شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

926 بابەت

ئۆڵڵا بەگ

ئاشی ئاوە. کەوتووەتە گوندی (ئەحمەدئاوا). لە خوارووی شێوێنەواری پیرە غەریبەیە. بە ئاوی سەرچاوەی زەڵم کاریکردووە. لە نزیک ئەم ئاشە شوێنەواری خانووبەرە و کەلوپەلی کۆنی زۆری تێدا دۆزراوەتەوە، کە پێدەچێت پاشماوەی گوندێکی کۆن بووبێت.

بانەڕەش

ئاشێکی بەردینی کۆنە. کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (چوارداران). لەنزیک چەمێکی پڕ ئاو هەڵکەوتووە، کە بەهۆیەوە لەکاتی خۆیدا زۆربەی کاتەکانی ساڵ بەکارهاتووە.

بەشارەت

کەوتووەتە گوندی بەشارەت. لە چلەکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن (حاجی حەمەسەعید) ناوێکەوە دروستکراوە. بە ئاوی زەلەکان ئیشیکردووە. تاکە ئاشی گوندەکە بووە و لەگوندەکانی دەوروبەرەوە خەڵکی بارئاشی بۆ هێناوە. هەتا ساڵی ١٩٧٠کان کاریکردووە. هەتا ساڵی ١٩٩١ شوێنەواری مابووە. لە ئێستادا وەک ناونیشانێکی دیاری ناوی دەبرێت.

بەلەسۆ

ئاشی گازە. بەناوی گوندەکەوە ناونراوە. دووەم ئاشە، کە براوەتە بناری بەمۆ و بە گازوایل کاربکات. لە لایەن (حاجی تۆفیق مەلا فەتاح گڵێجاڵی)یەوە لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی بیستدا براوەتە سنورەکە و لە گوندی (بەلەسۆ) دانراوە.

پردی زەڵم

کەوتووەتە سەر جۆگەی قاسم بەگ لە خۆرئاوای گوندی (گێڵەک)ی سەر بەناحیەی (خورماڵ). بە مەکینەیەکی گاز ئیشیکردووە، ساڵی ١٩٦٠ (حاجی ساڵحی گێڵەک) کەسایەتیی بەناوبانگی ناوچەکە دایناوە. ساڵی١٩٨١ حکومەتی عێراقی ئەوکات ئاشەکەی تەقاندووەتەوە، لەبەرئەوەی ئەو ناوچەیە شوێنی چالاکییەکانی پێشمەرگە بووە.

تەکیە

کەوتووەتە خوارووی گوندی (تەکیە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). بە (ئاشەکەی تەکیە)ش ناوبراوە. ساڵی ١٩٤١ دروستکراوە. هەتا ١٩٦٠ کاریکردووە. لە خورماڵەوە ئاویان بۆ هێناوە. لە ئێستادا شوێنەواری ماوە. بنەماڵەی شێخانی نەقشبەندی خاوەنی بوون و (محەممەد موراد شاوەیس) سەرپەرشتیکردووە.

جۆگەی ئاش

ئاشی ئاو بووە و کەوتووەتە گوندی (پریسی سەروو)، نزیکەی کیلۆمەترێک لە سەنتەری گوندەکەوە و بە ئاڕاستەی باکور، دوورە. پشتی بە ئاوی کانییەکانی (کانی جانە و کانی دەراش) بەستووە. سەد مەتر لە کانی دەراشەوە دووربووە، ئاشی ماڵی (مامۆستا مەلا عەزیزی پریس) بوو، لە دەیەی چوارەمی سەدەی بیست کاریکردووە و دواتر لەکارکەوتووە، گەنمی گوندی پریسی سەروو و گوندەکانی ناوچەی نەورۆڵی کردووە بە ئارد.

