بە دووریی (١٥کم) کەوتووەتە باکوری ناحیەی (بیارە) لە بناری چیاکانی هەورامان. لە باکور لەگەڵ گوندی دەرەیمەڕ و لە باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی (باخەکۆن، گەچێنە و گوڵپ) و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی ھانەودنی و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (ئەحمەدئاوا و زەڵم) ھاوسنورە. (١٠٣٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ناوەکەی: لە وشەی (سەرگورد)ەوە هاتووە، کە گوایە فەرماندەیەکی سەربازیی کۆن بووە. یان لە(سەرگاتیا)وە، کە گوایە سروتێکی کۆنی ئایینی بووە. بۆچوونی باو پێیوایە لە(سەرخەتە)ەوە هاتووە، بەو پێیەی لەکاتی دەسەڵاتی (عوسمانی و سەفەوی)دا سنوری جیاکەرەوەی هەردوو دەسەڵات بووە. ئەشکەوتی گاوران و قەڵای سەرگەت دوو شوێنەواری کۆنی گوندەکەن. پێش ڕاگواستنی گوندەکان ساڵی ١٩٧٨ زیاتر لە ١٢٠ ماڵی تێدا بووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی نیشتوانەکەی ٢٠٩ کەس بووە. لە ئێستادا نزیکەی ٦٠ ماڵی لێیە. مەولانا خالد ساڵی ١٨٠٥-١٨٠٩ سەردانیکردووە. ساڵی ١٩٤٩ خوێندنگەی نەهێشتنی نەخوێندەواری و ساڵی ١٩٥٠ قوتابخانەی سەرەتایی بۆکراوەتەوە. سێ مزگەوت و پڕۆژەی ئاوی (هەمەشوانە) و جادەی قیر و هێڵی کارەبای نیشتیمانی هەیە. کانی(هەمەشوانە، قاڵاوڵێ، شێراو، چەندین کانی دیکە)ی هەیە. سەر بە کەرتی کشتوکاڵی ٤٦، باخەکانی ڕووبەریان لە دۆنمێک و چەند ئۆلکێک تێپەڕ ناکات. باخ و باخاتی لێیە. دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی ئاوی سازگار وەک کانیاوەکانی هەمەشوانە و کلکەی ئەسپ، بنکەی تەندروستی تێدایە، ئەفراسیاوبەگ کردویەتییە سەنتەری دەسەڵاتداری خۆیی، کە ئەدمۆنز سەردانیکردووە و ڕادیۆی بە دیاری بۆ هێناوە. دانیشتوانەکەی بە باخداری و کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکن، چەندین شوێنەوار و ئاشکەوتی تێدایە وەکو ئەشکەوتی گاوران و باواناوس. زهۆرە، گۆڕستانێکی کۆنیشی تێدایە بەناوی گۆڕی (غەریبان). کۆڵانی باخچەکە لە مەیدانی گوندی سەرگەتەوە بە ئاراستەی مزگەوتی چنار دەڕوات، کە یەکێکە لە کۆڵانە بەناوبانگەکان و دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی هەیە و خەڵکی وێنەی لێدەگرن. چەندین مەزار و کەسایەتیی بەناوبانگی لە کۆن و ئێستادا هەیە و بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری.
بە دووریی نزیکەی دوو کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (گڵێجاڵ)ی سەر بە ناحیەی (بەمۆ). ساڵی ١٩٥٦ لە لایەن بەشێک لە ماڵەکانی گڵێجاڵەوە دامەزراوە. زەوییەکانی گوندەکە تێکەڵە لەگەڵ زەوییەکانی گڵێجاڵ. باس لەوە دەکرێت کە ناوەکەی (سەعداوا) ئاماژەیە بۆ دڵخۆشی و سەعادەت (لە زمانی عەرەبی). گوندەکە لەدامێنی بەرزیدایە، بەشی خوارەوەی هەتا ڕادەیەک تەختاییە، سەرچاوەی ئاو و لەوەڕی پێویستی هەبووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٧ ژمارەی دانیشتوانەکەی ٧٤ کەس بووە. بەڵام لەکاتی ئێستادا گوندێکی چۆڵە و هیچ ماڵێکی تێدانییە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٤٦ی گڵێجاڵە.
