کۆکۆیی

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


لاپەڕەی 370

عەشرەت‌

سەر بە جافی جوانڕۆن. کۆچەربوون و گەرمیان و کوێستانیان کردووە. دەوترێت، کۆمەڵ کۆمەڵ ڕەشماڵیان هەڵداوە پێیانوتراوە کۆ کۆیی، یان لە شاخ و کۆکانی (شاهۆ، کۆیلە، ماکوان، هەورامان) هەواریان هەڵداوە. ئەو ناوەیان لێنراوە. خەڵکی خۆیان پێیانوایە سەرەتا لە (کۆیە)وە چوونەتە جوانڕۆ و لەوێ پێیانوتراوە کۆمەڵێکی کۆیی. ئەم تیرەیە هاوسنوری تیرەکانی (نەورۆڵی، ئێناخی، شەمێرانی، نەورۆڵی)ن. بە گشتی لە سێ بەرەبابی (شاوەیس، خوڵا وەیس، مراوەیس) پێکدێت. ناوچەکەیان ئاودار و لەبارە بۆ باخداری. بۆیە چەندین باخییان لە (چنار، چاوگ، باوەکۆچەک)هەیە. کۆکۆییەکانی باشور ئێستا بە زۆری لە پارێزگای هەڵەبجە نیشتەجێن. بەشێکیشیان لە سلێمانین. خاوەنی تاریخی جاف، لەگەڵ زەردۆیی پێکەوە باسیاندەکات. لەگەڵ تیرەکانی تردا پەیوەندی باشیان هەیە.

سەرچاوەکان:

  1. مێژووی چەند هۆزێکی کورد، هیوا مەلا حەسەن، چاپی یەکەم، چوارچرا، سلێمانی، ٢٠١٩، ل٣١٣-٣١٥.
  2. تەئریخی جاف، دانراوی کەریم بەگی فەتاح بەگی جاف، لێکۆڵینەوەی دکتۆر حەسەن جاف، پێشەکی: محەمەد عەلی قەرەداغی، چاپی یەکەم، بەغدا، ١٩٩٥، ل١٤٤.
  3. گڵێجاڵ ناوەندی ناحیەی بەمۆ لە بەڵگەنامە و بیرەوەرییەکاندا، کۆمەڵێک توێژەر، چاپی یەکەم، ٢٠٢١، ل٣١.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم,تیمی مەیدانی / گوندی چنار

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

الجلالیة

یەکێک لە بەربڵاوترین عەشرەتە کوردەکانی نیشتەجێی خورماڵ و شارەزوور بوون لە سەدەی چواری کۆچی. بە بۆچوونی (ئەمین زەکی بەگ) لەگەڵ گەڵاڵی یەک شتن، بەڵام لێکدانەوەی تر هەیە پێیوایە جیاوازن، چونکە ناوی گەڵاڵی لە سەرچاوە ئیسلامییەکاندا بە (الکلالیة) هاتووە. لە هەندێک سەرچاوەی تردا (الکلالي) و (الجلالیة) ش وەک دوو هۆزی جیا ناویان هاتووە. هۆزی (الجلالیة) جگە لە دەوروبەری خورماڵ و شارەزوور، لە شارباژێڕ و کفری و ئاکرێ و دەوروبەری ئامێدی ژیاون و دەگوترێت "هۆزێکی شوانکارەی توند بوون".

زیاتر بزانە
عەشرەت‌

ئێناخی

سەر بە جافی جوانڕۆن. بە ناوی باپیرە گەورەیانەوە (عەلی ئێناخ) ناونراون. لە گەڵ یەزدانبەخشییەکاندا بران و خۆیان بە نەوەی پیرخدری شاهۆ دەزانن. لەم بنەماڵە و بەرەبابانە (سەلیم بەگی، ئەمیرخان بەگی، یەعقوب بەگی، ڕەحمان بەگی، ئێل بەگی، عوسمان بەگی، ڕۆستەم بەگی) پێکهاتوون. هەر بنەماڵەیەکیش ڕیشسپی و پیاوماقوڵی خۆی هەبووە. گەرمیان و کوێستانیان کردووە. بوون بە دوو بەشەوە. نیشتەجێبوانی باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان. ئەوانەی لەباشور نیشتەجێ بوون، بۆ کۆچی هاوینە ڕۆشتوونەتە (شنروێ، سەروەزەن، سازان). لەم گوندانەش نیشتەجێبوون: (لمە، کۆڵیمیتکان، سازان، کۆساوا، کانی گوێز). لەگەڵ دانیشتوانی تیرەکانی تردا لەو گوندانەدا ژیاون. ناوچەی ئێناخی زۆرترین ئەشکەوتی تێدایە. بە ئاژەڵداری و باخداری و مامەڵەی بازرگانی و شمەک هاوردن و بردنی سەرسنور خەریکبوون. ئێستا بەشێکی باشیان لە هەڵەبجەی شەهید دەژین.

