مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

944 بابەت

قورئان بە هەورامی

بۆ یەکەمجار له ‌سەردەمی (قادربەگی جافرسان ١٨٨٨-١٩٧٨)، کە حاکمی تەوێڵە بووە، هەوڵی وەرگێڕانی قورئانی داوە بۆ شێوەی هەورامی. بەپێی ئەو دەستنوسەی قادربەگ، کە لای کوڕانی عیززەت بەگی عەلی محەممەد بەگ بووە، وەرگێڕانی سورەتی فاتیحە و چەند ئایەتێک لە سورەتی بەقەڕەی تێدایە. قادر بەگ بە دەستخەتی خۆی نوسیویەتییەوە. (الم، کەلیمێ ڕەمزی، ئی نویسەیە هیچ شکەش نیەنە چەنە، ڕانیشاندەرا پەی دینداری، بەچەم پەنە نەکەوتەی نمایاو ئانێ ڕۆزیما دینێ و خەرجیش کەراوە، ئانێ ئیماندارێنێ بە ئینەیە، ئامانەرە وار جە چێوەڵی، جە وەڵێنە، جە دماوە، ئانێ باوەڕشا هەن، ئانێ هیدایەتشا دریان، ئانێچە خوای هۆرچنیێنێ). دەسخەتەکە ماوە و وێنەی بڵاو کراوەتەوە.

فرانس ڤان ئانرات

بازرگانێکی هۆڵەندییە. شارەزایی لە مادەکیمیاییەکان و گازدا هەبووە. ساڵی ١٩٤٢ لەدایکبووە. ١٩٧٣ چوەتە سویسرا و ژنێکی پۆڵۆنی هێناوە. لە حەفتاکاندا دێتە عێراق و لە نوسینگەیەکی ئەندازیاریی سویسری کاریکردووە. لە ساڵی ١٩٨٤ کەرەستەی بەرهەمهێنانی چەکی کیمیاوی بە ڕژێمی بەعس فرۆشتووە، وەک مادەی (T.D.G)، ئەو کەرەستە و دەرمانانە لە بەرهەمهێنانی چەکی کیمیاویدا بەکاردێن. لە ساڵی ١٩٨٩ دێتەوە عێراق و بۆ ماوەی ١٤ ساڵ و تا کەوتنی سەددام لەوێ دەژی. یەکەم بێگانەیە بە تاوانی بەشداریکردنی جەنگ دادگاییکراوە. بە هۆی ئاشکرابوونی دۆسیەکەی و سکاڵای قوربانیانی کیمیاویی هەڵەبجە و خۆرهەڵات دادگاییکراوە. دادگای لاهای هۆڵەندی لە ساڵی ٢٠٠٥دا بڕیاری ١٥ ساڵ و لە ساڵی ٢٠٠٧دا، دوای تێهەڵچوونەوەی بڕیارەکە، کرایە سەپاندنی ١٧ ساڵ زیندانی بەسەریدا. هەڵەبجەییەکانی ئەوروپا و ڕێکخراوی چاک ڕۆڵیان لە دۆسیەی دادگییکردنەکەدا هەبووە.

سایە مەجید قادر کەریم

ئەندازیاری میکانیکە. بە (سایە مەجید سەرگەتی) ناسراوە. ساڵی ١٩٩٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە. بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی میکانیک – بەرهەمهێنان و کانزاکان لە کۆلیژی ئەندازیاریی زانکۆی پۆلی تەکنیکی سلێمانی بەدەستهێناوە. لە بواری نوسین و ئەندازیاریدا بەرهەمەکانی لە گۆڤاری (بڕیار) و (گەشەپێدانی مرۆیی)دا بڵاوکردووەتەوە. چەندین کۆرسی وەرگرتووە، گرنگترینیان (المیکانیکا الشامل) لە ئەکادیمیایی engo soft ی میسری. لە پێشبڕکێی AVAC Award بۆ دیزاینی ساردی و گەرمیی بینا، کە لەلایەن کۆمەڵەی ئەندازیارانی تەندروستی و ساردکەرەوەی کۆریا (SAREK) ناسراوە و کۆمپانیای LG سپۆنسەری کردووە، زیاتر لە ١٨٠ کۆمپانیا و نوسینگەی ڕاوێژکاری ئەندازیاری لە جیهاندا بەشداریانکردووە، سایە بە دیزاینی زانکۆیەک، کە سیستەمی مەرکەزی بۆ داناوە پلەی برۆنزی لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا بەدەستهێناوە.