کەوتووەتە قەدپاڵی چیای (کەمەر کەنۆڵە) لەبەردەم لوتکەی (تۆپخانە) و شاخی (هەوارەبەرزە). لە گەڵ شارەدێی تەوێڵە و گوندی شوشمێ لە دیوی ئێران و لە خۆرئاواوە بەڵخە و لە باشورەوە لەگەڵ پاڵانیان هاوسنورە. (١٤٢٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەربارەی ناوەکەی سێ بۆچوون هەن، کە ئەمانەن: یەکەمیان پێیوایە لە (سوێسکە)ەوە هاتووە چونکە لە هەورامیدا پێیدەوترێت (سوس)، گوایە ئەم باڵندەیەی زۆربووە. دووەمیان پێیوایە لە(سێ سەکوان)ەوە هاتووە، چونکە لە سێ گەڕەکی بەناوەکانی (کەلارا) کە کۆنترینە، (دەگا) ناوەڕاستی گوندە و (منارا) لەلای خۆرهەڵاتیەوە) پێکهاتووە. سێیەمیش پێیوایە لە (سۆسەن خان)ەوە هاتووە. مێژووی دروستبوونی ١٥٠ ساڵێک زیاتر نییە، (قەڵای شاتر، قەڵای قرتە، قەڵای تەوەن چەخماخ، قەڵای باجگیرا و تۆپخانە)ی لێیە، کە ساڵی ١٩١٢ عوسمانییەکان دروستیانکردووە. هۆکاری دروستبوونی ئەم قەڵایانەش بۆ ململانێی عوسمانی و سەفەوییەکان دەگەڕێتەوە، چونکە گوندەکە لەسەر سنوری هەردوولا بووە. دانیشتوانی پێش جەنگی جیهانی یەکەم تەنها ٢٠ ماڵ بووە. لە سەرژمێریی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٤ خێزان و ٢٢٣ کەس بووە. لە ٢٠٠٣ زیاتر لە ٢٠٠ خێزان بووە و بەشێکی کەمیان لە گوندەکە نیشتەجێبوون. جگە لە کاری باخداری، بەشێکیان بە بازرگانی لەنێوان هەردوو دیودا سەرقاڵن. ساڵی ١٩٥٧ قوتابخانە و لە ١٩٦٩ بنکەی تەندروستی و لەسەردەمی پاشایەتیدا مەخفەری پۆلیسی تێداکراوەتەوە و ئێستا هێزی پێشمەرگەی تێدایە. گەناوڵێ، گەڕەکێکی دیاری گوندەکەیه. ناوەکەی بە واتای ئاوی (گەنیو) یان (پیس) دێت، چونکە لە پێشتردا کانییەک بووە، ئاوەکەی کەم بووە، (سوور پیاز و زەردەواڵە)ی زۆری تیابووە. دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان، ژمارەیەک لە سۆسەکانەییەکان تێیدا نیشتەجێبوون. وەک گەڕەکێکی گوندەکە لە ئێستادا هەژماردەکرێت. (گەناوڵێ و مێشلە)ی بەڵخە لە چەند سەرچاوەیەکدا وەک گوند ناوهێنراون. بەڵام لە ڕاستیدا و لە بنەڕەتدا هەوارگە یان سەیرانگە بوون. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥٦ی سۆسەکانە.
سەنتەرى ناحیەی (سیروانە)ـە. کەوتووەتە سەر شاڕێگەی سەرەکیی (هەڵەبجە - سلێمانی). سنوری شارەوانیەکەی لە ئێستادا لە چوار گەڕەکی (ئاشتی، ئازادی، پەرلەمان، شەهیدان) پێکدێت. خەڵکەکەی زیاتر بە کشتوکاڵ و بە خێوکردنی ئاژەڵەوە خەریکن. لە هەلومەرجی سیاسیی ١٩٧٥-١٩٨٠ و بڕیاری ڕاگواستنی گوندەکانی سنور، کۆمەڵگای زۆرەملێ لە بەشی خۆرهەڵاتیدا دروستکراوە، کە بەشێک لە گوندەکانی شەمێران و نەورۆڵی و هەورامان و هەردوو گوندی (ڕەنگینە و ئارووزەر)ی شارباژێڕی تێدا نیشتەجێکراوە. کارگەی پەتاتە و باخ و نەمامگە و سایلۆی تێدا بووە. دیارترین مەرگەساتی سووتانی بینا سووتاوەکەی سیروان بووە، کە لە ئەنجامی بۆردومانی ئێرانەوە ساڵی ١٩٨٦ نزیکەی ٣٠٠ هاوڵاتی بوونەتە قوربانی. لە ئێستادا بیناکە وەک مۆنۆمێنتێک بۆ یادکردنەوەی ئەو کارەساتە ئامادەکراوە. لە تۆڵەی بەشداری خەڵکەکەی لە خۆپیشاندانی ١٣ی ٥ی ١٩٨٧دا ڕژێم چەند هاوڵاتییەکی زیندەبەچاڵ دەکات. بەپێی سەرژمێریی ١٩٧٧ژمارەی دانیشتوانی ١٩٢٩٠کەس بووە و لە ١٩٨١-١٩٩٧ ژمارەکەی بووەتە ٢٩٤٢٢ کەس. لە ئێستادا فەرمانەگەکانی شارەوانی و کشتوکاڵ و ئاو و کارەبا و کارتی نیشتمانی و مەڵبەندی تەندروستی و کتێبخانەی گشتی و گەلێک قوتابخانە و فەرمانگەی تری حکومی تێدایە.
