بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
جاران هەبووە. جوتیارانی گوندەکان و بەتایبەت گوندی (گڵێجاڵ)، کە چاڵیان بۆ پاراستنی دانەوێڵه کۆکراوەکانیان لە وەرزی هاویندا هەڵکەندووە، چەند کەسێکیان بۆ چاودێریکردنی چاڵی دانەوێڵەکان بەکرێگرتووە و پێیانوتووە (چاڵەوان). ئەرکیان پاسەوانیکردنی چاڵەکان بووە.
فرۆشتنی بابەتی وردەی بە ئاسان هەڵگیراوی وەک شانە، پیل، تەوقە، مەقەست، نینۆکگیر و چکلێت و نوقڵ و دەرزی و سابون و بەکرە و لەم بابەتانە لەگەڵ هەندێک لە بابەتی جلوبەرگی منداڵانە و سەرپۆش و پێداویستی وەک پیاڵە و ژێرپیاڵەو..هتد. لە نێو سەبەتە یان سندوقێک. کەسێک بە کۆڵ بە گەڕەک و کۆڵانی شار و شارۆچکە و لادێکان و نێو تەڵان و باخ و هەوارەکاندا دەگەرێت و دەیانفرۆشێت، یان بەشتی تری وەک هێلکە و بەرهەمی ئاژەڵی دەیانگۆڕێتەوە. بە فرۆشیارەکە دەوترێت چەرچی یان دێوەرە. کۆڵەکەی نابێت هێندەقورس بێت بە کەسێک هەڵنەگیرێت. لە هەڵەبجە و شار و شارۆچکەکان دەوروبەر و هەوراماندا گەڕاون. هەندێکیان جێگیری ناو شوێنی خۆیان بوون و هەندێکیشیان لە شوێنێکەوە چوونەتە شوێنیکی تر، چوونەتە نێو شیعری فۆلکلۆر و گۆرانی میللیی ناوچەکەوە.
کار و پیشەیەکی دەستییە. نەختێک کەرەستە و پێویستیی ئاسنگەری تێدایە. لە هەوراماندا پیشەسازیەکی لەبەرچاو بووە. وردە کەلوپەلی تفەنگ، دەمانچە، چەقۆ، قەڵەمبڕ، فیشەک و ئەوەی بارووتیی بێت، دروستدەکات.
کوشتنی غەریزە و توانای جووتبوونی ئەو ئاژەڵە نێرانەیه، کە لە کۆمەڵی کوردەواریدا بۆ مەبەستی جیاجیای وەک قەڵەوی، گۆشت، ئیشوکاری سەخت پەنایان بۆبراوە. ئەو کەسەی کارەکە دەکات پێیدەوترێت خەساس. ئەو ماڵاتانەی خەسێنراون بریتیبوون لە (ئەسپ و هێستر، کەر، جوانەگا، گیسک و کاوڕ). چەند پیاوێک بە گوریس ئاژەڵەکە لە زەوی دەدەن و چوار پەلی دەبەستن. خەساس بەچەقۆ هەردوو هێلکەگونی ئاژەڵەکە دەردەهێنێت. یان لبادێک بە گونی ئاژەڵەکەوە دەپێچێت و لەسەر بەردێک یان بە پەستانێک گونی پان دەکاتەوە. وڵاغی خەساو هەتا سێ ڕۆژ توانای خواردن و ڕۆشتنی نەبووە. لە ناوچەکەدا ئەم پیشەیە هەبووه، کە لە ئێستا لە ڕێگەی پزیشک و دەرمانەوە کارەکە دەکرێت و پیشەکە بەرو فەوتان ڕۆیشتووە.
