شارەزوور

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07


کەوتووەتە باشور و باشورى خۆرهەڵاتى شارى سلێمانى. بەگرنگترین و گەورەترین دەشتى ناوچەی شاخاوی دادەنرێت. درێژیی لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا نزیکەى (٤٥کم)ە و پانییەکەى لەنێوان (١٥ بۆ ٢٠کم) و لە هەندێک شوێن دەگاتە (٢٥کم). (٤٥٠ بۆ ٦٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە خۆرهەڵاتەوه چیاکانى هەورامان و لە باکورەوە چوارتا و لە باشورەوە شاخی باڵامبۆ دەوریانداوە. دەربارەی بنەڕەتی ناوی شارەزوور، جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان مێژوونوس و جوگرافیناساندا: هەندێک دەڵێن لە دوو بڕگە پێکهاتووە: (شهر) بەمانای شار و (زور) بەمانای هێز دێت، واتە (شاری هێز). هەندێکی تر پێیانوایە‌ لە دوو وشەی کۆنی کوردی شاھ (شا) و (ڕەزوور)، واتە (دارستان) پێکھاتووە، کە بەسەریەکەوە واتای (دارستانی شاھانە) دێت. هەندێکی تر بۆچوونیان وایە لە دوو وشەی کۆنی کوردی (شار) و زوور (کۆن) یان(گەرم) پێکھاتووە، کە بەسەریەکەوە واتای(شارەکۆنەکە) یان (شارەگەرمەکە) دێت. یاخود بە شاری فەیرۆز (شهر فیروز) ناسراوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ شا قوبادی کوڕی فەیرۆزی ساسانی. سنورێکی جێگیری نەبووە و لە هەر قۆناغێکی مێژوویی سنورێکی تایبەت بەخۆی هەبووە و بەردەوام ئەم ڕوبەرەش کەم و زیادی کردووە و گۆڕاوە. لەسەرەتاکانی سەدەکانی ئیسلام سنورەکەی بە جۆرێک بووە، کە گەڕیدە (یاقوت الحموی) دەڵێت: کەوتووەتە نێوان ئەربل (هەولێر) و (همدان) بەجۆرێک سنورەکەی لە باشور بە حلوان و خانقین و کرخ جدان دەورەدراوە، لە خۆرهەڵاتی چیای سلق (لاهیجانی ئێستا) هەولێر لە باکور و باجومی لە ڕۆژ ئاوا دەورەیانداوە. خاوەنی کتێبی فتوح البلدان، (البلاذری) لەمبارەوە دەڵێت: لەسەرەتا و پاش فەتحی ئیسلامی، ئەم بۆ ئەم ناوچەیە شارەزوور سەر بە موسڵ بووە بەم شێوەیەش ماوەتەوە بە درێژای حوکمڕانی ئومەوی تاوەکو سەردەمی خەلیفەی عەباسی (هارون الرشید) لێیجیاکرایەوە. لەسەرەتای حکومڕانی ئیسلامدا لە ڕووی کارگێڕییەوە شارەزوو سەر بە موسڵ بووە و دواتر بووەتە هەرێمێکی سەربەخۆ. دەربارەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە ئەوا سەرچاوە ئیسلامییەکان باسی لێوە دەکەن، کە کوردن بەڵکو یاقوت الحموی دەڵێت: هەموو دانیشتوانی شارەزور کوردە. چەند هۆزێکی کوردیی لەم ناوچانە ژیاون، وەک هۆزەکانی (جلالی و سوەلی و باسیان و حکمی). سەبارەت بە فەتحکردنی شارەزور لە لایەن مسوڵمانەکانەوە، یەکەمجار سەرکردەی سەربازیی مسوڵمانەکان (عزرەی کوری قەیس)، کە والی شاری حلوان بوو ویستی شارەزوور فەتح بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، دواتر (عتبەی کوڕی فەرقەد) لەپاش ئەوەی، کە ناوچەکانی (باجرمی) – کەرکوک -ی فەتح کرد ڕووی لەشارەزوور کرد، پاش ڕوودانی شەڕ، توانی لە ساڵی ٢٠ کۆچی (٦٤١ز) فەتحی بکات، لەکاتی فەتحکردنیدا، دووپشکی ئەم ناوچەیە زۆرێک لەموسوڵمانەکانی شەهیدکرد، یاقوت الحموی ئاماژە بەوە دەکات، کە دووپشکی کوشندە لەم ناوچەیەدا هەیە و خراپترن لە دووپشکەکانی نەسیبین. شارەزور لە سەدەی یانزە تاوەکو سەدەی شانزە، بە دەستی میرنشینی ئەردەڵانەوە بووە. چەندین شوێنەوار لەو سەردەمەدا بەجێماوە وەک (یاسین تەپە). ساڵی ١٥٥٤ ناوچەکە کەوتووەتە دەستی عوسمانییەکان، بڕیاریاندا حکومەتی خۆجێی بۆ سەرکردە کوردەکان پێکبهێنێت، ئەیالەتی شارەزوور دادەمەزرێت. بۆیە ڕاستەوخۆ نەخراوەتە ناو سیستەمی کارگێڕیی عوسمانییەوە. فەرمانڕەواکان ئەندامی ھۆزە کوردییەکان بوون و تەنیا بە دەگمەن سەربازی عوسمانی لە ئەیالەتەکەدا ھەبوون. لە سەدەی هەژدە و نۆزدەھەمدا، ئەیالەتەکە کەوتە ژێردەستی بنەماڵەی بابان، ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە توانیان بە گەرەنتیکردنی ئاسایشی سنورە ناجێگیرەکانی دەوڵەتی عوسمانی لەگەڵ ئێران لە بەرانبەر ئۆتۆنۆمی تەواودا، دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن. سنجاقی بابان، کە شاری کەرکوکی لەخۆگرتبوو، بەناوی ئەو بنەماڵەیەوە ناونراوە. ساڵی ١٨٥٠دا دواجار دەسەڵاتی بابانەکان کۆتاییھات و ھەرێمەکە لە ساڵی ١٨٦٢دا خرایە ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی ویلایەتی بەغداوە، بەڵام ڕووخانی بابانەکان بووە ھۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھۆزەکان و ئەو ئاژاوەیەی، کە لە ئەنجامدا دروستبوو، تەنیا بە سەرھەڵدانی ھۆزێکی دیکەی کورد بە ناوی (بەرزنجی) لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا کۆتاییپێھات. خاکى دەشتی شارەزوور بە بەرزیى ڕێژەى بەپیتیەکەى ناسراوە، بەهۆى ئەو نیشتەنیانەى جۆگە ئاوییەکان لەچیاکانى دەوروبەریەوە بۆى دەهێنن، ئاوى تانجەرۆ و سەرچاوەکانى دیکەى زەڵم و چەقان، بەشەکانى ناوەڕاست و خۆرهەڵاتى دەشتەکە ئاودێریدەکەن. لەخۆرهەڵاتى دەشتەکەدا بەنداوى دەربەندیخان دروستکراوە، ڕووبەرێکى بەرفراوانى دەشتەکەى داپۆشیوە. لە ڕووى کارگێڕییەوە لە ئێستادا ناوچەکانى قەزاى شارەزوور و بەشێکى فراوانى پارێزگاى هەڵەبجە و بەشی باشورى شارۆچکەى تانجەرۆ، دەکەونە ئەم دەشتەوە. گرنگترین شارەکانیشی پارێزگاى هەڵەبجە و سەیدساق و عەربەت و خورماڵ و سیروان و قەزای شارەزوور و زەڕایەنە. لاپەڕەکانی مێژوو بە ناوی چەندین ناوداری شارەزوورییەوە ڕازێنراونەتەوە.

سەرچاوەکان:

  1. ياقوت الحموي: معجم البلدان، دار صادر، بيروت، ١٩٩٥م، ج٣، ل٣٧٥.
  2. البلاذري: فتوح البلدان، دار ومکتبة هلال، بيروت، ١٩٨٨، ل٣٢٥.
  3. گۆڤاری (ئەکادیمیای کوردی)، سنجاقی شارەزوور (کەرکوک) و سلێمانی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، ڤیتاڵ کیۆنی، وەرگێڕانی لە فەرەنسییەوە: نەجاتی عبداللە، ژمارە ٢٤، ل١٩٢-١٩٣.

ئامادەکردنی: د. نەریمان عەبدوڵا

3

هاوبەشی پێبکە