بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
ناوی (شەمسەی ئەحمەدموختار بەگی وەسمان پاشای جاف)ـە. کچی گەورەی ئەحمەدموختار جافی شاعیرە. ساڵی ١٩٢٢ لە کۆشکەکەی وەسمان پاشای باپیری لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. یەکەمین قوتابیی کچە لە سنوری هەڵەبجە، کە چووەتە قوتابخانە و لە قوتابخانەی (ئەوەڵی البجە)ی کوڕان خوێندویەتی. (تۆفیق وەهبی)ی موتەسەریفی سلێمانی ساڵی ١٩٣٠ لە سەردانێکی بۆ قەزای هەڵەبجەدا، ئەحمەدموختار بەناوی کچانی هەڵەبجەوە داوایەکی پێشکەشکردووە و داوای کردنەوەی قوتابخانەیەکی کچانی کردووە لە شارەکەدا، شەمسەی کچیشی، کە لەو کاتانەدا قوتابی پۆلی دووە بووه، داواکارییەکەی بۆ خوێندووەتەوە. لەپاش دوو هەفته، یەکەمین قوتابخانەی کچان لە هەڵەبجە کراوەتەوە.
گەرچی لە ساڵی ١٨٢٠ەوە هەڵەبجە بەشار ناوی هاتووە، سیفەتی قایمقام یان بەڕێوەبەر لە نێوان جافەکان و ئەو کەسانەی عوسمانی دایناون هەبووە و وەکیلیشی هەبووە. بەڵام بە شێوەیەکی ڕێکخراو، یەکەم مەجلیسی پێکهاتووی قەزای هەڵەبجەی ئەوکاتە. لەلایەن حاکمی سیاسیی ئینگلیزەوە پێکهێنراوە. دوای ئەوەی لە قەزاکەدا هەندێک ناکۆکی تایفی و بەیەکهەڵشاخان دروستدەبێت. پێکهێنانی ئەم مەجلیسە بە پێویست زانراوە. ئەندامەکانی لە چین و پێکهاتە و توێژە کۆمەڵایەتییەکان هەڵبژێردراون، هەندێک ئەندامیش لەبەر لێهاتووی و زیرەکی هێنراونەتە ئەنجومەنەکەوە. مانگی جارێک کۆبوونەوەی کردووە. حاکم دوای خوتبەیەک لە ٢٦ی ٦ی ١٩٢١ ئەندامان دەناسێنێت. ئەوانیش (عەلی بەگی مەحموود پاشای جاف، کەریم بەگی فەتاح بەگ، ئەحمەد بەگی عوسمان پاشا، ئەفراسیاب بەگی ڕۆستەم بەگ، قادر بەگی جافر سوڵتان، حامید بەگی مەجید بەگ).
خاوەنی یەکەمین وەکالەتی سوتەمەنی لە شارۆچکەی (خورماڵ)، کەسێکە بە ناوی (حاجی کاکە حەمەی خورماڵی)یەوە، کە بە (محەممەد مەحموود حسەین، حاجی کاکەحەمەی ڕوانسەری، حاجی کاکە حەمەی خورماڵ) ناسراوە. ساڵی ١٩١١ لە ناوچەی (ڕوانسەر) لە خۆرهەڵات لەدایکبووە. پاش کۆچیدوایی باوکی هاتوونەتە گوندی تەکێی نزیک خورماڵ و سەرقاڵی کار و پیشە بووە. سێ جار ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. هاوکاری کەسی هەژاری کردووە. لە ڕۆژنامەی خورماڵدا هاتووه، کە لە ٣٠ی ٦ی ١٩٤٠ بڕی ٥٠ فلسی بەخشیوە بە باخچەی گشتیی خورماڵ. ساڵی ١٩٥٨ بۆ یەکەمجار وەکالەتی وێستگەیەکی سوتەمەنی لە خورماڵ وەرگرتووە. ساڵی ١٩٦٥ به هاوبەشی لەگەڵ (حاجی مستەفای تەپی سەفایی) لە تەنیشت ماڵەکەی لە نزیک مزگەوتی گەورە له سەر ئاوی زەڵم یەکەم ئاشی کارەبای بۆ گەنم هاڕینی داناوە. ساڵی ١٩٧٦ یەکەمین کارگەی سەهۆڵ لە تەنیشت ئاشەکەی خورماڵ داناوە. ساڵی ١٩٦١ لەگەڵ (مستەفا فەنی) وەک نوێنەری خەڵکی خورماڵ بەشداری کۆبوونەوە فراوانەکەی گوندی تەپی سەفای کردووه. ساڵی ١٩٨٠ لە شارۆچکەی خورماڵ کۆچیدواییکردووە.
لەلایەن مامۆستا (مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس)ـەوە لەسەر داوای شێخ عەلادین پێشکەشکراوە. بۆ ئەوەی موسڵمانان لە ناوەڕۆک و پەیامەکەی تێبگەن. دواتر چەند مامۆستایەک پەسەندیانکردووە و لە خورماڵ و هەڵەبجە وتاریان بە کوردی پێشکەش کردووە. شێخ عەلادین بەنامەیەک -کە بە زمانی فارسی نوسیویەتی- لە ٢٦ی ڕەجەبی ١٣٥٣، ٤ی١١ی ١٩٣٤ داوای لە مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس کردووه، کە وتار بە کوردی پێشکەشبکات. دەقی نامەکە: (بسم تعالی... جناب فاضل محترم ملا عبدالکريم مدرس زيد فضلة، پس از اهداي دعوات خيرات و تمناي مزيد سعادات اظهار مي دارد از تاريخ وصول اين کاغذ بة شما ماموري از طرف من کة در ڕوزهاي جمعه حطبة ڕا بخوانيد، لکن پيش از تلاوات ان بة عربي مفاد خطبه ڕا بة زبان کردي جهة افهام عوام بيان نمايد، زيادة سعادت دارينت مراد است و صلي الله علي سيدنا محمد و على اله و سلم خادم محاسن شريفه و طريقه عليه علاءالدين عمر عثماني اين امر حتمي است اهمال ننمايند زيادة ضه زحمت دهم)
یەکەمین مۆڵەتی شۆفێری لە هەڵەبجە بەناوی (عەلی حسێن تۆفیق)ـەوە تۆمارکراوه، کە بە (مام عەلی شەمعە) ناسراوه. ساڵی ١٩٣٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووه. لە سەرەتای چلەکاندا بووە بە شۆفێری تایبەتی تراکتۆری ماڵی حامیدبەگی جاف، دواتریش شاگردی لۆرییەکەی مامە عەزەی ترومبیلچی بووە. ساڵی ١٩٥١ یەکەم کەسە لە هەڵەبجە، کە مۆڵەتی شۆفێری دەرکردووە. پاش ئەوە پاسێکی تەختەی کڕیوە. لە پەنجاکاندا بۆ یەکەمجار لەگەڵ حەسەن بەگی عەلی بەگی مەحمود پاشای جاف سەردانی شاری بەغدادی کردووە، کە ئەوکات حەسەن بەگ لە پەرلەمان نائیب بووە. هەروەها یەکەمین کەس بووه، کە ساڵی ١٩٥٦ ئۆتۆمبیلی بردووەتە شارەدێی تەوێڵە. دووجار ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی ١٦ منداڵه. هەتا ساڵی ٢٠٢٠، کە کۆچیدواییکردووه، شۆفێری کردووە. لە گۆڕستانی گوڵانی شاری هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.
پیشەیەکی دێرین و ئێستای ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکەیە. بەخێوکردنی مەڕوماڵات و ئاژەڵی گەورەیە بەمەبەستی دەستخستنی سەرمایە و قازانج لە بەرهەمەکانی شیر و گۆشت. ئاژەڵداری یان بە تەنیا دەکرێت، یان چەند کەسێک بە هاوبەشی ئاژەڵ دەکڕن و پێکەوە سەرپەرشتی بەخێوکردنی دەکەن. دەشێت شوان و گاوان و سەرپەرشتیکار بۆ ئاژەڵدارییەکەیان بگرن و دەشکرێت خۆیان بە نۆرە کارەکانی ئیشەکە بەڕێوە ببەن، لە مەترسییەکانی ونبوونی ئاژەڵ و پەلاماری گەلەگورگ پارێزگاریان لێبکەن. شوێنی تایبەت لە مۆڵگە و لەوەڕگای تایبەت بە خۆیان هەیە، بە کەسێک دەوترێت ئاژەڵدار کە لە حەیوانی وردە ٣٠سەر و لە ڕەشەوڵاخ ١٠ سەر زیاتری هەبێت، وردەکە ساڵانە دووجار بەر و گەورە جارێ بەر دەدات. لە ئێستادا دەبێت ئەوانەی بەو پیشەیەوە خەریکن، لە دەرەوەی شارەکان و شوێنی نیشتەجێبوون ئاژەڵداری بکەن. چاودێریی دروستی ئاژەڵەکانیان بکەن و لە نەخۆشیاندا چارەسەریان بۆ وەرگرن.
