جۆڵایی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-13
دروستکردنی: شاڵ، ڕانکوچۆغە، بەرماڵ، گڵێم لە مەرەز و خورییە. بە وەستای ئەم پیشەیە دەوترێت (جۆڵا). بەو دەزگایەی، کە جۆڵا کاری لەسەر دەکات، دەوترێت (پاچاڵ)، کە دەزگایەکی ئاڵۆز و گرانە و گواستنەوەی گرانە. لە دروستکردنی (شاڵ)دا، چەند کەرەستەیەک بەکاردەهێنرێت، وەک:
١- برینگ: وەک مەقەست وایە، بۆ پاچینەوە و بڕینەوەی خوری بە مەڕەکانەوە بەکاردێت. (هەورینگ)یشی پێدەوترێت.
٢- پاتەتە: لە پارچە تەختەیەک دروستدەکرێت. بەرزی و نزمیی تەنین ڕێکدەخات.
٣- تەشی: کەرەستەیەکی لە دار دروستکراوی سەرخڕی کلک باریکی چزو پێوەکراوە. بۆ ڕێسانی خوری یا مەرەز بەکاردێت.
٤- دانە - شانە: لە قامیش و دەزوو دروستدەکرێت. ئیشی تەنینی مەرەزەکە یان خورییەکە دەکات.
٥- دەفە: لە گوێز یان قەزوان دروستدەکرێت، بۆچنینی مەرەز یان خوری بەکاردێت.
٦- دووک (خەڕەک): کەرەستەیەکی لە دار و بەن و چەرم و تەل دروستکراوە. بۆ هەڵکردنی بەنی ڕێسراو.
٧- شەی: کەرەستەی تێکەڵکردنی دوو جۆری ڕەنگ جیاوازی خورییە. بریتییە لەڕاگیرکردنی نزیکەی (٧٠ بۆ ٨٠)تەل بەستوونی بە تەختەیەکەوە، کە زۆرتر لە داری گوێز دروستکراوە. بنکی تەلەکان بە هۆی چەرمێکەوە لە ژێرەوە بەند دەکرێن. دوو جۆر مەرەز یان خوری (ڕەش، سپی) پێکەوە لە شەیەکە دەدەن و ڕەنگی شینکی دەردەچێت.
٨- لوولەک: قامیشێکی بچووکە بە ئەندازەی پەنجەیەک. بەنی ڕێراوی لەسەر هەڵکراوە.
٩- مەکۆ: کەرەستەو پێداویستیی شاڵە. پارچەدارێکە لە قەزوان یان گوێز لە شێوەی بەلەمێکی بچووکدا دروستدەکرێت و لوولەکێکی بەن لەسەر هەڵکراوی تێدەخرێت. کاری تەنینی مەرەز یان خوری ئەنجامدەدات.
سەرچاوەکان:
- سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، چاپی یەکەم، چاپخانەی مەهارەت، تاران، ٢٠٠٥، ل٤٣٤- ٤٣٧.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (جۆڵا عومەر عەزیز بارام)، چەند جارێک لە نێوان ساڵانی ١٩٨٥ بۆ ١٩٩١.
- ڤێستیڤاڵی یەکەمی کلتووری هەورامان، مەڵەبەندی ڕۆشنبیری هەورامان، لە ٣٠ی ٥ی ٢٠٠٨، لە هاوینەهەواری (ئەحمەدئاوا).
- مێژووی هەورامان، د. محمد امین هورامانی، انتشارات بلخ، ٢٠٠٠، ل١٠٨٢.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم