بەرگی چوارەم
شوێنی دەستکرد (گوند و شار)
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
بەرگی چوارەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە)وە و بە دووریی (١٨کم) لە باکوریەوە دوورە. مێژووی دروستبوونی بۆ ساڵی ٦٣٩ زاینی دەگەڕێتەوە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی زەڵم و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی سەرگەت و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی ئەحمەدئاوا هاوسنورە. نزیکەی ١٠٠ ئەشکەوتی تێدایە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانشتوانەکەی ٤٩٣ کەس بووە، ساڵی ١٩٧٨دا تەنها ١٦٥ ماڵی تێدا بووە بەڵام دوای ساڵی ١٩٩١ ژمارەی ماڵەکان بووە بە ٢٠٠ ماڵ. بە هۆی ئەوەی، کە جوگرافیای دەرەیمەڕ شوێنێکی هاوسنورە لەگەڵ هەورامانی ئیران، خەڵک لە شارەزوورەوە ڕوویانلێکردووە. لە ئێستادا چۆڵە خەڵکی تێدا نیشتەجێنییە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٤٦ی دەرەیمەڕە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە) لە سەر ڕێگەی نێوان بیارە و بەڵخە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (کێمنە و بێرواس) و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی هاوار و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی بەڵخە و تەوێڵە و لە خۆرئاواوە لەگەڵ دەرەقەیسەر و زەردەهاڵدا هاوسنورە. لە دامێنی چیای هەوارەبەرزە بونیادنراوە، لوتکەی چنارە لە خۆرهەڵات و لوتکەی ملەخانەگای سەروو، ملەخانەگای خواروو لە خۆرئاوا دەرەیانداوە. لە وەرزی زستاندا بەفر و بارانێکی زۆری لێدەبارێت و لە هاویندا کەشوهەوای فێنکە باخ و باخاتێکی زۆری هەیە و دەوڵەمەندە بە کانیاوی سروشتی، خاوەنی چەند شوێنەوارێکی دێرینە، لەوانە(کەلارەی گاوران)، هۆکاری ناولێنانی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی، کە دوو برا لە بنەماڵەی شێخانی جام و لەنگەر، هاتوون و ئاوەدانیانکردووەتەوە. سەرچاوەی بژێوی بە گشتی باخداری و ئاژەڵداری و گەشتیاری و خزمەتگوزارییە. لە گرنگترین بەرهەمی باخەکانیان وەک (گوێز و توو، هەنار، هەڵوژە، هەنجیر، سێو، قەیسی، ڕەزەمێو). لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٠٧ کەس بووە. هاوشێوەی گوندەکانی دیکەی پارێزگاکە لە ساڵی ١٩٧٨ خاپورکراوە و پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١جارێکی دیکە ئاوەدانکراوەتەوە و کۆمەڵێک خزمەتگوزاری (قوتابخانە، مزگەوت، و کارەبا و ئاو)ی هەیە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٦٠ی دەگاشێخانە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) بەرانبەر گوندى (قشڵاخەڕووتە). نزیکەی هەشت کیلۆمەتر لە سەنتەرى شارى هەڵەبجەوە دووره. ناوەکەی لە جۆگەی (دەلێن)ەوە هاتووە، کە لە گوندى(ئەحمەدئاوا)وە دێت و بە تەنيشت گوندەکانى (دێکۆن و خێڵى حەمەو تەپەکوڕە و قشڵاخەڕووتە)دا تێدەپەڕێت. (٥٤٥م) لەئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باشورى خۆرئاوايەوه لەگەڵ گوندى بەکراوا و لە باشورى خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندى زەمەقیی خواروو و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندى تەپەکوڕەدا هاوسنورە. دانيشتوانەکەى بەزۆری سەر بەعەشرەتی (نەورۆڵی)ن. لە بيستەکانى سەدەى ڕابردوو لەلایەن (حەمە ئەمین وازۆڵی و حەمەساڵحە سووری تریفەیی)یەوە بونیادنراوە. ڕووبەری گوندەکە نزیکەی سی دۆنمه و زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٢ی دەلێنی خوارووە. هيچ جۆرە خزمەتگوزارييەکى بۆ نەکراوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٦ کەس بووە. لە ئێستادا تەنها یەک ماڵی تێدا نیشتەجێیە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) و بە دووریی سێ کیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجەوە دوورە. لە دامێنی شاخی شنروێدایە. لە باکورەوە لەگەڵ عەبابەیلێ و لە خۆرهەڵات و باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی (هاوار، بۆین، ڕێشاو، سازان)دا هاوسنورە. کە کۆمەڵێک ئەشکەوتی تێدایە. ناوەکەی لە دۆڵە مەڕ بەواتای دۆڵی ئەشکەوت دێت. هەوراز و لێژی هەیە. سەرەتای ئاوەدانکردنەوەی دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ساڵی ١٨٠٠ى زاینی. ئەو کەسانەی بۆیەکەمجار ئاوەدانیانکردوەتەوە، لەچەند گوندێکی خۆرهەڵاتی کوردستان بەتایبەت گوندی (زەردۆيی)یەوە، کە ڕوانیشی پێدەوترێت، هاتوون و بەهۆی کەمی سەرچاوەی بژێوی ڕوویان لە دەڵەمەڕ کردووە و لەوێ نیشتەجێبوون. چەند سەرچاوەیەکی ئاوی سروشتیش بەشێوەی کانیاو لەگوندەکەدا هەن، وەک کانی دڕکێ، کانی خوامراد یان کانی ناودێ، کانی ژنان، چاوگی دەڵەمەڕ، کانی تەڵوکێ یان کەوەخانی. هەڵکەوتەیەکی زۆر گونجاوی هەیە بۆ ئاژەڵداری وێڕای بەرفراوانی لەوەڕگا نەرمانەکانی. لە گرنگترین هەوارگەکانی (وارگە پایزان، بەهارە وارگان، تەڵوکێ، کەلی هەڵوژێ، ئیساوەگ، قەما)ـە. لەسەرەتای ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابرووەوە دەڵەمەڕییەکان ژمارەیەک خێزانیان نیشتەجێی هەڵەبجە بوون و لەنزیک بازاڕی هەڵەبجەدا گەڕەکێکیان پێکهێناوە، کە بەناوی دەڵەمەڕییەکانەوە. لەدوای ڕاگواستنی زۆرەملێی لە ساڵی ١٩٧٨ سەرجەم دەڵەمەڕییەکان نیشتەجێی هەڵەبجە بوون. لە کیمیابارانی هەڵەبجەشدا زیاتر لە ٤٥ کەسیان لێ شەهیدبووە. لە نێوان ساڵانی ١٨٩٠ بۆ ١٩١٠ی زاینی مزگەوتی تێدا کراوەتەوە. قوتابیانی گوندی دەڵەمەر سەرەتا لە قوتابخانەی گوندی عەبابەیلێ خوێندویانە، پاشان قوتابخانەی هاوبەشی دەڵەمەڕ و عەبابەیلێ دروستکراوە و قوتابییەکانی دەڵەمەڕ لەو قوتابخانە نوێیە خوێندویانە. چەندین جار بەر وێرانکاری و چۆڵبوون کەوتووەتەوە. لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ لەلایەن ڕێکخراوێکی دانیمارکییەوە بە هەوڵی بەڕێز کاک ئەحمەد محەممەد ئاوەدانکراوەتەوە. بەڵام بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، دانیشتوانی ناچار بەگەڕانەوە و نیشتەجێبوون لەنێو شاردا کردەوە، لەلایەن خێرخواز (ئاسۆی حاجی محەممەد بامۆکی)یەوە پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریی نوێ و سەردەمیانە دروستکراوە و ئەمەش یەکێک لەهۆکارەکانی ئاوەدانبوونەوە و بەرەوپێشچوونە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٦٠ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٠ی ئەباعوبەیدەیە.
