بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
کەوتووەتە گوندی (میریسوور)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)، مێژوویەکی دێرینی هەیە. گۆڕی (سەید ئەحمەد)ی تێدایه، کە پیاوچاکێکی سنورەکە بووە. مەزارگەکەی هەڵبەستراوە و ژوورێکی تێدا دروستکراوە. خەڵکی لە کۆن و تەنانەت لە ئێستاشدا سەردانیدەکەن و بۆ چوونیان وەهایه: کە مەبەستی (منداڵبوون، چاکبوونەوەی شێتی و نەخۆشی) یارمەتییاندەدات.
پیاوچاکە، ناوی (شێخ عەلی مستەفا)یە. لەسەر زمانی ناوچەکە بووەتە هاڵی سەفا. مەزارەکەی کەوتووەتە باشوری گەڕەکی دەمەرەسورای بەشی چلانە لە شارەدێی (تەوێڵە).
مەتەرێزێکە لە پشت باخی ئەمین چاوشەوەیە لەبەردەم گردەو بەرامبەر قەڵای خان لە گوندی (زەڵم). بەسەر بنی پەڵگ لەسەروی هاوینەهەواری ئەحمەدئاوادا دەڕوانێت. دەوترێت مەزاری شاعر و دەنگخۆش یۆسۆ ئاسکەیە، لە نێو دیوار و شوورایەکدایە. یوسف ئاسکە یان یۆسۆ یاسکە (١٥٨٦-١٦٣٢) وەرگێڕ و شاعیر و سیاچەمانەچڕی دەرباری خان ئەحمەدخانی ئەردەڵان بووە. بەناوی دایکییەوە ناسراوە، ژیانی داستانی ئەوینداری زێڕین کڵاو (کڵاو زەڕخاتوون)ی ژنی خانی پێوە بەستراوە، لە داستانی حەزرەتی یوسف دەچێت، لەئەنجامی دەم لێدانی نەیارانی و هەڵبەستنی ئەو ڕازە، ڕاستیی پەیوەندیەکە، ئاشکرا دەبێت و خان ئەحمەد، شەوێک لە قەڵادا هەڵیدەواسێ و لاشەکەی دەخەنە دیوارێکەوە، یان دەوترێت، بە زیندوویی دەیخاتە نێو دیوارێکەوە لەبەرامبەر قەڵای زەڵم و خۆرهەڵاتی چەمی زەڵمەوە. لە زۆرێک لەسەرچاوەکانی مێژووی ئەدەبدا ناوی هاتووە و چەندین هۆنراوەش دەماودەم چیرۆکی کوشتنەکەی دەگێڕنەوە. هیچکام لە ڕاستی و دروستیی ئەم ڕازانە پشتڕاست نەکراونەتەوە.
یەکێک لە بەربڵاوترین عەشرەتە کوردەکانی نیشتەجێی خورماڵ و شارەزوور بوون لە سەدەی چواری کۆچی. بە بۆچوونی (ئەمین زەکی بەگ) لەگەڵ گەڵاڵی یەک شتن، بەڵام لێکدانەوەی تر هەیە پێیوایە جیاوازن، چونکە ناوی گەڵاڵی لە سەرچاوە ئیسلامییەکاندا بە (الکلالیة) هاتووە. لە هەندێک سەرچاوەی تردا (الکلالي) و (الجلالیة) ش وەک دوو هۆزی جیا ناویان هاتووە. هۆزی (الجلالیة) جگە لە دەوروبەری خورماڵ و شارەزوور، لە شارباژێڕ و کفری و ئاکرێ و دەوروبەری ئامێدی ژیاون و دەگوترێت "هۆزێکی شوانکارەی توند بوون".