پیشەیەکی دێرین و سەخت و میراتێکی مێژووییە، بریتییە لە سوتانی داری جۆراوجۆر، تا ئاستیکی سوتان و خەفەکردن و کوژانەوەیان، بۆ دەستخستنی خەڵوز، بە مەبەستی بەکارهێنانی جۆراوجۆر لە چێشتخانە و چایخانە و کاتی سەیران و گەشتدا. پێداویستییەکانی گۆڕینی دار بۆ خەڵوز: هەڵکەندنی چاڵی گەورە، گرتنی چواردەوری چاڵەکان بە بەردی نەسوتاو و بە قوڕ سواقدان و نەفەس بڕین. دارەکانی تێدەخرێت و دەسوتێنرێن و دادەپۆشرێن. دواتر لە گونیە و کیس دەکرێن و ڕەوانەی بازاڕ دەکرێن. ئەمە بێجگە لەوەی هەرماڵیک لە کۆندا بە کوژانەوەی ئاگردان و زۆباکەی خەڵوزی دەستدەکەوت، لە هەڵەبجە و دەوروبەریدا سەرچاوەی بژێوی چەندین خێزان و کاری تایبەتی چەندین کەس بووە. بە پەیدابوونی جۆری سوتەمەنی پیشەکە ئەو بەرفراوانییەی نەماوە. خەڵوزی داربەڕوو لە پلەی یەکەمدا بووە و پاشان دارەکانی تر. لەنزیک گوندی جەلیلە تا ساڵی ٢٠٠٠ شوێنی خەڵوزکردن مابوو. لە ئێستادا وەک پاراستنی دارستان و ژینگە پیشەکە قەدەغەکراوە، خەڵوز بۆ بازاڕەکان هاوردە دەکرێت.
پیشەیەکی دێرینەی بواری بیناسازیی و پیشەسازیی ناوچەی هەڵەبجە و شارەزوور بووە، بەتایبەتی لە لادێکانی پێدەشتدا. دروستکردن و ئامادەکردنی خشتی قوڕ بووە بۆ خانو، کە پێیوتراوە خشتی کاڵ. بە چەند قۆناغێکە، هێنان و دابینکردنی گڵ و خۆڵی تایبەت و کردنی بەقوڕ و داپۆشینی قوڕەکە بۆ ماوەیەک هەتا بترشێت. خشتبڕ، کا دەکاتە سەروبن و ناوی قاڵبی خشتبڕینەکە، بۆ ئەوەی یەکبگرێت و نەتەقێت، بە ڕیز خشتەکانی ئامادەکردووە و وشکیکردونەتەوە و پاشان خستوویەتییە بەردەم وەستای دیوار. لە ڕابردوودا زۆرینەی خانوەکانی شار بەگشتی و دیوارە ناوکێشەکان لەم خشتانە دروستکراون و بە پێشکەوتنی کەرەستەکانی بیناسازی، پیشەکە باو و برەوی خۆی لەدەستداوە و لەم ساڵانەی دواییدا لە لادێکانی دەشتی شارەزووردا زیاتر لە دروستکردنی گەوڕدا بەکاریانهێناوە.
تایبەتە بەڕەنگکردنی بەن و دەزووی خوری. یان هەرشتێکی تر، کە لە پیشە دەستیيەکانی وەک جاجم و مەوج و پۆپەشمین و خام و ... هتدا بەکارهاتوون، کە بۆ دروستکردنی بلوز و گۆڕەوی و پووزەوانە و هەرکارێکی تری چنین بەکاردێن. کاری ڕەنگرتنەوە و ڕەنگکردنەکە لە: بەڕوو، توێکڵی درەخت، کەتیرە بەری گیای نیللی، دەکرێت. بە پیشەکە دەڵێن (خومچیەتی) و بە پیشەوەرەکە (خومگەر) و بە شوێنی پیشەکە (خومخانە).
لەبەر بوونی کەرەستەی زۆری دار و تەختە لە ناوچەکەدا برەوی هەبووە. بەتایبەت لە تەوێڵە. دارتاشەکان ئەم شتانەیان دروستکردووە (دەرگا، پەنجەرە، دیمەک، مرۆڵە، زەوەند، تەختەبەند، کۆڵەکە، پنە، تیرۆک، دەسکی خاکەناز و زەنگن و پیداویستییە دەسکدارەکانی تر، سنوق، شەوژەن و ئەڵقەڕێز، دوک، تەشی، شانە، کەوچک، بەفر ماڵ و جەنجەڕ، کوچەڵە، قاپ و قاجاخ، مێز و کورسی و پێداویستییە دارینەکانی تری جۆڵایی و هەلاجی و کڵاش.
