مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

944 بابەت

قوبادی

یەکێکە لە عەشیرەتە گەورەکانی ناو جافی جوانڕۆ، کە بە شێوازی ئاخاوتنی جافیی کرمانجی ناوەڕاست دەدوێن و موسڵمانی سوننە مەزهەبن. بەهۆی ژمارەی زۆری خێزانەکانییانەوە، بەسەر هەشتا گوندی خۆرهەڵات و باشوری کوردستاندا نیشتەجێبوون، کە هەندێکیان کەوتوونەتە سنوری کارگێڕیی شارۆچکەی بەمۆ لە پارێزگای هەڵەبجە. ناوی قوبادی بۆ باپیرە گەورەیان دەگەڕێتەوە، کە ناوی (قوباد بەگی کوڕی ئەمیرخان کوڕی سەید ئەحمەد بەگی جاف)ـە. ئەم قوباد بەگە باوکی شاعیری نێوداری کورد (خانای قوبادییە).

زیاتر بزانە
عەشرەت‌

کەڵهوڕ

بەپێی هەندێک سەرچاوە دەبرێنەوە سەر کڵاهوڕ لە پاڵەوانەکانی حوکمڕانی مازیندەران لە سەردەمی کەیکاوس. یان لە نەوەی ڕەهامن، کە بە فەرمانی بەهمەنی کەیانی، میسر و شامی گرتووە. هەندێکیان بە ئێراندا بڵاوبوونەتەوە و هەندێکیشان لە زاگرۆس نشینانن. بەری شابازی، لە دەوروبەری کرماشان و مایدەشت و مەندەلین، بەرەی مەنسوری لە گەیلانن. لە سەردەمی جیاجیای مێژووییدا لە گەلێک شوێن حوکمیانکردووە. لەوانە سنە و پاڵەنگان و دەرەتەنگ و مایدەشت و ...هتد. گەلێک میری ناوداریان هەبووە. لەوانە زوڵفەقارخان، کە توانیویەتی لە سەردەمی سولەیمان قانوونی عوسمانیدا، بەغداد بخاتە ژێردەستی خۆیەوە. داود پاشا، عەباس خان و....هتد. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لە شارەزوور ژیاون و دوای شەڕی حسێن شەهید، لەسەر ئاوی شلێر زۆربەیان گەڕاونەتەوە ئەمبەر و بەری ڕێگای خانەقین-قەسر-کرماشان). کەڵهوڕەکانی شارەزوور و گەرمیان لەم بنەماڵانە پێکدێن: حاجی حەمەعەلی خەلیفە، ڕەحیمی نوور محەممەد، محمود ڕەحیم عەزیز، حەسەنی نوور محەممەد، حاجی مەحموودی کەلاری، حاجی گوڵ محەممەد، حاجی قادری کۆسە، مرادخانی کەیانی، حەمە فەرەج کاکە خان کەڵهوڕ، حاجی مەلا حامد عەزیز، ڕۆسەم مستەفا). ڕیشسپی خۆیانیان هەیە. لە گوندەکانی: لامەرکەزی، تەپەگوڵاوی، خاکوخۆڵ، گردی شەریف، حەسەنئاوا، شەکرالی، هەڵەبجەی شەهید، دەوروبەری بەکرەجۆ، کەلار، دەربەندیخان، هەڵەبجەی تازە، سەیدسادق و گەلێک شار و شارۆچکەی تر نیشتەجێن. لە ئێرانیش لە ٥٣ گونددا نیشتەجێن. لە ڕووی فۆلکلۆرەوە خاوەنی مۆسیقای سوننەتی و ئاوازی جوان جوانن. هۆرەکەیان بە هۆرەی کەلهوڕی ناسراوە. بەشداری شۆڕشی شێخ مەحموود و شۆڕشەکانی تری کوردیان کردووە. بە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ و بازگانی و دوکاندارییەوە خەریکبوون.