دەزگاو کەرەستەیەکی مێژوویی پیشەسازیی کۆنە. دیاردەیەکی شارستانی و پێداویستییەکی کۆمەڵە. مرۆڤ لە هەر شت زووتر و باشتر پێویستی پێیبووە. کاری بە هاڕین و دەسکەوتنی ئارد بووە. لە دەستهاڕەوە پێشکەوتووە و بە ئاش گەیشتووە. مێژووی ئاش و کەرەستە و پێداویستی و جۆرەکانی نازانرێت. لە هەموو شوێنێکی ئاوەدانیشدا نەبووە. چڕیی دانیشتوان و ڕادەی بەکارهێنان، پێویستیی دروستکردن و بونیادنانی ئەم پیشە و پیشەسازییەیە. ئاسیاوی ئاوی دەورێکی گرنگی ئابوری و کۆمەڵایەتی گێڕاوە. لە کۆنەوە لە هەڵەبجە و هەوراماندا بایەخیپێدراوە و گۆرانی بەباڵادا وتراوە و بەسەدان ئاش لە ناوچەکەدا هەبوون. چووەتە نێو بەرهەمی بیرکردنەوە و خەیاڵەوە. فەلسەفەی ژیانی پێ لێکدراوەتەوە. لە باری فەرهەنگیدا ڕۆڵی هەیە و پێکهاتەیەکی گرنگی پەند و ئیدیەم و قسەی نەستەق و ...هتدیە.
ناسین و ناولێنان و زانینی بەراورد و جوڵە و دەرخستنی ڕەوش و کاردانەوەی دیاریکردنی کات و شوێنی هەڵهاتن و ئاوابوون و پەیوەندیان بە وەرز و نەریت و جوڵەی ژیان و باوەڕەوەیە. بەو کەسەی ئەو چاودرێرییە دەکات و شارەزایی هەیە دەوترێت (هەسارەناس، ئەستێرەناس). لەناوچەی هەڵەبجە بە گشتی و هەورامان بەتایبەتی، کەسانی شارەزا هەبوون، کە بە زانیاری و ئەزمونەکانیان، کات و وەرزی کاروان و ڕاوکردن و سەفەر و چاندن و چەندین نەریتی ئایینی و بۆنەیان دیارییکردوە. بۆ نمونە کات و شوێنی دەرکەوتنی ئەستێرەی کاروانکوژەیان سەرنجداوە، ئەستێرەی بەیان بۆ ڕاوکردن و گەلاوێژ بۆ فێنککردنەوەی گەرما و سیوەیل بۆ میوەگەیین و... هتد. هەندێکجار وەک شارەزای بەخت بۆ زانینی شتی نادیار بەکاربراوە. گۆرانی و فۆلکلۆر و شیعری نوسراوی ناوچەکە بەڵگەی بوونی شارەزایی و ئەستێرەناسی دەدات.
لە پیشە سەرەکییەکانی دانیشتوانى ناوچەکە و بەتایبەتی هەورامانە. لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە سەدان باخی تێدایە. سەرەڕای سەختى و بەردەڵانى و کەمیى زەوی، دانیشتوانەکە پەنا بۆ (تەڵانکردن)ی زەوییەکان دەبەن و ئەمەش دیمەنێکی جوانی بە ناوچەکە و هەورامان بەخشیوە. بە زۆری بەرهەمى باخەکان بریتین لە: (توو، گوێز، ترێ، هەنار، هەرمێ، هەنجیر، هەڵوژە، قۆخ، قەیسى و بەهێ). به تەڕى و بە وشکراوى دەفرۆشرێن و بوون بە سەرچاوەی داهات بۆ خاوەنەکانیان. لە قەدپاڵى شوێنە بەرزەکانیشدا (ڕەزە دێم) دەکرێت و ترێى ڕەشی ناوچەکە بەناوبانگە.