یەکێکە لە گوندەکانی ناوچەی کۆکۆیی و سەر بە ناحیەی (سیروان)ـە، بە دووریی (١٧کم) لە خۆرهەڵاتی هەڵەبجەوە هەڵکەوتووە. ڕووباری سیروان بەبەردەمیدا تێپەڕدەبێت. لە باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بەتایبەت (سیمان، بەوڕۆڵ، گوڕی گەور) هاوسنورە، لە باشوری کوردستانیش لەگەڵ گوندەکانی (مۆردین، چنار، نەیجەڵە) دراوسێیە. بەرزیی لە ئاستی دەریاوە (١١٨٨م)ە، لەناوچەیەکی شاخاویی سەخت و لێژدا هەڵکەوتووە. لێژییەکەی بە ئاڕاستەی باشور و ڕووباری سیروانە. ناوچەکە چەند کانییەکی ناوداری تێدایە وەک کانی (حەمەی وەلی، کانی عەزیز و خوگاو و کانی فەقێ)، کە سەرچاوەی ئاودانی باخە هەنار و گوێزەکانیەتی. زیاتر وەک هاوینەهەوارێک بەکارهاتووە. کشتوکاڵی تێداناکرێت، بە کاری ئاژەڵداری بەتایبەت مەڕ و بزن و ڕاوکردنی ماسی لەتەنکاوی ڕووباری سیروان، کە پێی دەوترێت (کەوجەزە)ەوە خەریکن. لەگەڵ گوندەکانی ئەوبەری سیروان لە خۆرهەڵاتی کوردستان پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و بازرگانی و کۆڵبەری، بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە. ناوەکەی لە(دەنگەوەرە)وە هاتووە، کاتێک لەمبەر بۆ ئەو بەر یەکدیان بانگکردووە، دەنگەکە، دەنگیداوەتەوە و بە تێپەڕینی کات بووەتە (دەوەرە). لەکاتی لێدانی ڕێگاوبانی گوندەکە، شوێنەواری شارێکی کۆن و پاشماوەکانی دۆزراوەتەوە. لە کەسایەتیە دیارەکانی(حاجی مشیر، حاجی سادق، حاجی مەهدی فەقێ)، کە ئەمەی دواییان لەنێو شاری هەڵەبجەش هۆڵێکی پرسەی پیاوان و ژنانی بەناو کراوە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥٨ی چناری کۆکۆییە.
کۆنە ئاوەدانییەک بووە لە سنوری ناوچەی شارەزوور. هەندێک سەرچاوە ئاماژە بە گەروەییەکەی دەکەن، بە (شارێکی بچوک) ناوی دەبەن. شوێنی نیشتەجێبوونی دەیلەمییەکان بووە. لەسەردەمی هاتنی ئیسلام و پادشاکانی ئێران هاتونەتە ناوچەکە. بەهێزبوون و بە چەتەیی و ڕێگری لە کاروانچییەکان بەناوبانگبوون. شوێنی نیشتەجێبوونیان بانی دەرەسولان و دلیدەمان بووە، کە ناوچەیەکی تەختاییە و لە بەرزایی چیاکانی هەورامانە. لە باکوریەوە گوندی دەرەیمەڕ و لە خۆرهەڵاتیەوە گوندی سەرگەت و لە باشوریشیەوە گوندی ئاواییی ڕۆستەم بەگ و شارۆچکەی خورماڵ لە باشور و گوندی ئەحمەدئاوا لە خۆرئاواییەوە هەڵکەوتووە. لە پاشماوەکانیاندا کۆمەڵێک کەلاوەی بیناسازی و شوێنەواری ژیان دەبینرێت. هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو شوێنەش بۆ نیشتەجێبوون، بوونی کانیاو و سەرچاوەی ئاوی باش بووە. لە هەمووشی گرنگتر ئەو شوێنە بەشێوەیەک هەڵکەوتووە، کە دەڕوانێت بەسەر دەربەندی دەرەیمەڕ و دەربەندی زەڵمدا و تەواوی ڕێگاکانی هاتووچۆش دێتەوە ئەو شوێنە.
کەوتووتە سەر ڕێگەی (سیروان - ئیمامی زامن) و نزیکەی سێ کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەی (سیروان)ـەوە دوورە. (٥٠٦م) بەرزە لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی (دوانزە ئیمامی خواروو) و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی بەکراوا و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ شارۆچکەی سیروان و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی کاگردەڵدا هاوسنورە. ٦٥٠ دۆنم زەویی دێم و ١٥٠ دۆنم زەویی بەراوی هەیە. بەزۆری پشت بە ئاوی چەم و کانی و بیرە حەفرەکان دەبەستن بۆ ئاودێری، خاوەنی یەک جۆگەی سەرەکین بە ناوی (جۆگەی حەسن بەگ)، یەک کانی هەیە، هەر بەناوی گوندەکەوەیە، کە لە پێشوتردا سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی گوندەکەبووە. له سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژماری دانیشتوانەکەی ٢٣٠ کەس بووه، بەڵام ئێستە تەنها یەک ماڵی لێیە و بەکشتوکاڵ و ئاژەڵداریەوە خەریکە، پێکهاتوون لە عەشیرەتەکانی(هاروونی، نەورۆڵی، تاوگۆزی)، دانیشتوانی گوندەکە بەزۆری خەریکی کشتوکاڵی و باخدارین، بەتایبەت باخی هەنار و هەنجیر و هەرمێ، هەندێکیشیان فەرمانبەری میرین، هەروەها جگە هەبوونی کارەبای نیشتیمانی، هیچ خزمەتگوزاریەکی تری لێنییە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٠ی دوانزە ئیمامە.
