شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

926 بابەت

حسێن بەگ

کەوتووەتە دامێنی نزارەی گوندی (گریانە) لە هەورامان. بە ناوی خاوەنەکەیەوە (حسێن بەگی ڕۆستەم سان) ناونراوە. بە ئاشی ناوباخیش ناسراوە، کە لە ساڵانی ١٩٢٥-١٩٣٠ دایناوە. کاکەلەو مەحموولەی نەوسودی ئاشەوانی بووە. دواتر ماڵی دەروێش نادر ئیشیان تێداکردووە. ئاوی بە جۆگە لە چەمی گریانەوە بۆ هێنراوە. هەتا ساڵی ١٩٧٨ و کاتی ڕاگواستنی گوندەکان کاریکردووە. پاشماوەکەی تا ساڵی ٢٠١٠ مابووە. گوندەکانی بۆین و هاوار سودیانلێبینیوە.

خوارنگ

ئاشی ئاوە. کەوتووەتە ڕۆژهەڵاتی گوندی (هاوار). لەسەر چەمی ئاشی و سەر ڕێگەی ئێران - عێراق دروستکراوە و هۆزی وسەینەییەکان خاوەنی بوون. خاوەنەکەی (کاکەخان ئەحمەد) بووە. مێژووی دروستبوونی بۆ ساڵی ١٩٢٠ دەگەڕێتەوە و هەتا ١٩٧٨ کاریکردووە. بەئاوی چەمی گەورەی هاوار ئاشەکە ئیشیکردووە. لە ئێستادا تەنها شوێنەواری ماوە.

ڕەزا وەیس

ئاشی ئاوە. بە دووریی (٦٠٠م) کەوتووەتە لێواری چەمی (زەردەگڵ) لە خۆرهەڵاتی گوندى (گڵێجاڵ). یەکەم ئاش بووە لە سنورەکەدا. ساڵی ١٩١٥ دروستکراوە. هەتا ١٩٤٠ کاریکردووە. بە ناوی خاوەنەکەیەوە ناونراوە.

ژوورنگ

ئاشی ئاوە. کەوتووەتە گوندی (هاوار). لەسەر چەمی گەورە (ئاشی) لەلایەن (هەیاس) ناوێکەوە، کە لە هۆزی پیر ئیسماعیلییەکان بووە دروستکراوە. هەر لەبەر ئەوەشە، کە بە(ئاشی هەیاس)یش ناوبراوە. لەلایەن پیر ئیسمایلییەکانەوە سەرپەرشتیکراوە و بە موڵکییش هی ئەوانە. لە گوندەکانی چواردەورەوە بەتایبەت لە (هاوارەکۆن و گریانە و دەرەتفێ)ەوە باراشیان بۆ هێناوە. هەتا ڕاگواستنی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٨ کاریکردووە.

سڵێمان

بە دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە‌ دەشتی (کانی کەوه)‌ لە خۆرئاوای گوندی (خێڵی حەمه)‌ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). مێژووی دروستکردنی ئاشەکە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیست دەگەڕێتەوە و لەلایەن کەسێکەوە بەناوى (سڵێمان)، کە کەسایەتیی گوندەکه بووە‌ دروستکراوە و بەناوی ئەوەوە ناونراوە. بە ئاوی جۆگەی (قۆنتەرات) کاریکردووە. هەتا ساڵانی سییەکانی سەدەى ڕابردوو کاریکردووە. ‌

سورگ

کەوتووەتە کۆتایی چەمی ئاوبڵاو لە نزیک گوندی (گورگەچیا). لە ئێستادا ئاوی دەریاچەی دەربەندیخان دایپۆشیوە. ئەم ئاشە زۆر کۆنە و مێژووەکەی نەزانراوە. خاکەکەی سورباوە، هەر بۆیە بەو ناوە ناونراوە.

سوورک

بریتییە لە ئاشێکی ئاوی لە نزیک گوندی (قۆرتاس) و (گردی قۆرتاس) لە باشوری شارۆچکەی (سیروان). ئاشی ئاوە و لەسەر بەیەکگەیشتنی ئاوی چەمی (گوندی پریسی خواروو ئاوی چەمی ئابڵاو و ئاوی کانی سپی) هەڵکەوتووە. بە ئاوی ئەو سێ سەرچاوە ئاوییە ئیشیکردووە، میژوویەکی دێرینی هەیە.

سیانی سەروو

ئاشى ئاوە. کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (عامورە) له ‌نزیک کانی سیانی سەروو، مێژووى ئەم ئاشە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەى ١٠٠ساڵ لەمەوبەر ئەم ئاشە هى خەڵکى بانیشار بووە، بەڵام نازانرێت ئەو کەسە ناوى چى بووە. بە ئاوى کانى سیانى سەروو کاریکردووە. هەتا ئێستاش پاشماوەی ماوە، ناسراوە بە ئاشی سیانی سەروو.

شاوەیس و باوەیس

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (گردیگۆ) و باشوری گوندی (تەپەتۆڵەکە). لە ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوودا کاری کردووە. ساڵی ١٩٥٤ کوێخای گوندی تەپەتۆڵەکە (حاجی محەممەد عەلی) لە (شێخ تایب)ی کڕیوەتەوە کاریپێکردووە، هەتا ساڵی ١٩٦٧ بە ئاوی زەڵم و گەنجان کاریکردووە. لە ئێستادا تەنها شوێنەواری ماوە.

شێخ ئیبراهیم

ئاشی ئاوە‌. کەوتووەتە ناو باخەکانی گوندی (عەبابەیلێ). موڵکی (شێخ ئیبراهیم) بووە. کەسێک بەناوی (حسێنە) کاری لەسەر کردووە و هەتا ساڵی ١٩٧٠ بەردەوامبووە.