لە ڕۆژگاری کۆن و نوێدا، پیشەی ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکە بووه. کڕین و ئاڵوگۆڕکردنی کاڵا و شمەکی هەمەجۆرە بە مەبەستی دەستخستنی سەرمایە و سەرچاوەی بژێوی. دەکرێت لە ناو خۆی یەک شاردا بکرێت و دەشکرێت بازرگانی لە دەروەی شار و وڵاتیش بکرێت و پیشەکە لە پڕۆژەی بچووکەوە بکرێتە پڕۆژەی گەورە. ئاڵوگۆڕەکە برتییە لە کاڵای نێرراوی شوێنەکە بۆ دەرەوەی خۆی و هاوردەی شمەک بۆ ناوەوەی. لە هەڵەبجە و هەوراماندا چەندین بازرگانی بە ناوبانگ هەبوون بۆ کاکڵە و گەنم و توتن و لۆکە و خوری و پێستەو چەرەسات و قوماش و کڵاش و وشکە و کەرەستەی بیناسازی و.. هتد. بازگانی چەند جۆرێکی هەیە، بازگانی کۆ (جوملە)، وردە، دانە. لەکۆنەوە بەهۆی پێگەی جوگرافیی هەورامان لە سەر ڕێگەی شارەزور هەمەدان و پاشانیش نێوان عێراق و ئێران، پیشەکە برەوی هەبووە و گەلێک بازگانی بەناوبانگ لە هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوردا دەرکەوتوون.
لە جاراندا باو بووە و ئێستا نەماوە یان زۆر کەم بووەتەوە. کەسێکە لە بەرامبەر هەقدەسێکدا بانگوشی دەکات و بە باگردێن سەربان دەگێڕێت و دەکوتێتەوە. هەتا سەقفەکە لە دەڵاندنی ئاو و دڵۆپەکردن بپارێزێت. مزگەوت و خانەقاکان و ماڵەگەورەکان، بانگوشی خۆیان هەبووە.
پیشەیەکی تەلارسازی و خانو و پرد دروستکردنی ئەندازەیی پێشکەوتوو بووە لە هەوراماندا، کە بیناسازییەکەی سەرنجی دەرەوەی ڕاکێشاوە. وەستاکانی ئەم پیشەیە بە کەرەستە و پێداویستیی سادە لە بیناسازییە جوانەکانی کوردستاندا، بەشداربوون. دیارترینیان دیواردانانی وشکەکەڵەک بووە.
کارێکی بە کۆمەڵ و پێکەوەییە. بریتییە لە دەرهێنان و هەڵگرتنەوەی بنێشت لە دارەبەن. پێویستی بە وەستایی و شارەزایی و توانین هەیە. بە چەند قۆناغێک ئەنجامدەدرێت. لەوانە: ١- ئامادەکاری: دابینکردنی پێداویستیەکانی بنێشتکردنە. وەک (بەرزە وڵاخ، بۆ گواستنەوەی شتەکان. پاچ و خاکەناز و تەشوێ و بێژنگ. تۆرە و دەبە، پێویستیەخۆراکیەکانی وەک شەکر و چاو و نان و ...هتد). ٢- چوونە سەر کەژ: بۆ پەیداکرنی مەنزڵی حەوانەوەیان لەو ماوەیەی لە کەژ دەبن. هەروەها پەیداکردنی (کەنگ، گڵێجار) بۆ دەستخستنی ئەو خۆڵەی بۆ قوڕی کوچەڵەبەستن پێویستە. ٣- لەلەدان: بریندارکردنی شارەزاییانەی توێکڵ و قەدی دارەبەنە، لە لالەین وەستای لەلە دەرەوە بە تەشوێ. ٤- بەستن: بریتییە لە بەستنی کوچەڵە لە قوڕ دروستکراوەکە، لەلایەن کەسی شارەزاوە بە قەدی دارەکەوە، بۆ ئەوی بنێشتەکە بێتە ناوی. دەساوی تایبەتی پێویستە. ٥- دوولەلە: بریندارکردنەوە و ڕوشانی دارەکەیە لە پشت لەلەی یەکەمەوە دوای (١٠ بۆ ١٥ ڕۆژ لە بەستن). ٦- ماڵین و کۆکردنەوە: هەڵگرتنەوەی بنێشتی تێزاوی نێو کوچەڵەکانە لە دوای (١٠تا ١٥) ڕۆژ دوای دوو لەلە. ئەم کارە دەبێ پێش خۆرکەوتن، یان دوای خۆرئاوابوون ئەنجامبدرێت. دەساوی تایبەت (دەفر) پێویستە. ٧- پاڵاوتن: پاککردنەوە و پاڵاوتنی بەرهەمی بنێشتەکەیە دوای کۆکردنەوە. لەڕێگەی (چاڵ لەنێو زەویدا) یان ڕێگەی نوێ لە (سەتڵ، دەبەی ترشیات)، کە دەتوانرێت بگوێزرێتەوە. ٨- کوڵاندن: بریتییە لە کوڵاندنی بنێشتە تاڵی پاڵفتەکراو، کە شارەزایی پێویستە. هەر چوار تەنەکەکە لە بنێشت دەکرێنە نێو کیسەیەکی خامەوە، کە پێیدەوترێت (لنگە) بە هەر دوو لنگەیەکیش دەوترێت بار.