لە باکورى خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ شارۆچکەی خورماڵ و لە باشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ شارۆچکەی بیارە هاوسنورە. لە خۆرهەڵات و باشوری خۆرهەڵات ڕووباری سیروان لە خۆرهەڵاتی کوردستان جیایدەکاتەوە. لە خۆرئاوا و باکوری خۆرئاواوە قەزای سەیدسادق و شارەزوور و لە باشوری خۆرئاواشەوە بە دەریاچەی دەربەندیخان و قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی دەورەدراوە. ساڵی ١٩٥٩ بە بڕیاری (مەلیک فەیسەڵ) هەردوو گوندی (کێلەسپی) و (جان جان) لە دەشتی شارەزوور دەکرێن بە یەک و بەناوی شارۆچکەی (کێلەسپی)یەوە دەناسرێت. دەربارەی ناونانیشی بە (دوجەیلە) هۆکارەکەی بۆ هێنانی پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی لە ناحیەی (دوجەیل)ی نزیک بەغداد دەگەڕێتەوە، کە بریتیبووە لە پەنجا خانوو و نەمامگە و پڕۆژەی کشتوکاڵی. دواتریش بەفەرمی بە ناحیەی سیروان لە تۆمارە فەرمیەکاندا تۆمارکراوە. ناحیەکە لە ٧٧ گوند و ٤١ کەرتی کشتوکاڵی پێکهاتووە. زیاتر لە ١٧٨ کانی و سەرچاوەی گرنگی ئاودێری لێیە. پێگەیەکی گرنگی کشتوکاڵی و بەروبومی دانەوێڵە و سەوزە و میوەی هەیە. سەنتەری شارۆچکەکە (٥١٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە چەندین عەشیرەت پێکهاتووە، وەک عەشیرەتی نەورۆڵی، شێخانی بەرزنجی، ساباتی، هارونی، کەڵهور، شەکرالی و زەردۆیی و ئێناخی. ڕووبەرەکەی بەردەوام لە گۆڕانکاریدا بووە. ساڵی ١٩٦٥ بریتیبووە لە (٨٧٣کم٢)، کە ڕێژەی (٤٠.٧%)ی ڕووبەری قەزای هەڵەبجەی پێکهێناوە. بەڵام ساڵی ٢٠٠٢ ڕووبەرەکەی (٣٦٩کم٢) بووە، کە ڕێژەی (٤٦.٣%)ی قەزای هەڵەبجەی پێکهێناوە. ژمارەی دانیشتوانەکەی بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٩٦٥ بریتیبووە لە ٢٠٦٠٣ کەس، کە ڕێژەی ٢٥.٤%ی دانیشتوانی قەزای هەڵەبجەی پێکهێناوە. بەڵام بە پشتبەستن بە پێشبینیەکانی دانیشتوان لە ساڵی ٢٠٢٣ گەیشتووەتە ١٥٣٢٨ کەس.
کەوتووەتە باشور و باشورى خۆرهەڵاتى شارى سلێمانى. بەگرنگترین و گەورەترین دەشتى ناوچەی شاخاوی دادەنرێت. درێژیی لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا نزیکەى (٤٥کم)ە و پانییەکەى لەنێوان (١٥ بۆ ٢٠کم) و لە هەندێک شوێن دەگاتە (٢٥کم). (٤٥٠ بۆ ٦٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە خۆرهەڵاتەوه چیاکانى هەورامان و لە باکورەوە چوارتا و لە باشورەوە شاخی باڵامبۆ دەوریانداوە. دەربارەی بنەڕەتی ناوی شارەزوور، جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان مێژوونوس و جوگرافیناساندا: هەندێک دەڵێن لە دوو بڕگە پێکهاتووە: (شهر) بەمانای شار و (زور) بەمانای هێز دێت، واتە (شاری هێز). هەندێکی تر پێیانوایە لە دوو وشەی کۆنی کوردی شاھ (شا) و (ڕەزوور)، واتە (دارستان) پێکھاتووە، کە بەسەریەکەوە واتای (دارستانی شاھانە) دێت. هەندێکی تر بۆچوونیان وایە لە دوو وشەی کۆنی کوردی (شار) و زوور (کۆن) یان(گەرم) پێکھاتووە، کە بەسەریەکەوە واتای(شارەکۆنەکە) یان (شارەگەرمەکە) دێت. یاخود بە شاری فەیرۆز (شهر فیروز) ناسراوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ شا قوبادی کوڕی فەیرۆزی ساسانی. سنورێکی جێگیری نەبووە و لە هەر قۆناغێکی مێژوویی سنورێکی تایبەت بەخۆی هەبووە و بەردەوام ئەم ڕوبەرەش کەم و زیادی کردووە و