گەرماوەکانی شارۆچکەی
١- زەنگۆڵ: کەوتووەتە گەڕەکی دەرەوتەکیەی شارۆچکەی بیارە بەرانبەر قوتابخانەی بیارە. گەرماوێکی حکومیی پێشکەوتوو بووە شارەوانی خاوەنی بووە و داویەتی بە کرێ. بە زۆری کەسێک لەسەر گەرماوەکە بووە بەناوی (حسێن)، کە بە (زەنگۆڵ) ناسراو بووە و گەماوەکەش هەر بەناوی ئەوەوە ناونراوە. بە نۆرە بۆ ژنان و پیاوان گەرمکراوە، هۆڵێکی گەورەی گشتی بووە بە خانە و حەوزی بچووکەوە، بە نەوت و گاز و پەرەمێز گەرمکراوە. کرێی خۆشتن هەتا ٢٥ فلس چووە. لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لەکارکەوتووە. ٢- حاجی ئەحمەدی مەلاک: کەوتووەتە نزیک گەرماوی زەنگۆڵ لە نزیک دەرەوتەکیەی. گەرماوێکی گشتیی پێشکەوتوو بووە. حەوز و جۆڕنە و توونی هەبووە. خاوەنەکەی ئەحمەد حەمەشەریفی حەمەشارەزووری بووە، کە بە حاجی ئەحمەدی مەللاک ناسراوە و ساڵانە دراوە بەکرێ. بە دار گەرمکراوە و کرێی خۆشتن لە ٢٥ فلسەوە بۆ سێ پەنجایی چووە و بۆ ژنان و پیاوان بووە. لە شەڕی ئێران و عێراقدا وێرانبووە و دوای ڕاپەڕین لەلایەن ستاری حەمە سەمینۆفەوە بۆ ماوەیەک حەمامەکەی دانراوەتەوە. ٣- گەرماوی مزگەوت: هی مزگەوتی بیارە بووە و لەسەر زەویی مزگەوت دروستکراوە. لەسەر تەرزی گەرماوەکانی ئێران و باشوری عێراق، کە نمرە بووە و ژووری تایبەتی و سەربەخۆی هەبووە، دروستکراوە. ١٦ ژووری هەبووە. دراوە بە کرێ. بەدەست (جافر محەممەد) بووە، بە (جافری گلێ) ناسراوە. لەچاو گەرماوەکانی تردا تازەتر بووە. دوای ڕاپەڕین تاکە گەرماو بووە و ماوەتەوە، کرێی خۆشتنی هەتا دینار و پێنج دینار چووە. لە بۆردومانی هەورامان لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریکاوە مزگەوتەکە و حەمامەکە ڕووخاون.
کەرتە کشتوکاڵییەکانی ناحیەی
لە (٢٣) کەرت پێکهاتووە. دەکەونە بەشی باکور و باکوری خۆرهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجەوە. لە ڕووی تۆبۆگرافیاوە لە دامێنی چیاکان و قەدپاڵی شاخەکان هەڵکەوتوون بە ئاڕاستەی چیاکانی هەورامان زیاتر بەرزدەبنەوە و بە گشتی بەرزییەکەیان لە نێوان (٦٠٠ - ٢٢٠٠م) لە بەرزی ئاستی ڕووی دەریایە. نەخشەی کەرتە کشتوکاڵییەکان لەگەڵ نەخشەی ئیداریی ناحیەکە لە هەندێک کەرتی سنوری خورماڵ جیاوازە. ڕووبەری گشتیی کەرتەکان ٧١٠٧٦ دۆنم و ١٣ ئۆلک و (٦٦م)ە. بەشێوەیەک خاوەندارێتیی ئەم کەرتانە بە ڕووبەری ٦٠٦٧٨ دۆنم و شەش ئۆلک و (٣٤م) بۆ میری و (١٠٣٩٨ دۆنم و شەش ئۆلک) و (٩٢م)ی وەک موڵکی جوتیاران تۆمارکراوە. دەربارەی جۆری زەوییەکانی ئەم کەرتانە، زەویی بەراو ٥٦٢٩ دۆنم و زەویی پشتاو ١١٥٩٣ دۆنم گاکێڵ ١٦٩٠ دۆنم. زەویی بەردەڵان ١٤١٤٨ دۆنم و ڕێگاوبان ١٤٩ دۆنم و جێ گونگ ٤٦٣ دۆنم و پڕۆژەی ئاژەڵی و ماسی نزیکەی سێ دۆنم. زەویی نا_کشتوکاڵی ٢٣٣ دۆنم و باخی بەراو ٣٣١٠ دۆنم و باخی پشتاو دێم ١٦١٤ دۆنم و دارستانی سروشتی ١١٤ دۆنم و دارستانی دەستکرد تەنها شەش دۆنم و لەوەڕگای سروشتی ٣٣٨١٠ دۆنم پێکدەهێنێت. کەرتی ٢٩ی خارگێڵان بە گەورەترین کەرت و کەرتی (٦٢ی دەرەقەیسەر) بە بچوکترین کەرتەکانی ئەم ناحیەیە دادەنرێت.