لێدانی بیر و دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوییە، لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاوی سەرزەوی وەک پێداویستییەک پەنای بۆ براوە. لە ناوچەکەدا لەڕێگەی وەستاو کرێکارەوە هەڵکەنراوە و بە بیر هەڵکەنەکە وتراوە و وەستا و بە تیرەی یەک کەمتر یان زیاتر بیرەکەی لێداوە و لەگەڵ قوڵبونی بیرەکە، کرێکارێک لە ڕێگەی گوریس، یان جەنجەڕەوە، خۆڵ و بەردەکەی هەڵکێشاوە. ئەم جۆرە بیرانە بە بیری دەستی ناسراون. کەرەستەکانی بیر هەڵکەندن بریتیبوون لە: پاچ و چەکوش و بێڵی بچووک و قەڵەم و پواز و هەندێکجار نوێڵ و کەرەستەکانی هەڵکێشان، گوریس و سەتڵی بچووکی تایبەت و جەنجەڕ. بۆ کاتی گەرما و غازنەبردنی وەستاکە، لەڕێگەی پانکە و ڕێرەوی هەوابەری بە نایلۆن دروستکراوەوە، فێنکایی براوە بۆ وەستای ناو بیرەکە، لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، پەرەیسەند لە گەڕەکێکدا چەند ماڵێک بیریان هەبووە. لە کاتی تەپین و کەم ئاویدا وەستای بیرهەڵکەنیان بۆ گرتووە و دەچێتە بیرەکەوە و پاکیکردووەتەوە و بەم کارەش وتراوە پاکلەمە.
بۆ بەدواداچوون و یەکلاییکردنەوەی کێشە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان سەریهەڵداوە. لە هەڵەبجە و دەوروبەریدا بۆ ساڵی ١٩٤٠ دەگەڕێتەوە. بە هۆی بوونی چەندین نوسەر و خوێندەوار و مافپەروەری دەرچوو لە کۆلیژەکانی یاسا و ماف، هاتووەتە ناو کایەی یاسایی و دادی نێو فەرمانگاکان. دێرینترین ناو (ئیبراهیم ئەحمەد)ـە، کە ساڵی ١٩٤٠ هاتوەتە هەڵەبجە و لە شار و ناوچەی هەورامان پارێزەرایەتی کردووە. بەرەبەرە ناوی تریش دەرکەوتوون، لەوانە، ئەفراسیاوبەگ، غازی سالار بەگ، فەیسەڵ حاجی حەمەئەمین. چەندین ناوی تر سەردانی شاریان کردووەو کاری پارێزەرییان ئەنجام داوە. لەوانەمەحمود بەگ، ئەحمەد بەگ، تەها بابان، ڕەئوف ڕەشید، شێخ جەمال سەرگەتی، حەسەن دەربەنیخانی، ئازاد ئەحمەد سەبری، عادل حەمەجوان، فائق جاف، حەسەن عەبدولڵا،. هەندێکی تر وەک فەرمان و ئەرک هاتوونەتە هەڵەبجەو وەک، حاکمان، ئەحمەد ساڵح، شێخ لەتیف تەها، شێخ لەتیف شێخ شەعید، حاکم عومەر، فەریدوون، عبدالکریم، سەڵاح، ئەفراسیاب ئەکرەم، فتاح محەمەد یار ئەحمەد، دادوەر عبدالرحمن عەلی. لەم مێژوەدا تاساڵی ١٩٩١، زیاتر کێشەکان کۆمەڵایەتی بوون. بە پێشکەوتنی کۆمەڵ، پارێزەری بووەتە لایەنی گرنگی بەرگری و هاوڵاتیان پێیئاشنابوون، کە پارێزەر و پیشەکەی بە دادگای ڕاوەستاو ناوی براوە و هەموو پارێزەران لەسەر ئاستی عێراق بە یاسا لەژێر چەتری سەندیکای پارێزەرانی عێراقدا کاریانکردووە.
