شێخ یەحیا بەرزنجى
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
ناوى تەواوى (شێخ یەحیا کوڕى شێخ عەبدولعەزیز کوڕى شێخ باباڕەسوڵى کوڕى شێخ مەحموودە)، لە ناو بنەماڵەیەکى ئایینى و نیشتیمانپەروەر، لە ڕێکەوتى ١/٧/١٩٤٤ز لە گوندى (ڕۆڤیا)ى سەر بە ناحیەی (بەردەڕەش) لەدایکبووە. باوکى بۆ ماوەى ٥١ ساڵ شێخ و پێشەواى تەریقەتى قادریى ولیانى بووە و بە هەزاران شوێنکەوتوویان هەبووە. خوێندنى لاى زانایانى تەکییەى شێخ ئیسماعیلی ولیانى بووه، پاشان خوێندنى قوتابخانەى دەوڵەتى دەستپێکردووە، چووەتە زانکۆ و کۆلێژى کارگێڕیى و ئابورى (إدارة و الاقتصاد) لە شارى موسڵ تەواوکردووە. لە ماوەى دە ساڵدا، قائیمقامى سێ شوێن بووە، ساڵى ١٩٨١ بووه بە قائیمقامى قەزاى دووکان و ماوەى دوو ساڵ لەو پۆستەدا ماوەتەوە. لە کانوونی دووەمی ١٩٨٨ و تەنها بۆماوەى ٣ مانگ بووەتە قائیمقامى قەزاى هەڵەبجە، لە ١٦/٣/١٩٨٨ بۆماوەى ٦ ساڵ، لەلایەن سوپاى ئێرانەوە بە دیلگیراوە. لە ساڵى ١٩٩٤ ئازادکراوە و لە ساڵى ١٩٩٦ بۆ ماوەى دوو ساڵ بووەتەوە بە قائیمقامى قەزاى ئاکرێ. پاشان هەتا کاتى خانەنشین بوونى، ڕاژەکەى گواستراوەتەوە بۆ دیوانى پارێزگاى دهۆک. ١٠/١/٢٠١٧ بە نەخۆشی لە وڵاتى نەمسا کۆچیدواییکردووە، تەرمەکەى گەڕێنراوەتەوە بۆ هەرێمى کوردستان و لە گۆڕستانى تەکییەى شێخ ئیسماعیلی ولیانى لە ڕۆڤیا بەخاکسپێردراوە.
سەرچاوەکان:
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ شێخ سەردار شێخ یەحیا بەرزنجی.
ئامادەکردنی: هێمن مەلا کەریم بەرزنجی