گۆڕاوە. لەسەرەتاکانی سەدەکانی ئیسلام سنورەکەی بە جۆرێک بووە، کە گەڕیدە (یاقوت الحموی) دەڵێت: کەوتووەتە نێوان ئەربل (هەولێر) و (همدان) بەجۆرێک سنورەکەی لە باشور بە حلوان و خانقین و کرخ جدان دەورەدراوە، لە خۆرهەڵاتی چیای سلق (لاهیجانی ئێستا) هەولێر لە باکور و باجومی لە ڕۆژ ئاوا دەورەیانداوە. خاوەنی کتێبی فتوح البلدان، (البلاذری) لەمبارەوە دەڵێت: لەسەرەتا و پاش فەتحی ئیسلامی، ئەم بۆ ئەم ناوچەیە شارەزوور سەر بە موسڵ بووە بەم شێوەیەش ماوەتەوە بە درێژای حوکمڕانی ئومەوی تاوەکو سەردەمی خەلیفەی عەباسی (هارون الرشید) لێیجیاکرایەوە. لەسەرەتای حکومڕانی ئیسلامدا لە ڕووی کارگێڕییەوە شارەزوو سەر بە موسڵ بووە و دواتر بووەتە هەرێمێکی سەربەخۆ. دەربارەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە ئەوا سەرچاوە ئیسلامییەکان باسی لێوە دەکەن، کە کوردن بەڵکو یاقوت الحموی دەڵێت: هەموو دانیشتوانی شارەزور کوردە. چەند هۆزێکی کوردیی لەم ناوچانە ژیاون، وەک هۆزەکانی (جلالی و سوەلی و باسیان و حکمی). سەبارەت بە فەتحکردنی شارەزور لە لایەن مسوڵمانەکانەوە، یەکەمجار سەرکردەی سەربازیی مسوڵمانەکان (عزرەی کوری قەیس)، کە والی شاری حلوان بوو ویستی شارەزوور فەتح بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، دواتر (عتبەی کوڕی فەرقەد) لەپاش ئەوەی، کە ناوچەکانی (باجرمی) – کەرکوک -ی فەتح کرد ڕووی لەشارەزوور کرد، پاش ڕوودانی شەڕ، توانی لە ساڵی ٢٠ کۆچی (٦٤١ز) فەتحی بکات، لەکاتی فەتحکردنیدا، دووپشکی ئەم ناوچەیە زۆرێک لەموسوڵمانەکانی شەهیدکرد، یاقوت الحموی ئاماژە بەوە دەکات، کە دووپشکی کوشندە لەم ناوچەیەدا هەیە و خراپترن لە دووپشکەکانی نەسیبین. شارەزور لە سەدەی یانزە تاوەکو سەدەی شانزە، بە دەستی میرنشینی ئەردەڵانەوە بووە. چەندین شوێنەوار لەو سەردەمەدا بەجێماوە وەک (یاسین تەپە). ساڵی ١٥٥٤ ناوچەکە کەوتووەتە دەستی عوسمانییەکان، بڕیاریاندا حکومەتی خۆجێی بۆ سەرکردە کوردەکان پێکبهێنێت، ئەیالەتی شارەزوور دادەمەزرێت. بۆیە ڕاستەوخۆ نەخراوەتە ناو سیستەمی کارگێڕیی عوسمانییەوە. فەرمانڕەواکان ئەندامی ھۆزە کوردییەکان بوون و تەنیا بە دەگمەن سەربازی عوسمانی لە ئەیالەتەکەدا ھەبوون. لە سەدەی هەژدە و نۆزدەھەمدا، ئەیالەتەکە کەوتە ژێردەستی بنەماڵەی بابان، ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە توانیان بە گەرەنتیکردنی ئاسایشی سنورە ناجێگیرەکانی دەوڵەتی عوسمانی لەگەڵ ئێران لە بەرانبەر ئۆتۆنۆمی تەواودا، دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن. سنجاقی بابان، کە شاری کەرکوکی لەخۆگرتبوو، بەناوی ئەو بنەماڵەیەوە ناونراوە. ساڵی ١٨٥٠دا دواجار دەسەڵاتی بابانەکان کۆتاییھات و ھەرێمەکە لە ساڵی ١٨٦٢دا خرایە ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی ویلایەتی بەغداوە، بەڵام ڕووخانی بابانەکان بووە ھۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھۆزەکان و ئەو ئاژاوەیەی، کە لە ئەنجامدا دروستبوو، تەنیا بە سەرھەڵدانی ھۆزێکی دیکەی کورد بە ناوی (بەرزنجی) لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا کۆتاییپێھات. خاکى دەشتی شارەزوور بە بەرزیى ڕێژەى بەپیتیەکەى ناسراوە، بەهۆى ئەو نیشتەنیانەى جۆگە ئاوییەکان لەچیاکانى دەوروبەریەوە بۆى دەهێنن، ئاوى تانجەرۆ و سەرچاوەکانى