توتنکردن: توتنەوان

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


توتن بەرهەمێکی کشتوکاڵییە. لە سەدەی ڕابردوودا، سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووریی نیشتمانی و خۆشگوزەرانیی زۆرێک لە دانیشتوانی هەڵەبجە و شارەزوور بووە. بە فراوانی لە گوندەکانی (ئەحمەد ئاوا، دەرەشیش، ئاوایی ڕۆستەم بەگ، خارگێڵان، خەرپانی، عەنەب، بیاوێڵە، جەلیلە، عەبابەیلێ، باوەکۆچەک، نەورۆڵی، سازان، بناری هەورامان و سورێن، شیرەمەڕ و کوڵکنییەکان و لادێکانی تر)دا، چێنراوە. لەبەر بەرزیی زەوی و شێداریی و لینجی توتەنەکە، توتنی ئەم شوێنانە پەسەندتر بووە. لە هەڵەبجە و دەوروبەری زیاتر جۆری(ڕأشوو، سیسترامۆن) بەرهەمهاتووە و لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا وازی لێهێنراوە. چاندن و بەرهەمهێنانی بە چەند قۆناغ و فرماندا تێپەڕدەبێت و هەندێک لەو قۆناغانە بە گەلکاری دەکرێن. لەوانە:

١- شەتڵ کردن: لە کۆتاییەکانی مانگی ئازاردا، لە ڕووبەرێکی تایبەتی زەویدا بە پێوانەی یەک و نیو هەتا سێ مەتردووجا. داپۆشینی بە هەژگ و گەڵا بە مەبەستی پاراستنی.

٢- زەوی کێڵان و گۆل هەڵدان بۆ چاندن: لە مانگی ماییسدا. بە درێژیی ١.٥بۆ٢م و ٣٠سم قوڵ و پان. هەر ١٠ گۆلێک پێیدەوترێت (قەد-قەو)، بە هەر پێنج قەوێکیش دەوترێت ماکاو، هەر پێنج ماکاوێکیش نێرە پێکدێنن.

٣- شەتڵ لێدان و ئاودێران: گواستنەوەی شەتڵ لە دوکانەکان و چاندنیان لە زەویدا و و ئاودێرانی. بە گۆل و دێرۆغە.

٤- پاچەکۆڵەو بژار: دەرهێنانی گیاکەڵە و بژاری گیاکانی تر بۆ پێگەشتنی توتنەکە دوای ئەوەی بووە بە سێ پەل و چوار پەل.

٥- گەڵاشکێن: لە کۆتاییەکانی مانگی ئاب بەدوواوە دەستپێدەکات و پێش خۆرکەوتن دەبێت. لێکردنەوەی گەڵاکانی توتنی پێگەشتووە: یەکەمجار گەڵاکانی بن پەل، پاشان ناو پەل، دواتر سەرپەل. گەڵا لێکراوەکان بە شەڵتە دەگوازرێنەوە بۆ شوێنی شریت_ لێدان.

٦- شریت_لێدان: پێوەکردنی گەڵا لێکراوەکانە بە شریتەوە، کە هەر شریتەی نزیکەی ٢م دەبێت و بە چەرداخەوە هەڵدەواسرێن بۆ وشکبوون.

٧- خستنە چاڵاو و زینان: هەر گورزەیەک کە ٥-٦ شیش دەبێت، پاش وشکبوون، بۆ شێدارکردن دەخرێنە زیندانەوە، کە چاڵێکی چوار گۆشەی قوڵی بەژنی زەلامێکە. بنەکەی چەو یان زیخی تێدەکرێت و کەمێ ئاوی تێدەکرێت و بە توتنەکەوە دادەپۆشرێت بۆ شێداریی توتنەکە. دواتر دەردەهێنرێن و لە سندوقێکدا سەنگ و بەرد دەکرێن و شەتەک دەدرێن. پاش چەند ڕۆژێک سندوقەکە لادەبرێت و بە گونیە تەقەڵڕێژ دەکرێن و دەبنە فەردە توتن، هەر فەردەی نزیکەی (٦٠کغم) دەبێت. دوو جۆری هەیە: تەوەس، لاری. لاری بە دوو شێواز بەهەمدێت. بەم شێوازە بەرهەمهێنانە دەوترێت (سامسۆنگ). بەو شێوازەش کە گەڵاکان لەسەر گڵ ڕادەخرێن و ناکرێن بەشریتەوە، دەوترێت ڕەشۆکی.