زیاتر بزانە
عەشرەت‌

کەماڵەیی

سەر بە هۆزی جافن. وەک تیرەیەکی سەربەخۆ ناوبراون. ئایین قایمن و پێڕەوکاری (قادری و نەقشبەندی)ن. گەرمیان و کوێستانیان کردووە و سەرخێڵی ناسراوی خۆیان هەبووە. هەندێک ڕا دەڵێن: لە نەوەی پیاوێکن بە ناوی (کەماڵ)، یان (کەماڵ) ناوچەیەک بووە لەژێر دەسەڵاتی ئەم تیرەدا بووە. مەڕوماڵاتیان زۆر بووە. لە بەرەبابە سەرەکییەکانی: (کەچەڵی، شیروانی، سوسکی، مەحموودخانی) پێکدێت. وەلی دێوانە لەم تیرەیە. شوێنی نیشتەجێبوونی سەرەکیان گەرمیانە لە (کەلار و دەشتی شێروانە) پانزە گوندیان هەیە. لە شارەزوریش چوار گوند، هەندێک خێزانیشیان بە شارەکانی (سلێمانی، هەولێر، عەربەت، سەیدساق، کۆیە، ڕانیە)دا بڵاوبوونەتەوە. لە خۆرهەڵاتیش لە دەوری سەقز، حەوت گوندیان هەیە. لە شارۆچکەی خورماڵ و تانجەرۆیش کەماڵەیی هەن. بەشە زۆرەکەی ئەم تیرەیە لە گەرمیانن و بەشی کەمیان لە شارەزوور.

زیاتر بزانە
عەشرەت‌

کۆکۆیی

سەر بە جافی جوانڕۆن. کۆچەربوون و گەرمیان و کوێستانیان کردووە. دەوترێت، کۆمەڵ کۆمەڵ ڕەشماڵیان هەڵداوە پێیانوتراوە کۆ کۆیی، یان لە شاخ و کۆکانی (شاهۆ، کۆیلە، ماکوان، هەورامان) هەواریان هەڵداوە. ئەو ناوەیان لێنراوە. خەڵکی خۆیان پێیانوایە سەرەتا لە (کۆیە)وە چوونەتە جوانڕۆ و لەوێ پێیانوتراوە کۆمەڵێکی کۆیی. ئەم تیرەیە هاوسنوری تیرەکانی (نەورۆڵی، ئێناخی، شەمێرانی، نەورۆڵی)ن. بە گشتی لە سێ بەرەبابی (شاوەیس، خوڵا وەیس، مراوەیس) پێکدێت. ناوچەکەیان ئاودار و لەبارە بۆ باخداری. بۆیە چەندین باخییان لە (چنار، چاوگ، باوەکۆچەک)هەیە. کۆکۆییەکانی باشور ئێستا بە زۆری لە پارێزگای هەڵەبجە نیشتەجێن. بەشێکیشیان لە سلێمانین. خاوەنی تاریخی جاف، لەگەڵ زەردۆیی پێکەوە باسیاندەکات. لەگەڵ تیرەکانی تردا پەیوەندی باشیان هەیە.

زیاتر بزانە
عەشرەت‌

گڵێجاڵی

لەیەک هۆز و ٩ خێڵ و ٨ بنەماڵە پێکهاتووە. سەر بە هۆزی گەورەی جافن. بە شێوەزاری کرمانجی ناوەڕاست دەدوێن. سوننە مەزهەبن. لە زێدەکەیانەوە بە ناوی گڵێجاڵ ناوەکەیان وەرگرتووە. نزیکەی ٧٥٠ خێزان دەبن. بە زۆری لە(گڵێجاڵ، سەعداوا، بەلەسۆ، تۆڤگە، هەڵەبجە، دەربەندیخان، سلیمانی، هەولێر، کەلار) نیشتەجێن.

میکایەڵی

سەر بە جافی مورادین. گەورەترین هۆزی جافە. لە بنەماڵەکانی:(حەمەعەلی وەیسی، ڕەشوبۆری، شوانکارە، ئالی بەگی، میرەیی) دروستبووە. دەچنەوە سەر پیرمکایەڵی دەودانی، یان کەسێک، کە باپیرە گەورەیان بووە بەناوی (میکایل). ئەم تیرەیە چەندین پیاوی ناودار و زانا و شاعیری تێدا هەڵکەوتووە. لەوانە (مەولانا خالدی شارەزووری و مەلا خدری نالی). کۆچەر بوون و کۆزی زستانە و هاوینەیان هەبووە. لە زستاندا لە سەنگاو تا قادرکەرم ڕۆشتوون. هاوین لەڕێگەی سەگرمەوە چوونەتە قەرەداغ و لەڕێگەی پوشێنەوە دەچنە سرۆچک. لە ڕێگەی تاری دەرەوە دەچنە قزڵچە. لە چەمی بێسانەوە چوونەتە خۆرهەڵات و لە (نەکەرۆز و کەلیخان)، کە مەحەلی هاوینیانە لە نێوان سەقز و بانەدا هەواریان خستووە.