سەر بە جافی جوانڕۆن. بە ناوی باپیرە گەورەیانەوە (عەلی ئێناخ) ناونراون. لە گەڵ یەزدانبەخشییەکاندا بران و خۆیان بە نەوەی پیرخدری شاهۆ دەزانن. لەم بنەماڵە و بەرەبابانە (سەلیم بەگی، ئەمیرخان بەگی، یەعقوب بەگی، ڕەحمان بەگی، ئێل بەگی، عوسمان بەگی، ڕۆستەم بەگی) پێکهاتوون. هەر بنەماڵەیەکیش ڕیشسپی و پیاوماقوڵی خۆی هەبووە. گەرمیان و کوێستانیان کردووە. بوون بە دوو بەشەوە. نیشتەجێبوانی باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان. ئەوانەی لەباشور نیشتەجێ بوون، بۆ کۆچی هاوینە ڕۆشتوونەتە (شنروێ، سەروەزەن، سازان). لەم گوندانەش نیشتەجێبوون: (لمە، کۆڵیمیتکان، سازان، کۆساوا، کانی گوێز). لەگەڵ دانیشتوانی تیرەکانی تردا لەو گوندانەدا ژیاون. ناوچەی ئێناخی زۆرترین ئەشکەوتی تێدایە. بە ئاژەڵداری و باخداری و مامەڵەی بازرگانی و شمەک هاوردن و بردنی سەرسنور خەریکبوون. ئێستا بەشێکی باشیان لە هەڵەبجەی شەهید دەژین.
یەکێکە لە عەشیرەتەکانی نیشتەجێی بناری بەمۆ لە سنوری شارۆچکەی (بەمۆ). ڕیشەی عەشرەتەکە دەگەڕێتەوە بۆ جافی جوانڕۆ لە خۆرهەڵاتی کوردستان و گوندی (دوێتوێ). لە کۆتایی سییەکانی سەدەی بیست هەندێکیان بۆ بناری بەمۆ کۆچییانکردووە و لە گوندەکانی (چوارداران، بەلەسۆ) نیشتەجێبوون، هەندێک ماڵیشیان چوونەتە گوندەکانی (کانی وەیسکێ، کانی پاشا، تووەوشکێ). ناوی عەشرەکە بۆ ناوی باپیرەگەورەیان، کە ناوی (باوا) بووە دەگەڕێتەوە. موسوڵمانی سوننە مەزهەبن و بە شێوازی ئاخاوتنی جافی دەدوێن.
سەر بە هۆزی جافن. ئاڵاهەڵگری لەشکرب جاف بوون، ناوەکەیان لە (بەیداخ/ ئاڵا) وە هاتووە. کۆچەری بوون و بە ئاژەڵدارییەوە خەریکبوون. گەرمیان و کوێستانیان کردووە. لە پێنجوێنەوە پەڕیونەتەوە بۆ مەریوان. دوای ڕێکخستنی سنوری نێوان ئێران و دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، بەشی زۆریان لە گەرمیان (مەیدان، قەرەچەم، خوڕخوڕ، سەید محەممەد، قەڵاتەپە، کوڵەجۆ، باوەنوور) نیشتەجێبوون. بەشێکیشیان لە شارەزوور لە گوندەکانی (گردەنازێ، قاجر، بەشارەت). لە شارۆچکەی خورماڵیش هەن. بەشێکیان لە بناری بەمۆ پشتەماڵەی مەحموود پاشای جاف بوون و سەد ماڵێکیشیان لە گوندی داربەڕولەی سەر بە پارێزگای سلێمانی نیشتەجێبوون. ئەم تیرەیە لە گەرمیان لە گەڵ شاتری و لە شارەزوور لە گەڵ هاروونی تێکەڵاون.
سەر بە جافی جوانڕۆن. بە گشتی لە سەیدەکانن، دەچنەوە سەر مەلایوسف جانی کوڕی مەلا ئەبوبەکری چۆڕی و دەچنەوە سەر پیر خدری شاهۆ. مەلا یوسف جان، نزیک گوندی دەودان، کانی و ئاوێک ئاوەداندەکاتەوە، کە پێیدەوترێت (تاوگو گوێز) پاشان بووە بە تاوگۆز و تاوگۆزی. لە سێ بەرەبابی (ویساڵی، کەماڵی، جەماڵی) پێکدێت. لقی دیوی باشوریان، کە لە پشت قەڵای شەمێرانەوەن، لە جافی مورادین، کە لەخۆرهەڵاتەوە هاتوون و گوندەکانی (هەر دوو سەرشاتە، بەشی عەلی، پشت قەڵا، زارێن، بانیبۆڵان، مۆرتکە، قەڵب، گمە، پشتە، کانی ژەنان) و لە گەڵ هەندێک بنەماڵەی تردا نیشتەجێن. لە شارەزووریش لە گوندی (گورگەچیا) نیشتەجێن. لە قەرەداغیش لە گوندی (چیمەن) هەن. ناوچەکەیان شاخاوی کڕێن و بەردەڵانە. لەبەرئەوە زیاتر بە ئاژەڵداری و بەرووبوومی کەژەکان و ڕاوەماسییەوە خەریکن. ئێستا تاوگۆزییەکان بە زۆری لە (زەڕایەن، هەڵەبجەی تازە، هەڵەبجەی شەهید، دەربەندیخان) نیشتەجێن. شاعیری گەورەی کورد مەولەوی لەم تیرەیەیە.
هۆز و عەشرەتی جاف گەورەترین عەشیرەتی باشوری کوردستانە. ساڵانە بەپێی وەرزەکان گەرمیان و کوێستانیان کردووە، چونکە عەشیرەتێکی کۆچەری بوون و بەدوای لەوەڕگادا گەڕاون بۆ ئاژەڵەکانیان، زستانان لە ناوچەکانی گەرمیان، بەهاران لە قەرەداغ و شارەزوور بوون و هاوینانیش چوونەتە پێنجوێن و هەتا کوێستانەکانی مەریوان و سنە ڕۆیشتوون، ئەوەش سەرئێشە و گرفتی زۆری بۆ هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و قاجار و خەڵکانی نیشتەجێی ئەو ناوچەیەی، کە پیایدا تێپەڕیون، دروستکردووە. لە سەدەى حەڤدەيەم و پێشتریش لەسەر بنەماى کۆچەرى دەژيان و گەرميان و کوێستانيان کردووه و ناوەندى سەرەکيیان شارى جوانڕۆ و ئەو هەرێمە بووە، کە ئەمڕۆ دەکەوێتە نێوان هەڵەبجە و کرماشانەوە. ڕۆڵی بەرچاویان لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەدا هەبوووە، بە هێزترین هێزی مرۆیی بوون. لە بەڵگەنامەکانی سەفەوی و پەهلەوی و قاجاری و عوسمانی و ئینگلیزدا چ وەک هۆز و چ ناوی پاشا و سەردارەکانیان هاتووە. ملکەچى هيچ يەکێک لە دەسەڵاتدارانی سیاسی ناوچەکە نەبوون، تا ڕێکەوتننامەى زەهاوى ساڵى ١٦٣٩ لە نێوان عوسمانى و سەفەويدا مۆرکرا و بەپێی ڕێکەوتننامەى عەشيرەتى جاف لە نێوان هەردوو دەوڵەتى عوسمانى و سەفەویدا بەسەر چوار بەشى سەرەکيدا دابەشکرا: ١-جافى زەينەدينى: هاروونى: سەر بە ئێران بوون و بەڵام ئەمڕۆ پاشماوەیەکی ئەوتۆيان لێ نەماوەتەوە، تەنها هاروونيەيەکان نەبێت، کە شوێنى نيشتەجێبوونيان بەزۆرى دەکەوێتە پارێزگاى هەڵەبجە و ناوچەى گەرميانەوە، بەتايبەتى لە دەربەنديخان و شارۆچکەى پێباز (باوەنوور). ٢- جافى جوانڕۆ: جافى (زەهاو)يشيان پێ دەوترێت. لە باکورى خۆرئاواى ئێران، لە کرماشان و سنە و بەشێکيشيان دەکەونە باشورى کوردستانەوە. واتە هەر لە گوندەکانى خانەقينەوە هەتا دەگاتە هەڵەبجە و ناوچەى هەورامانى لهۆن، تيرەکانى بەرچاو دەکەون، لەوانە : قادر ميروەيسى، نێرژى، کۆکۆيى، زەردۆيى، تايشەيى، بێيانى...