کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

886 بابەت

عومەر بەگ

فەرمانڕەواى گوڵعەنبەر (خورماڵ)ـە. بەپێى نامەيەکى مەولانا خالیدى نەقشبەندى، کە مێژووەکەى بۆ ساڵانى ١٨١١ بۆ ١٨٢٠ دەگەڕێتەوە، فەرمانڕەواى گوڵعەنبەر (خورماڵ)بووه،‌ کە لەو کاتانەدا گوڵعەنبەر شارێکى بچووک بووە و بەشێک بووە لە قەڵەمڕەویى ميرنشينى بابان. زۆرتر لەبارەیەوە نەزانراوە.

زیاتر بزانە
فەرمانڕەوا

عومەر توت ئاغاجی

ناوی (عومەر مەحموود محەممەد)ە. ساڵی ١٩٧٢ لە گوندی (توت ئاغاج)ی سەر بە قەزای (سەیدسادق) لەدایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی لە (ڕووپێوکاری) لە پەیمانگای تەقەنی موسڵ و دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بوارەکانی ئاداب عەرەبی لە زانکۆی ئیسلامی لە بەغداد و یاسای زانکۆی ئەلعێراقییە لە بەغدا بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٠٢ وەک (ڕووپێوکار) لە فەرمانگەی تاپۆی سەیدسادق دامەزراوە. ساڵی ٢٠١٢ بووە بە بەڕێوەبەری فەرمانگەی تاپۆی سەیدسادق. ساڵی ٢٠١٥ وەک بەڕێوەبەر گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی تاپۆی هەڵەبجە و تائێستا بەردەوامە. سەرەڕای کارەکەی خۆی لە ١٣ی ٢ی ٢٠٢٢ەوە وەک جێگری سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە‌ دەستبەکارە.

زیاتر بزانە
جێگری سەرۆکی شارەوانی

فەرەیدون مەحموود ڕەسول

ساڵی ١٩٧٥ لە شاری پێنجوێن لەدایکبووە و هەر لەوێ قۆناغەکانی خوێندنی تەواوکردووە. بەکالۆریۆسی لە یاسا و لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. لەچەند فەرمانگە و ناوچەیەکی کوردستان خزمەتیکردووە. چەند پۆستێکی بینیوە، لەوانە (محقق عدل) لە دادگای بەرایی پێنجوێن، لێپرسراوی بەشی یاسا لە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی، لەماوەی جیاجیادا لە گەرمک، زەلان، سیتەک، خورماڵ بەڕێوەبەری ناحیە بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. لەئێستادا بەرێوەبەری ناحیەی خورماڵە و لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەری ناحیە

فەرمانڕەوایانی شامیان و دزڵی

فەرمانڕەوای حکومەتەکەی (خان)ـە، کە لە سەدەمی حوکمی (بارام بەگییەکان) دەسەڵاتداربوون. لە مەحموود خانی دزڵی و پاشان بەگ و بۆ خوارتر دەسەڵاتیان بۆ خوارەوە‌ شۆڕبووەتەوە. دەسەڵاتیان بەسەر ئەم دێهاتانەی دیوی عێراق (ئـێڵانپێ، هانەی قوڵ، زەڵم و ئەحمەدئاوا) و چەند گوندێکی هەورامانی دیوی ئێران هەبووە. پایتەختەکەی (دزڵی) بووە.

فەوزی جەمیل سائیب

له ساڵانی پەنجاکاندا مامۆستای کۆلێجی سەربازی بوو، پاشان چووەتە بواری مەدەنی و بۆ ماوەیەک قايمقامی ناوەندی سلێمانی بوو. دواتر گواسترايەوه بۆ قائیمقامی ڕەواندوز و له دوای شۆڕشی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ ماوەیەکی کەم قایمقای هەڵەبجە بووە. پاشان کراوە به معاون موتەسەڕیفی بەغداد. له ناوەندی شەستەکاندا کراوە به موتەسەڕیفی ناسريه. پاش خانەنشينبوونی له بەغداد نیشتەجێ بووە. له کۆتايی حەفتاکاندا بەیەکجاری چووەتە بەريتانيا و له لەندەن گیرساوەتەوە و هەر لەو شارەیش کۆچیدواییکردووە.