دیکەى زەڵم و چەقان، بەشەکانى ناوەڕاست و خۆرهەڵاتى دەشتەکە ئاودێریدەکەن. لەخۆرهەڵاتى دەشتەکەدا بەنداوى دەربەندیخان دروستکراوە، ڕووبەرێکى بەرفراوانى دەشتەکەى داپۆشیوە. لە ڕووى کارگێڕییەوە لە ئێستادا ناوچەکانى قەزاى شارەزوور و بەشێکى فراوانى پارێزگاى هەڵەبجە و بەشی باشورى شارۆچکەى تانجەرۆ، دەکەونە ئەم دەشتەوە. گرنگترین شارەکانیشی پارێزگاى هەڵەبجە و سەیدساق و عەربەت و خورماڵ و سیروان و قەزای شارەزوور و زەڕایەنە. لاپەڕەکانی مێژوو بە ناوی چەندین ناوداری شارەزوورییەوە ڕازێنراونەتەوە.
یەکێکە لە گوندە شوێنەوارییەکانی دەشتی شارەزوور، لە نزیک گوندی تەپەتۆڵەکە هەڵکەوتووە. دوو برا ئاوەدانیانکردووەتەوە و خەڵکێکی زۆر لە چواردەوریدا لە شوێنە جیاوازەکانەوە کۆبونەتەوە. هەتا چەندساڵێک پێش ئێستە شوێنەواری گوندەکە مابوو. بەهۆی کێڵانی زەویوزارەکانی ناوچەکە وردەوردە شوێنەوارەکەی تێکچووە. گۆڕستانێکی گەورەی هەبووە و هەر بەهەمان ناو، ناودەبرێت. کانی شاوەیس و باوەیس یەکێکە لە کانیە بەناوبانگەکانی گوندەکە و ئاوی ئەم کانیە لە دووریی (٢٠٠م) دەڕواتەوە سەر چەمی زەڵم. حەوزێکی بۆ کراوە. لەبەر زۆریی ئاوەکەی، ئاشی لەسەر دروستکراوە. ئاشەوانەکانی دوو کەس بوون بەناوی حەمەمیرزا، کە ئێرانی بووە و حەمەی تۆفیق، کە خەڵکی گوندی تەپەسەرقوڵە بووە. لە ساڵی ١٩٥٤ ئاشەکە بووەتە موڵکی حاجی حەمەعەلی ئەولقادر تەپەتۆڵەکەیی. دانیشتوانی گوندی تەپەتۆڵەکەی ئێستە بە دانیشتوانی ڕەسەنی ئەو گوندە دادەنرێن و هاتونەتە شوێنی ئێستەی گوندەکە بۆ ژیانکردن.
بە دووریی نزیکەی (١٠کم) لە سەنتەری ناحیەی (خورماڵ)ـەوە دوورە. لە باکورەوە لەگەڵ تەپی سەفای سەروو و لە باشورەوە لەگەڵ شەشکی سەروو و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گۆمەلار و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی شەکرالی هاوسنورە. (٥٤٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سەرەتای دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٨٠٠ و لە لایەن (شێخ محەممەد شێخ حەمەوەیس)ەوه ئاوەدانکراوەتەوه. سەبارەت بە ناوی گوندەکە هەندێک دەڵێن لە (شەش شک) هاتووه، کە شەش برا بوون هەریەکەیان (شک)(گومان)ێکیان هەبووە لەو ناوچەیە چونکە ئەو ناوچەیە بێشە و چەمى زۆر بووه، دانیشتوانەکەی بە کشتوکاڵەوە خەریکن، لەعەشیرەتی (نەورۆڵی)ن، باخی (هەنار) لە گوندەدا هەیە، زەوی پشتاو (دێم)ی ٣١٠ دۆنمە و بەراویش ٣٢٠ دۆنمە، حەوت جۆگەی ئاودێری هەیە بەناوی جۆگەی (شاوڵاخی سەروو، شاوڵاخی خواروو، شێخ ڕەش، کانی قوڵقوڵە، کانی باخ، بەری ئاواییی، گردی گەورە). سەرچاوەی ئاوی ئەم جۆگانە هەمووی ئاوی کانیاوە، چەند کانیەکی هەیە لەوانە کانی(بەیی، قوڵقوڵە، بەری ئاوایی، باخ، گردی گەورە)، که وەک سەرچاوە بۆ مەبەستی ئاو خواردنەوە و ئاودێری بەکاریدەهێنن. ژمارەیەکی زۆر داری(توو)لەم گوندەدا هەیه، ژمارەی دانیشتوانی ٢٥ کەسە و ٣ خێزانی لێ دەژی، نۆ خانو لەم گوندەدا هەیە، هەریەکە لە (مزگەوت، بنکەی تەندروستی، کارەبای نیشتمانی)هەیە، ڕێگەی بەستنەوەی بە شارۆچکەی (خورماڵ) ڕێگەیەکی (قیرە). لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ناوی گوندەکە بە(شەشەکی شێخ عیسا) تۆمارکراوە و ژمارەی دانیشتوانەکەی ٥٣ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٦ی شەشک و شابڵاخە.
يەکێکە لە گوندکانى ناوچەى شارەزوور و سەر بە ناحيەى (سيروان). (٥٣٠م) لە ئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. له باکورەوە لەگەڵ تەپەتۆڵەکە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (تەپى سەفا و بەشارەتى سەروو) و لە خۆرئاواوە لەگەڵ (لامەرکەزى و تەپەگوڵاوى) لە باشورەوە لەگەڵ (خاکوخۆڵ) هاوسنورە. لە ساڵەکانى ١٩٤٥- ١٩٤٦ لە لايەن دوو بنەماڵەى(عەشرەتى وەڵى) لە هۆزى گەورەى جاف و (عەشرەتى کەلهوڕ)ەوە ئاوەدانکراوەتەوه، ناوى شەکرالى کوتکراوەى (شوکور عەلى)يە پێش ئاوەدانکردنەوەى ئەو گوندەى ئێستا، لەوێ نيشتەجێبووە دواتر ئەو ناوە کورتکراوەتەوە بۆ(شەکرئەلى) و بە تێپەڕبونى کات بووە بە شەکرالى. خاوەن ٦٤٠ دۆنم زەروى بەراو بوون لە بەر جۆگەکانى (تەوێڵەجۆ - بوزانە - شاوڵاخ - چاوگى شەکرالى) بەربوومى کشتوکاڵيان (پەمو و توتن و تەماتە و باميە، دانەوێڵەى گەنم و جۆ) بووە، لە دواى ڕاپەڕينى ساڵى ١٩٩١ گوندەکە جارێکى ديکە ئاوەدانکراوەتەوە و دانشتوانەکەى بە کشتوکاڵ و باخداريى و فەرمانبەرى ميريیەوە سەرقاڵن. بۆ ئاوى خواردنەوە پشت بە بيرى ئيرتوازى دەبەستن، هەروەها خزمەتگوزاريەکانى تۆڕى ئاو و قوتابخانە و نەخۆشخانەو ڕێگەوبانيان بۆ کراوە. لە شۆڕشەکانى کوردستانيشدا دژ بە دەسەڵاتە داگيرکارەکانى کوردستان لە هەردوو عەشرەتەکە شەهيديان پێشکەشى کوردستان کردووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٩٦ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٨ی تەوێڵەجۆیە.
بە دووریی چوار کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای ناحیەی (خورماڵ). لە نێوان گوێ چەمی زەڵم و شاخی سورێن. بە گوندەکانی (هێڵانپێ، هانەی قوڵ، بانیشار، گوڵەخانە، کوڵکنیی، گێڵەک و تەکێ و ئاواییی حاجی حەمەمین) چواردەوردراوە. گردی (گردەگڕێ) لە باکور (سێ تەپان) لە باکوری خۆرئاوا و (گردی مام یونس) لە باشوری گوندەکەوەن. باوەڕوایە ناوەکەی بەهۆی زۆریی ڕێژەی مەڕ بووە لە گوندەکەدا و شیری ئەو مەڕانە زۆر باش و بەناوبانگ بووە. يان ڕوونیی ئاوی سەرچاوەی وەک شیری مەڕ وایە. مێژووی دروستبونی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی ساڵانی ١٨٨٠ بۆ سەرەتاکانی ١٩٠٠، کە لە لایەن عەشیرەتی (سەددانی) لە هۆزی گەورەی جافەوە ئاوەدانکراوەتەوە. سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٠ی شیرەمەڕە. هەروەها هەندێک جوتیاری لەسەر کەرتی نۆی (وڵەوسێنان)ن. دانیشتوانەکەی بە کشتوکاڵ و باخداری و ئاژەڵداریەوە خەریکن. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢١٢کەس بووە، لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٧یش ٨٣ ماڵ بووە ٤٢٢ کەس لێی نیشتەجێبوون. بەڵام ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی ٣٥٠ ماڵ بووە، کە تەنها ٨٥ ماڵی لەناو گوندەکەدا بووە. زۆربەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کەوتوونەتە ناو گوندەکەوە، وەک: قوتابخانە، نەخۆشخانە، دوو مزگەوت، پڕۆژەی ئاو و ئاودێری و قیر و کارەبا. لە شۆڕشی شێخ مەحمووددا بەشدارییانکردووە و شەهیدیان داوە. هەروەها لە شۆڕشی ئەیلولیشدا بەشدارییانکردووە. لەسەردەمی مەلیکیشدا وەک پەناگەیەک وابووە بۆ جوتیاران و لایەنگرانی حیزبی شیوعی کاتێک دژی دەرەبەگ وەستاونەتەوە. بەهۆی شوێنی جوگرافیایی گوندەکەوه، کە نزیک شاخی سورێن و چەمی زەڵمە لە شۆڕشی نوێدا لانەی مەفرەزە سەرەتاییەکان بووە. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بە پایتەختی شۆڕش ناسراوە بەهۆی ئەوەی زۆربەی بارەگای پارتە کوردستانییەکان لێبووە.
بە دووریی نزیکەی یەک کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (قەڵب)ی سەر بە ناحیەی (بەمۆ). گوندێکی نوێیە، کەسایەتیەکی گوندی قەڵب بەناوی (جەمال محەممەد) دایمەزراندوە لەکاتی ئیستادا لە سێ ماڵ پێکهاتووە ژمارەیان دەگاتە ١٠ کەس.
کەوتووەتە باکوری گوندی (کوڵکنیی ئیسماعیلی خەسرەو). پێش ئەوەی هەرسێ گوندی کوڵکنی ئاوەدانبکرێتەوە، دانیشتوانی هەرسێ گوندەکە نیشتەجێی گوندی شێخ موسێ بوون. هەتا ساڵی حەفتاکانیش پاشماوەی کەلاوەکان مابوون. (کەریم بەگی فەتاح بەگی جاف) له کتێبی (تاریخی جاف)دا، وەک گوندێکى گرنگى ناوچەکە ئاماژە بە گوندی شێخ موسێ دەکات. ئێستاش بەشێک لە شوێنەواری گوندەکە ماوە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (میریسوور و بانیشاری کۆن) و لەخۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی دزڵی لە خۆرهەڵاتی کوردستان لە باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی (بانیشار و شیرەمەڕ) و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (ڕیشێن و مەلاوەیسە و گوڵەخانە) هاوسنورە. (٦٦٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە بناری چیای سورێنە. قەڵاتکە و گردە قوتکە و بانەگردەڵە لە کەژ و کێوە بەرزەکانیەتی. لە ئێستادا نزیکەی پەنجا ماڵی تێدایە و بنەماڵەی شێخ ئيسماعیلیەکان بناغەی گوندەکەیان داناوە. لەسەرژمێری ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٥٧ کەس بووە. قوتابخانە و مزگەوت و ڕێگەی قیری لە خورماڵەوە بۆ بانیشار و لەوێشەوە بۆ عاموورە بۆ کراوە. لە ڕێگەی گوندی گوڵەخانەوە بە ڕێگەیەکی خاکیش بەسراوەتەوە بە ڕێگەی پردی زەڵم و هەڵەبجە و سەیدسادقەوە. زەویی دێم و بەراوی هەیە و بە گشتی بەکاری ئاژەڵداری بەتایبەت مەڕ و کشتوکاڵکردنەوە سەرقاڵن. ناوەکەی بۆ ئامورییەکان لە هەزارەی دووەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە، کە لە خۆرئاوای کوردستانەوە کۆچ دەکەن بۆ وڵاتی دووڕوبار و پاشماوەی گەلی کۆنی ئامورییەکانی تێدا دۆزراوەتەوە. بۆچونێکی دیکە هەیە دەربارەی گوندەکە بۆ شارێک، کە لە سەدەی سێی کۆچی (بەشێک لە پاشماوەی کۆنی شاری گوڵعەنبەری کۆن بووبێت). یان لە وشەی (امور)ی عەرەبیەوە هاتبێت. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١١ی عامورەیە.