سەرچاوەکان:

  1. هەڵەبجە یادەوەری و شارستانێی، محەمەد غەفوور شەریف، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠٢٢، ل١٢٦-١٣٣.
  2. بەرهەمی کوردەواری، مەولود بێخاڵی، چاپی یەکەم، لە بڵاوکراوەکانی ئەمینداریێتی گشتی ڕۆشنبیری و لاوان، ١٩٨٦، ل٥-٢٨.
  3. گێتی زیندەوەر، عەلائەدین سەجادی، بڵاوکراوەی ئاراس، چاپی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەورەردە، هەولێر، ٢٠٠٠، ل١٥٦.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

4

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ئاژەڵداری

پیشەیەکی دێرین و ئێستای ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکەیە. بەخێوکردنی مەڕوماڵات و ئاژەڵی گەورەیە بەمەبەستی دەستخستنی سەرمایە و قازانج لە بەرهەمەکانی شیر و گۆشت. ئاژەڵداری یان بە تەنیا دەکرێت، یان چەند کەسێک بە هاوبەشی ئاژەڵ دەکڕن و پێکەوە سەرپەرشتی بەخێوکردنی دەکەن. دەشێت شوان و گاوان و سەرپەرشتیکار بۆ ئاژەڵدارییەکەیان بگرن و دەشکرێت خۆیان بە نۆرە کارەکانی ئیشەکە بەڕێوە ببەن، لە مەترسییەکانی ونبوونی ئاژەڵ و پەلاماری گەلەگورگ پارێزگاریان لێبکەن. شوێنی تایبەت لە مۆڵگە و لەوەڕگای تایبەت بە خۆیان هەیە، بە کەسێک دەوترێت ئاژەڵدار کە لە حەیوانی وردە ٣٠سەر و لە ڕەشەوڵاخ ١٠ سەر زیاتری هەبێت، وردەکە ساڵانە دووجار بەر و گەورە جارێ بەر دەدات. لە ئێستادا دەبێت ئەوانەی بەو پیشەیەوە خەریکن، لە دەرەوەی شارەکان و شوێنی نیشتەجێبوون ئاژەڵداری بکەن. چاودێریی دروستی ئاژەڵەکانیان بکەن و لە نەخۆشیاندا چارەسەریان بۆ وەرگرن.

ئەستێرەوان و ئەستێرەگەڕ

ناسین و ناولێنان و زانینی بەراورد و جوڵە و دەرخستنی ڕەوش و کاردانەوەی دیاریکردنی کات و شوێنی هەڵهاتن و ئاوابوون و پەیوەندیان بە وەرز و نەریت و جوڵەی ژیان و باوەڕەوەیە. بەو کەسەی ئەو چاودرێرییە دەکات و شارەزایی هەیە دەوترێت (هەسارەناس، ئەستێرەناس). لەناوچەی هەڵەبجە بە گشتی و هەورامان بەتایبەتی، کەسانی شارەزا هەبوون، کە بە زانیاری و ئەزمونەکانیان، کات و وەرزی کاروان و ڕاوکردن و سەفەر و چاندن و چەندین نەریتی ئایینی و بۆنەیان دیارییکردوە. بۆ نمونە کات و شوێنی دەرکەوتنی ئەستێرەی کاروانکوژەیان سەرنجداوە، ئەستێرەی بەیان بۆ ڕاوکردن و گەلاوێژ بۆ فێنککردنەوەی گەرما و سیوەیل بۆ میوەگەیین و... هتد. هەندێکجار وەک شارەزای بەخت بۆ زانینی شتی نادیار بەکاربراوە. گۆرانی و فۆلکلۆر و شیعری نوسراوی ناوچەکە بەڵگەی بوونی شارەزایی و ئەستێرەناسی دەدات.