فەیسەڵ شیرەمەڕی

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە. ناوی (فەیسەڵ ئیبراهیم عەزیز)ە. ساڵی ١٩٧٠ لە گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر به ‌شارۆچکەی خورماڵ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی شیرەمەر و ناوەندیی له ‌سیروان و ئامادەی لە هەڵەبجه و شارەزوور و پەیمانگەی تەکنیکی لە سلێمانی تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی له ‌سیاسەتی گشتی لە زانکۆی گرینچ لە لەندەن بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. ‌ساڵی ١٩٩٧ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا ناوەندی ڕووناکبیریی خورماڵیان دامەرزاندووه و کراوە به ‌سەرۆکی ناوەندەکه. ڕۆڵی هەبووە لەوەی ‌ڕێکخراوی NPA نەرویجی پڕۆژەی کارۆئاوی کارەبای گوندی زەڵم جێبەجێبکات. بەکاری حیزبی ساڵی ٢٠٠٢ چووەتە دەرەوە و لە هەڵبژراردنی ساڵی ٢٠١٤ بە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەڵبژێرراوە و تا ساڵی ٢٠١٨ بەردەوامبووە.

زیاتر بزانە
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا

قادربەگی جافرسان

دەسەڵاتدار، وەرگێڕ، شاعیر و حاکمی (تەوێڵە) بووە. ناوی (قادر بەگی کوڕی جافرسانی محەممەد سەعید خانی لهۆن)ـە. ساڵی ١٨٨٨ یان ١٨٩٣ لە (نۆدشە) لە هەورامانی دیوی ئێران لەدایکبووە. کوڕی چوارەمى خێزانی دووەمى جافرسانە. برای کەریم سانی غەفاربەگی شانی هەورامان و عیزەت بەگی، کۆتا سانی هەورامانی لهۆنە. لای زانایانی ناوچەکە دەستی بە خوێندن کردووە، لەبەرئەوەی عەرەبی بەباشی زانیووە، هەوڵیداوە قورئان بۆ سەر شێوەی هەورامی وەربگێڕێت. سێ جار ژیانی هاوسەر پێکهێناوە‌. دوای کێشمەکێش و لەشکرکێشیی عوسمانیيەکان و بەرگریی جافرسان لە (نەوسود) و لاوازیی دەسەڵاتی عوسمانییەکان و بۆشایی ئیداری و پشوێوی و کوشتنی نۆ کەس لە پیاوەکانی عەبدوڵا ئاغا، لە پاییزی ١٩١٥دا، شێخ حسامەدین و پیاوماقوڵانی تەوێڵە نوێنەر دەنێرنە لای جافرسان لە نەوسوود ئەویش قادربەگ دەنێرێتە تەوێڵە. لە کارەکانی قادربەگ: هێمنی و ئاساییش، کردنەوەی قوتابخانە، گەورەکردن و نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورەی تەوێڵە، دابەشکردنی ئاوی چەمی ئاوێسەر و زاوەر بە نەخشە و سەنەدی دەفتەری تۆمارکراو، دروستکردنی بینا و کۆڵان و کۆشک و تەلار و حەمام و دانانى چەند یاسایەکی کۆمەڵایەتی و... هد. لەبەر چەند ناکۆکییەک ساڵی ١٩٣٧ دەگیرێت و فەرمانی سێدارەی بۆ دەردەچێت، پاشان بڕیارەکە بۆ هەتاهەتایی و دواتریش بۆ بیست ساڵ زیندانی دەگۆڕێت. ساڵی ١٩٤٧ ئازاد بووە و گەڕاوەتەوە تەوێڵە و پاشان دەچێتەوە بۆ نەوسود و ساڵی ١٩٧٨ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
فەرمانڕەوا