چاوگ

ئاشی ئاوە. کەوتووەتە گوندی چاوگی ناوچەی کۆکۆیی و بە ئاوی سەرچاوگ ئیشیکردووە. ئەم ئاشە زۆر کۆن بووە و مێژووی دروستبوونی دیارنییە. هەتا ساڵی ١٩٧٧ کاریکردووە. لە گوندەکانی بامۆک و تریفەوە بار ئاشی بۆ هاتووە.

حاجى حەمەساڵح

ناوى تەواوى (حەمەساڵح مەحموود ڕۆبیتەن)ـە و بە (حاجى حەمەساڵحى ئاشەوان) ناسراوە. ساڵی ١٩٢٧ لە گوندى (تریفە)ى ناوچەى نەورۆڵى لەدایکبووە. ساڵى ١٩٧٦ لە کەرکوکەوە ئەم ئاشەی هێناوەتە‌ گەڕەکى گوڵان لە تەنیشت قوتابخانەى حەمدوون دایناوە. له ‌سەرەتاى دانانى ئاشەکەیەوە هەتا چەند ساڵێک پێش کۆچیدوایى، به ‌بەردەوامى لەگەڵ دوو کوڕەکەى (حەمەکەریم و کامیل) کاریانپێکردووە. هەتا ساڵی ٢٠١٨ ئیشیکردووە.

حاجی حەمەسەعید

ئاشی ئاوە. ‌کەوتووەتە بەشى باشورى خۆرهەڵاتى گوندی (بەشارەتی سەروو)ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ). مێژووەکەی بۆ ساڵی ١٩٣٥ دەگەڕێتەوە. هەتا ساڵی ١٩٦٧ و بەئاوی جۆگەى (زەلەکان) کاریکردووە. دوو ئاشگێڕی هەبووە. به ‌ناوی خاوەنەکەیەوە (حەمەسەعید فەقێ حەسەن) ناسراوه. لە ئێستادا تەنها شوێنەواری ماوەتەوە.

حاجی ساڵح

ئاشى گازە. ‌ساڵی ١٩٦١ لەلایەن حاجی (ساڵح)ی گێڵەک بە هاوبەشی حاجی مەحموودی بارامی گردی قازی و و حاجی حەمەئەمینی قاجر دامەرزاوە. هەتا ساڵی ١٩٨٦ کاریکردووە. گوندەکانی دەشتی شارەزوور و بناری سورێن سودیانلێبینیوە. ‌ساڵی ١٩٦١ بەبڕی سێ هەزار دینار ئاشەکەیان له ‌بەغدادەوە کڕیوه.

حاجی عەلی

کەوتووەتە سنوری گوندی (پاڵانیا)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). خاوەندارێتی بۆ کەسێک گەڕاوەتەوە بەناوی حاجی عەلی، هەربۆیە بەوناوەشەوە ناویان ناوە. ئەم ئاشە لەساڵی ١٩٤٦ دروستکراوە. دەکەوێتە بەردەم گوندی پاڵانیا و لە لێواری چەمی تەوێڵە، کە بە بەردەم گوندەکەدا تێدەپەڕێت، ئاشەکە بە ئاوى چەمى تەوێڵە ئیشیکردووە و جۆگەی تایبەتی بۆ جیاکراوەتەوە. هەتا ساڵی ١٩٦٤ کاریکردووە.

حاجی عینایەت

کەوتووەتە سنوری شارۆچکەی (بیارە). بەناوی خاوەنەکەیەوە (حاجی عینایەت ئەحمەد) ناونراوە، کە ئەویش لە باوکییەوە بۆی بەجێماوە. لە ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوو دروستکراوە و لە جۆگەی خواجایی ئاوی بۆ هێنراوە. هەتا ساڵی ١٩٧٣ کاریکردووە. شوێنەواری دەستهاڕ و بەرد و چەقچەقە و کەرەستەکانی هەتا ڕاپەڕینی ١٩٩١ دیاربووە.