پشەی چەند کەسێک بووە لە دانیشتوانی هەڵەبجە. دار، خێزەرە، دیمەک و تەختەی دارەڕا، لە جۆرەکانی دار بوون و کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە. لە ساڵی ١٩٧٨ەوە لە شوێنی ئێستای ئامادەیی شەهیدانی کیمیابارانی کچان لە گەڕەکی شارەوانی، ئەم پیشەیەیان کردووە و بە مەیانی دارفرۆشی ناوبراوە. بەهۆی ئەوەی لە ڕۆژگاری خۆیدا زۆربەی سەقفی خانوەکان لە دار دروستکراون، جاران برەوی هەبووە، بەڵام لە ئێستادا ژمارەیان کەمبووەتەوە و تەنها چەند کەسێک ئەو پیشەیە ئەنجامدەدەن و لە گەڕەکی مامۆستایان لە نزیک یاریگای ئەشکەوڵ کۆدەبنەوە.
پیشەیەکی ناوچەکەیە. خۆشەکردنی پێستەیە بۆ ئەو پیشەسازيیانەی، کە پێست وەک کەرەستەيەکى خاو بەکاردەهێنن. پێویستی بەم کەرەسانەیە: کوپە، دەفری گەورەی دەمپان یان بەرمیل، توێکڵی جەوت و هەنار و ڕیقنە و خۆڵەمێش.
شێوازێکی پزیشکی کۆنی کوردەوارییە. لە شارەزوور و هەورامان لەبەر سەختیی باری جوگرافی و کەشی گەرما و سەرما و دەرکەوتنی نەخۆشی و پەتا وەرزییەکان و گلان و کەوتندا، هەر لە کۆنەوە پەنایان بۆچارەسەری میللی بردووە و کەسانێکی شارەزا لە شێوەی پزیشک و جەڕاح و حەکیمدا دەرکەوتوون. بۆ دەرمان و چاکبوونەوە کەڵکیان لە گژوگیا و توێکڵی دار و پێستە و هەناوی ئاژەڵ و بەروبوومی ڕووەک و ئاو و سابوون و هێلکە و تەنانەت لە ئێسکوپروسک و پاشەڕۆی هەندێک ئاژەڵیش کەڵکیان وەرگرتووە. لەڕێگەی ژیری و ئەزموونەوە پەییان بە چەندین شێوازی چارەسەر بردووە و دواتر وەک باوەڕ و میتاڵێکی بڕواپێکراو لەناو خەڵکیدا چەسپیوە. زیاتر بۆ شکاوی و ژانی گەدە و برین و دومەڵ و کرمی ناوسک و بالوکە و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی میز و نەخۆشیەکانی دەمودان و گەستن و پێوەدانی مار و دوپشک و.. هتد، چارەسەریان داناوە. لە گەڵ پێشکەوتنی زانستی پزیشکی و پسپۆڕیدا، هێشتا بە تەواوی جێ بە ئەم پزیشکی و دەرمانگەرییە لێژ نەبووە و بەیناوبەین خەڵکی ناوچەکە پەنادەبەنە بەر حەکیم و دەرمانگەر و جەڕاحەکان.