قاسم سانی هەورامی

فەرمانڕەوای هەورامانە. کوڕی بارام سانی کوڕی عەباس قولی سانی هەورامییە. ساڵی ١٦٩٢ کۆچی لە لایەن شا ئیسماعیلی سەفەوییەوە بە فەرمانڕەوای هەورامان دانراوە. کچی والی کوردستان و پاش ئەویش کچی عەلی قولی خانی کێشکچی شای خواستووە. لە ئەنجامی ناڕازیی براکانیدا، عوسمانییەکان کەڵکیان لەو ناکۆکییە وەرگرتووە. بۆیە سڵێمان پاشای بابان هاندەدرێت لەشکرکێشی بکاتە سەر مەریوان و سەقز و هەورامان و داگیردەکات. پاشان شا سلێمانی سەفەوی هێرشدەکاتەوە سەر هەورامان و لەشکری بابان دوور دەخاتەوە. هەراو ناکۆکییەکانی سەردەمی ئەم سانە پڕ کوشتوبڕ دەبن. خۆیشی دوای شەش ساڵ لە سانییەتی ساڵی١٦٩٨ کۆچی لە شەڕێکدا لە مەریوان دەکوژرێت و بۆ چەندڕۆژیک سەری لەسەر تەپۆڵکەیەک هەڵدەواسن. قازیی عەبدوڵا شەیدا بە درێژی لە شەڕ و ناکۆکیەکان دواوە.

زیاتر بزانە
فەرمانڕەوا

کەریم بەگ

یەکەم بەڕێوەبەری شارۆچکەی خورماڵە. ناوی (عەبدولکەریم محەممەد فوئاد بەگی قادر پاشا)یە. ساڵی ١٩٠٠ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. بنەماڵەکەیان بە (قەناس) ناسراون، کە دەستەڵاتداری سەردەمی بابانەکان و عوسمانی بوون و ئەندامانیان لە سەدەی نۆزدەدا پۆستی گرنگیان لە دەوڵەتی عوسمانی بەدەستهێناوە. ساڵی ١٩٢٦ وەک یەکەم بەڕێوبەری ناحیەی خورماڵ دامەزراوە و تا چەند ساڵێک لە پۆستەکەی ماوەتەوە. باوکی هەریەک لە نوسەرانی گەورە (د. کەمال فوئاد، د. جەمال فوئاد و د. ئیحسان فوئاد)ە. ساڵی ١٩٦٩ لە شاری سلێمانی کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەری ناحیە

کوێستان ئەکرەم فەرەج

سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە‌یە. ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی (عەبابەیلێ)ی نزیک هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتايى و ناوەنديى و ئامادەيى لە هەڵەبجە خوێندووە‌. پەيمانگاى تەکنەلۆجى لە کەرکوک تەواوکردووە. دواتر بەکالۆريۆسى لە کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەتى زانکۆى هەڵەبجەى بەدەستهێناوە‌. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى دوو منداڵە. ساڵى ١٩٩٣ بووە بە لێپرسراوى لقى هەڵەبجەى يەکێتى ژنانى کوردستان و هەمان ساڵ بووە بە فەرمانبەر لە شارەوانیى هەڵەبجە. لەو فەرمانگەیەدا پلە کارگێڕییەکانی بڕیوە و ساڵی‌ ٢٠١٦ بووە بە سەرۆکى شارەوانیى هەڵەبجە و تا ٢٠٢٢ بەردەوامبووە. لەسەر داواى خۆى دەستی لە کار کێشاوەتەوە. بە نوێنەرایەتیی هەڵەبجە ئەندامی ڕێکخراوی لاهایە بۆ جينۆسايد. بەشداری چەندان کۆبوونەوە و کۆنفرانسى لەناوە و دەرەوەى وڵات کردووە و زیاتر لە ١٥٠ خەڵات و ڕێزلێنانى وەرگرتووە.