زیاتر بزانە
عەشرەت‌

باوا

یەکێکە لە عەشیرەتەکانی نیشتەجێی بناری بەمۆ لە سنوری شارۆچکەی (بەمۆ). ڕیشەی عەشرەتەکە دەگەڕێتەوە بۆ جافی جوانڕۆ لە خۆرهەڵاتی کوردستان و گوندی (دوێتوێ). لە کۆتایی سییەکانی سەدەی بیست هەندێکیان بۆ بناری بەمۆ کۆچییانکردووە و لە گوندەکانی (چوارداران، بەلەسۆ) نیشتەجێبوون، هەندێک ماڵیشیان چوونەتە گوندەکانی (کانی وەیسکێ، کانی پاشا، تووەوشکێ). ناوی عەشرەکە بۆ ناوی باپیرەگەورەیان، کە ناوی (باوا) بووە دەگەڕێتەوە. موسوڵمانی سوننە مەزهەبن و بە شێوازی ئاخاوتنی جافی دەدوێن.

زیاتر بزانە
عەشرەت‌

بەیداخی

سەر بە هۆزی جافن. ئاڵاهەڵگری لەشکرب جاف بوون، ناوەکەیان لە (بەیداخ/ ئاڵا) وە هاتووە. کۆچەری بوون و بە ئاژەڵدارییەوە خەریکبوون. گەرمیان و کوێستانیان کردووە. لە پێنجوێنەوە پەڕیونەتەوە بۆ مەریوان. دوای ڕێکخستنی سنوری نێوان ئێران و دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، بەشی زۆریان لە گەرمیان (مەیدان، قەرەچەم، خوڕخوڕ، سەید محەممەد، قەڵاتەپە، کوڵەجۆ، باوەنوور) نیشتەجێبوون. بەشێکیشیان لە شارەزوور لە گوندەکانی (گردەنازێ، قاجر، بەشارەت). لە شارۆچکەی خورماڵیش هەن. بەشێکیان لە بناری بەمۆ پشتەماڵەی مەحموود پاشای جاف بوون و سەد ماڵێکیشیان لە گوندی داربەڕولەی سەر بە پارێزگای سلێمانی نیشتەجێبوون. ئەم تیرەیە لە گەرمیان لە گەڵ شاتری و لە شارەزوور لە گەڵ هاروونی تێکەڵاون.

زیاتر بزانە
عەشرەت‌

تاوگۆزی

سەر بە جافی جوانڕۆن. بە گشتی لە سەیدەکانن، دەچنەوە سەر مەلایوسف جانی کوڕی مەلا ئەبوبەکری چۆڕی و دەچنەوە سەر پیر خدری شاهۆ. مەلا یوسف جان، نزیک گوندی دەودان، کانی و ئاوێک ئاوەداندەکاتەوە، کە پێیدەوترێت (تاوگو گوێز) پاشان بووە بە تاوگۆز و تاوگۆزی. لە سێ بەرەبابی (ویساڵی، کەماڵی، جەماڵی) پێکدێت. لقی دیوی باشوریان، کە لە پشت قەڵای شەمێرانەوەن، لە جافی مورادین، کە لەخۆرهەڵاتەوە هاتوون و گوندەکانی (هەر دوو سەرشاتە، بەشی عەلی، پشت قەڵا، زارێن، بانیبۆڵان، مۆرتکە، قەڵب، گمە، پشتە، کانی ژەنان) و لە گەڵ هەندێک بنەماڵەی تردا نیشتەجێن. لە شارەزووریش لە گوندی (گورگەچیا) نیشتەجێن. لە قەرەداغیش لە گوندی (چیمەن) هەن. ناوچەکەیان شاخاوی کڕێن و بەردەڵانە. لەبەرئەوە زیاتر بە ئاژەڵداری و بەرووبوومی کەژەکان و ڕاوەماسییەوە خەریکن. ئێستا تاوگۆزییەکان بە زۆری لە (زەڕایەن، هەڵەبجەی تازە، هەڵەبجەی شەهید، دەربەندیخان) نیشتەجێن. شاعیری گەورەی کورد مەولەوی لەم تیرەیەیە.

زیاتر بزانە
عەشرەت‌

دۆمان

یەکێکە لە سێ هۆزە سەرەکییەکەی گوندی هاوار، کە بنەچەیان دەچێتەوە سەر کاک ئەحمەدی هاواری، کە پیشەیان کڵاشچنین بووە و نازناوی (دۆمان) یان لێنراوە.

زیاتر بزانە
عەشرەت‌