تاد. ٣- جافى مورادى: دەکەونە باشورى کوردستان (کوردستانى عێراق). هەر لە گەرميانەوە دەستپێدەکات هەتا دەگاتە هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامانى ئەمديو. بەشێوازێکى چڕ و پڕ لە دەوروپشتى شارەکانى هەڵەبجە و کەلار و کفرى نيشتەجێن. ٤- جافى گۆران: بەشێک لەو جافانەى، کە لە ناو ئيراندا مابوونەوە، ڕۆيشتوونەتە ناو (گۆران). بەشێکيشيان دەکەونە ناو سنوری باشورى کوردستانى ئەمڕۆوە، بەتايبەتى لەو گوند و دێهاتانەى دەکەونە سنوری قەزاى خانەقين و هۆرێن و شێخان، لەگەڵ ناحيەى قۆرەتوو و مەيدان. ديارترين تيرەکانى ئەمانە بريتين لە: قادر ميروەيسى، تايشەيى، قەڵخانى، يوسف يارئەحمەدى، کويک، نێرژى (نێرژەيى)، کرکايش (گورگ کايش).
یەکێکە لە سێ هۆزە سەرەکییەکەی گوندی هاوار، کە بنەچەیان دەچێتەوە سەر کاک ئەحمەدی هاواری، کە پیشەیان کڵاشچنین بووە و نازناوی (دۆمان) یان لێنراوە.
هۆز و تیرەیەکی بەربڵاوبوون لە شارەزوور و دەوروبەری هەڵەبجەدا، لە بنەڕەتدا خەڵکی (دۆمان) ی هیندستان بوون. لە نێو کورددا تواونەتەوە و سیفەتی تاکی کوردیان وەرگرتووە. سەرەتا بێ_ڕێوجێ بوون و بە کاری کڵاش و دروستکردنی چەقۆ و قاپ و قاچاغی دارینەوە خەریکبوون.
سەر بە جافی مورادین. کۆچەری بوون. ماوەیەکی زۆر لە (بەلەبزان) ژیاون. لەگەڵ زاهیربەگ و چەند تیرەیەکی تری جاف، جوانڕۆ بەجێدەهێڵن و دێنە ژێر دەسەڵاتی بابانەوە. لە فەرهەنگ و فۆلکلۆری کوردیدا دەوڵەمەندن. باپیرە گەورەیان کەسێک بووە بە ناوی (زاد) لە ڕۆخی سیروان لەدایکبووە. ناوەکەیان لەوەوە هاتووە، یان دایکی باپیرە گەورەیان ناوی (ڕۆحی)بووە و بە کوڕکەی وتراوە ڕۆحیزاد. یان دایە گەورەیان ناوی (ڕۆغە) بووە، کە منداڵی بووە وتراوە ڕۆغیزا. لە هەشت بەرەبابی سەرەکی پێکدێن، ئەوانیش (حەمەجانی، وەیس وەیس، شاوەیس، سمایلی، سەرحەدی، زۆراو، ڕۆغزاد، قادروەیس)ن. لەمانیش چەندین بنەماڵە و بەرەی تر کەوتوونەتەوە. لە شارەزورو قەرەداغ و گەرمیان و ناوخوان، ٧٦ گوندیان ئاوەدانکردووەتەوە. کۆزی زستانەیان (سەرکەلی کەوەڕێ و مازخ)دا بووە لە خۆرهەڵاتی ئاوەسپی. بۆ هاوینیش لە (پەیکوڵی و گەورەقەڵا)وە هاتوونەتە (گرێزەی شارەزوور و پاشان بۆ کەوڵۆس و ناڵپارێز و دەشتی قزڵجە). لە خەڵوزەوە چوونەتە میشیاو، لەوێوە چوونەتە خوسرەوخان و هانە تاڵەو مەولاناو و... هتد. دواتر چوونەتە خۆرهەڵات و هەوارگەیان لە دەوروبەری سەقز و دیواندەرە هەڵداوە.