شاقوڵی فەتاح مستەفا

کەسایەتیی دیاری هاواریی و فەلەکناسە. یەکەم کەسی ناوچەکەیە بە بەرفراونی و تایبەتی جموجوڵی ئەستێەکانی سەرنجداوە. ساڵی ١٨٦٥ لە گوندی (هاوار) لەدایکبووە. لە باوباپیرانیەوە شارەزایی و هونەری کەشناسی وەرگرتووە و پەرەیپێداوە. لە بانجێڵەکانەوە قولە و ئاسمان و بەرزاییەکانی هاوار و مانگ و خۆر و ئەستێرەکانی خستووەتە ژێر چاودێرییەوە و جوڵەکانی تۆمار کردوون. ڕێزێکی زۆری لێ گیراوە و هاوارییەکان باوەڕیان بە تواناکانی هەبووە. ساڵی ١٩٥٤ کۆچیدواییکردووە و لە مەرقەدی پیرئیسماعیل بەخاکسپێرراوە.

کارەبا لە هەڵەبجە

یەکەمین جار (حامیدبەگی جاف)، موەلیدەی کارەبای هێناوەتە شاری هەڵەبجە‌. لەبەر زۆریی خەرجی، ناوبەناو کاریپێکردووه و تایبەت بووە بە ڕووناککردنەوەی ماڵەکەی خۆی، ماڵەکانی تر چرای نەوتیان بەکارهێناوە. دواتر لە ‌ساڵی ١٩٣٨ (سەعید قەزاز)ی جێگری قایمقام دوو موەلیدەی لە جۆری (D.C) هێناوەتە ناو شارەکەوە و دواتریش دوو دانەی تر. ساڵی ١٩٦٨ لە سەردەمی (شێخ حەمەئەمینی شێخ عەبدوڵا)ی قایمقام دوو موەلیدەی تر لە جۆری (A.C)‌ هێنراوە و ... هەتا ‌ساڵی ١٩٧١ تۆڕی کارەبای هەڵەبجە بەستراوەتەوە‌ بە تۆڕی کارەبای سلێمانییەوە.

زیاتر بزانە
بۆ یەکەمجار

کۆرش نامیق تۆفيق

ساڵی ١٩٩٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووه. قۆناغی سەرەتايى و ناوەندى و ئامادەيى لە هەڵەبجە تەواوکردووە. ساڵى ٢٠٠٩ وەک يەکەمين خوێندکاری هەڵەبجەیی پەيوەندیکردووە بە هێزى ئاسمانیى عێراقیيەوە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێژى هێزى ئاسمانیى عێراقیدا بەدەستهێناوە. لە ئێستادا ئەفسەرە لە هێزى ئاسمانى عێراق و لەسەر ئەرکەکەى بەردەوامە.