گوندێکی ژێرئاوکەوتووە لەناو بەنداوی دەربەندیخان. سەر بە ناحیەی سیروان بووە و ساڵی ١٩٦١ ژێرئاوکەوتووە. دانیشتوانەکەی بۆ گوندەکانی دیکە کۆچیانکردووە. کەرتی کشتوکاڵیەکەی ژمارە ٤٠ی گوندی عارەبان (شکمەیدان)ە و لە %٩٥ی ڕووبەری گشتیی کەرتە کشتوکاڵییەکە ژێرئاوکەوتووە. لەگەڵ گوندی مامەشەیی لە ڕۆژهەڵات، گوندی نێرگزەجار لە باکور، چەمی تانجەرۆ لەڕۆژئاوا و گوندەکانی تولەبی و چەمەڕەش لەباشور هاوسنور بووە. جۆگەکانی (بارزان، مامەشەیی، عارەبان، ئاشی عارەبان) و دوو داری وەیس لە باکور و ئیمام محمد لە سەنتەری گوند ئەوانیش ژێر ئاو کەوتوون، هەروەها لەسەر جۆگەی عارەبان ئاشێکی ئاوی بوونی هەبووە بەناوی ئاشی ئاوی عارەبان. لە سەرژمێری دانیشتوانی عێراقدا لە ساڵی ١٩٥٨ ژمارەی دانیشتوانی گوندەکە ١٦٨ کەس بووە و بەناوی گوندی شکمەیدان تۆمارکراوە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان). لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی جەلیلە و عەنەب و له باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی (دەڵەمەر و سازان) و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (هاوار و تاوێرە) و لە خۆرئاواوە لەگەڵ شاری هەڵەبجە هاوسنورە. (٩٩٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. مێژوویەکی دێرینی هەیە، لەسەردەمی ساسانیەکاندا ئاوەدان بووە، لە گوندە گەورە و دیار و بەناوبانگەکانی ناوچەکەیە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا دانیشتوانەکەی ١٣٦٥ کەس بووە. پێگەیەکی گرنگی لەنێو کایە سیاسی و نیشتیمانیەکاندا هەبووە. دانیشتوانەکەی بۆ بنەماڵەی حەمە چاوەشییەکان لە ساڵی ١٦٥٠ و شێخەکانی بەرزنجە دەگەڕێنەوە. بەتایبەت شێخ (عەبدوڵا و عەبدولڕەحمان و عەبدولڕەحیم) بە باپیرەگەوەری شێخەکانی عەبابەیلێ دادەنرێن. هەروەها بەگەکان و سانەکانی هەورامانی هەردوو دیو هاتونەتە گوندەکە و نیشتەجێبوون. ناوەکەی بۆ خۆشویستنی ئەبو عوبەیدوڵڵای ئەنساری، کە سەرکردەیەکی دیاری موسوڵمانان بووە، دەگەڕێتەوە. دەربارەی ناوی (سازگار)، کە لەلایەن دانیشتوانیەوە لێینراوە بەهۆی زۆری سەرچاوەی ئاوی سارد و سازگارەوە بووە. وەک کانیاوەکانی (کانیە بەهارە، کانی ژنان، کانی باخچە، کانیە بەهێ و کارێز، چاوگی دەڵەمەر). لە کۆندا ڕێگەی هاتوچۆ و ڕێڕەوێکی گرنگی بازرگانیی ناوچەکە بووە. بازاڕ و نانەواخانە و چایخانە و پیشەی جۆراوجۆری تێدا بووە و زیاتر وەک ئاوەدانییەکی گەورە دەرکەوتووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٨ـە. فراوانبوونی شاری هەڵەبجە کاریگەری نەرێنی لەسەر گۆڕینی ڕەگەزی زەوییە بەراوەکانی هەبووە بۆ نیشتەجێبوون. لەگرنگترین شوێنەوارەکانی گۆڕستانی (شەخسی) یان سەرقەبران، کە گۆڕی ژمارەیەک کەسایەتی وەک عادیلەخانم و جافرسان و ئەحمەدموختار جاف و تاهیر بەگی تێدایە. شوێنە گرنگەکانی وەک (دەربەندی ئەشکەوڵ و هەوارگەی شێخان و شاخی شنروێ) و لوتکەی (بەفری میری) شوێنی هەڵگرتن و چاڵەبەفری گوندەکە بووە. شێخ عەلی لە ڕووی کاروباری سیاسیەوە ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە.(شێخ کەریم و شێخ ڕەشید و داود بەگی حەمەسەعید بەگ، شێخ نووری شێخ ڕەشید و شێخ کەمال شێخ ڕەشید) لە کەسایەتیەکانی بوون. گەڕەکەکانی باسکێ و خۆرەتاو مەخۆڵێ و سەرحەوز لە گەڕەکە دیارەکانی عەبابەیلێ بوون. لە ساڵی ١٩٣٣ لەدوای سلێمانی و هەڵەبجە و تەوێڵە چوارەمین شوێن بووە، کە قوتابخانەی تێداکراوەتەوە. ناتیق و گۆرانی شاعیر مامۆستای بوون. لەئێستادا بە هەنار و لە کۆندا بە توتن بەناوبانگ بووە.