زیاتر بزانە
سەرۆکی شارەوانی

گۆران ئەدهەم ڕەحیم

ساڵی ١٩٧٢ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. تا چواری ئامادەیی لە هەڵەبجە دەخوینێت، لە کیمییابارانی هەڵەبجەدا ئاوارەی ئێران دەبن. بە لێبوردن دەگەڕێنەوە و دەبرێنە گردەچاڵ، چوار و پێنج لەوێ تەواودەکات و شەشی وێژەیی لە سلێمانی دەبڕێت و ساڵی ١٩٩٥-١٩٩٦ کۆلێژی یاسای لە زانکۆی سەڵاحەدین تەواوکردووە. لە دادگاکان کاری پارێزەرایەتی کردووە. پاش ڕوخانی ڕژێمی لە ناوچووی بەعس، هەستاوە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە لە سەر تاوانی سەرانی ڕژێمەکە. پاش دامەزراندنی لە دادگای باڵای تاوانەکان، ساڵی ٢٠٠٦-٢٠١٠ وەک سەرۆکی تیمی پارێزەران لە کەیسەکانی هەڵەبجەو کانیعاشقان کاری کردووە و لە کەیسەکانی ئەنفال و پاکتاوی ڕەگەزی و کوردە فەیلییەکان وەک ئەندام کاریکردوە. بەشداری دادگایی زیاتر لە ٢٥ وەزیر و کاربەدەستی پێشوو بووە، لە ناویاندا سەدام و عەلی کیمیایی. ٢٠١٠-٢٠١٤ کراوەتە قایمقامی هەڵەبجە. لە سەر داوای خۆی خانەنشین کراوە و گەڕاوەتەوە بۆکاری پارێزەرایەتی. لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەژی.

لەتیف عەبدوڵا مستەفا

سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی (سیروان)ـە. ساڵی ١٩٦٥ لە گوندی جانجان لە شارۆچکەی (سیروان) لەدایکبووە. دایکی ناوی (ئامینەی حەمەئەمینی حامید عەزیز)ە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و دواتر ئامادەیی لە ساڵی ١٩٨٢-١٩٨٣ تەواوکردووە. وەک کاندیدی هاوبەشی یەکگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی یەکبوون لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠٠٠ دەستنیشانکراوە و دەرچووە. ساڵی ٢٠٠٠ وەک یەکەمین سەرۆکی هەڵبژێراوی شارەوانیی سیروان دەستبەکاربووە. لە ماوەی ٢٣ ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا لە پۆستی سەرۆکی شارەوانیدا ماوەتەوە، جگە لە چەند جارێک و بۆماوەیەکی دیاریکراو نەبێت.

زیاتر بزانە
سەرۆکی شارەوانی

مامۆستا ئەحمەد خورماڵی

سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی خورماڵە. ناوی (ئەحمەد محەممەد حسێن)ـه و بە (مامۆستا ئەحمەد خورماڵی) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٧ لە شارۆچکەی خورماڵ لەدایکبووە. قۆناغی خوێندنی سەرەتایی له ‌خورماڵ و ناوەندی لە سیروان و ئامادەیی لە هەڵەبجە و کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووه. بووە بە مامۆستا. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. ‌ساڵی ٢٠٠٠ لەیەکەم هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا هەڵبژێرراوە و بووە بە سەرۆکی شارەوانیی خورماڵ و تا ٢٠٠٣ بەردەوامبووە. دواتر گواستراوەتەوە بۆ شارەوانی شارەزوور وەک فەرمانبەر دەستبەکاربووە.