سەر بە هۆزی گەورەی جافن. هۆزیکی کۆچەربوون. بە زۆری لە دیوی خۆرهەڵات لە شارەکانی (پاوە، جوانڕۆ، سنە، کرماشان)ن. ئەوانەیان لە باشوری کوردستانن، لە هەڵەبجە و سەیدسادق و دەوروبەریدا نیشتەجێن. پێش تیرەکانی تر نیشتەجێبوون. خەریکی ئاژەڵداری و باخداری و بنێشتکردن و بازرگانین. لەبەرئەوەی زۆرتر لە خۆرهەڵات نیشتەجێن، کەریم بەگی فەتاح بەگ لە مێژوەکەیدا، لەناو جافەکانی لقی ئێراندا باسیکردوون. دەبن بە چوار بەشەوە: ١- کەمانگەر: ٢- ساتیاری٣- ڕەوانی٤- شاقوایی
سەر بەهۆزی گەورەی جافن. سەرەتا لە (مورادی، قوبادی، ناودێری) پێکهاتووە، کە پێدەچێت سێ برا بووبن(مراد، قوباد، نادر). سەبارەت بە ناوەکەیان چەند بۆچوونێک هەن: یان لە زیائەدینەوە هاتووە، یان بۆ ناوچەی (سەهان) دەگەڕیتەوە، کە لێوەی هاتوون. یان لە سەدسوارەوە هاتووە. لە ساڵی ١٨٢٠، ١٠٠ ماڵ بوون، پێش جەنگی جیهانی بوونەتە ٣٠٠ ماڵ. ئیدمۆندز لەسەر ڕۆشنایی سەرژمێریی ساڵی ١٩٢٢دا نوسیویەتی: ژمارەی خێزانە ڕەشماڵنشینەکانیان ١٥٠ خێزان بووە. ساڵی ١٩٤٧ نزیکەی ١٢٠٠ ماڵ. لە کوردستانی خۆرهەڵات و باشوردا هەن. لە گەڵ هارونی و بەیداخی و عەمەڵە دەواریان هەڵداوە. دوای وازهێنانیان لە کۆچەریی و خواروو ژوور کردن، لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە، لە ١٢ گوندی گوێ چەمی زەڵمدا نیشتەجێبوون، لەوانە(شیرەمەڕ، گردیگۆ، گردی قازی، گێڵەک، تەکیە، تەپەتۆڵەکە، کۆڵکنییەکان، تازەدێ، ئاواییی حەمەی مرواری). بەشێکيان لە سەيدسادق و خورماڵ و هەڵەبجە و شارەزوور و سلێمانیدا نیشتەجێن. لە گەرمیان و هەندێک گوندی ڕۆژهەڵاتیشدا هەن.