ڕاوێکی باوە لە هەورامان و دیارترین جۆری ڕاوکردنە. بریتییە لە ڕاوکردنی کەو لە کەژ و کێوەکاندا. قۆناغ و سروشت و وەرزی جیاجیای هەیە. لەوانە: ١- ویار: ڕاوەکەوە لە ئاخروئۆخری زستان و سەرەتای بەهاردا لە سیپەدا بە تەقەکردن دەکرێت. سیپە، ماڵەقۆڵە (خانۆچکە)و پەناگایەکی تایبەتە. هێندەی جێی کەسێک بە گەڵا و هەژگ بە شێوەیەکی ناڕێک دادەپۆشرێت، ڕاوچی بەیانی یان ئێوارە بۆڕاو دەچێتە ناوییەوە. ٢- شەڕەبەق: لە ئاخروئۆخری زستان و سەرەتای بەهاردا دەکرێت. لەڕێگەی بەقی دەنگخۆشی نێو قەفەسی ڕاوچییەکەوە کەوی تر ڕادەکێشرێن و ڕاوچی لە سیپەی خۆیەوە تەقەیان لێدەکات. ٣- کۆڵیت: پاییزان لە کاتی زۆری کەو باڕەکەودا دەکرێت. ڕاوێکی عەشوایی و هەڕەمەکییە. لە نزیک کانی و ئاودا. ڕاوچی لە کۆڵیتێکی پەنهانەوە تەقەیانلێدەکات. ٤- دێوجامە: پارچەقوماشێکی یەک گەزی چوارگۆشەیی کون کونە. پەڕۆی ڕەنگاوڕەنگی پێوە دەدورن و بۆ ڕاوی هەندێک کەوی ڕەنگ پەرست بەکاردێت. ڕاوچی لەودیوی قوماشەکەوە لە کونەکانەوە کەو دەبینێت و تەقەیانلێدەکات. ٥- چێڵکڕ: لە بەهارێکی درەنگدا ئەو کاتەی کەو بەسەر هێلکەکانەوە کڕکەوتووە؛ ڕاوچی لەڕێگەی بردنی چێڵ (ماکەو)ێکەوە بۆ شاخ سەرنجی بەق (نێرەکە) ڕادەکێشێت و ڕاوی دەکات. ٦- ڕەت: جۆرە تەڵەیەکە بریتییە لە چوارچێوەیەکی نیوگەز چوارگۆشەیی، دەرگایەکی دولایی هەیە، بە جۆرێک، کە داخران ناکرێنەوە. لە ڕێگەی کەودا دادەنرێت. یان دەخرێتە سەرچاڵێکی داپۆشراو. بە گەڵاو پوش دادەپۆشریت. ٧- هەوازەنی: بریتییە لە تەقەکردن لە باڵندەکان بە هەواوە. ئەم ڕاوە بە ڕاوچی دەستڕاست دەکرێت.
پیشە و خوویەکی باوی ناوچەکەیە. بەمەستی سەرچاوەی بژێوی یان کەیف و خۆشی یان ڕزگاربوون و خۆپارێزی، کراوە. لە کەژوکێو و دەرودەشت و چۆم ڕوبارەکاندا دەکرێت. جۆر و شێواز و تەکنیکەکانی ڕاوکردن زۆرن، لەوانە: (کەروێشکە ڕاو، بەرازە ڕاو، ڕاوەکەو، ڕاوە ڕێوی، ڕاوەڕیشۆڵە، ڕاوە ماسی، ڕاوە ئاسک، ڕاوە پۆڕ، ڕاوە پڵنگ،...هتد. بە شێوازی (کۆڵیت و ڕەت و دێوجامە و هەوازەنی و تەڵە و قولاپ و کولەکە و تەقەو..).
پیشەیەکی کۆنی ناوچەکەیە، تایبەتە بە تاشینی تووکەسەر و سەروڕیش و ڕێککردنی سمێڵ و برۆی ڕەگەزی نێر. کەرەستەکانی لە کۆندا سادەبوون: مقەست و مەکینە و کافرمان و شانە و ئاوێنە و هەندێک قۆڵۆنیا. ئەگەر دوکانی هەبووبێت، کورسی دانیشتن و کەرەوێتەی هەبووە. بە خاوەن هونەری پیشەکە وتراوە (سەرتاش: دەلاک). لە کۆندا وەک گەڕۆکیش گەڕاون و لە پەنادیوار و سەرکۆڵاندا کورسییەکی بچووک یان تەنەکەیەکیان داناوەوە و سەری مشتەرییەکانیان چاککردووە. خاوەن پرسەکانیش لە لادێ و شارەدێکاندا بانگیانکردوون وەک هێمای پرسەنەگرتن و تازییەشکاندن. لەگەڵ پێشکەوتنی ژیاندا ئەم پیشەیەش بەرەو پێشچووە و شارەزایی و مۆدێلی جوانکاری لێکەوتووەتەوە و سەنتەر و پەیمانگا و خولی فێربوونی پیشەکە هاتووەتە پێشەوە. لە ئێستادا چەندین کەس لە ناوچەکە دوکانیان هەیە و ئەم پیشەیەیان هەیە.