ناحیەی
تا سەرەتای ساڵی حەفتاکان بیارە گوندێکی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) بووە. بە مەرسومێکی کۆماری بە ژمارە ١٤٤ لە ٦ی ٤ی ١٩٧١ ناحیەی بیارە پێکهێنرا. ناحیەکە زۆربەی گوندەکانی سنوری هەورامانی لەخۆدەگرێت. بۆیە لە ڕێکەوتی ٩ی ٣ی ١٩٩٣ بە فەرمانی وەزاریی ژمارە ١٣٠٠ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، ناوەکەی لە ناحیەی بیارەوە بۆ ناحیەی هەورامان گۆڕدرا، بەڵام ئەم بڕیارە زۆر درێژەی نەکێشا و لە ڕووی ئیداری و لە تۆمارە فەرمییەکاندا هەر بە ناحیەی بیارە مایەوە. سنورەکەی کەوتووەتە هەورامانی لهۆن و لە هەردوو شارەدێی تەوێڵە و شارۆچکەی بیارە پێکدێت. ناحیەکە لە باکورەوە ناحیەی خورماڵ و لە باشور و خۆرئاوا بە ناحیەی سیروان و ڕووباری سیروان، لە خۆرهەڵاتەوە بە زنجیرەچیاکانی هەورامان، دەورەدراوە. کە لە خۆرهەڵاتی کوردستانی جیادەکاتەوە. سەنتەری ناحیەکە (١١١٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەڵام بەگشتی ناحیەکە لە بەرزیی (٩٠٠م) دەستپێدەکات و هەتا بە ئاڕاستەی باشوری خۆرهەڵات بڕوات بەرزتر دەبێتەوە، کە دەگاتە (٢٠٧٥م). ناحیەکە لە ٢٠ کەرتی کشتوکاڵی و ٢٨ گوند پێکهاتووە. گوندەکانی لە بناری چیاکان و نێو دۆڵەکان و ناوچە بەرز و شاخاوییە سەختەکان هەڵکەوتوون. بەهۆی بوونی کلتورێکی دەوڵەمەند و ئاووهەوای لەبار و سەرچاوەی ئاویی و مەزارگەی ئایینی، ناوچەکە بە گەشتوگوزاری سروشتی و ئایینی و کلتوری بەناوبانگە. دانیشتوانەکەی لە هەورامی و کاکەییەکان پێکدێن. کاکەییەکان لە گوندەکانی (هاوار، هاوارەکۆن، دەرەتوێ) نیشتەجێن و پەیڕەوی ئاینی یارسانن. بەگشتی ناحیەکە زەویی کشتوکاڵی کەمە. بۆیە دانیشتوانەکەی زیاتر بە کاروباری باخداری و بەهۆی نزیکیی لە سنوری ئێران و بوونی دەروازەی ڕەسمی شوشمێ و مەرزی لاوەکی دیکەوە، بە کاری بازرگانییەوە سەرقاڵن. کۆی گشتیی دانیشتوانی ناحیەکە لەساڵی ٢٠٢٣ لە ٩٢٤٦ کەس و ١٨٤٨ خێزان پێکهاتووە. بەشێوەیەک، کە ٣٩٩١ کەس و ٧٩٨ خێزان تەنها لەسنوری شارەدێی تەوێڵە نیشتەجێن. ڕووبەری گشتیی ناحیەکە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە (١٨٧,٨کم٢)یە. بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسی و کارگێڕیەکان بەردەوام ڕووبەری ناحیەکە لە گۆڕانکاریدا بووە، لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٧ ڕووبەرەکەی (٢٢٨کم٢) بووە، کە ڕێژەی ١٤,٣%ی کۆی گشتیی ڕووبەری قەزای هەڵەبجەی پێکهێناوە، بەڵام لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٨٧ بۆ (١٧٤کم٢) کەمبووەتەوە و ڕێژەی ١١.