باخدارى

لە پیشە سەرەکییەکانی دانیشتوانى ناوچەکە و بەتایبەتی هەورامانە. لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە سەدان‌ باخی تێدایە. سەرەڕای سەختى و بەردەڵانى و کەمیى زەوی‌، دانیشتوانەکە پەنا بۆ (تەڵانکردن)‌ی زەوییەکان دەبەن و ئەمەش دیمەنێکی جوانی بە ناوچەکە و هەورامان بەخشیوە. بە زۆری بەرهەمى باخەکان بریتین‌ لە: (توو، گوێز، ترێ، هەنار، هەرمێ، هەنجیر، هەڵوژە، قۆخ، قەیسى و بەهێ). به ‌تەڕى و بە وشکراو‌ى دەفرۆشرێن و بوون‌ بە سەرچاوەی داهات بۆ خاوەنەکانیان. لە قەدپاڵى شوێنە بەرزەکانیشدا‌ (ڕەزە دێم) دەکرێت و ترێى ڕەشی ناوچەکە بەناوبانگە.

بازرگانی

لە ڕۆژگاری کۆن و نوێدا، پیشەی ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکە بووه. کڕین و ئاڵوگۆڕکردنی کاڵا و شمەکی هەمەجۆرە بە مەبەستی دەستخستنی سەرمایە و سەرچاوەی بژێوی. دەکرێت لە ناو خۆی یەک شاردا بکرێت و دەشکرێت بازرگانی لە دەروەی شار و وڵاتیش بکرێت و پیشەکە لە پڕۆژەی بچووکەوە بکرێتە پڕۆژەی گەورە. ئاڵوگۆڕەکە برتییە لە کاڵای نێرراوی شوێنەکە بۆ دەرەوەی خۆی و هاوردەی شمەک بۆ ناوەوەی. لە هەڵەبجە و هەوراماندا چەندین بازرگانی بە ناوبانگ هەبوون بۆ کاکڵە و گەنم و توتن و لۆکە و خوری و پێستەو چەرەسات و قوماش و کڵاش و وشکە و کەرەستەی بیناسازی و.. هتد. بازگانی چەند جۆرێکی هەیە، بازگانی کۆ (جوملە)، وردە، دانە. لەکۆنەوە بەهۆی پێگەی جوگرافیی هەورامان لە سەر ڕێگەی شارەزور هەمەدان و پاشانیش نێوان عێراق و ئێران، پیشەکە برەوی هەبووە و گەلێک بازگانی بەناوبانگ لە هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوردا دەرکەوتوون.

بانگوش

لە جاراندا باو بووە و ئێستا نەماوە یان زۆر کەم بووەتەوە. کەسێکە لە بەرامبەر هەقدەسێکدا بانگوشی دەکات و بە باگردێن سەربان دەگێڕێت و دەکوتێتەوە. هەتا سەقفەکە لە دەڵاندنی ئاو و دڵۆپەکردن بپارێزێت. مزگەوت و خانەقاکان و ماڵەگەورەکان، بانگوشی خۆیان هەبووە.

بەنایی

پیشەیەکی تەلارسازی و خانو و پرد دروستکردنی ئەندازەیی پێشکەوتوو بووە لە هەوراماندا، کە بیناسازییەکەی سەرنجی دەرەوەی ڕاکێشاوە. وەستاکانی ئەم پیشەیە بە کەرەستە و پێداویستیی سادە لە بیناسازییە جوانەکانی کوردستاندا، بەشداربوون. دیارترینیان دیواردانانی وشکەکەڵەک بووە.