حاجی مستەفا عەلی

ئاشێکی مەکینە‌یە. کەوتووەتە گوندی (تەپی سەفای سەروو)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). خاوەنەکەی کەسێک بووە بەناوى (حاجی مستەفای یاروەیس) و بەناوی ئەوەوە ناوبراوە. ‌ساڵی ١٩٧٠ لە شارى بەغدادەوە هێنراوە‌ و بە ئاو و بەگاز ئیشیکردووە. چەند کەسێک وەک ئاشەوان کاریان لەسەر کردووە. هەتا ساڵی ١٩٨٧ و ڕاگواستنى گوندەکە کاریکردووە.

حاجی میر ئەحمەد

ئاشى ئاوە. کەوتووەتە ‌سنورى گوندی (تەپەکوڕە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). خاوەنداریەتى دەگەڕێتەوە بۆ (حاجی میرئەحمەد)، کە کەسایەتییەکی گوندی (تەپەکوڕه)‌ بووە، هەربۆیە بەناوى ئەویشەوە ناونراوە. لەساڵی ١٩٢٥ دامەزراوە تاکو ساڵی پەنجاکان کاریکردووە. لەو ماوەیەشدا چەند کەسێک وەک ئاشگێڕ کاريان تێداکردووە‌.

حامیدبەگی مەجید بەگ

کەوتووەتە باشوری گوندی (پریسی سەروو) لە ناوچەی نەورۆڵی. بە ئاوی کانیی دەراش گێڕراوە. لەکاتی خۆیدا مامۆستا (مەلاعەبدولعەزیزی پریسی) بەکاریهێناوە. لە ئێستادا تەنها شوێنەوارەکەى ماوە، لە پەنجاکانى سەدەى ڕابردوودا دروستکراوە.

حەمەبۆر

لە نێوان گوندەکانی (چاوگ و باوەکۆچەک)ـدا بووە. بەئاوی سەرچاوگ ئیشیکردووە. لەساڵانی ١٩٤٠ دروستکراوە. خاوەنەکەی حەمەبۆری ئەحمەدی عەلی ڕەمەزان بووە.

حەمەسەراوی

کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجەوە. سەرەتا بە گاز کاریکردووە و دواتر کراوە بە کارەبا. لە سێ ماتۆڕی کارەبایی پێکهاتووه: ماتۆڕى یەکەم بۆ ئارد، دووەم بۆ ساوەر و بڕوێش و سێیەمیان بۆ چەڵتوک بەکارهاتووە. وەستا باقی حەمەعەزیز (خاڵە باقى) وەستاى دەگرمانى ئاشەکە(ئەو بەشەى ئاشەکە، کە لە گەنم ئارد دروستدەکات) بووە. بە ناوى ئاشەوانەکەیەوەیە(محەممەد عەبدوڵا محەممەد١٩٢٧ - ٢٠٠٣)، کە بە (حەمە سەراوى) ناسراوه. سێ کەسی تریش کاریان لەسەر کردووە بە ناوەکانی (سۆفی ڕەحیم، جەمالی مامۆ ڕۆستەم، سالم غوڵامی).

حەمەعەلی سەید وەیس

کەوتووەتە ‌پشت جۆگەی دەلێن لە باکوری گوندی (دێکۆن)ی سەر بە شارۆچکەى (خورماڵ). له ‌ساڵانی بیستەکانی سەدەی‌ ڕابردوو لەلایەن (حەمەعەلی) ناوێکەوە دروستکراوە و بەناوی ئەوەوە ناونراوە، کە کەسایەتییەکی دیاری گوندەکە بووە. هەتا ساڵانى پەنجاکانى سەدەى ڕابردوو کاریکردووه.

حەمەی حاجى

ئاشی ئاوە. کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (ڕیشێن). بە ئاو ئیشیکردووە. هەتا ساڵی ١٩٦٣ ئیشیکردووە. (محەممەد حاجی فەرەج) ناوێک خاوەنی بووە و بەناوی ئەوەوە ناوی ڕۆیشتووە. لە ئێستادا تەنها شوێنەواری ماوە.

پێشتر 1
...
39 40 41
...
47 دواتر