کەوتووتە سەر جادەی (سیروان - ئیمامی زامن) و نزیکەی چوار کیلۆمەتر لە ناحیەی (سیروان)ـەوە دوورە. لە باکورەوە لەگەڵ دەریاچەی دەربەندیخان و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی دوانزەئیمامی سەروو و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ شارۆچکەی سیروان و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی کاگردەڵدا هاوسنورە. ساڵی ١٩٣٠ لەلایەن (حاجی ئەحمەد بارام، حاجی فتاح، محەممەد مەحموود قادر، حەمەئەمین فەرەج، محەممەد عەلی)یەوە ئاوەدانکراوەتەوە. (٤٩٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. خاوەنی ٧٠٠ دۆنم زەوی دێم و ٤٠٠ دۆنم زەویی بەراوە، بەزۆری بۆ ئاودێری پشت بە ئاوی چەم و کانی و بیرە حەفرەکان دەبەستن. خاوەنی دوو جۆگەی سەرەکین بە ناوەکانی(جۆگەی دوانزەئیمام، کە چەمی دوانزە ئیمامە و سەرچاوەی کانییەکەیە، جۆگەی حسن بگ)، یەک کانیش لە گوندەکەدا هەیە بەناوی (کانی سورکە)، کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی گوندەکەبووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژماری دانیشتوانەکەی ١٠٠ کەس بووه، لە ئێستادا نزیکەی ٢٠٠ کەس دەبن و سەر بە عەشیرەتەکانی (هاروونی، نەورۆڵی، کەڵهوڕ، عەمەڵە، تاوگۆزی)ن. بەزۆری خەریکی کشتوکاڵ و باخدارین، بەتایبەت باخی هەنار و هەنجیر و هەرمێ، هەندێکیشیان فەرمانبەری میرین، هەروەها خزمەتگوزارییەکانی وەک مزگەوت و قوتابخانە و کارەباو هۆڵی پرسەیان بۆ کراوە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٠ی دوانزە ئیمامە.
کەوتووەتە نزیک شارەدێی (تەوێڵە) و سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. لە سەر چۆمی (تەوێڵە، هاوار، گریانە، ڕووباری سیروان) هەڵکەوتووە. لەسەر سنوری خۆرهەڵات و باشوری کوردستانە. بە زنجیرە گردۆڵکەیەک لە (کەلی چنار)ەوە هەتا سەر چیای (پەروینی) دەستپێدەکات و دۆڵبیان ئەو گوندانە لەیەک جیادەکاتەوە. لەگەڵ گوندەکانی (جاور، پاڵانیا، هاوار سۆسەکان) هاوسنورە. ماڵەکانی ئاوایییەکە کەوتوونەتە سەرەڕێگەی (هاوار - تەوێڵە). دۆڵی (بازی جەژنیگا) و (بازی دۆڵبیان) کەوتووەتە بەشی باکوریەوە. گوندەکە لە بنەڕەتدا لەسەر دەستی (حاجی عەلی محەممەد مەولود هەورامی) ناسراو بە (ئەلەهەلاج) یان (ئەلەوشە) بونیادنراوە، کە کەسایەتییەکی ناوداری هەورامانە و ساڵی ١٩٤٠ لە تەوێڵەوە چووەتە دۆڵبیان و لەوێ نیشتەجێبووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥٦ی سۆسەکانە.
کەوتووەتە سەرەتاکانى دەشتى شارەزوور و سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ـە. نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە باشورى خۆرئاواى سەنتەرى شارۆچکەکەوه دوورە. به گشتى لەنێوان (٥٧٠ بۆ ٦٧٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندى (تازەدێ و تەکيە) لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانى (گۆمەلار و خێڵی حەمە) و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (ئاواییی ڕۆستەم بەگ و ئەحمەدئاوا) و له باشورى خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندى خارگێڵان هاوسنورە. لە دەوروبەرى ساڵى ١٩١٠دا (حاجى کوێخا ئەحمەد شەريف) تاقە ماڵێک لەم گوزەرەدا دروستدەکات، ئەمە دەبێتە هەوێنى دروستبوونى ئەم گوندە، لە باشورى خۆرئاواى ئەم تاقە ماڵە نوێيەدا بە ئاڕاستەى (گوندى گۆمەلار) گوندێکى بەجێماو و کۆن هەبووە، خەڵکى ناوچەکە زانيويانە ئەوە پاشماوەى گوندێکى کۆنە، ناويان نەزانيوە و هەربە (دێ کۆنەکە) ناسراوە، ئيتر هەر بە ناوى ئەو دێ کۆنەوه، ناوى گوندە نوێکەش نراوە و بووە بە(دێکۆن). دانيشتوانەکەى سەر بە عەشيرەتى (نەورۆڵى)ن و چەند عەشيرەتێکى ترى تێدايە. (گردى حاجى خدر) و زەوى (گەلەگورگى)و (بەردە خوێکان)و (کەنە قووڵ) و (جۆگەى دەلێن) و گۆڕى (سەید عەبدوڵا) و ئاشى(حمەعلى سەى وەيس) له ديارترين ناوە جوگرافيیەکانى گوندەکەن. بەشى بەردەلێنى، سەر بە کەرتى کشتوکاڵیى ژمارە ٢٨ى (دەلێنە) و پشت دەلێنيشى سەر به کەرتى کشتوکاڵیى ژمارە ٢٩ى (خارگێڵانە). سەرچاوە ئاوييەکانى لە ڕابردوودا تەنها ئاوى (چەمى بيارە) بووە، بەڵام پاش ڕاکێشانى جۆگەى دەلێن لە ئەحمەدئاواوە بۆ گوندەکانى دێکۆن و خێڵى حەمە و تەپەکوڕه و قشڵاخەڕووتە و تادەگات بە دەلێن و بەکراوا، گوندەکە گواستراوەتەوە نزيک ئەم جۆگەيە و بەدرێژايى جۆگەکە گوندێکى درێژکۆلەييان بونيادناوه. لە ئێستادا بۆ ئاودێرى پشت بە بيرە قوڵ و مامناوەندەکان دەبەستن. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٦ کەس بووە و له ئێستادا ٢٧٧ کەسە. بەگشتى بە کشتوکاڵ و باخدارى و ئاژەڵ بەخێوکردنەوە خەريکن و بەشێکيشيان مووچەخۆرى حکومين، خزمەتگوزارييەکانى قوتابخانە و بنکەى تەندروستى و مزگەوت و ڕێگەى قير و هۆڵى پرسەو کارەباى نيشتمانى لە گوندەکەدا هەيە.
کەوتووەتە دیوی پشتەوەی گوندی (جەلیلە). لەنێو دۆڵێکی تەنگی چیای شنروێدایە. دێیەکی زۆر کۆن و بەناوبانگ بووە. قەڵا و شوراکەی ماوە. کانییەکی تێدایە. مێژووەکەی بۆ پێش ئیسلام دەگەڕێتەوە. مردوویان لەناو گۆزە ناشتووە. لە ئێستادا لەبەردەم کانییەکە کۆمەڵێک باخ و باخاتی تێدایە. کوپەی زۆری تێدا دۆزراوەتەوە، کە خەڵوزی تێدابووە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە) لە سارای (سۆڵێ) لەنێوان خەرپانی و بەڵخە. لە ئێستادا بە (وەر وەزەن) یان (بەڵخەی خواروو)ش ناودەبرێت. شوێنەواری دێیەکی کۆنە. لە ئێستادا وادیارە ئەم کۆنە گوندە لەژێر دەسەڵاتی (عوسمانییەکان)دا بووە. لە ترسی زەبروزۆریان، خەڵکی بەرەو (دەرەنەجات) لەژێر دەسەڵاتی (سەفەوییەکان) لە سەرووی بەڵخەی ئێستەوە هەڵهاتووە. دانیشتوانی ئەم دوو شوێنە لە گوندی (بەڵخە)ی ئێستە نیشتەجێبوون.