سەر بە هۆزی گەورەی جافن. لە تیرە و هۆزەکانی: (براییمی، میروەیسی، وردەشاتری، یوسف جانی، کەرەم وەیسی، کەرۆیی) پێکهاتووە. تیرەکانی (وەڵی، نەژوێنی، عیسایی)ش خۆیان وەک بەشێک شاتری دەزانن. لە کۆندا لە گەڵ تیرەکانی تری جافدا کۆچەربوون و گەرمیان و کوێستانیان کردووە. لە ئێستادا نیشتەجێی شارەزوور و گەرمیانن. لەڕانیە و بتوێن دوو گوندیان هەیە و لە خۆرهەڵاتی کوردستانیش بوونیان هەیە. سەبارەت بە ناوی تیرەکە چەند بۆچوونێک هەیە، لەوانە: نەوەی کوێخا شاتر بوون، کە لای شای ئێران پۆستەچی بووە. بۆچونێکی تریش لایان وایە لە (شاتریین)وە هاتووە، کە بەمانای گەرەترین و بەهێزترین دێت.
لەجەنگی یەکەمی جیهانیدا بە ٧٠٠ بۆ ١٠٠٠ خێزان خەمڵێنراون. لە لوڕستانی ئێران سەریانهەڵداوە. لە بنەچەدا دەچنەوە سەر میرزا ئەمانوڵاخانی لوڕیی فەرمانڕەوای لوڕستان، کە هاوکاتە لەگەڵ دەوڵەتی بوەیهی. دەڵێن باپیرەیان ناوی (شەرەف باینگانی)بووە. بەو ناوەوە ناونراوە. یان لەگەڵ هۆزی شەرەفبەیانیی ناوچەی بادیناندا، یەک ڕەچەڵەکیان هەیە. پێنج سەدە لە ناوچەی (هۆرێن و شێخان) ژیاون و ناوچەکەیان شوێنی نیشتەجێبوون و شوێنەواری دێرینە بە تایبەت (تەنگی بێلولە و سەرتەک). لە چەند بنەماڵە و بەرەبابێک پێکهاتوون. بنەماڵەی (کوێرەکی، ئەمیرخانی، عەزیزبەگی، گاخۆر، نادری)ن. لە سنوری ناوچەکانی خۆیاندا گەرمیان و کوێستانیان کردووە لە ناوچەی بەمۆ. لە باشوری کوردستان سی و یەک گوندیان ئاوەدانکردوەتەوە. بە پیشەکانی (جۆڵایی، هەلاجی، خومگەری، ئاسنگەری و دروستکردنی فەرش و بەڕە و جاجم و... هتد) بەناوبانگ بوون. سەرچاوەی بژێویان (کشتوکاڵ و باخداری و ئاژەڵداری و هەنگەوانی)یە. مێجەرسۆن بە لقێکی جافیان لە قەڵەمدەدات. لە باشور هاوسێی (تاوەگۆزی و باوەجانی)ن. هەندێک لەو گوندانەی، کە شەرەفبەیانی تێدا نیشتەجێن: (قەیتوول، پشتە، گمە، گڵەجاڵ، هۆرێن، شێخان، ژاڵەناو، بێلوولە، بانی بی).
سەر بە جافی مورادین. ناوچەکەیان یەکێکە لە سەخترینی ناوچەکانی هۆزی جاف. لە هەرسێ لقی سەرەکیی (خاڵە، بەگزادە، مامشەیی) پێکدێت. بە لقی خاڵە وتراوە (یەزدانبەخشی). ئەم بەرەباب و بنەماڵانە دەگرێتەوە: (نادری بارام، هەواسی، بارامی حەمەی شاوەیس، یونس بەگی، سان ئەحمەد، شێخەکان، حەمەمینی عەزیز، وەسمان، هەلانی، مچە کوڵی، خوداداد، مەحموودی هەواس، میران، چراخ، هاجک، عەبدوڵای ڕەسوڵ، مستەفای مەحموود بەگ). ناوە کۆنەکەیان ڕیشەیەکی مێژوویی کۆنی هەیە، لەبەر نیشتەجێ بوونيان لە ناوچەی شەمێران بەناوی شەمێرانییەوە ناسراون. ناوەکە لە (شەک مەیدان) یان (شەش میران) یان (شای میران)ەوە هاتووە. خۆیان زیاتر ئەم بۆچوونە پەسەنددەکەن. یەزدانبەخشیەکان پێشتر کۆچەریی بوون و دواتر وازیان لە ڕەشماڵنشینی هێناوە و نیشتەجێبوون. گوندەکانیان بریتیین لە (بەشی پیرک، توڵەبی، شەمێران، کانی کەوە، دۆڵی ناومز، وڵوەر، پشت قەڵا، دەنگەوەرە، چەمەڕەش، مامەشەوی، عارەوان، دۆڵی ناوحەد، بەشی ئەحمەد بەک، وەرمن، دڵفی سەروو، دڵفی خواروو). هەروەها لە هەڵەبجەی شەهید، شارەزوور، سیروان، دەربەندیخان. بە ڕێژەیەکی زۆر شەمێرانی نیشتەجێن. (یەزدان بەخشی)شی پێ دەڵێن.