٤%ی ڕووبەری قەزاکەی پێکهێناوە. لە ساڵی ٢٠٠٢ ڕووبەرەکەی (١٦٩,٥کم٢) بووە و ڕێژەی ٢١,٣%ی قەزاکەی پێکهێناوە. لە ساڵی ١٩٧٧دا بۆ یەکەمجار وەک یەکەیەکی کارگێڕی، سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی تێدا ئەنجامدراوە، کە کۆی گشتیی دانیشتوانەکەی ١٤٣٦٨ کەس بووە و ڕێژەی ١٥,٦% دانیشتوانی قەزای هەڵەبجەی پێکهێناوە. دەربارەی سەرژمێریی ساڵی ١٩٨٧ بەهۆی پڕۆسەی ڕاگواستنی گوندەکان و دوورکەوتنەوە لە سنوری ئێران بەهۆی شەڕی هەردوو وڵاتەوە، بۆ سەنتەری شاری هەڵەبجە و ناحیەی سیروان بە زۆرەملێ گوازراونەتەوە و سەرژمێریی گشتیی سنوری ناحیەکەی نەگرتووەتەوە.
گەڕەکەکانی شارۆچکەی
١- بەرانبەر: گەڕەکێکە لە شارۆچکەی (بیارە). نسرمە و بە قەد پاڵی شاخی (وەرانوەر) هەڵکەوتووە. ژمارەی خانووەکانی کەمن. تەنها ٣٨ ماڵی تێدا کراوەتەوە و ژمارەی دانیشتوانی ٩٨ کەس دەبن. گەڕەکی ناودێ کەوتووەتە بەرانبەری. هاتوچۆی تێدا سەختە و زۆربەی خانوەکانی دەکەونە بەردەم جۆگەی سنوری (وەرانوەر). تەنها مزگەوتێکی تێدایە و دەڕوانێت بەسەر چەمی بیارەدا. کۆڵانەکانی بە پلیکان و بەشێوەی پێچاوپێچ دێنەوە سەر بازاڕی بیارە. خانووەکان لە نێوباخ و باخاتی گوێزن، تاڕادەیەک پەڕاگەندەن و دوورن لەیەکەوە. بەڵام بەشێوەیەکی ڕەسمی وەک گەڕەکێکی شارۆچکەکە ناسێنراوە. ٢- پشت جۆ: کەوتووەتە خۆرئاوای شارۆچکەی (بیارە)، لە پشت خانەقای بیارەیە، (١١٦٦م)ە لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر شارۆچکەی (بیارە) و چیای قاسم خان، لە باشورەوە شارۆچکەی (بیارە) و لە باکورەوە چیای قاسم خان و دۆڵی دەرەو تەکیەی و لە خۆرهەڵاتەوە هانە گەرمەڵە و لە خۆرئاواوە ملەی چنار دەورەیانداوە. گەڕەکێکی کۆنی شارەکەیە و بەردەوامە لە فراوانبوون و ڕێگای کۆنکرێتی بۆ دروستکراوە و خزمەتگوزاریی ئاو و کارەبا و قوتابخانەی تێدایە. هەتا نزیک سەرسنوری ئێران درێژبووەتەوە و لە نزیک مەرزی لاوەکی هانەگەرمڵە کۆتاییپێدێت. ژمارەی خانووەکانی ١١٩ خانوو و ٣٤٨ کەسی تێدا نیشتەجێیە، کە ١١ ماڵ کرێنشینن. (پشت جۆگە)یشی پێ دەوترێت. ٣- کاوات: گەڕەکێکی نوێیە لە شارۆچکەی (بیارە). لە دوای ٢٠٠٣ دروستبووە. کەوتووەتە سەر گردی کاوات و دەڕوانێت بەسەر ڕێگای سەرەکیی (بیارە - تەوێڵە). ژمارەی خانووەکانی ١٩٤ خانووە لە ٢٠٢٣، کە کۆی گشتیی دانیشتوانەکەی ٥٨٩ کەسن. لەو ژمارەیە ٤٢ خێزانیان کرێچین. گەڕەکەکە پێشتر پێیوتراوە (ئۆردوگا)، چونکە چەند خێمەیەکی تێدا هەڵدراوە. بەڵام ئێستە ئاوەدانە، (بەڕێوەبەرایەتیی شارۆچکەی بیارە، یاریگای فوتساڵ، مزگەوت)ی