پیشەیەکی دێرین و بە بایەخ و گرنگی ناوچەکەیە. بریتییە لە دروستکردنی زۆپای داری نان و چێشت و مقەڵی و ڕەحەتی و کورەو بۆری و جاخ و هێلەک و دوکەڵکێش و تەنکی و کەنوو و قەعدە و دەمە دەکت و بلوسک و تەشت و مەسینە و هەندێک پێداویستیی تر و چاککردنەوەی پەرەمێز و زۆپا و... هتد. پێداویستیەکانی وەستا: تەنەکە و پلێت، مەقەستی تەنەکە بڕین و گیرە و دەزگای پەرچ و بڕبەن و مەبرەد و چەکوش و کوورە و پیم و گاز و مشار و ئاسن و تیغی پۆڵا و کەوەر و سلێندەری لە کارکەوتووی سەیارە و پارچە شێلمان و... هتد. لە ناوچەی هەڵەبجه و هەوراماندا برەوی زیاتربووە و چەندین وەستای لێهاتوویان هەبووە. لەوانە سادق غەنی و وەستا نورەدینی کوڕی و عزەت ئەحمەد لە تەوێڵە. وەستا حەمەمین (حەمەمینی کەڵبە) و محەممەد مستەفا و حسەینی لاسلکی و عەبە تەنەکە و دەروێش محەممەد و وەستا فەرەجی سەعەگۆچان و ئەحمەدی ئەولکەریم و هتد لە هەڵەبجە و چەندین وەستای تر لەناوچەکەدا. لە دوای ڕاپەڕین لە ڕووی هونەرەوە پێشکەوتنی بەخۆوە دیوە و فڕنی سەمونیان لە تەنەکە دروستدەکرد. ئێستاش هەر باوی ماوە.
بریتییە لە لێکردنەوەو داڕنینی بەری داری سماق لە کەژ و کێوەکانی هەڵەبجە و هەوراماندا، ئەمەیش لە کۆتایی هاویندا و بە مەبەستی دەسکەوتنی ترشی خۆماڵی، ئەنجامدراوە. بە تایبەتی لە تەوێڵە و بەڵخە و زەڵم و هاواردا. بەری دارەکە، کە لە شێوەی هێشودایە، لێدەکەنەوە و دەیکوتن و هەڵاوێری دەکەن و ترشی لێوە بەدەستدەخەن، کە لە کۆنەوە حەکیمەکانی ناوچەکە ناسیویانە و وەک دەرمان بۆ چارەسەری چەندین نەخۆشی وەک: سەفرا، ئیشتیاو، کوشتنی کرم، شۆردنەوەی گەدە، هەوکردن...هتد، بەکاریانهێناوە. بە گەلێک جۆر و لەگەڵ چەند خۆراکی تردا کەڵکیان لێوەرگرتووە. لە بازأرەکانی خورماڵ و هەوراماندا دەفرۆشرێت و ترشی بەڵخەی هەورامان لە ناوچەکەدا خواستی زۆری لەسەرە. بێجەگە لە سماق لە بەرسیلە و هەناریش ترش دەگیرێت.