زیاتر بزانە
عەشرەت‌

نەژوێنی

سەر بە هۆزی جافن. لە ڕابردوودا وەک شاتری لەقەڵەمدراون. وەک تیرەکانی تر کۆچەری بوون و گەرمیان و کوێستانیان کردووە. زۆر تێکەڵاوی تیرەی گەورەی شاتری بوون. لە بەرەبابی (کەیانی، کەڵانتەر، نەویجان) پێکهاتووە. درەنگ وازیان لە کۆچ و باری گەرمیان و کوێستان هێناوە. لەبەرئەوە ئاوەدانیان کەمبووە. (ڕەقەی نەژوێنی) زستانە هەواریان بووە، لە دامێنی جەوەڵی داری خلەیە. بە هۆی (نوێژخوێنیان)، کە ئەرک و پابەندیەکی ئاینی ئیسلامە، ناونراون(نوێژخوێن)ی و پاشان گۆڕانکاری زمان کردوویەتی بە نەژوێنی. هەوارگەی هاوینەشیان نزیک مەریوان بووە لە خۆرهەڵات. دوای نیشتەجێبوونیان بە زۆری لە کەلار و باوەنوور لە گەرمیان و شارۆچکەی قەرەحەسەن و قلرخی خواروی سەیدسادق و گوندەکانی دەوروبەری هەڵەبجەی تازە نیشتەجێن. لە زەمەقیی خواروو، بەشارەتی خوارووی هەڵەبجەی شەهیدیش هەن.

زیاتر بزانە
عەشرەت‌

نەورۆڵی

سەر بە جافی مورادین. لە بنەڕەتدا خەڵکی نەورۆڵی بەری جوانڕۆن. لە گەڵ زاهیر بەگدا دێنە باشوری کوردستان. یەکەمین تیرەی جافە، کە دەستی لە کۆچەریی بوون هەڵگرتووە و نیشتەجێبوون. ئيدمۆندز دەڵێت: گرنگترین تیرەی نیشتەجێبووی جافن. لەبەرئەوەی شوێنیان ئاودار و تەڕە، لە ئاژەڵدارییەوە دەستیان داوەتە کشتوکاڵ. جێگای سەرەکی و نیشتەجێبوونیان گوندەکانی هەڵەبجەی شەهیدن. ناوەکەیان لە وشەی (نوروەلی)، بە واتای تیشکی پیاوچاکێکی کەرامەتدار وەرگیراوە. خۆیان پێیانوایە ناوەکە لە دوو برا بە ناوەکانی (نەورۆڵ و بەورۆڵ)ەوە وەرگیراوە. لە دەوروبەری هەڵەبجە دەبن بە دوو بەشەوە: ١- نەورۆڵیی پارچە: لەو ناوچەیە دەژین، کە بە ناوی تیرەکەیانەوە ناونراوە (نەورۆڵی). گوندەکانی: (هەسەنئاوا، هانەسوورە، تریفە، تەوەنە وەل، سەراو، هانەژاڵە، کەوتە، نوەر، گونە، میراولی، چرۆسانە، پریسی سەروو، پریسی خواروو، کانی توو، بیلەنگە، نێرگسەجاڕ). ٢- نەورۆڵیی دەشت: نیشتەجێی ئەم دێهاتانە دەگرێتەوە. (زەمەقیی خواروو، تەپەکوڕە، خێڵی حەمە، گۆمەلار، دێکۆن، بەشارەتی سەروو، بەشارەتی خواروو، شەشکەکان، قشڵاخەڕووتە). کە نەورۆڵییەکان خۆیان بە پشتجۆگە و بەر جۆگە باسی ئەو دوو لقە دەکەن. هەندێک لەم دێيانە پێش هاتنی نەورۆڵییەکان ئاوەدانبوون. لە هەندێکیشیاندا یاروەیس و کەڵهوڕ و هەندێک عەشرەت و بنەماڵەی تریش هەن. ئەدمۆنز دیمەنی ناوچەکەیانی بە (دۆڵی خۆشبەختان) ناوبردووە. بەوەی، کە لە بەریتانیا دەچێت.(تەحسینی میرزا حەسەن) لە ئێستادا سەرۆکایەتیی تیرەکە دەکات.

