مەحموود پاشای جاف
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
دوای محەممەد پاشای جاف، مەحموود پاشای جاف ١٨٤٦ بۆ ١٩٢١ـە. ساڵی ١٨٨١ بووە بە قایمقامی هەڵەبجە و سەرۆکی هۆزی جاف. دەوڵەتی عوسمانی پلەی (بەگلەربەگی) لەگەڵ پلەی (پاشا)یەتی پێبەخشیوە و وەک سەرۆکی عەشیرەتی جاف، دانی بەمەحموود پاشادا ناوە. شای ئێرانیش شێرێکی جەواهیرنیشانی خەڵات کردووە و نیشانە و مەدالیایەکی زۆری پێ بەخشیوە و پلەی (خان)ی داوەتێ. (زێوەر)یش، دەڵێت: (ئەم زاتە دوو دەفعە لەتەرەفی سوڵتان عەبدولحەمیدەوە تەکلیفی وەزیری لێکرا قبووڵی نەکردووە، مانگی پەنجا لیرەی لەتەرەف حکوومەتەوە هەبوو. ئەو مەعاشەی بۆ تەحسین کرابوو کەئیتاعە بەحکوومەت بکات). لە جێگایەکی تردا دەڵێت: (لە کاتێکدا کە مەحموود پاشا قایمقامی هەڵەبجە دەبێت و دەسەڵاتێکی زۆری لە کوردستاندا دەبێت، پەیوەندی لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتەکانی ئێران و عێراقدا پەیدا دەکات. لە قزراباتەوە هەتا مەریوان، ئەو دێیانەی قەڵەمڕەوی جاف بوو، مەعاشی بۆ مەلا، وەقف بۆ مزگەوتەکانیان لەتەرەف پاشاوە مەعلوم کرابوو. لە نەفسی سولەیمانیدا هەموو مەلا و مودەڕڕیس و زۆر لە ساحێب خانەدانی لێقەوما و مووچە و بەراتیان هەبوو لای پاشا. مەدرەسەیەکی له قزرابات کردەوە وەک مەدرەسەی "نیزامیەی نیزاموالمولک" دەبوو، هەموو مانگێ چل لیرە زیاتر بۆ مەعاشی مودەڕڕیس و تەلەبەو موئەززین و خادیم لەوەقفێک، که بۆی دایناوە، سەرف دەکرێت). (مێجەرسون) باس لەوە دەکات، که: (ژمارەی سوارەکانی مەحموود پاشا و مەجید بەگی کوڕی عوسمان پاشای برای و محەممەد عەلی بەگی برای لە ٤٠٠٠ هەزار سوارە زیاتر بوون، ئەمانە هەموویان بە تفەنگی مارتینی چەکدار کرا بوون، لەچەند کاتژمێرێکدا دەیانتوانی لەژێر دەسەڵاتی سەرۆکەکانیاندا بۆ جەنگ ئامادەبن). جگە لەوەی پێشتر پلەی سەرعەسکەری و پلەی بەڕێوەبەری ئیستەبڵی عامیره و پلەی قاپوچی باشی هەبووە، لە بەرانبەر ئەو خزمەتانەی، کە کردوویەتی بە دەوڵەت، پلەی میری میران (٩ تشرینی دووەم ١٨٨٣)، کە بەرانبەرە بە پلەی پاشایەتی پێیدراوە. چەند جارێک سەری لە مەڵبەندە گەورەکانی ئەو سەردەمە داوە، وەک ئەستەنبوڵ، ڕوسیا، بەغداد و گەلێ شوێنی شارستانی تر. مەحموود پاشا ساڵی ١٨٨٦ پلانی هەبووە حکومەتێکی کوردی دروستبکات، بەڵام کارەکەی سەرینەگرتووە. دەوڵەتی عوسمانی هەوڵی ئەوەی داوە لە دەسەڵاتی کەم بکەنەوە و لەناو هۆزەکەیدا لاوازی بکەن. بۆ ئەو مەبەستەش ناکۆکیی زۆریان خستووەتە نێوان خۆی و براکانییەوه، بە تایبەتی عوسمان پاشا و هەوڵیانداوە بۆ ئەوەی بەهۆی عوسمان پاشاوە سەرۆک جافەکانی لێ دووربخەنەوه و بڕیاری لێوەرگرتنەوەی پۆستی قایمقامی گوڵعەنبەر و سەرۆکایەتیی عەشیرەتەکەی و دەستگرتن بەسەر تەواوی موڵک و سامانەکەیان داوە، هەروەک بۆ دوورخستنەوەی لە ناوچەکە بڕیاریانداوە بیکەن بە موتەسەڕیفی ئورفە لە باکوری کوردستان، ساڵی ١٩٢١ پاشا لە شاری هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە و لە قزرابات لەو مزگەوتەی، کە خۆی دروستیکردبوو بەخاکسپێرراوە.
سەرچاوەکان:
- هەڵەبجە (١٨٨٩-١٩٣٠)، عادل صدیق، چاپی یەکەم، چاپ و پەخشی نوسەر، ب. ش، ٢٠٠٨، ل٣٥.
- گۆڤاری (خاڵ)، هەڵەبجە لە چەند بەڵگەنامەیەکی ئەرشیفی عوسمانیدا، سامان سەڵاح، ژمارە (١٢)، ساڵی ٢٠١٧ل ٥٧.
- تەئريخى جاف، کەريم بەگى فەتاح بگى جاف، لێکۆڵينەوەى د. حەسەن جاف، چاپی یەکەم، ١٩٩٥، ٦٨.
- DH___٠٠٩٠٣_٠٧١٧٧٢_٠٠٦_٠٠١
- A_}MKT_MHM__٠٠٤٩٨_٠٠٠٧٠_٠٠١_٠٠١
- A_}MKT_MHM__٠٠٤٩٨_٠٠٠٧٠_٠٠٢_٠٠١
- Y__PRK_BŞK__٠٠٠١٤_٠٠٠٦٦_٠٠٢_٠٠١
ئامادەکردنی: د. عادل سدیق عەلی