توتن بەرهەمێکی کشتوکاڵییە. لە سەدەی ڕابردوودا، سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووریی نیشتمانی و خۆشگوزەرانیی زۆرێک لە دانیشتوانی هەڵەبجە و شارەزوور بووە. بە فراوانی لە گوندەکانی (ئەحمەد ئاوا، دەرەشیش، ئاوایی ڕۆستەم بەگ، خارگێڵان، خەرپانی، عەنەب، بیاوێڵە، جەلیلە، عەبابەیلێ، باوەکۆچەک، نەورۆڵی، سازان، بناری هەورامان و سورێن، شیرەمەڕ و کوڵکنییەکان و لادێکانی تر)دا، چێنراوە. لەبەر بەرزیی زەوی و شێداریی و لینجی توتەنەکە، توتنی ئەم شوێنانە پەسەندتر بووە. لە هەڵەبجە و دەوروبەری زیاتر جۆری(ڕأشوو، سیسترامۆن) بەرهەمهاتووە و لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا وازی لێهێنراوە. چاندن و بەرهەمهێنانی بە چەند قۆناغ و فرماندا تێپەڕدەبێت و هەندێک لەو قۆناغانە بە گەلکاری دەکرێن. لەوانە: ١- شەتڵ کردن: لە کۆتاییەکانی مانگی ئازاردا، لە ڕووبەرێکی تایبەتی زەویدا بە پێوانەی یەک و نیو هەتا سێ مەتردووجا. داپۆشینی بە هەژگ و گەڵا بە مەبەستی پاراستنی. ٢- زەوی کێڵان و گۆل هەڵدان بۆ چاندن: لە مانگی ماییسدا. بە درێژیی ١.٥بۆ٢م و ٣٠سم قوڵ و پان. هەر ١٠ گۆلێک پێیدەوترێت (قەد-قەو)، بە هەر پێنج قەوێکیش دەوترێت ماکاو، هەر پێنج ماکاوێکیش نێرە پێکدێنن. ٣- شەتڵ لێدان و ئاودێران: گواستنەوەی شەتڵ لە دوکانەکان و چاندنیان لە زەویدا و و ئاودێرانی. بە گۆل و دێرۆغە. ٤- پاچەکۆڵەو بژار: دەرهێنانی گیاکەڵە و بژاری گیاکانی تر بۆ پێگەشتنی توتنەکە دوای ئەوەی بووە بە سێ پەل و چوار پەل. ٥- گەڵاشکێن: لە کۆتاییەکانی مانگی ئاب بەدوواوە دەستپێدەکات و پێش خۆرکەوتن دەبێت. لێکردنەوەی گەڵاکانی توتنی پێگەشتووە: یەکەمجار گەڵاکانی بن پەل، پاشان ناو پەل، دواتر سەرپەل. گەڵا لێکراوەکان بە شەڵتە دەگوازرێنەوە بۆ شوێنی شریت_ لێدان. ٦- شریت_لێدان: پێوەکردنی گەڵا لێکراوەکانە بە شریتەوە، کە هەر شریتەی نزیکەی ٢م دەبێت و بە چەرداخەوە هەڵدەواسرێن بۆ وشکبوون. ٧- خستنە چاڵاو و زینان: هەر گورزەیەک کە ٥-٦ شیش دەبێت، پاش وشکبوون، بۆ شێدارکردن دەخرێنە زیندانەوە، کە چاڵێکی چوار گۆشەی قوڵی بەژنی زەلامێکە. بنەکەی چەو یان زیخی تێدەکرێت و کەمێ ئاوی تێدەکرێت و بە توتنەکەوە دادەپۆشرێت بۆ شێداریی توتنەکە. دواتر دەردەهێنرێن و لە سندوقێکدا سەنگ و بەرد دەکرێن و شەتەک دەدرێن. پاش چەند ڕۆژێک سندوقەکە لادەبرێت و بە گونیە تەقەڵڕێژ دەکرێن و دەبنە فەردە توتن، هەر فەردەی نزیکەی (٦٠کغم) دەبێت. دوو جۆری هەیە: تەوەس، لاری. لاری بە دوو شێواز بەهەمدێت. بەم شێوازە بەرهەمهێنانە دەوترێت (سامسۆنگ). بەو شێوازەش کە گەڵاکان لەسەر گڵ ڕادەخرێن و ناکرێن بەشریتەوە، دەوترێت ڕەشۆکی.