زیاتر بزانە
عەشرەت‌

هاروونی

جافی مورادین. یەکێکن لە تیرە کۆن و دەوڵەمەندەکانی جاف. سەبارەت بە ناوەکەیان دەوترێت لە نەوەی پیاوێکن بە ناوی (هاروون)، یان لە شوێنێ گیرساونەتەوە بە ناوی (هاروون ئاوا). بەگشتی لەم بنەماڵەو بەرەبانە پێکدێت: بنەماڵەی (سەلیمی، نادرشایی، قارەمانی، زاڵە، بەیاخی، وەڵەدبەگی، نێرنجی). سەرۆکایەتیی تیرەکەیان وەک نەریت هاتووە پشتاوپشت لە نەوەی (سەلیمی)یەکانە. پاش کۆچی زاهیربەگی سەرۆکی ئێڵی مورادی، هاتوونەتە باشوری کوردستان. لە پەیماننامەی (زەهاو)ی نێوان دەوڵەتی سەفەوی و عوسمانی، وای پێویستکردووە، کە لە قەڵەمڕەویی دەوڵەتی عوسمانیدابن. کۆزی زستانەیان لە خۆرئاوای ڕوباری سیرواندا بووە. لە ڕێگەی (بانیخێڵان و دەربەندیخان)وە هاتونەتە تانجەرۆ و لە تووەقوت پەڕیونەتەوە. لە ڕێگەی کەوڵۆس و تەڕاتەوەنەوە چونەتە ناڵپارێز و پاشان لە دەشتی پێنجوێنەوە چووەنەتە مەریوان. لەگەڵ نیشتەجێبوونی جافدا، لە گوندەکانی (قاجر، تەپەڕێزینە، قەدەفەری، مەسەکانی مەلا عەلی، مەسەگانی کۆن، قوڵخورد، عەلیاوا، گوڵەخانە، مەلا وەیسە، کانی شێخ، قارەمانی، غوڵامی سەروو و خواروو، دوانزە ئیمامی سەروو و خواروو، بێژاو، گردی شەریف، دەرەگوڵان، ڕیشێن، نێرگسەجار، جەرداسنە، بێسەڵمێن، وازۆڵ، گوڵانەکۆن، توەقوت، دێی قادری مارف، گامێش تەپە، ناوگردان، بێڕەشکە، شاتوان، دۆڵاش، کەڵوڕان، تەپەڕەش، کشەیەری) نیشتەجێن. لە گەرمیان لە دەشتی پێباز گوندەکانی (بانی خان، تۆپخانە، حاجی لالیخانی عبدالقادر، تازەدێی حاجی حەسەن، پونگڵە، دڕکە)یان هەیە. بەشێک لە دانیشتوانی گوندەکانی(بساکان و بانی خێڵان و کەوەزیناڵی مەیدان و قەرەبڵاخی خواروی شارۆچکەی کۆکس) لە تیرەی هارونین. نزیکەی سەد خێزانیش لە قارەمانیەکانیان لە شارۆچکەی خوڕماڵ نیشتەجێبوون.

زیاتر بزانە
عەشرەت‌

وسەین

ناوی عەشرەتەکە لە باپیرە گەورەیانەوە هاتووە، کە وسەینی ناو بووە و دووەم هۆزە لەناو کاکەییەکانی گوندی هاواردا، کە باپیرەگەورەیان موریدی شێخ ئەکابری خامۆش بووە و هەمیشە لەخزمەتیدا بووە.

