ئینگلیسان
بە دووریی دوو کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (بۆین) لە ناوچەی قنردۆڵ. باوباپیرانی گوندەکە دەڵێن زیاتر لە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر ئینگلیزەکان لەوێ سەربازگە و مەخفەریان هەبووە. شوێنەوارەکەی ماوە و بەهۆی ستراتیجیی شوێنەکە و گرنگیی پێگەکەی، پاشان بووەتە پێگەی سەربازیی حکومەتە یەکلەدواییەکەکانی عێراق. بەسەر گوندەکانی بۆین و گریانە و ڕوباری سیروان و خۆرهەڵاتی شاخی شنروێ و هەورامانیشدا دەڕوانێت.
باجگیرا
کەوتووەتە باکوری (سۆسەکان) و لە پشتی ڕێگەی سەرەکیی سۆسەکان لە شارەدێی تەوێڵە. تایبەت بووە بە مەئمورانی باج و باجی تێدا وەرگیراوە، بۆیە بەو ناوەوە ناسراوە، ڕێگەیەک دادەبەزێتە نێو باخەکانی چەمی خواروو، درەختێکی لێیە ئەویش هەر بەناوی قەڵاکە و شوێنی باج سەندنەوە ناونراوە (نەرۆ باجگیرای) واتە بەڕووی باجگیران.
بەرزەڵن
کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی یاڵانپێ و باکوری گوندی زەڵم و سنوری هەورامانی دیوی عێراق و هەورامانی خۆرهەڵاتی دیوی وڵاتی ئێران پێکدەهنێت. (٢١٣٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. یەکێکە لە قەڵاکانی چیای سێخڕان. بەهۆی سەختی و زۆری بەرزییەکەیەوە هەموو کەس ناتوانێت سەردانیبکات، هەربۆیە گەیشتن بەم لوتکەیە پێویستی بە شارەزایی و لێهاتوویی جەستەیی هەیە، بەڵام لە دیوی وڵاتی ئێرانەوە ڕێگای تێکەڵەڕێژکراو لە دووریی تەنها (٣٨٠م) هەیە.
پەژمانە
قەڵایەکی سروشتییە. کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (کانی گوێز). دەڕوانێت بەسەر شاخی کەسرەتە و کانی ڕەسوڵ. زەوی پەژمانە لەبەردەمیدا هەڵکەوتووە. لە پایزدا وەک هەوارگەیەکی ئەو ئاژەڵدارانە بەکارهاتووە، کە لە شاخی شنروێ گەڕاونەتەوە و لەوێ پشوویان داوە.
خان ئەحمەدخان
کەوتووەتە یەک کیلۆمەتری باکوری خۆرهەڵاتی گوندی ئەحمەدئاوا و دەڕوانێت بەسەر دەشتی شارەزووردا. لە دەربەندی شیوی زەڵم بە درێژایی (٣٠٠م) بۆ بناری شاخەکە هەڵکەوتووە. ئەگەرچی شوێنەوارێکی مێژوویی و دێرینە، بەڵام زیاتر بەناوی خان ئەحمەدخانی کوڕی هەڵۆخانی میری ئەردەڵانی بەناوبانگە، چونکە لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتیدا زۆرترین گرنگی پێداوە و ئاوەدانیکردووەتەوە. وەک ناوەندێکی سەربازی بەکاریهێناوە. بەناو سنگی چیادا پلە و قادرمەی پێچاوپێچ هەڵکۆڵراوە لە دوو شوێنی شاخەکەدا بە بەرزیی دە مەتر، پەیژە بۆ سەرکەوتن دانراوە. لە بەردەم قەڵاکەدا کۆشک و باڵەخانە هەبووە و شوێنەوار و پاشماوەکانیان بەڕوونی دیارە. لە بەشی سەرەوەیدا، سێ تاقی گەورەی داتاشراوی تێدایە، کە یەکێکیان زەحمەتە دەست بیگاتێ. ئەمەش بۆ سەردەمی ئایینی میترایی دەگەڕێتەوە، کە ئایینی ماددەکان مابووە و بۆ ڕێوڕەسمی ناشتنی مردووەکان بەکاریانهێناوە. هەروەها ساسانییەکانیش، کە لە پەیڕەوانی زەردەشت بوون، هەمان ڕێوڕەسمیان تێدا ئەنجامداوە. پاش هاتنی ئاینی ئیسلام، بووەتە شوێنی سەربازی و خۆحەشاردان. هەتا لەسەردەمی بابائەردەڵان، کە دامەزرێنەری میرنشینی ئەردەڵانییەکان بووە لە سەدەی دوازدەی زایینی، قەڵای زەڵمی ئاوەدانکردووەتەوە و کردوویەتی بە جێگەی فەرمانڕەوایی خۆی. (قەڵای زەڵم)ـیشی پێدەوترێت.
دەربەند خوگان
کەوتووەتە بانی زەڵم. شوێنەواری ئاوەدانی تێدا دۆزراوەتەوە. بە قوڕی سورەوەکراو جۆگەی ئاوی بۆ ڕاکێشراوە. بە یەکێک لە شوێنەوارە کۆنەکانی ناوچەکە دادەنرێت.