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) و نزیکەی چوار کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەکەوە دوورە. له باکورەوە لەسەر کەناری دەریاچەی دەربەندیخان و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی دوانزەئیمامی خواروو و شارۆچکەی سیروان و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی زەردیان و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی ئیمامی زامن هاوسنورە. بەناوی (حسینی حەسەن)، کە ساڵی ١٩٢٠ لە قەدپاڵی گردەکەدا بونیادیناوە، ناونراوە. دواتر چەند کەسایەتییەکی تر چونەتە گوندەکە و دانیشتوانەکەی زیادیکردووە بەناوەکانی (حاجی حەمەعەلی کەلهوڕ، حەمەسدیق، مامە ساڵح کەریم). گونجاویی ئاو و خاکەکەی بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری سەرنجی خەڵکی ئەوکاتەی بۆ نیشتەجێبوون تیایدا، ڕاکێشاوە، بۆیە هەتا کاتی دروستکردنی بەنداوی دەربەندیخان گوندێکی قەرەباڵخ بووە، بەهۆی دروستکردنی بەنداوەکە لەسەرەتای شەستەکاندا زۆربەی زەوییەکانیان ژێرئاو کەوتوون، بەناچاری زۆربەیان لە سیروان نیشتەجێدەبن و هەندێکیشیان دەچن بۆ گوندەکانی دەورووبەر. خاوەنی ٥٨٠ دۆنم زەویی بەراوە و هیچ زەوییەکی دێمی نییە، جگە ئەو کانیەی لەبنکی گردەکەدایە، کە پێشووتر دانیشتوانی گوندەکە بۆ خواردنەوە بەکاریانهێناوە. پشت بە جۆگەی ئاودێری چەمی حەسەن بەگ و جۆگەیەک لە چەمی دوانزەئیمام دەبەستێت، دانیشتوانی بەشێکی زۆریان لەشارەکانی کوردستان فەرمانبەری میرین و بەشێکی تریشی بە کشتوکاڵەوە خەریکن، لەعەشیرەتی هاروونی و نەورۆڵی و عەمەڵە و کەلهوڕ پێکهاتوون، هەروەها هیچ خزمەتگوزارییەکی تێدا نییە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). لەگەڵ گوندەکانی (میریسوور، عاموورە، بانیشار، شیرەمەڕ گوڵەخانە، گردە گڕێ، گردی سێتەپان، دەرە گوڵان و کانی ئاسکان، مەلاوەیسە، قەدەفەری، عەلیاوا، قوڵخورد، قاینەیجە و گردەنازێ) هاوسنورە. ئاوی خواردنەوەی گوندەکە لەسەرچاوەی ئاوی ڕیشێن وەرگیراوە و بە بۆری گەیەنراوەتە ماڵەکان. دانیشتوانەکەی چەند لێکدانەوەیەکیان بۆناوی گوندەکە هەیە: هەندێک بۆ (ڕێوشوێنی گونجاو بۆ ئاوەدانکردنەوە)ی دەگەڕێننەوە و بۆچوونێکی تر بە وشەیەکی تورکی دەزانن، کە بە واتای (سەرچاوەی ئاو) دێت. مێژووی دروستکردنى گوندەکەشیان بۆ ساڵی ١٦١٢ دەگەڕێننەوە، کە لە نزیک سەرچاوەی ئاوی ڕیشێندا ئاوەدانکراوەتەوە و ساڵی ١٨١٧ شوێنەکەی گوازراوەتەوە بۆ ئەم شوێنەی ئێستا. خەڵکەکەی بەزۆری کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەکەن. مزگەوت و پڕۆژەی ئاو، ڕێگەی قیر، کارەبای نیشتیمانی، قوتابخانە، بنکەی تەندروستی و هۆڵی بۆنە و پرسەی هەیە. بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٩٤٧ ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٠٠ کەس بووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١١٢ کەس بووە و لە ئێستادا ٣٨٠ کەسە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٣ی ڕیشێنە.
بە دووریی نزیکەی (١٥کم) کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجە و سەر به ناحيەى (سيروان)ـە. بە شاخەکانی: شنروێ، جۆجاڕ، سازان دەورەدراوە. سەبارەت بەناوی گوندەکە دوو بۆچوون هەیە، یەکەمیان: لە (ڕێی شا)وە هاتووە و دووەمیان (ڕێیەکی شیاو) بەتێپەربوونی کات بووە بە ڕێشاو. سەربە عەشیرەتی زەردۆیین. گوندی ڕێشاو هەتاوەکو ساڵانی ١٩٧٨، کە لادێکان بارکراون نزیکەی حەفتا ماڵ بووە، بەڵام لەپاش ڕاگواستنی لادێ، چەند ماڵێکی کەم تیایدا ماونەتەوە و نیشتەجێبوون، کە زیاتر پشتیان بە باخداری بەستووە، لەئێستادا هیچ ماڵێکی تیادانییە. شوێنەواری هەیە لەوانە شوێنەواری (قەورسانان و کەپرێ)، بەهۆی ئەوەی، کە باخداری و ئاژەڵداری دوو سەرچاوەی لاوازی داهاتن لەگوندەکەدا، بۆیە لەئێستادا زۆرینەی هاوڵاتیانی گوندەکە موچەخۆر و کاسبن لەهەڵەبجە و شارە جیاوازەکانی هەرێمدا. ڕووبەری باخ لەگوندەکەدا نزیکەی ٢٥ دۆنمە، کە بۆ ئاودێری پشت بەکانییەکانی دەبەسترێت و تائێستا هیچ بیرێکی تێدا لێنەدراوە. هەتاوەکو ئێستا هیچ خزمەتگوزارییەک لە گوندەکەدا دابیننەکراوە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٦١ی ڕیشاوە.