شێخ حەسەن

کەوتووەتە گوندی (سەرگەت)ی سەر بە ‌شارۆچکەی (بیارە). مێژووەکەی بۆ ساڵی ١٨٩٠ دەگەڕێتەوه. بەناوی خاوەنەکەیەوە ناونراوە. بە ئاوی چەمی هەمەشوانە کاریکردووە و هەتا ساڵی ١٩٢٠ بەردەوام بووە.

شێخ حسەین ١

ئاشی ئاوە. کەوتووەتە گوندی (باوەکۆچەک). بە ئاوی سەرحەوزی چاوگ ئیشیکردووە. لە پەنجاکاندا دروستکراوە و شوێنەوارێکی کەمی ماوە. بارئاشی لە گوندەکانی تریفە و باوەکۆچەک و چاوگەوە بۆ هاتووە.

شێخ حسەین ٢

ئاشی ئاوە. کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندی (شەشکی خواروو)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). بە ئاوی چەمی شاوڵاغ کاریکردووە، (شێخ حسەین) خاوەنی بووە. مێژووى دروستبوونى بۆ ساڵی ١٨٩٠ دەگەڕێتەوە. هەتا ساڵى ١٩٢٥ کاریکردووه. چەند گوندێکى تریش لێی سودمەندبوون،‌ لەوانە: (شەشکى سەروو، بەشارەتى سەروو، خێڵى حەمە).

شێخ ڕەزا

کەوتووەتە بەردەم مزگەوتەکەی ناو گوندی (باوەکۆچەک) و بە ئاوی سەرحەوزی چاوگ ئیشیکردووە. لە چلەکانی سەدەی ڕابردوودا دروستکراوە. هەتا ئێستاش شوێنەواری ماوە.

شێخ ساحێب

ئاشی ئاوە. بە دووریی (٢٠٠م) کەوتووەتە باکوری گوندى (پشتە) ‌ناو باخی (شێخ). خاوەنەکەی (شێخ ساحێب)ی سەر بە بنەماڵەی شێخانی نەقشبەندییە. ساڵی ١٩٤٥ دروستکراوە. هەتا ١٩٧٨ و کاتی ڕاگواستنی گوندەکان کاریکردووە. بە جۆگەیەک لە چەمی (قەڵا)وە ئاوی بۆ ڕاکێشراوە. لە ئێستادا تەنها شوێنەواری ماوە.

شێخ عەلادین ١

دوو ئاشی گەورەی ئاون. کەوتوونەتە سنوری گوندی (ئەحمەدئاوا). دوای گلەیی و گازندەی خەڵکی ئەحمەدئاوا لەسەرکاری شێخ، شێخ خۆی هاتووەتە گوندەکە و بونیادی خانوبەرەی ناوە و جۆگەی دەیمەجۆی فراوان و گەورە کردووە، هەتا خڕی سەرگەت، دوو ئاشی داناوە: یەکەمیان لەناو ئاوایی و بە ئاوی ئەم جۆگەیە ئیشیکردووە. لەبەرئەوەی ئاشەکە کار لە ئاودێری باخەکانی سەر جۆگەکە نەکات، پاییز و زستان کاریپێکراوە. دووەمیان لەناو هاوینەهەوارەکەدا بووە، لە شوێنی گەراجەکەی خوار قەبرسانی سەید محەممەد، لەبەرئەوەی بنەوانی جۆگەکەی لەسەرچاوەکەدا بووە، کاریگەری لەسەر کەم بوونەوەی ئاوی دەیمەجۆ نەبووە، بۆیە چوار وەرزە کاریکردووە.

شێخ عەلادین ٢

ئاشی ئاوە. کەوتووەتە باشوری‌ گوندی (شەشکی سەروو)ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ). مێژووەکەی بۆ ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. بە ئاوی جۆگەی زەلەکان کاریکردووە. لەلایەن (حەمەی عەلی حاجی)ی کەسایەتیی گوندەکەوە دروستکراوە و دواتر فرۆشتوویەتی به(شێخ عەلائەدینی نەقشبەندی). چەند کەسێکیش وەک ئاشەوان، هەتا ساڵی ١٩٨٧ کاریان لەسەر کردووه و کاریکردووە.‌

شێخ عوسمان

ئاشێکی ئاوە. به ‌دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (تەپی سەفای خواروو)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). ساڵی ١٩٣٠ لە‌لایەن (شێخ عوسمانی نەقشبەندی)یەوە دروستکراوە و بە ناوی ئەوەوە ناونراوە. هەتا ساڵی ١٩٤٥ کاریکردووه.‌ جوتیارانى گوندەکانى (تەپى سەفاى خواروو، تەپى سەفاى سەروو، شەکرالى، هەردوو شەشکى خوارو و سەروو، تازەدێ) سودیانلێوەرگرتووە. به ‌ئاوی تەوێڵەجۆ کاریکردووە. (سۆفی ساڵح) ئاشەکەی گێڕاوە.

شێخ عومەر

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی لامەرکەزی و لە نزیک گوندی( تەپەکەل ). بۆ شێخ عومەر گەڕاوەتەوە و خۆی سەرچاوەی ئاوی هەبووە. بە ئاوی کانییەکەی خۆی ئیشیکردووە.

شێخ مەحموود

ئاشی ئاوە. کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (بیاوێڵە). ساڵی ١٩٤٥ دروستکراوە. بەناوی خاوەنەکەیەوە (شێخ مەحموود) ناونراوە. جگە لە خۆی، چەند کەسێکی تری خەڵکی گوندەکە کاریان لەسەر کردووە. هەتا ساڵی ١٩٨٣ کاریکردووە. لە ئێستادا تەنها شوێنەوارەکەی ماوە.

پێشتر 1
...
40 41 42
...
47 دواتر