زیاتر بزانە
سەرۆکی شارەوانی

مەحموود پاشای جاف

دوای محەممەد پاشای جاف، مەحموود پاشای جاف ١٨٤٦ بۆ ١٩٢١ـە. ساڵی ١٨٨١ بووە بە‌ قایمقامی هەڵەبجە و سەرۆکی هۆزی جاف. دەوڵەتی عوسمانی پلەی (بەگلەربەگی) لەگەڵ پلەی (پاشا)یەتی پێ‌بەخشیوە و وەک سەرۆکی عەشیرەتی جاف، دانی بەمەحموود پاشادا ناوە. شای ئێرانیش شێرێکی جەواهیرنیشانی خەڵات کردووە و نیشانە و مەدالیایەکی زۆری پێ‌ بەخشیوە و پلەی (خان)ی داوەتێ. (زێوەر)یش، دەڵێت: (ئەم زاتە دوو دەفعە لەتەرەفی سوڵتان عەبدولحەمیدەوە تەکلیفی وەزیری لێکرا قبووڵی نەکردووە، مانگی پەنجا لیرەی لەتەرەف حکوومەتەوە هەبوو. ئەو مەعاشەی بۆ تەحسین کرابوو کەئیتاعە بەحکوومەت بکات). لە جێگایەکی تردا دەڵێت: (لە کاتێکدا کە مەحموود پاشا قایمقامی هەڵەبجە دەبێت و دەسەڵاتێکی زۆری لە کوردستاندا دەبێت، پەیوەندی لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتەکانی ئێران و عێراقدا پەیدا دەکات. لە قزراباتەوە هەتا مەریوان، ئەو دێیانەی قەڵەمڕەوی جاف بوو، مەعاشی بۆ مەلا، وەقف بۆ مزگەوتەکانیان لەتەرەف پاشاوە مەعلوم کرابوو. لە نەفسی سولەیمانیدا هەموو مەلا و مودەڕڕیس و زۆر لە ساحێب خانەدانی لێقەوما و مووچە و بەراتیان هەبوو لای پاشا. مەدرەسەیەکی له ‌قزرابات کردەوە وەک مەدرەسەی "نیزامیەی نیزاموالمولک" دەبوو، هەموو مانگێ‌ چل لیرە زیاتر بۆ مەعاشی مودەڕڕیس و تەلەبەو موئەززین و خادیم لەوەقفێک، که ‌بۆی دایناوە، سەرف دەکرێت). (مێجەرسون) باس لەوە دەکات، که:‌ (ژمارەی سوارەکانی مەحموود پاشا و مەجید بەگی کوڕی عوسمان پاشای برای و محەممەد عەلی بەگی برای لە ٤٠٠٠ هەزار سوارە زیاتر بوون، ئەمانە هەموویان بە تفەنگی مارتینی چەکدار کرا بوون، لەچەند کاتژمێرێکدا دەیانتوانی لەژێر دەسەڵاتی سەرۆکەکانیاندا بۆ جەنگ ئامادەبن). جگە لەوەی پێشتر پلەی سەرعەسکەری و پلەی بەڕێوەبەری ئیستەبڵی عامیره و پلەی قاپوچی باشی هەبووە‌، لە بەرانبەر ئەو خزمەتانەی، کە کردوویەتی بە دەوڵەت، پلەی میری میران (٩ تشرینی دووەم ١٨٨٣)، کە بەرانبەرە بە پلەی پاشایەتی پێیدراوە. چەند جارێک سەری لە مەڵبەندە گەورەکانی ئەو سەردەمە داوە، وەک ئەستەنبوڵ، ڕوسیا، بەغداد و گەلێ شوێنی شارستانی تر. مەحموود پاشا ساڵی ١٨٨٦ پلانی هەبووە حکومەتێکی کوردی دروستبکات، بەڵام کارەکەی سەرینەگرتووە. دەوڵەتی عوسمانی هەوڵی ئەوەی داوە لە دەسەڵاتی کەم بکەنەوە و لەناو هۆزەکەیدا لاوازی بکەن. بۆ ئەو مەبەستەش ناکۆکیی زۆریان خستووەتە نێوان خۆی و براکانییەوه،‌ بە تایبەتی عوسمان پاشا و هەوڵیانداوە بۆ ئەوەی بەهۆی عوسمان پاشاوە سەرۆک جافەکانی لێ دووربخەنەوه و بڕیاری لێوەرگرتنەوەی پۆستی قایمقامی گوڵعەنبەر و سەرۆکایەتیی عەشیرەتەکەی و دەستگرتن بەسەر تەواوی موڵک و سامانەکەیان داوە، هەروەک بۆ دوورخستنەوەی لە ناوچەکە بڕیاریانداوە بیکەن بە موتەسەڕیفی ئورفە لە باکوری کوردستان، ساڵی ١٩٢١ پاشا لە شاری هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە و لە قزرابات لەو مزگەوتەی، کە خۆی دروستیکردبوو بەخاکسپێرراوە.