ئینگلیسان

بە دووریی دوو کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (بۆین) لە ناوچەی قنردۆڵ. باوباپیرانی گوندەکە دەڵێن زیاتر لە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر ئینگلیزەکان لەوێ سەربازگە و مەخفەریان هەبووە. شوێنەوارەکەی ماوە و بەهۆی ستراتیجیی شوێنەکە و گرنگیی پێگەکەی، پاشان بووەتە پێگەی سەربازیی حکومەتە یەکلەدواییەکەکانی عێراق. بەسەر گوندەکانی بۆین و گریانە و ڕوباری سیروان و خۆرهەڵاتی شاخی شنروێ و هەورامانیشدا دەڕوانێت.

باجگیرا

کەوتووەتە باکوری (سۆسەکان) و لە پشتی ڕێگەی سەرەکیی سۆسەکان لە شارەدێی تەوێڵە. تایبەت بووە بە مەئمورانی باج و باجی تێدا وەرگیراوە، بۆیە بەو ناوەوە ناسراوە، ڕێگەیەک دادەبەزێتە نێو باخەکانی چەمی خواروو، درەختێکی لێیە ئەویش هەر بەناوی قەڵاکە و شوێنی باج سەندنەوە ناونراوە (نەرۆ باجگیرای) واتە بەڕووی باجگیران.

بەرزەڵن

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی یاڵانپێ و باکوری گوندی زەڵم و سنوری هەورامانی دیوی عێراق و هەورامانی خۆرهەڵاتی دیوی وڵاتی ئێران پێکدەهنێت. (٢١٣٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. یەکێکە لە قەڵاکانی چیای سێخڕان. بەهۆی سەختی و زۆری بەرزییەکەیەوە هەموو کەس ناتوانێت سەردانیبکات، هەربۆیە گەیشتن بەم لوتکەیە پێویستی بە شارەزایی و لێهاتوویی جەستەیی هەیە، بەڵام لە دیوی وڵاتی ئێرانەوە ڕێگای تێکەڵەڕێژکراو لە دووریی تەنها (٣٨٠م) هەیە.

بیارە

کەوتووەتە خۆرئاوای شارۆچکەی (بیارە) و باشوری ملەگای چنار و گەڕەکی گەناوڵەی بیارە، بەرامبەر قوتابخانەی پیرشالیاری بنەڕەتی. (١١٥٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە سەر ڕێگای سەرەکیی بیارە، چەندین دامودەزگای حکومی و ئەمنی تێدایە، لەوانە لە لوتکەکەیدا بنکەی پاسەوانی سەرسنور هەیە، لە دامێنی قەڵاکەشدا سەرۆکایەتیی شارەوانیی بیارە و ئاسایشی بیارە هەیە. بەسەر دۆڵی بیارە شارۆچکەی (بیارە) و گوندی دەگاشێخاندا دەڕوانێت. لە باشورەوە دۆڵی بیارە و لە باکورەوە چیای کڵاوەی ئاشوور و لە خۆرهەڵاتەوە شارۆچکەی (بیارە) و لە خۆرئاواوە ملەی چنار و تەپی خاتوو ئامینە و نەخۆشخانەی هەورامان دەورەیانداوە.

پەژمانە

قەڵایەکی سروشتییە. کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (کانی گوێز). دەڕوانێت بەسەر شاخی کەسرەتە و کانی ڕەسوڵ. زەوی پەژمانە لەبەردەمیدا هەڵکەوتووە. لە پایزدا وەک هەوارگەیەکی ئەو ئاژەڵدارانە بەکارهاتووە، کە لە شاخی شنروێ گەڕاونەتەوە و لەوێ پشوویان داوە.