عومەری خاوەر

یەکەمین ڕەمز و شوناسی کیمیابارانی هەڵەبجە، ناوی تەواوی عومەر حەمەساڵح ئەحمەدە، بنەماڵەیان خەڵکی باوەنوری گەرمیان بوون و لە هەڵەبجە گیرساونەتەوە. ساڵی ١٩٣٤ لەدایکبووە. لە شانۆکارانی دێرین بووە و شارەزای باشی لە جۆرەکانی هەڵپەڕکێی کوردیدا هەبووە. دووجار هاوسەرگیری کردووە و لە هاوسەری دوومی دە منداڵی هەبووە، کە دوانی کۆتاییان کوڕبوون. بێجگە لە کاروباری کەسابەت، پاسەوانی باخچەی ساوایان بووە. ڕۆژی ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ لە گەڵ یەکێک لە کوڕەکانیدا شەهید بووە و چیرۆک و شێوازی شەهیدبوونەکەی سەرنجی ڕۆژنامەنوسان و فۆتۆگرافەرانی ڕاکێشاوە و وێنەیان گرتووە و هەر زوو وەک سومبولی شەهیدبوونی شار ناسراوە و لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری بیانیدا وێنەکەی چاپ بووە. لە گەلێک بابەتی هونەری و ئەدەبیدا ڕەنگیداوەتەوە و بە چەندین شێواز و قەبارە پەیکەر و لۆگۆی بۆ دروستکراوە و ڤیستیڤأڵەکانی یادکردنەوەی هەڵەبجەیان نەخشاندووە. پەیکەرەکانی لە گەڕەکی پیرمحەمەد و مۆنۆمێنتی هەڵەبجەدا دانراون و شەقامی بە ناوەوەو کراوە.

مامۆستا ڕەئوف دەروێش فەرەج

‌ساڵی ١٩٤٦ لە گوندی (عەبابەیلێ)ی بناری شاخی شنروێ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی له ‌عەبابەیلێ و ناوەندی لە هەڵەبجە و خانەی مامۆستایانی لە بەغداد تەواوکردووە و لە شارۆچکەی (بیارە) وەک مامۆستا دامەزراوه و تا ساڵی ٢٠٠٩، کە خانەنشین بووه،‌ مامۆستا بووە. ‌ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ مامۆستا (عوسمان حسێن بانەیی) یەکەمین وەرشەی سەلاجە چاکردنەوەیان لە هەڵەبجە کردووەتەوە. چوار جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. لە زەوییەکی ٧٠ دۆنمیدا توانیویەتی چەندین جۆر دار بڕوێنێت و بەشێوەیەکی جیاواز بەرهەمیانبهێنێت، لەوانە: (زەیتون، هەنار، هەنجیر، نارنج، ترێ) و ڕەوانەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بکات. تایبەتمەندیی ئەم بەرهەمانە جیاواز بووە لە بەرهەمەکانی سنورەکە و بەو هۆیەوە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و ڕێکخراوەکانەوە چەندین خەڵاتی پێ دراوە. ساڵی ٢٠٢٠ به ‌نەخۆشی کۆرۆنا کۆچیدواییکردووە.

مایکڵ جەی کێلیMICHAEL J. KELLY:

پسپۆڕێکی بەریتانییە لە بواری چەکی کیمیایی. ساڵی ١٩٤٧ لەدایکبووە. بەڵگەی لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن ڕژێمی سەدام حسێن لە عێراق پێشکەشکردووە. وەک ئەندامی تیمێک بەدواداچوونی بۆ کیمیابارانی هەڵەبجە کردووە لە ساڵی ١٩٨٨ و نموونەی خاک و ئاویان لە ناوچەکەیان کۆکردووەتەوە و لە تاقیگەی بەریتانیا شیکارییان بۆ کردووە. بەکارهێنانی گازی خەردەل و ماددە دەمارییەکانی وەک سارینی پشتڕاستکردووەتەوە و ئەمە ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە ئیدانەکردنی نێودەوڵەتیی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سەدام حسێن و دواتریش سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا. ساڵی ٢٠٠٣ کۆچیدواییکردووە و لەدوای مردنی کتێبەکەی بەناونیشانی (خێوەکانی هەڵەبجە، سەدام حسێن و جینۆسایدی کورد) لە ساڵی ٢٠٠٨ بڵاوکراوەتەوە.