مەزهەر پاشا

قایمقامی قەزای گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. پاش ئەوەی محەممەد پاشای جاف لە ساڵی ١٨٧٣ نێوانی لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی تێکچووە و لەگەڵ عەشیرەتەکەیدا ڕوویان لە ئێران (قاجار) کردووە، محەممەد بەگی قادر پاشا و محەممەد ساڵح بەگ یەک لەدوای یەک بۆ ماوەیەک شوێنیان گرتووەتەوە. دوای محەممەد ساڵح بەگ، مەزهەر پاشا بووە بە قایمقامی قەزاکە و بەپێی بەڵگەنامەیەکی عوسمانی ماوەی نزیکەی دوو بۆ سێ ساڵ قایمقامی قەزاکە بووە، لەو ماوەیەدا قایمقامیەتی قەزای گوڵعەنبەری توندوتۆڵ کردووەتەوە و خەڵکی ناوچەکەشی لە دەستدرێژی عەشیرەتی جاف ‌پاراستووە و بایەخیشی بە ئاسایشی سنور داوە و بە بونیادنانی بینای وەک حەمام و خان و دوکان، خزمەتی قەزاکەی کردووە. دوای ئاشتبوونەوە و گەڕانەوەی محەممەد پاشای جاف و عەشیرەتەکەی بۆ ناو سنوری دەوڵەتی عوسمانی، قایمقامێتیی قەزای گوڵعەنبەری پێ دراوەتەوە(ساڵی ١٨٧٣ تا ١٨٨٢) بەردەوامبووە و مەزهەر پاشاش کراوەتە بە موتەسەڕیفی سلێمانی و پاشان قایمقامی ناوەندی بەغداد.

محەممەد بەگى قادر پاشا

قايمقامی قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجه)‌یە، کە هەڵەبجە لە ساڵى ١٨٦٩دا کراوە بە‌ ناوەندى قەزاى گوڵعەنبەر، محەممەد پاشا يەکەم قايمقامى قەزاکە بووه،‌ تا ساڵى ١٨٧٣، کە نێوانى لەگەڵ عوسمانییەکاندا تێکچووە و ڕوویکردووەتە ئێران. لەپاش ئەو، دەوڵەتى عوسمانى محەممەد بەگى قادر بەگ (پاشا)ى سلێمان بەگی ئامۆزاى محەممەد پاشاى لەشوێنی داناوە. و ئەویش نزيکەى دوو ساڵ قايمقامى هەڵەبجه بووە، دواتریش محەممەد ساڵح بەگ شوێنی گرتووەتەوە.

