گۆران ئەدهەم ڕەحیم

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


لاپەڕەی 114

قایمقام

ساڵی ١٩٧٢ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. تا چواری ئامادەیی لە هەڵەبجە دەخوینێت، لە کیمییابارانی هەڵەبجەدا ئاوارەی ئێران دەبن. بە لێبوردن دەگەڕێنەوە و دەبرێنە گردەچاڵ، چوار و پێنج لەوێ تەواودەکات و شەشی وێژەیی لە سلێمانی دەبڕێت و ساڵی ١٩٩٥-١٩٩٦ کۆلێژی یاسای لە زانکۆی سەڵاحەدین تەواوکردووە. لە دادگاکان کاری پارێزەرایەتی کردووە. پاش ڕوخانی ڕژێمی لە ناوچووی بەعس، هەستاوە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە لە سەر تاوانی سەرانی ڕژێمەکە. پاش دامەزراندنی لە دادگای باڵای تاوانەکان، ساڵی ٢٠٠٦-٢٠١٠ وەک سەرۆکی تیمی پارێزەران لە کەیسەکانی هەڵەبجەو کانیعاشقان کاری کردووە و لە کەیسەکانی ئەنفال و پاکتاوی ڕەگەزی و کوردە فەیلییەکان وەک ئەندام کاریکردوە. بەشداری دادگایی زیاتر لە ٢٥ وەزیر و کاربەدەستی پێشوو بووە، لە ناویاندا سەدام و عەلی کیمیایی. ٢٠١٠-٢٠١٤ کراوەتە قایمقامی هەڵەبجە. لە سەر داوای خۆی خانەنشین کراوە و گەڕاوەتەوە بۆکاری پارێزەرایەتی. لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەژی.

سەرچاوەکان:

  1. نامەیەکی خێزانی ناوبراو، لەرێگەی د. هاوار نەجمەدین. ٦ی ٤ی ٢٠٢٥.

ئامادەکردنی: د.عادل سدیق عەلی

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ئەحمەد محەممەد نوری

قایمقام، سياسى، کارگێڕیی و کەسایەتیی کۆمەڵايەتیيە، ناوی (ئەحمەد محەممەد نوری مەحموود)ە و بە (ئەحمەدى مامەنوری قارەمانى) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە گوندی (قارەمانی) سەر بە شارۆچکەی (سیروان) لەدایکبووە. تا ئاستى ناوەندی خوێندووە و لەبەر پێشمەرگايەتى وازى لە خوێندن هێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى شەش منداڵه. ساڵی ١٩٩٩ قایمقامی قەزای (شارەزوور) بووە. ‌لە ئێستادا ئەندامی مەکتەبی سیاسی (پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان)ـە.

ئەرکان حەسەن

یەکەم قایمقامی قەزای مەرکەزی پارێزگای ھەڵەبجەیە، کە پاش ڕاپەڕین دەستبەکاربووە. ناوی (ئەرکان حەسەن غەفور محەممەد)ە. ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (سەراو) لەدایکبووە. قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی لە ھەڵەبجە و بەشی فیزیای‌ لە کۆلێژی پەروەردە لە هەولێر تەواوکردووە‌. چەند ساڵێک مامۆستایەتی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. ماوەیەک بەڕێوەبەری پەروەردەی ھەڵەبجە و ماوەیەکیش قایمقامی (سەیدسادق)بووە. ژیانی وەرزشی لە قوتابخانەی گوندەی سەرەتایی لە ناوچەی نەوڕۆڵییەوە دەستیپێکردووە و لەم تیپە وەرزشییانەی تۆپیپێدا یاریکردووە: تیپی وەرزشی نەورۆڵی، تیپی وەرزشی باڵامبۆ، تیپی وەرزشی بۆکان، تیپی وەرزشی ئاوارەکان لە ئۆردوگای هەرسین لە ئێران، هەروەها لە تیپی وەرزشی مامۆستایان لە خوێندنگای ناوەندی گۆران یاری تۆپی بالەی ئەنجامداوە.

ئەکرەم حەمەعەلی عەبدوڵا

لە کابینەی یەکەمی حکومەتی هەریمی کوردستاندا، یەکەم قایمقامی هەڵەبجە بووە. ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (وەڵەسمت) لە بناری سورێن لەدایکبووە. لە نفوس ١٩٦٩ی بۆ تۆمارکراوە. خوێندنی سەرەتایی لە وەڵەسەمت و ناوەندی لە کۆمەڵگای شانەدەری تەواوکردووە. ساڵی ١٩٨٣ بووە بە پێشمەرگە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. ساڵی ١٩٩٢ بووە بە قایمقامی هەڵەبجە. ساڵی ١٩٩٤ شەهید بووە.

ئەمين بەگ

قايمقامى قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. دواى سوڵتان (٢٩ی ١٠ی ١٩١٦ بۆ کانوونى دووەمی ١٩١٨) وەک قايمقامى قەزاکه بووە. زانیاریی زیاتر لەسەری نەزانراوە.

ئيبراهيم ئەدهەم

قايمقامی قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. دواى محەممەد عەلى بەگ بووە بە قايمقامى قەزاکه. پێشتر قايمقامى قەزاى کۆيە بووە و لە ١٧ی ٦ی ١٩١٤ فەرمانى گواستنەوەى بۆ قەزاى گوڵعەنبەر بۆ دەرچووە، بەڵام زۆر لەو پۆستەدا نەماوەتەوە و ١٩١٤ ئەمين بەگ ناوێک جێگەی گرتووەتەوە.

ئيبراهيم بەگ

قايمقام قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. دواى ئيبراهيم ئەدهەم وەک قايمقامى قەزاکه بووە. پێشتر قايمقامى قەزاى (واردۆ) بووە لە باکورى کوردستان. لە ڕۆژى ٢٢ی ٦ی ١٩١٦ەوە بۆ چەند مانگێک قایمقامی قەزاکە بووە و لە ٢٩ی ١٠ی ١٩١٦ سوڵتان بەگ لەشوێنی دانراوە.