مەیخانەکانە کۆنەکانی هەڵەبجە

شوێنی فرۆشتن و خواردنەوەی مەی بووە‌. لەسەرەتای سەدەی بیستی هەڵەبجەوە هەتا چوونی جولەکەکان، بە زۆری لە ماڵەجووەکاندا مەی فرۆشراوە و لەلایەن ئەوانەوە دروستکراوە. لەوانە: مەیخانەی ئاجی ئەرمەنی، لە دەروازەی کۆڵانەکەی ماڵی پاشا، مەیخانەی شالووم بە شەمەی شاول ناسراوە، لە ماڵەکەیدا بووە لە گەڕەکی جولەکان. سەلمان شووبە، جوولەکەکان، مەیخانەی ڕاحیل، ئیستیفان. لە ساڵی ١٩٣٠بە دواوە نادی هەبووە و لە خانووی کرێدابووە و جێگۆڕکێی پێ کراوە، تا کردنەوەی نادی فەرمانبەران لە ساڵی ١٩٥٣.

وەستا ئەبوبەکر عەلی

وەستا و ناوداری بواری کڵاشچنینە. یەکەمین نوێکەرەوەی جۆرێکی تۆکمە لە بنەکڵاشی هەورامی، کە بە ئەبوبەکری ناسراوە، ناوی ئەبوبەکر عەلی کەریمە. لە ساڵی ١٩١٤ لە تەوێڵە لەدایکبووە. بە منداڵی لەبەردەستی باوکیدا شاگردبووە. دوای مردنی باوکی دەستدەکات بەکڵاشکردن. لەسەر داوای شێخی حسامەدین چەند جۆرێکی تایبەت لە کڵاشی بۆ دروستدەکات و شێخ پێی دەڵێت تۆ وەستای منی. ئەمە بووەتە هاندەر و بەهرەی داهێنانی پێداوە. لە ساڵانی شەستەکانەوە توانیویەتی شێواز و کەرەستەی لووت و پاژنەی کڵاش لە پێستەوە بگۆڕێت بۆ کێرکەڵەگا و بنەکڵاشی پێنج تیر و ژێرشین دروستبکات و هانی کڵاشچنەکانیش بدات بۆ داهێنان. دەستکردەکانی تایبەت و خسوسی بوون. بەرهەمەکانی لە لایەن فرۆشیارانەوە مۆریان لێدراوە و ئەوە بووەتە هۆی ناوبانگ دەرکردنی. ئێستا بە هەموو کڵاشێکی باش دەڵێن کڵاشی ئەبوبەکری. لە ساڵی ١٩٨٢ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە.

یەکەمین بەنزینخانە لە هەڵەبجە

یەکەم بەنزینخانەیە لەناو شاری هەڵەبجەدا کرابێتەوە. (ئەحمەدبەگ کوڕی محەممەدبەگی کوڕی عەبدوڵابەگ) خاوەنی بووە. بەناوی دایکییەوە بە (ئەحمەد بەگی سۆسەن) ناسراوە. ساڵی ١٩٠٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە قوتابخانەی ڕوشدییە لە سلێمانی خوێندویەتی. لە سییەکانی سەدەی ڕابردوو، کۆمپانیای (ب. پ) وەک بریکاری سوتەمەنی لە شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و پێنجوێن لقی کردووەتەوه،‌ ئەحمەدبەگ یەکەم وەکیلی سوتەمەنی بووە لە هەڵەبجەدا. بۆ وەرگرتنی وەکالەتەکەش پارچەیەک زەوی بە بارمتە داناوە. سەرەتا بەنزینخانەکەی لای ماڵی حامیدبەگی جاف بووە و لە چلەکانی سەدەی ڕابردوو گواستویەتییەوە بۆ حەوشەی ماڵی خۆیان و تەنکیی گەورەی داناوه، یەکێکیان بۆ نەوت و ئەوی تریش بۆ بەنزین. بەنزینخانەکە لە سەرەتای حەفتاکاندا سوتاوە. ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. ساڵی ١٩٨٢ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵان لە هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.