محەممەد پێنجوێنی

ناوی (محەممەد ڕەحیم فەتحوڵڵا)یە. ساڵی ١٩٤٦ لە پێنجوێن لەدایکبوووە. ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندی بە شۆڕشی کوردەوە کردووه. ساڵی ١٩٧٦ دوورخراوەتەوه بۆ باشورى عێراق و تا ڕاپەڕینی ١٩٩١ لە ڕێکخستنەکانى ناو شار کارىکردووه. چەندین پۆستى کارگێڕى و حیزبی بينيوه. لە ٣ی٤ی ١٩٩٦ تا کۆتایی ساڵەکە قایمقامی هەڵەبجە بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. ساڵی ٢٠٢٠ کۆچیدواییکردووە.

محەمەد تۆفیق کەریم

ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی بامۆک لەدایکبووە. سەرەتایی لە بامۆک و دواناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە و بەشی (هندسە البناء والانشاءات)ی لە موسڵ تەواوکردووە. ١٩٨٨ ئاوارەی ئێران بووە و ١٩٨٩ گەڕاوەتەوە، لە ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی دامەزراوە. لەگەڵ ڕێکخراو و کۆمپانیا و بەڵێندەران کاریکردووە و دەستی لە ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە، خورماڵ، سیروان، هەوراماندا هەبووە. ٢٠٠٣ بووەتە سەرۆکی شارەوانیی خورماڵ و ٢٠٠٧ دەستی لە کارکێشاوەتەوە. هاوسەرگیری کردووەو خاوەنی سێ منداڵە. دواجار بەڕێوەبەری بەشی هونەری شارەوانیی هەڵەبجە بووە. ساڵی ٢٠٢٢ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
سەرۆکی شارەوانی

محەممەد ساڵح بەگ

قايمقامی قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. دواى محەممەد بەگى قادر پاشا ئەم پۆستەى وەرگرتووە. بەپێى ساڵنامەى ويلايەتى بەغداد، ساڵى ١٢٩٢ی کۆچی، بەرانبەر بە ١٨٧٥ بۆ ١٨٧٦ زاینی، قايمقامى شارەکە بووە، بەڵام دواى گەڕانەوەى محەممەد پاشاى جاف و عەشيرەتەکەى لە ئێرانەوە بۆ ناو سنوری قەڵەمڕەوى دەوڵەتى عوسمانى ساڵی ١٨٧٧، لابراوە و جارێکى تر محەممەد پاشاى جاف کراوەتەوە بە قايمقامى شارەکە.

محەممەد سان ئەحمەد

یەکەم سەرۆکی شارەوانیی (تەوێڵە)یە. بە (ڕەیس) ناسراوە. ساڵی ١٩١٤ لە (تەوێڵە) لەدایکبووە. لە بنەماڵەی ئاغەلەرانە و باوکی لە ناودارانی تەوێڵەبووە. تا پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندووە. سەرەتا لەگەڵ حیزبی هیوا بووە. لە سەردەمی پاشایەتیدا لەگەڵ حامدبەگ بووە و سەر بە کوتلەی نوری سەعید بوون. لە ساڵی ١٩٤١ەوە تا ١٩٥٨ سەرۆکی شارەوانیی تەوێڵە بووە و لە دوای شۆڕشی ١٩٥٨ لادراوە. لە ساڵی ١٩٦٤ەوە تا ١٩٧٥ کراوەتەوە بە سەرۆکی شارەوانی و دوای نسکۆ گواستراوەتەوە بۆ دهۆک. ساڵی ١٩٧٦ خۆی خانەنشین کردووە و گەڕاوەتەوە بۆ تەوێڵە. پڕۆژەکانی ئاو و کارەبا، ڕێگاوبان و نەخۆشخانە لە سەردەمیدا جێبەجێکراون. سێ جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی ٢١ منداڵە. ساڵی ٢٠١٣ لە شاری سلێمانی کۆچیدواییکردووە و تەرمەکە براوەتەوە بۆ تەوێڵە و لە گۆڕستانی باباسەرهەنگ بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
سەرۆکی شارەوانی
پێشتر 1
...
7 8 9
...
45 دواتر