سەر بە هۆزی گەورەی جافن. لە بەرەبابەکانی (جامبازی، ئاخەوەیسی، هۆزی حەمە)ن. زۆرینەی فەرمانە کارگێڕی و ئەرکەکانی سەرۆکی جاف بەم تیرەیە سپێرراوە. زۆرتر نیشتەجێ بوون و کەمێکیان کۆچەری بوون. کۆچەرییەکانیان لە ژێر فەرمانی سەرۆک خێڵەکەیاندا بوون. لەبەر ئەوەی کاروباری سەرۆک و ئومەرای جافیان هەڵسوڕاندووە، ناونراون (ئەمەڵە، عەمەڵە). یان لە (ئاوماڵەوە) هاتووە. بەوەی هاوماڵ و داروسێی باش بوون. بەشی زۆریان لە کفری و خانەقین و جەلەولا و کەلار و دەککەکان نیشتەجێن. لە شارەزوور لە گوندی (جانجان) و کاگردەڵی نزیک سیروان و لە هەڵەبجەش بە بڵاوی نیشتەجێبوون. دەبێت، کە (مەلا فەتاحی کاگردەڵ) خاوەنی کەشکۆڵی بە ناوبانگی ئەدەبی، لەم تیرەیە بێت.
ئەو عەشرەت و بنەماڵانەیە، کە لە مێژوویەکی دوور و درێژەوە لە عەنەبدا ژیاون. بە پێی گێڕانەوەکان لە سەردەمی فەرمانڕەوایی عومەری کوڕ خەتابەوە ئاوەدانی هەبووە و یەکەم عەشرەت بە ناوی (کەمانگەر)ەوە ئاوەدانیانکردوەتەوە و ئەم عەشرەتە لە سەردەمی سوڵتانی عوسمانی(فەخرەدین)ـەوه، تا ئێستا لە دانیشتوانەکانی گوندەکەن. لە پاڵ ئەمانیشدا تیرە و بنەماڵای تر هەن، وەک (خەلیفەساڵح، عەشرەتی ڕەمکی، بەلەبزانی، مەحود مستەفا، حاجی ئەحمەد، ساڵح ڕەشد، سۆفی عەلی، دێوانە، خەلیفە عەلی، حەمەی حاجی و ساڵح حاجی، عەبدوڵا ئیسماعیل)، کە بە هۆی ژن و ژنخوازییەوە بوونەتە خزم و یەک عەشیرەت.
سەر بە هۆزی گەورەی جافن. لە هەردوو بنەماڵەی سەرەکیی (ئەمیرخان، مرادوەیس) پێکهاتووە. لە گەرمیان نیشتەجێن. چەند ماڵێکی کەمیان نەبێت لەگەڵ شاتریدا، کۆچەرییان نەبووە. بە زۆری لە گەرمیان و لە هەردوو گوندی (عیسایی و یارەمەند) نیشتەجێن. لە سلێمانی و شارەزوور و شارۆچکەی سیروانیش، دانیشتوویان هەیە.