یەکەم ئۆتۆمبیل لە شاری هەڵەبجە

ساڵی ١٩١٩ و له ‌سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی ئینگلیزەکان لە عێراق و ناوچەکە، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، کە ئۆتۆمبیل لەلایەن ژەنەڕاڵ (فرەیزەر)ی فەرماندەی باڵای ئینگلیز هێنراوەتە شاری هەڵەبجه. ئەو کاتەی، کە فرەیزەر لە مانگی حوزەیرانی ١٩١٩ ویستوویەتی سەردانی (عادیلە خانم)ـی وەسمان پاشای جاف بکات. هاوسەفەری سەردانەکە فریزەر (گرینهاوس -کە یەکێک بووە لە ئەفسەرە ئینگلیزەکان-، ئەحمەدموختار بەگی جاف، عێزەت بەگی جاف)ی لەگەڵ بووە. بە دەشتی شارەزووردا تێپەڕیون و ئۆتۆمبیلەکەیان چەقیوە. دواتریش له ‌ساڵی ١٩٢٤ حامیدبەگی جاف -قائیمقامی قەزای هەڵەبجه-‌ یەکەم ئۆتۆمبێلی بۆ خۆی هێناوەتە هەڵەبجە.

زیاتر بزانە
بۆ یەکەم جار

یەکەم فیشەکی شۆڕشی نوێ

لە پاش ڕێکەوتنامەی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥ و شکستی شۆڕشی ئەیلول، تەقاندنی یەکەم فیشەکی دەستپێکردنەوەی شۆڕش لە سنوری قەزای هەڵەبجه لەڕێی مەفرەزە سەرەتاییەکانەوە بووە. لە ٢٦ی ٦ی ١٩٧٦ حەوت پێشمەرگە (شێخ عەلی کەشکۆڵ، عەلی شیعە، شەوکەتی حاجی مشیر، محەممەدی حاجی مەحموود، حامیدی حاجی غالی، دکتۆر حەمەسەعیدی خورماڵ، تۆفیقی ڕەعنا)، بۆ یەکەمجار دەچنە شاخی سورێن و بنکەی سەرەکیی دەستپێکردنەوەی شۆڕش دادەمەرزێنن و دەستدەکەن بە جەولە بە دەشتی شارەزوور، بناری سورێن، ناوچەی هەورامان و نەوڕۆڵیدا. لە شەوی ٢٦/٢٧ی ٧ی ١٩٧٦، لە پردی زەڵم و لە سنوری‌ گوندی تەپەڕێزینەی سەر بە ناحیەی خورماڵ، لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی پڕ لە چەکدار، ڕووبەڕوودەبنەوە و تەقەی لێدەکەن.

یەکەمین بەرگدروو لە هەڵەبجە

گەرچی چەند دەیە پێشتر لە ماڵان و بازاڕ و قەیسەریی وەسمان پاشادا، بەرگدروو هەبوون؛ بەڵام بەشێوەیەکی سادە بوون. فازیل سادق عەزیز، کە بە وەستا (فازیلی خەیات) ناسراوە، یەکەمین بەرگدروو بووە لە شاری هەڵەبجه،‌ کە دوکانەکەی بەشێوەیەکی سەردەمی دانابێت و بایەخی بە هونەی پیشەکە دابێت. ‌ساڵی ١٩٢٠ له ‌شارەدێی تەوێڵە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. لە شاگردییەوە دەستیپێکردووە و بووەتە وەستایەکی بەناوبانگ. یەکەمین کەس بووە لە هەڵەبجە ‌چاکەت و پانتۆڵی دووریبێت. هونەرمەندێکی دەنگخۆش بووه و لەگەڵ ئەحمەوی حەمامچیدا شەوانە بە دوو قۆڵی بە گۆڕانی کۆڕ و دانیشتنەکانیان گەرمکردووە. ساڵی ١٩٦٧ بانگهێشتی هونەرمەندی مەزن (حەسەن زیرەک)ی کردووە بۆ هەڵەبجە و شەوێک لەماڵیان ئاهەنگی سازداوە. دوکانەی لەسەر جادە بووە بەرانبەر ماڵی پاشا و لە نزیک کۆڵانی جولەکان و دوکانەکەی بووە بە بنکەیەکی هەمیشەیی پیاوماقوڵ و وەک یانەیەکی ڕۆشنبیری سەردانیانکردووە. ‌ساڵی ١٩٨٥ شاری هەڵەبجەی بەجێهێشتووە و ‌ساڵی ٢٠٠٩ له ‌شاری سلێمانی کۆچیدواییکردووە.

