کەڵهوڕ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
بەپێی هەندێک سەرچاوە دەبرێنەوە سەر کڵاهوڕ لە پاڵەوانەکانی حوکمڕانی مازیندەران لە سەردەمی کەیکاوس. یان لە نەوەی ڕەهامن، کە بە فەرمانی بەهمەنی کەیانی، میسر و شامی گرتووە. هەندێکیان بە ئێراندا بڵاوبوونەتەوە و هەندێکیشان لە زاگرۆس نشینانن. بەری شابازی، لە دەوروبەری کرماشان و مایدەشت و مەندەلین، بەرەی مەنسوری لە گەیلانن. لە سەردەمی جیاجیای مێژووییدا لە گەلێک شوێن حوکمیانکردووە. لەوانە سنە و پاڵەنگان و دەرەتەنگ و مایدەشت و ...هتد. گەلێک میری ناوداریان هەبووە. لەوانە زوڵفەقارخان، کە توانیویەتی لە سەردەمی سولەیمان قانوونی عوسمانیدا، بەغداد بخاتە ژێردەستی خۆیەوە. داود پاشا، عەباس خان و....هتد. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لە شارەزوور ژیاون و دوای شەڕی حسێن شەهید، لەسەر ئاوی شلێر زۆربەیان گەڕاونەتەوە ئەمبەر و بەری ڕێگای خانەقین-قەسر-کرماشان). کەڵهوڕەکانی شارەزوور و گەرمیان لەم بنەماڵانە پێکدێن: حاجی حەمەعەلی خەلیفە، ڕەحیمی نوور محەممەد، محمود ڕەحیم عەزیز، حەسەنی نوور محەممەد، حاجی مەحموودی کەلاری، حاجی گوڵ محەممەد، حاجی قادری کۆسە، مرادخانی کەیانی، حەمە فەرەج کاکە خان کەڵهوڕ، حاجی مەلا حامد عەزیز، ڕۆسەم مستەفا). ڕیشسپی خۆیانیان هەیە. لە گوندەکانی: لامەرکەزی، تەپەگوڵاوی، خاکوخۆڵ، گردی شەریف، حەسەنئاوا، شەکرالی، هەڵەبجەی شەهید، دەوروبەری بەکرەجۆ، کەلار، دەربەندیخان، هەڵەبجەی تازە، سەیدسادق و گەلێک شار و شارۆچکەی تر نیشتەجێن. لە ئێرانیش لە ٥٣ گونددا نیشتەجێن. لە ڕووی فۆلکلۆرەوە خاوەنی مۆسیقای سوننەتی و ئاوازی جوان جوانن. هۆرەکەیان بە هۆرەی کەلهوڕی ناسراوە. بەشداری شۆڕشی شێخ مەحموود و شۆڕشەکانی تری کوردیان کردووە. بە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ و بازگانی و دوکاندارییەوە خەریکبوون.
سەرچاوەکان:
- هەگبەو هەوراگە، ئەیوب ڕۆستەم، چاپی یەکەم، ئۆفێسی قانع، ٣٠٠٣، ل١٦٢-١٦٧
- هەڵەبجە لە ئامێزی مێژوودا، حەکیمی مەلا ساڵح، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی منارە، هەولێر، ٣٠٠٤، ل١٤٦
- تەئریخی جاف، دانەر: کەریم بەگی فەتاح بەگی جاف، لێکۆڵینەوەی: د. حەسەن جاف، چاپی یەکەم، بغداد، ١٩٩٥، ل١٤٨
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم