عادیلەخانم
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
ناوى (عادیلەخانم کچی عەبدولقادر بەگی کوڕی حەمید بەگی کوڕی مەحموود بەگ کوڕی ئەحمەد بەگی ساحێبقڕان)ـە. ساڵی ١٨٥٩ لە شاری سنە لەدایکبووە، لە باوکەوه، لە بنەماڵەی (ساحێبقڕان)ـە، کە لە سەردەمی بابانەکاندا دەسەڵاتی گەورەیان لەناو میرنشینەکەدا هەبووە، لەدایکیشەوە لە بنەماڵەی (وەکیل)ـەکانی شاری سنەیە. عەبدولقادر بەگ دوای لەناوچوونی میرنشینی بابان، چاوی بەرایی نەهاتووە لە سلێمانیدا بمێنێتەوە، بۆیە ڕوویکردووەتە شاری سنە و خانمیش هەر لەوێ لەدایکبووە، عەبدولقادر بەگی باوکی خاوەنی کتێبی (سیرە الاکراد)ە. عادیلەخانم لە ناوەڕاستى حەفتاکانی سەدەی نۆزدەدا بووەتە هاوسەریی (عوسمان پاشای جاف) و هاتووەتە شاری هەڵەبجە. خێزانی دووەمی پاشا بووە و پێنج منداڵی لێ بووە (تاهیربەگ، عیزەت بەگ، ئەحمەدموختار جاف و ناهیدە، سەبیحە). بەهۆی لێهاتوویی عادیلەخانم خۆیەوە، توانیویەی شوێنی خۆی لەناو عەشیرەتی جاف و ناوچەکەدا بکاتەوە و چەند ئیشوکارێکی عوسمان پاشای هاوسەريشى، کە لەو کاتەدا قایمقامی هەڵەبجە ١٨٨٩ بۆ ١٩٠٩ بووە، ڕادەپەڕێنێت. گەلێک لە سیما شارستانییەکانی سنەی بۆ هەڵەبجە گواستووەتەوە، لەوانە گرنگیدان بە باخ، دروستکردنی قەیسەری سەرگیراو بەشێوەی گومەزی، دروستکردنی مزگەوتێک بەناوی (خانم). بەڵام پاش مردنی عوسمان پاشا لە ساڵی ١٩٠٩ و هاتنی تورکە ئیتیحادییەکان، خانم ئەو دەسەڵاتەی جارانی نەماوە و زیاتر خەریکی ئیشوکاری ماڵەوە و عەشیرەتەکەی بووە. بە هاتنی ئینگلیزەکانیش بۆ ناوچەکە و کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی تورکە عوسمانییەکان، خانم پێگە و قورسایی جارانی بۆ گەڕاوەتەوە و تەنانەت لە پاى هاوکارییەکانی بۆ ئینگلیزەکان نازناوی (خان بەهادور)یان پێ بەخشیوه، کە نازناوێکی بەرزی هیندییە، هەروەک بەگزادەکانی جاف پلەی قایمقامێتی شارەکەیان کەوتەوە دەست و ئەحمەدموختار جافی کوڕی ساڵى ١٩٢٤ کراوە بە قامقامی شارەکه. دواجار لە ڕۆژی یەک شەممە ٢٨ی ٩ى ١٩٢٤ عادیلەخانم لە هەڵەبجە کۆچیدواییکرد و لە گۆڕستانی (عەبابەیلێ) بەخاکسپێرراوە.
سەرچاوەکان:
- عادیلەخانم کەسایەتیی و ئەردەڵانیبوون و ساحێبقڕانی بوونی، عادل صدیق عەلی، لە بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی کوردۆلۆجی، سلێمانی، ٢٠١٠، ل١٥ – ١٢٧.
ئامادەکردنی: د. عادل سدیق عەلی