دروستکردنی زنجیرەی فیشەکدان و فیشەکلۆخ و بەرگی دەمانچە و تاقمی چەکە جۆراوجۆرەکان و زینی وڵاخ و جزدان و جانتا و نیتاخ و پشتوێن و قایش و قەیاسە و هەر پێویستیەکی تری لەپێستە دروستکراوە. بەگ و سان و پاشایان و چەکداران لە ناوچەی هەڵەبجە و هەوراماندا بایەخیانپێداوە و شێوەی سەربازی و چەکداریی خۆیانیان پێڕازاندووەتەوە. لە هەڵەبجەدا مەحمودی سەڕاج هەبووە، دوکانەکەی لە ڕیزە دوکانی سەروی گەراجی شێخ سلێمان بووە، عەبدوڵای تۆفیقی برایم بەگ (عەبدولڵای سەڕاج) دوکانەکەی لەتەنیشت حاجی ئەوڕەحمانە فێڵەوە بوو، لەدیوی دەستەڕاستی بەرەو فولکەی عومەری خاوەر لەژێر ئوتێلەکەی حاجی فەرەجی زەڕەدا بووە. هەروەها حاجی کەریمخان، عەلی عەینا، کە بێجگە لەزین تەواوی کاری سەڕاجی کردووە. کاری سەڕاجی لە ئـێستا وەک پێویست نەماوە و تەنیا وەک زەوق و کەمالیات بایەخی هەیە و لە مەزاتخانەکەدا دوکانی تایبەتی هەیە.
پیشەیەکی دێرین و ئێستای ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکەیە. چاودێریکردنی ئاژەڵە ماڵییەکان و بردنیانە بۆ لەوەڕ و پاراستن و هێنانەوەیان بۆ ناو دێ و دەری خاوەن ماڵیاتەکە. لە وەرزی بێرە و گەلەبێرەشدا ئاژەڵەکان مۆڵدەدات و دەیانهێنێت بۆ دۆشین لەلایەن خاوەنەکانیانەوە. لە هەڵەبجە و هەورامان پیشەکە بایەخی زۆری هەبووە و ڕێزلێگیراو بووە و بە چاوی خۆشەویستییەوە سەیرکراوە و وتراوە حەڵاڵترین نان، نانی شوانییە. هەموو گوندێک بە گوێرەی زۆری و کەمیی ڕان، شوانی هەبووە، کە لە ڕێگەی شەرت و گرێبەستێکەوە ڕاگیراوە و خزمەتکراوە و ساڵانەی بۆ دانراوە، پیشەکە لە ئایینەکان و ئەدەبیاتی میللی و هونەری گۆرانیدا پەسەندکراوە.
پیشەی لێخورینی ئۆتۆمبێلە. مێژووی لە ناوچەکەدا نزیکەی ١٠٠ ساڵ دەبێت. چیرۆکی هاتنی یەکەم ئۆتۆمبیل بۆ هەڵەبجە بۆ ساڵی ١٩١٩ و سەردەمی ئینگلیزەکان دەگەڕێتەوە. بۆ یەکەمجار ژەنەڕاڵ فرەیزەر فەرماندەی باڵای ئینگلیز بە ئۆتۆمبێل سەدانی هەڵەبجە و عادیلەخانمی کردووە. دواتر حامدبەگ لە ناوەڕاستی سییەکاندا یەکەم ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی و ساڵی ١٩٤٠ یش مامەعەزەی ئۆتۆمبێلچی یەکەم سەیارەی باری هێناوەتە هەڵەبجە. ساڵی ١٩٥٦ هەورامان بە خورماڵ و هەڵەبجەوە بەستراوەتەوە و بەرەبەر ئەم پیشەیە فراوان بووە.
پیشەیەکی دیار و بەربڵاوەی هەڵەبجە بووە. گواستنەوەی شتومەکی هاوڵاتیان بووە لە بەرامبەر کرێیەکی دیاریکراودا بە عەرەبانەی سێ تایەیی، کە لە شێوە و قەبارە و تۆکمەییدا جیاواز بوون. بە پاڵنەری عارەبەناکە وتراوە عەرەبانچی. لە پاڵ عەرەبانی دەسگێڕیدا، ئەسپوعەرەبانەش هەبووە و بۆ گواستنەوەی شتە قورسەکان بەکارهێنراوە. تا کاتی کیمیاباران هەندێک لە ئەسپ و عەرەبانە باویان مابوو، لە ئێستاشدا تاکتاکێک بۆ گواستنەوە و شت فرۆشتن بەکاردێن و بە تایبەتی گوزەری لەفە فرۆشان. بێجگە لە گواستنەوە، عەرەبانەی کوتاڵ فرۆش و سەوزەومیوە و وردەواڵە و نایلۆن و ..هتد بە گەڕەکەکاندا دەگەڕان.