بە دووریی نزیکەی چوار کیلۆمەتر و نیو کەوتووەتە شارۆچکەی (بیارە)وە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی بنجەیدڕە و لە باشورەوە لەگەڵ دەرەقەیسەر و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی خارگێڵان هاوسنورە. سەرەتای نیشتەجێبوون لەم شوێنەی بۆ کۆتایی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. پێشتر لە شوێنێک بوون بەناوی (دەرەقوڵ). (٨٧٠م) لەئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دوو بۆچوون دەربارەی ناوەکەی هەیە. بۆچوونی بەهێز بریتییە لە هەڵاتنی تیشکی خۆری بەیانیان، کە تاکو دەمەوئێوارە بەردەوامی هەیە و زەردەهاڵ ئەو واتایە دەگەیەنێت. دووەمیان پێیوایە بەهۆی بوونی خاکێکی زەردەوەیە، کە لە گوندەکەدا هەیە. تا کۆتایی نەوەدەکان ئاشی ئاو لەگوندەکە بەکارهاتووە، بەهۆی ئەوەی کاروان سەرایەک بووە لە پێش حەفتاکاندا دووکان و کەبابخانە و چایخانەی تێدابووە بە تایبەت چاخانەکەی (لالۆ عارف) ناوبانگی هەبووە. پەیوەندی بەهێزی کۆمەڵایەتی وایکردووە دانیشتوانی دەرەقەیسەر تێکەڵ بە زەردەهاڵ بوون و پێکەوە دەژین. بە گشتی دانیشتوانەکەی بە کشتوکاڵکردن و ئاژەڵداریەوە سەرقاڵن. قوتابخانە و بەنزینخانە و مزگەوت و هۆڵی پرسەی تێداکراوەتەوە. یەکەمین گوندی هەورامانە، کە پڕۆژەی ئاوەڕۆی بۆ کرابێت. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٢ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥٩ی پشت جۆگەی بنجۆیدڕییە.
کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى ناحیەی (سيروان) و بە دووریی نزیکەی چوار کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحییەکەوە دوورە. لە باکورەوە لەگەڵ سەرکەناری دەریاچەی دەربەندیخان و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی حاجی ڕەقە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی لامەرکەزی و تەپەگوڵاوی و لە خۆرئاواوە لەگەل گوندی دێی حسێن هاوسنورە. ساڵی ١٩٤٠ لەلایەن (شێخ مەحموودی کوڕی کاکە شێخی بیارە)وە ئاوەدانکراوەتەوە. بەناوی کانی زەردیانەوە ناونراوه. هاوسنور بووە لەگەڵ گوندەکانى (بانى بەياخ) و (قۆرتاس). (٤٧٤م) لەئاستی ڕووی دەریاوە بەرزبووە. خاوەنی ٤٥٠ دۆنم زەویی بەراوە. جگە کانی ناو گوندەکە، پشت بە جۆگەی ئاودێری چەمی حاجی ڕەقە و جۆگەیەک لە چەمی زەڵم دەبەستێت، خەڵکەکەی سەر بە عەشیرەتی هارونی و نەورۆڵی و عەمەڵەن. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٦ی زەردیانه لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٦٠ کەس بووە. هەتا کاتی دروستکردنی بەنداوی دەربەندیخان گوندێکی قەرەباڵخ بووە، دواتر زەوییەکانیان ژێر ئاو کەوتووە و ناچار گوندەکەیان چۆڵ کردووە. لەوکاتەوە هەتا ئێستا هیچ ماڵێک لە گوندەکەدا نییە.