تێدایە. دەڕوانێت بەسەر چەمی بیارەدا و دیمەنێکی جوانی هەیە. ٤- گەناوڵە: یەکێکە لە گەڕەکەکانی ناو شارۆچکەی (بیارە) و کەوتووەتە پشت ملەی چنار و چەندین دامەزراوەی حکومی تێدایە لەوانە (بنکەی کارتی نیشتمانیی بیارە، کتێبخانەی گشتیی بیارە، ڤێتەرنەری بیارە، کشتوکاڵی بیارە، دارستان و پاوانی بیارە، چاکسازیی کارەبای بیارە). لە باکورەوە چیای کڵاوەی ئاشور و لە باشورەوە قەڵا و لە خۆرهەڵاتەوە گەڕەکی پشت جۆ و گۆڕستانی بیارە و لە خۆرئاواوە لوتکەی ئاسنەوەرد، دەورەیانداوە. ٥- مەنارا: کەوتووەتە گوندی (سۆسەکانی)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە). یەکێکە لەو سێ گەڕەکەی گوندەکەیان پێکهێناوە، دەکەوێتە بەشی خۆرهەڵاتی گوندەکە و لەلاپاڵێکدایە. بە سەر باخەکانی گوندەکەدا دەڕوانێت. لە ئێستادا نزیکەی ٢٥ ماڵى تێدا نیشتەجێیە. ٦- ملەی چنار: یەکەمین گەڕەک و دەروازەی شارۆچکەی بیارەیە. بە قەدپاڵی شاخی ئاسنە وەردەوەیە. بەشێکی لەسەر گردێکە بەناوی ملەگای چنار. دەڕوانێت بەسەر چەمی بیارە وزەردەهاڵ و دەرەقەیسەردا. نزیکەی ١٦٠ خانووی تێدایە و ٤٦٦ کەسی تێدا نیشتەجێیە، کە ٢٠ خێزانیان کرێچین. هەریەک لە بنکەی پۆلیس، پاسەوانی سنور، بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و کارەبا و قوتابخانەی بیارەی شەریفەی تێدایە. ٧- ناودێ: کۆنترین و چڕترین گەڕەکی بیارەیە. دەوروپشتی خانەقا و نێو بازاڕی بیارە دەگرێتەوە. لە ١١١ ماڵ پێکهاتووە و بواری فراوانبوونی نییە. ٢٨٢ کەسی تێدا نیشتەجێیە، کە ٢٨ خێزانیان کرێنشینن. مزگەوتی کۆنی بیارە و خانەقا و قوتابخانەی سەرەتایی و بازاڕی شارۆچکەکەی تێدایە.
شەقامەکانی شارۆچکەی
١- پشت جۆگە: شەقامێکی سەرەکییە. کەوتووەتە شارۆچکەی (بیارە). لە گەڕەکی پشت جۆگەیە. لەنێوان چەمی مەرزەوانی و خانووەکانی گەڕەکەکەدا تێپەڕدەبێت. درێژییەکەی یەک کیلۆمەتری قیرتاوکراوە. یەک سایدە و بە بەرد دیواری ڕاگری بۆکراوە، تاکو لە مەترسیی هەرەسهێنانی شاخ بەدووربێت. لە نزیک قوتابخانەی مەلا عەبدولکەریمی مودەریس یان (فولکەی ملەگای چنار)ەوە دەستپێدەکات و لەسەر سنوری ئێران کۆتاییدێت. لەسەر شەقامەکە چەندین دوکان، کە وەک کۆگا بەکاردێن، بوونیان هەیە. ٢- حەمەئەمین هەورامانی: شەقامێکی سەرەکیی (بیارە)یە. کەوتووەتە سەر ڕێگەی تەوێڵە. بەناوی نوسەر و مێژوونوس د. حەمەئەمین هەورامانییەوە ناونراوە. درێژییەکەی ٥٥٠ مەترە. قیرتاوکراوە. لەنێوان گەڕەکی فەرمانبەران و کاوات تێپەڕدەبێت و بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی بیارەی کەوتووەتە سەر. ٣- سەردانی: کەوتووەتە