یەکەمین چاپخانە و پەڕاوگە

چاپخانە و پەڕاوگەی پیرەمێرد، ساڵی ١٩٩٣ لە شاری هەڵەبجە کراوەتەوە. ئۆفیسی سەرەکی کەوتووەتە سەر‌ شەقامی گشتی لە نزیک گەڕەکی جولەکان. (هیوا ئەحمەد دەروێش فەرەج) خاوەنی بووە. سەرەتا تەنیا پەڕاوگە و پێداویستییەکانی مامەڵەی هەبووە، ساڵی ١٩٩٤ ئامێری کۆپی هێناوە و ساڵی ١٩٩٦ تەواوی ئامێرەکانی چاپی بۆ هێناوە. لە ئێستادا دوو لقی هەیە. یەکەم: لە ناوبازاڕ، کە بیناکەی کرێیە و دووەم لە کۆڵانی بەرانبەر قایمقامیەتی هەڵەبجە، لە بەرانبەر تاج العارفین، کە ساڵی ٢٠٢١ لەسەر ڕووبەری زەوی (٣٧٠م) دروستکراوە. چوار کرێکاری هەیە. ١٢ جۆری ئامێری چاپی هەیە. زۆربەی خەڵکی ناوچەکە و دامودەزگاکان کارەکانی خۆیان لە‌م چاپخانەیەدا جێبەجێدەکەن‌.

یەکەم تیپی دیدەوانی (جوال) هەڵەبجە

یەکەمین تیپی دیدەوانیییە لەساڵی خوێندنی ١٩٥٢-١٩٥٣ لەئامادەیی هەڵەبجە، لەسەردەستی مامۆستایان سەعدەدینە فەنی بەڕێوەبەر، مامۆستا ساڵحی مەلا محەمەد لە قوتابیانی پۆلی یەک و دوو و سێ دایمەزراندوە. بەشداری فیستڤاڵ و نمایشی وەرزشیی ساڵانەی قوتابخانەکانی پارێزگای سلێمانیان کردووە. لەوانە ساڵی ١٩٥٣ -١٩٥٤ لە سیروان و سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە. ئەندامان(تەهای ئامەی دایەن، عوسمان حسێن قادر، ودادی مەلا سوورە، سەلاحی عەلی بەگی ڕیشێن، ئەکرەم ئیبراهیم، حسێن محەمەد غەفوور، ئازاد حەمدی، مەلا ڕەئوف عەبابەیلێی، حەمەسەعید حاجی ئەحمەد، کمال مەلا قادر عەبدوڵا کەرکوکی، مەحمود عەلی ڕەمەزان، ساڵح محەمەد مەحمود، جلال حاجی ڕەحیم، بەهرۆز ئەحمەد بەگی حەمەساڵح بەگ، عوسمانی شەمعێ، ئەحمەد حەمەعەلی جەواز، شەماڵ کریم، محەمەد ڕەمزی، کیسرا عەبدوڵا بەگ. ساڵانی دواتریش تیپی دیدەوانی هەڵەبجە درێژە بە چالاکیەکانیان دەدەن و بەشداری چادرگەکان دەکەن، وەک چادرگەی شەقڵاوە لە ساڵی ١٩٥٩ دەکەن، بە بەشداری مەهدی غەفور، مستەفا ئەحمەد شیرین، سەلاح عەلی بەگ، شەهید حەمە ڕەئوف، ئەوڕەحمان محەمەد شریف، کەمال ئیعاشە، ئەورەحمان حسێن نانەوا فاروق ئەحمەد، کەریم بەچە).