بانگەواز و ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتیانە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو. پێش ئەوەی بڵندگۆ و ئامێرەکانی دەنگی دەرکەون، کەسێک ئاگادارییەکانی لە ڕێگەی بانگکردن و گەڕان بە شەقامە سەرەکییەکانی شاردا بە هاوڵاتیان گەیاندووە. بەو کەسانە وتراوە جاڕچی. هەندێکجار لە بازاڕەکانیشدا بۆ ساغکردنەوەی کاڵا جاڕیانداوە بۆ فرۆشیار. پاشان ئەم پیشەیە لەڕێگەی بڵندگۆوە کراوە و دواتر بۆ چەند مەبەستێکی گشتی لە ڕێگەی مزگەوتەکانەوە جاڕدراوە. بە تایبەتی لە شارەدێ و شارۆچکەکانی هەوراماندا بڵندگۆی تایبەت بۆ ئاگادارکردنەوە دانراوە و ئێستاش بۆ گەلێک مەبەست لەڕێگەی مزگەوتەوە لە هەورامان جاڕدەدرێت. لەجاڕچییە کۆنەکانی هەڵەبجە، کە شوێنیان لە چوارڕیانی مرورەکەی بازاڕدا بووە: ڕەئوفی عەباس، ڕەفیقە سوری جاڕچی. شێخ ساڵح، کاک جەلال، ئێستاش لە شارەدێی (تەوێڵە) حەیدەرە سوور زۆربەی جاڕەکان دەدات.
دروستکردنی: شاڵ، ڕانکوچۆغە، بەرماڵ، گڵێم لە مەرەز و خورییە. بە وەستای ئەم پیشەیە دەوترێت (جۆڵا). بەو دەزگایەی، کە جۆڵا کاری لەسەر دەکات، دەوترێت (پاچاڵ)، کە دەزگایەکی ئاڵۆز و گرانە و گواستنەوەی گرانە. لە دروستکردنی (شاڵ)دا، چەند کەرەستەیەک بەکاردەهێنرێت، وەک: ١- برینگ: وەک مەقەست وایە، بۆ پاچینەوە و بڕینەوەی خوری بە مەڕەکانەوە بەکاردێت. (هەورینگ)یشی پێدەوترێت. ٢- پاتەتە: لە پارچە تەختەیەک دروستدەکرێت. بەرزی و نزمیی تەنین ڕێکدەخات. ٣- تەشی: کەرەستەیەکی لە دار دروستکراوی سەرخڕی کلک باریکی چزو پێوەکراوە. بۆ ڕێسانی خوری یا مەرەز بەکاردێت. ٤- دانە - شانە: لە قامیش و دەزوو دروستدەکرێت. ئیشی تەنینی مەرەزەکە یان خورییەکە دەکات. ٥- دەفە: لە گوێز یان قەزوان دروستدەکرێت، بۆچنینی مەرەز یان خوری بەکاردێت. ٦- دووک (خەڕەک): کەرەستەیەکی لە دار و بەن و چەرم و تەل دروستکراوە. بۆ هەڵکردنی بەنی ڕێسراو. ٧- شەی: کەرەستەی تێکەڵکردنی دوو جۆری ڕەنگ جیاوازی خورییە. بریتییە لەڕاگیرکردنی نزیکەی (٧٠ بۆ ٨٠)تەل بەستوونی بە تەختەیەکەوە، کە زۆرتر لە داری گوێز دروستکراوە. بنکی تەلەکان بە هۆی چەرمێکەوە لە ژێرەوە بەند دەکرێن. دوو جۆر مەرەز یان خوری (ڕەش، سپی) پێکەوە لە شەیەکە دەدەن و ڕەنگی شینکی دەردەچێت. ٨- لوولەک: قامیشێکی بچووکە بە ئەندازەی پەنجەیەک. بەنی ڕێراوی لەسەر هەڵکراوە. ٩- مەکۆ: کەرەستەو پێداویستیی شاڵە. پارچەدارێکە لە قەزوان یان گوێز لە شێوەی بەلەمێکی بچووکدا دروستدەکرێت و لوولەکێکی بەن لەسەر هەڵکراوی تێدەخرێت. کاری تەنینی مەرەز یان خوری ئەنجامدەدات.