تۆمارکردنی داوا و نوسینەوەی بە شێوەیەکی ڕوون و فەرمییە لەلایەن کەسێکی مۆڵەتپێدراوی شارەزاوە، ڕەوانەکردنی داواکە بۆ هەر فەرمانگە و لایەنێکی حکومی، کە پەیوەستە بە ئیشی هاوڵاتییانەوە. بەو کەسەی کاری نوسینەکە دەکات دەوترێت عەریزەنوس. جاران بەخەتی دەستی نوسراوە، پێویست بووە عەریزەنوس شارەزای داڕشتن و زمان و نوسین بووبێت. لەگەڵ هاتنی چاپدا نوسینەکە گۆڕاوە و لەگەڵ پێشکەوتنی دامەزراوەکانیشدا، شێوە و دەقی داڕشتنی عەریزەشکانیش تاڕادەیەک ئامادە و نوسراون. بە داواکاری هاوڵاتی و کاروباری فەرمانگەکانی حکومەتەوە بەستراوەتەوە. دوکانی تایبەت یان مێزیکی دیارکراویان لەنزیک فەرمانگاکانەوە هەبووە. بەناوبانگترین عەریزەنوسی هەڵەبجه (ساڵح شارەزووری ١٩٢٧-١٩٨٨) بووە. لە عەریزەنوسە دێرینەکان: شێخ جەمال، حەمەی قادر، مەلا حەمەسەعیدی حاجی ئەمین، سەعیدی کەیخەسرەو، مەلاحەسەن،.. هتد. ئێستا زۆربەی عەریزەنوسەکان لەشوێنی تایبەتی خۆیان و نزیک فەرمانگەکان کاردەکەن. وەک بەرامبەر شارەوانی هەڵەبجە، بەردەم مەحکەمە، نزیک کارتی نیشتمانی، نزیک پەساپۆرت..هتد.
پیشەیەکی دێرینی سەرسنورەکانە و لە ڕێگەی نافەرمییەوە دەکرێت. بۆ ئەو کاڵاو شمەکانەی، کە یان ڕێگەپێدراو نین، یان دەبێت لە مەرزی ڕێگەپێدراوەوە هێنان و بردنیان بۆ بکرێت. جموجۆڵی ئەم پیشەیە زیاتر لە شوێنە سنورییەکاندا برەوی هەیە. لەبەر ئەوەی ڕسوماتی گومرگی نەدرێت، قاچاخچییەکە قازانجی زۆر بکات، بە قاچاخ کارەکە دەکات و تووشی چەندین مەترسی دەبێتەوە، لەو بارەوە گەلێک فیلم و دۆکیۆمێنت کراوە. لە کۆندا قاچاخی تەنیا بە کاڵاو شمەک و ئاژەڵانەوە کراوە، لە دوای ڕاپەڕین و مەیلی چوونەدەرەوەی هاوڵاتیان بۆ ئەوروپا، قاچاخچیی دەرکردنی مرۆڤیش سەریهەڵدا. لە نێو سنوری وڵاتاندا ڕێگەی قاچاخ هەر بووە، لە هەورامان لەبەر هەڵکەوتەی شاخاویی شوێنەکە، زۆریی ڕێگە و مەرزی شاخاوی، پیشەکە لە کۆنەوە کراوە و ئێستاش بەردەوامی هەیە، ئەمەیش لەڕێی مەرزە نافەرمییەکانی ملەخورد و کەمانجەڕ، سورێن، ویسورە، پشتی بیارە و دەگاشێخانەوە کراوە. مەترسیدارترین و یاساخترین جۆری ئەم پیشەیە، قاچاخچییەتی مادەی هۆشبەر و ئەندامەکانی لەشی مرۆڤە. لە سنوری پارێزگای هەڵەبجه و هەورامان، چەندین ڕێگە بۆ پیشەکە هەن و زۆرترین جۆری قاچاخی، قاچاخچیەتی ئامێری کارەبایی و سوتەمەنییە.