ئۆردووگایەکی زۆرەملێیە. کەوتووەتە سەر ڕێگەی گشتیی (سلێمانی- دەربەندیخان). بە بیانوی دروستکردنی پشتێنەی ئەمنی بە بڕیاری حوکمەتی عێراقی لە ساڵی ١٩٧٨ دروستکراوە. خەڵکی ٢٠ گوندی بناری بەمۆ، کە سەرجەمیان سەر بە شارۆچکەی سیروان و قەزای هەڵەبجە بوون، بە زۆرەملی لە ئۆردوگاکەدا نیشتەجێکران و خرانە سەر قەزای دەربەندیخان. ئەم بڕیارە بوە هۆی گۆڕانکاری دیمۆگرافیی لە سنوری قەزای هەڵەبجە، چونکە هەر خەڵکەکە نەگوازرانەوە، بەڵکو هەموو گوندەکانیش خرانە سەر قەزای خانەقین. پاش دروستکردنی شارۆچکەی بەمۆ لەلایەن حوکمەتی هەرێمەوە ١٣ گوند لە گوندەکانی بناری بەمۆ خرانە سەر سنوری کارگێڕیی شارۆچکەکە و پاشان گەڕێنرانەوە سەر پارێزگای هەڵەبجە، بەڵام هێشتا ١٣ گوندی سنورەکە هەر لەسەر قەزای دەربەندیخان ماونەتەوە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) لە بناری شاخی شنروێ و لە نێوان گوندەکانی (عەبابەیلێ و دەڵەمەڕ). بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٠٤ لەلایەن (هەیاس محەممەد) ناوێکەوە بونیادنراوە و یەکەم کەس بووە ماڵەکەی بردوەتە ئەوێ. بەهۆی ئەوەی لە چواردەوری کانییەکی نزیک گوندەکە، قامیشی زەلى لێبووە، ئەو ناوەی لێنراوە. هەتا ڕاگواستنی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٨ ئاوەدانبووە و شەش ماڵی لێبووە. ڕووبەری گوندەکە ٩٠ دۆنمە. دوای ڕاپەڕین ئاوەدانکراوەتەوە و لە ئێستادا شەش ماڵی لێ نیشتەجێیە و زۆرتر بە ئاژەڵداری و کشتوکاڵکردنەوە سەرقاڵن. (مەجید سادق) ئەنجومەنی گوندەکەیە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). لە باشورییەوە لەگەڵ گوندی (ئەحمەدئاوا) له خۆرهەڵاتەوه لەگەڵ گوندی دەرەیمەڕ و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (هانەی قوڵ و یاڵانپێ) هاوسنورە. لە دامێنی چیای (داڵانی)دایە، پشتەوەی لوتکەی زەڵمە و دۆڵی کەڕجاڵ لە ڕۆژهەڵات و وشکەناو لە ڕۆژئاویدا هەن. (١٦٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. شوێنی گەشتیاری و مێژووییە. ناوەکەی لە زێی لم، یان شوێنی زاڵم، یان گیای دەنکە زەڵمەوە هاتووە، کە سەرچاوە کۆنەکان باسیان لەو گیایە کردووە. زەڵم وەک ناو بۆ پرد و شاخ و دۆڵ و ڕوبار و قەڵاو گوند و هاوینەهەوار هاتووە. سەرچاوەی گەورەی زەڵم و قەڵای خان ئەحمەدخانی لێیە. چەندین کەسایەتی لێ هەڵکەوتووە وەک مستەفا زەڵمی، لە سەرچاوە مێژوویەکاندا ناوی هاتووە و عوسمانی و سەفەوی بایەخیان پێداوە. ساڵی ١١٦٩ز بابا ئەردەڵان هەوڵی دروستکردنی قەڵای زەڵمی داوە. خان ئەحمەدخان دەیخاتە ژێر دەسەڵاتی سەفەییەکانەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٥٠١ کەس بووە و لە ئێستادا ٥٨ کەسە. خاوەنی دەستڕەنگینیەکی زۆرن، بە تایبەت لە بواری تەلارسازی و بیناسازی. لەبەرئەوەی ناوچەکە چیاییە، خانووەکانی لەسەریەک دروستکراون. گۆپەخڵەی گۆڕی پاشاکانی ماد و چەندین ئەشکەوت و ئاسەواری دێی کۆن و زۆرترین ئاشی لێ بووە. دانیشتوانەکەی بە زۆری خەریکی کاری ئاژەڵداریی و کشتوکاڵن. ئێستا بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری و پڕۆژەی ئوتێل و باڵەخانە و دوکان و بازاڕی لێکراوەتەوە و هاوینان زۆرترین گەشتیار سەردانیدەکەن. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٤١ی زەڵمە.