مەشروعی سیروان

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07


لاپەڕەی 587

پرۆژەی کشتوکاڵی

پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی بوو، حکومەتی عێراق لە شوێنی نەمامگەی ئێستای سیروان دایمەزراند. بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەک (ترێ، قەیسی، گەنم، هەنگەڵان و ئاژەڵداریی) تێدا بەرهەمدەهێنرا. دواتر لقێکی هاوشێوەی ئەم پڕۆژەیە لە (دوجەیل)ی عێراقی عەرەبییەوە هات و پڕۆژەکە فراوانتر بوو، بەتایبەتی ئامێری پاککردنەوەی گەنم (هەباشە) و خێراتربوون و زیادبوونی بەرهەمەکانی لێکەوتەوە. ئەم چالاکییە جۆرییە کاریگەریی گرنگی لە ناساندن و جێگیربوونی ناوی شارۆچکەکە بە (دوجەیلە) هەبووە. ئەم پڕۆژەیە مۆلیدەیەکی گەورەی کارەبای بۆ تەرخانکرابوو. لەم پڕۆژەیەدا چەندین کرێکاری خەڵکی سیروان کاریان تێداکردووە، لەوانە: ئەوڕەحیمی مەلا، کاک فەتاحی هەسەنی محەممەد و مەحموودی ئەحمەی ئەوڵا. کابرایەکی یابانی لێبوو ناوی (ئیواتە) بوو، ئەم کەسە سەگێکی بچوکی هەبوو، بەقەد پشیلەیەک دەبوو، بەڵام زۆر دڕ و هار بوو، بەردەوام پاسەوانی خاوەنەکەی دەکرد، هەر بەحاڵ پەنجەیەکت بدایە لە (ئیواتە) یەکسەر پەلاماری دەدایت. (ئیواتە) بنێک گیای لەناو هەڵوژە و قەیسی و درەختەکانی تردا ناشتبوو، بەردەوام خزمەتی ئەم بنە گیایەی دەکرد، ئەم هەڵسوکەوتەی (ئیواتە) بوو بووە جێی سەرنجی کاک فەتاح. ڕۆژێک کاک فەتاح سەیردەکات(ئیواتە) گەڵایەک لێ دەکاتەوە و دواتر تێکەڵی توتنی دەکات و دەیکات بەجگەرە و دەیکێشێت. فەتاحیش وتبووی: ئای ئەمە جگەرەی لای خۆیانە، وادیارە زۆر خۆشە، با دوایی بڕوا منیش تۆزێکی لێ دەبەم، دواتر چەند گەڵایەکی کردبووە کیسە توتنەکەیەوە، یەک جگەرەی کێشابوو، لەوێدا بێ هۆش کەوتبوو، هەتا مەغریب و عیشا بەسەرا هات و نەگەڕابووە ماڵەوە. دادە ئامینی هاوسەری بەدوایدا گەڕابوو، هەواڵی دابوو بە هاوڕێ کرێکارەکانی، ئەوانیش وتبوویان: وەڵا ئیمە دوای نیوەڕۆ هاتووینەتەوە ئەو خەوی لێکەوتبوو، وتمان دوای ئێمە لەخەو هەڵدەستێت و دەگەڕێتەوە. شەو ڕۆشتن هێنایانەوە، هەتا ڕۆژ بوویەوە خەبەری نەبووەوە، لەبەرئەوەی گیایەکە تلیاک و ئەو جۆرانەبوو، (ئیواتە) هاتبووە سەر ڕووداوەکە، دەستبەجێ بنەگیاکەی هەڵکەندبوو، کەس نەیزانی چی لە بنە گیاکە کردووە.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (مەلا حەسەنی حاجی عەبدولڕەحیم)، لەدایکبوو: ١٩٦٣، پیشە: خانەنشین، لە ١٢ی ١٢ی ٢٠٢٣، لە سیروان.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (حسەینی خەلیفە)، لەدایکبوو: ١٩٥٤، پیشە: خانەنشین، لە ١٣ی ١٢ی ٢٠٢٣، لە سیروان.
  3. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (ئەنوەر سدیق عەلی)، لەدایکبوو: ١٩٥١، پیشە: پێشمەرگەی خانەنشین، لە ١٧ی ١٢ی ٢٠٢٣، لە سیروان.

ئامادەکردنی: یونس مەحموود ئەحمەد

2

هاوبەشی پێبکە