سازان
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
سەر بە ناحيەى (سيروان)ە. (١١کم) لە باشورى خۆرهەڵاتى شارى هەڵەبجەوە و دوورە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانى (کۆساوا و ڕێشاو) و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (لمە و تلەوەرێ و نەيجەڵە) و لەباکورەوە لەگەڵ گوندەکانى (عەبابەيلێ و بامۆک) هاوسنورە. لەنێوان چەند زنجیرە چیا و دۆڵ و دەشت هەڵکەوتووە. بەناوبانگترینیان زنجیرە چیاکانی (سەرکەورگ، ملە هومڵە، شنروێ) و شاخەکانى (قەڵای سازان، جۆجاڕ، باوە خەمان، کەمەرەسور، سەرهەنار) و دۆڵەکانى (چەمی ملە، چەمی دۆڵان، چاوگ، چەمی دەراش، چەمی خوارباخ، چەمی تەپە خەزێنە، چەمی دۆڵی کەورگ، چەمی کەمەرسور) و (دەشتی سازان)، کە بە (دەشتێ) ناسراوە دەشتێکی بەپیتە و بەراوە. سەرەتا لە ناوچەی سازان چەند بنەماڵەیەک لە کوردستانی ئێرانەوە هاتوون و لە (باسکی کەلاران) نیشتەجێبوون. پاش ئەوەی (شێخ موئمن ) لە ناوچەی (وەزەنێى بەڵخە)ی هەورامان نیشتەجێبووە لەگەڵ دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیە نەگونجاوە و بەجێیهێشتووە و لە ناوچەی سازان نیشتەجێبووە و مزگەوتێکی تیادا دروستکردووە، پاشان (تفەنگ چیەکان) و چەند بنەماڵەیەکی (لۆراوبەگی) هاتوون نیشتەجێبوون، مێژوی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی سێ سەدە بەر لەئێستا، سەبارەت بە ناوى (سازان) دوو بۆچون هەیە، يەکەميان پێیوایە (سازان) لە ناوی (ساسان)ەوە هاتووە، لەناوچەی سازان پاشماوە و ئاسەوارێکی زۆری ساسانییەکانی تێدايە، (ساسان) گۆڕاوە بۆ (سازان)، بۆچونى دووەم ئەوەیە کاتێک (شێخ موئمن)، کە لادێکەی دروستکردووە گەڕاوەتەوە بۆ ئەو ناوچەیەی لێی هاتبوو، پرسیاریان لێکردووە چیت کردووە؟ ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت "شوێنیکم بۆ خۆم سازان". پێکهاتەی دانیشتوانی سازان بەگشتى سێ بەشن، بەشى يەکەميان، کە دوو لەسەر سێى دانيشتوانەکەى پێکدەهێنن بريتين لە شێخ و سەييدەکان، کە هەندێکیان لە سەیدەکانى (سەڵوەتاوا (سەڵوەتاباد)ی کوردستانی ئێران و هەندێکیشیان لە سەیدەکانی (عەبابەیلێ)ن بەشی دووەميان لە ناوچەی (لۆراوبەگی) لە کوردستانی ئێرانەوە هاتوون و لەپاڵ شێخەکاندا نیشتەجێبوون، هەرچى بەشى سێهەمە لە خێلی (تفەنگچییەکان)ن، ئەمانەش هەر لە ئێرانەوە هاتوون. لەڕابردوودا (٨٣)ماڵ بووە، بەڵام لە ئێستادا خەڵکى گوندەکە تەنها لەکاتى وەرزى کشتوکاڵ و ئاودێرى دەگەڕێنەوە گوندەکەيان. کانییەکانی سازان بریتین لە: چاوگی سازان، سەروەزەن کانی بەروەزەن، کانی سوڵتان، کانی شێخ عەلی، کانی مزگەوت، کانی دەراش، هەروەها بەشێک لە سنورەکەی کەوتووەتە سەر (ڕووباری سیروان)، کە سروشتێکی جوانی بەخشیوە بە ناوچەکە، لەڕابردودا چەند ئاشێکی ئاويی تێدا بووە و تەنانەت خەڵکی گوندەکانی هاوسنوريشى باراشیان بۆ هێناون و لەو ئاشانەدا هاڕیویانە، لە ئێستادا دانیشتوانی سازان بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریيەوە خەریکن، هەروەها لە دۆڵی چاوگی سازان و بەردەم (کانی سەروەزەن) باخێکی زۆری هەنار هەیە، کە زیاتر لە سەد دۆنم دەبێت و چەند جۆرێک هەنار بەرهەمدەهێنن وەک (هەناری ساڵە خانی) و (لا ڕەشە)، بەهۆى باشى و بەرزیى کواليتیى هەنارەکەى، ناو و ناوبانگێکی باشی هەیە. لەسەردەمی حکومەتی پاشایەتی و کۆماریدا خزمەتگوزارييەکانى (قوتابخانە و نەخۆشخانە و مزگەوت و تۆڕى ئاو و ڕێگەى خاکى) بۆ دروستکراوە، کە پێش ڕاگواستنی گوندە سنورييەکان منداڵەکانی گوندەکانى دەوروبەر لە قوتابخانەکەی سازان خویندوویانە. لەسەردەمى حکومەتی هەرێمدا تەنها پڕۆژەی کارەبای نيشتيمانى بۆ ڕاکێشراوە. سەیرانگای (پشت قەڵا) کەوتووەتە سنوری ئەم گوندەوە. زەوییەکانی لەسەر کەرتی ژمارە ٣٢ی سازانە.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (ئەمجەد محەممەد سەلام)، لەدایکبوو: ١٩٦٧، خەڵکى گوندى (سازان)، پيشه: مامۆستا، لە ١٤ی ١٢ی ٢٠٢٢.
- کەناڵى گەلى کوردستان، بەرنامەى ژيانەوەى کوردستان، گوندى سازان، لە ٦ی ١١ی ٢٠٢٠.
- لە ئامێزى سازاندا، صادق شێخ عوسمان، چاپى يەکەم، ٢٠١٥، ل١٣.
- بەشێک لە زانياريیە پێوانکارييە جوگرافيیەکان لە ڕێگەى سيستمى زانياريیە جوگرافيیەکان (GIS)ـەوە دەرهێنراون.
ئامادەکردنی: د. هێمن کەمال حەمەئەمين