گەڕەکی کاواتی لە شارۆچکەی (بیارە). درێژییەکەی ٦٠٠ مەترە و گەڕەکەکەی کردووەتە دوو بەش. قیرتاوکراوە و دەڕواتەوە سەر ڕێگەی سەرەکیی بیارە - تەوێڵە. ٤- قەسرێ: لە شارۆچکەی (بیارە) و گەڕەکی کاوات هەڵکەوتووە. درێژییەکەی ٤٥٠ مەتری کۆنکرێتە. دیواری ڕاگری بە بەرزیی چەند مەترێک بۆکراوە. گەڕەکەکە دەکاتە دووبەش و دەڕواتەوە سەر ڕێگەی سەرەکیی بیارە و تەوێڵە. ٥- قەڵا: کەوتووەتە شارۆچکەی (بیارە). لە شەقامی سەرەکیی بیارە - خورماڵەوە دەستپێدەکات و بە ئاڕاستەی سەرۆکايەتیى شارەوانیى بیارە و بنکەی پاسەوانی سنور دەڕوات. درێژییەکەی ٤٥٠ مەترە. یەک سایدە و بەشێکی کۆنکرێت کراوە. ٦- کاوات: شەقامێکی سەرەکیی شارۆچکەی (بیارە)یە. درێژییەکەی (٨٥٠م)ـە و قیرتاوکراوی یەک سایدە. بە بەرد بەربەست و دیواری ڕاگری بۆکراوە. بە هێڵ شەقامەکە جیاکراوەتەوە و ڕووناکی بۆ دانراوە. کەوتووەتە گەڕەکی کاواتی شارۆچکەکەوە و مزگەوتی نامی کەوتووەتە سەر. ٧- کڵاوەی ئاشوور: شەقامێکی نوێیە. کەوتووەتە سنوری شارەوانی (بیارە). له پشت گەڕەکی ملەگای چنارو پشت گۆڕستانی بياره و گەڕەکی پشت جۆگەيه. درێژییەکەی (٧٥٠م) لە کۆتايى شهقامى هانەواوه دەستپێدەکات، دێتەوە سەر شەقامی پشت جۆگە. لە ئایندە هەردوو گەڕەکی ملگەی چنار و پشت جۆگە پێکەوە دەبەستێتەوە. ٨- ناوبازاڕ: شەقامێکی سەرەکیی شارۆچکەی (بیارە)یە. دەیکاتە دوو بەش و لە پردی کاواتەوە دەستپێدەکات و بە نێو بازاڕی سەرەکیی بیارەدا تێپەڕدەبێت و بە ئاڕاستەی چەمی بیارە درێژدەبێتەوە. جگە لە بوونی چەندین دوکان، خانەقای بیارەش کەوتووەتە سەر ئەم شەقامە. درێژییەکەی ٣٥٠ مەترە و دوو سایدە. بەشێکی کۆنکرێتە و بەشێکیشی بە بەردی سروشتی ناوچەکە داپۆشراوە. ٩- مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس: شاڕێگەی شارۆچکەی (بیارە)یە. لە دەروازەی شارۆچکەکە و بە بەردەم قوتابخانەی بیارەی شەریفەدا بە درێژی ٦٥٠ مەتر بە ئاڕاستەی سەنتەری بیارە لێژدەبێتەوە. یەک سایدی قیرتاوکراوە و بە هێڵ شەقامەکە جیاکراوەتەوە و ڕووناکی بۆ دابینکراوە. دیواری ڕاگر و بەربەستی بۆکراوە. لیژنەی ناوچەی پارتی و بنکـەی تـەندروسـتیی بیارەی کـەوتـووەتە سەری.
پڕۆژەی ئاوی شارۆچکەی
کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی (بیارە) و سنوری گەڕەکی (پشت جۆگە)، ئاوی چەند کانییەکی وەک (سەربەڵخ) دەگوازرێتەوە و لە خەزانێکی گەورەدا چارەسەردەکرێت و بە ترۆمپا بەسەر گەڕەکەکانی بیارەدا دابەشدەکرێت، وەک (پشت جۆ و وەرانوەر و ملەی چنار). (١١٩١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.