یەکەمین ستۆدیۆی وێنەگرتن

مێژووی وێنەگرتن لە شاری هەڵەبجە بۆ کامێرای ئەو ئینگلیز و کوردناسانە دەگەڕێتەوه،‌ کە سەردانی ماڵی پاشایان کردووە و وێنەیان گرتووە. دواتر ئاجی مەی فرۆشی ئەرمەنی لە هەڵەبجە، لە ڕێگەی ماڵی پاشاوە داوا لە ئینگلیزەکان دەکات کامێرایەکی بۆ بهێنن. داواکارییەکەی جێبەجێکراوە و لە پاڵ باڕە بچووکەکەی لە دەروازەی کۆڵانی ماڵی پاشا، بە کامێرا شەمسییە تورەکەییەکەی وێنەیگرتووە و بووە بە یەکەم کەس، کە کامێرای بەکارهێنابێت. پاش ئەو (ئیبراهیمی ڕەسام) ستۆدیۆ ئیبراهیم و دواتریش (عومەری ڕەسام، عەزیز کۆیی) پێکەوە ستۆدیۆ هەڵەبجە و دواتریش(عوسمان حەمەکەریم کوردستانی) ستۆدیۆ عوسمانی کردووەتەوه.

فاتیحی شێخ حەیدەر

یەکەمین شەهیدی شۆڕشی نوێ و شاعیرە. ناوی (فاتیح حەیدەر عارف)ـە و بە (فاتیحی شێخ حەیدەر) ناسراوە. ‌ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی (سازان)ی باشوری خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجە لەدایکبووه. تا پۆلی دووی ناوەندی لە شاری هەڵەبجە خوێندووه. لە تەمەنی لاوێتیدا بووە بە پێشمەرگە و تا ١٩٧٥ چەند چەند پلەیەکی سیاسی و سەربازی بینیوە. پاش شۆڕشی ئەیلول پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەوە کردووە و لەگەڵ دەستپێکردنی خەباتی چەکداری و دروستبوونی یەکەمین مەفرەزەی سەرەتایی لە سنوری هەڵەبجەدا، بەشدار بووە و لە ١٣ی ١٠ی ١٩٧٦ لە گوندی (قاینەجه)‌ی شارەزوور شەهیدبووە. بەهرەی نوسینی هۆنراوەی هەبووە، گەرچی تا خۆی لەژیاندا بووە هیچی بڵاونەکردەوەتەوە، بەڵام ساڵی ٢٠١٢ (حەکیم مەلا ساڵح) سەرجەم هۆنراوەکانی کۆکردووەتەوە و چاپیکردوون‌. ساڵی ٢٠١٩ ڕووفاتی لە گۆڕستانی سەیدسادقەوە گواستراوەتەوە بۆ زێدی خۆی لە شاری هەڵەبجە و لە گۆڕستانی نوێی گوڵان بەخاکسپێرراوە. لە شاری هەڵەبجە نەخۆشخانەیەکی بەناوەوە کراوە.

یەکەمین شۆفێر

یەکەم شۆفێری سنوری هەڵەبجە ناوی (عەزیزی میرزا کەریم حەمەهۆزێ)یە و بە (مامە عەزە) یان (عەزیزی ترومبیلچی) ناسراوە. ‌ساڵی ١٩٠٠ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. له ‌سەرەتای ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردووەوە هاتووەتە شاری هەڵەبجە. لە جۆری لۆری ئۆتۆمبێلێکی هەبووە و وەک یەکەمین شۆفێر لە ڕێگەی هەڵەبجە - سلێمانی هەتا سەرەتای شەستەکان بەردەوامبووه. هەفتەی دووجار هاتوچۆیکردووە. خەڵکیشی گواستووەتەوە بۆ پردی زەڵم بۆ سەیران. دوو ئوتومبێلی تریشی هەبووە، پاسقەمەرە و پیکاب، کە شۆفێر و شاگردی بۆ گرتوون‌. یەکێک لەو‌ شاگردانە (عەلی شەمعێ) بووە. ساڵی ١٩٦٢ بووە‌ بە پێشمەرگه و کراوەتە‌ بەرپرسی گرتووخانەی بیارە. ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی نۆ منداڵە. ساڵی ١٩٦٣ گەڕاوەتەوە بۆ شاری سلێمانی و لە ١٩٨٠ کۆچیدواییکردووە.

پێشتر 1
...
35 36 37
...
48 دواتر