خان ئەحمەدخان

کەوتووەتە یەک کیلۆمەتری باکوری خۆرهەڵاتی گوندی ئەحمەدئاوا و دەڕوانێت بەسەر دەشتی شارەزووردا. لە دەربەندی شیوی زەڵم بە درێژایی (٣٠٠م) بۆ بناری شاخەکە هەڵکەوتووە. ئەگەرچی شوێنەوارێکی مێژوویی و دێرینە، بەڵام زیاتر بەناوی خان ئەحمەدخانی کوڕی هەڵۆخانی میری ئەردەڵانی بەناوبانگە، چونکە لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتیدا زۆرترین گرنگی پێداوە و ئاوەدانیکردووەتەوە. وەک ناوەندێکی سەربازی بەکاریهێناوە. بەناو سنگی چیادا پلە و قادرمەی پێچاوپێچ هەڵکۆڵراوە لە دوو شوێنی شاخەکەدا بە بەرزیی دە مەتر، پەیژە بۆ سەرکەوتن دانراوە. لە بەردەم قەڵاکەدا کۆشک و باڵەخانە هەبووە و شوێنەوار و پاشماوەکانیان بەڕوونی دیارە. لە بەشی سەرەوەیدا، سێ تاقی گەورەی داتاشراوی تێدایە، کە یەکێکیان زەحمەتە دەست بیگاتێ. ئەمەش بۆ سەردەمی ئایینی میترایی دەگەڕێتەوە، کە ئایینی ماددەکان مابووە و بۆ ڕێوڕەسمی ناشتنی مردووەکان بەکاریانهێناوە. هەروەها ساسانییەکانیش، کە لە پەیڕەوانی زەردەشت بوون، هەمان ڕێوڕەسمیان تێدا ئەنجامداوە. پاش هاتنی ئاینی ئیسلام، بووەتە شوێنی سەربازی و خۆحەشاردان. هەتا لەسەردەمی بابائەردەڵان، کە دامەزرێنەری میرنشینی ئەردەڵانییەکان بووە لە سەدەی دوازدەی زایینی، قەڵای زەڵمی ئاوەدانکردووەتەوە و کردوویەتی بە جێگەی فەرمانڕەوایی خۆی. (قەڵای زەڵم)ـیشی پێدەوترێت.

دەربەند خوگان

کەوتووەتە بانی زەڵم. شوێنەواری ئاوەدانی تێدا دۆزراوەتەوە. بە قوڕی سورەوەکراو جۆگەی ئاوی بۆ ڕاکێشراوە. بە یەکێک لە شوێنەوارە کۆنەکانی ناوچەکە دادەنرێت.

دەگاکۆنێ

کەوتووەتە بەرانبەر شوێنی ئێستای گوندی (زەڵم)، کە هەردوو ئەشکەوتی (مەڕەتاریکێ و مەڕی شەهیدا)ی لێوە نزیکن. خەڵکی بۆ ژیان هەتا سەرەتای سەدەی بیستەم بەکاریانهێناون، لەکاتی خۆیدا گەورەترین گوندی سنورەکە بووە. ساڵی ١٨٧٢ لەلایەن عوسمانییەکانەوە سوتێنراوە. دەوترێت لە دوای ساڵی ١٩١٣وە هاتوونەتە ئەم شوێنەی ئێستای.

زوحاک

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی نەوێ. لە ناوەڕاستی شاخی مەرجۆڵا و پەچەپایەردا هەڵکەوتووە. مێژووکەی زۆر کۆنە. شوورای ماوە و بە بەرد دروستکراوە و خشتی سوری تێدا دۆزراوەتەوە. لەبەردەمیدا بەردێکی هەڵکۆڵڕاو هەیە. هەندێکجار بە زیندانی ناوی دەبەن، زۆرجاریش دەڵێن ئەو سەرکردانەی، کە دەمردن، لەنێو بەرد دایانناون. زیندانێکی تێدایە لەشێوەی تاشە بەردێکدایە، کە کونێکی گەورەی تێدایە، بۆچوونەکان دەڵێن ئەو کونە وەک زیندانی بەکارهاتووە لە سەردەمی زوحاکدا.

سازان

بە (قەدى قەڵا)ش بەناوبانگە. کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتى شاری هەڵەبجه. نزیکەى دوو کیلۆمەتر لە ڕوبارى سیروانەوە دوورە. شوێنەواری زۆرى تێدایه. بەشێکی زۆری ‌دیوارى قەڵاکە لە بەرد و قسڵ دروستکراوە. لەسەر قەڵاکە کانییەک هەیە و دەسەڵاتداران بە بۆری ئاوەکەیان نزیک کردووەتەوە. چەند جۆرە سکەیەکی لێ دۆزراوەتەوه،‌ که بۆ سەردەمی دەوڵەتى ساسانى دەگەڕێتەوە. هەروەها ‌چەندین مۆرى بە نرخیشی لێ دۆزراوەتەوە.

پێشتر 1
...
32 33 34
...
48 دواتر