عوسمان پاشای جاف

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


لاپەڕەی 106

قایمقام

سەرۆک عەشیرەتی جافە. ناوی (عوسمان پاشا کوڕی محەممەد پاشا کوڕی کەیخەسرەو بەگی کوڕی سلێمان بەگی کوڕی زاھیر بەگ)ـە. ساڵی ١٨٤٧ لەدایکبووە. یەکێکە لە سەرۆک عەشیرەتەکانی جاف و لە ناوچەکانی سلێمانی و ئەردەڵاندا دەسەڵاتی ھەبووە. ساڵی ١٨٧٣ لەلایەن ئێرانەوە کراوە بە فەرمانڕەوای (جوانڕۆ) و (زەھاو). بەپێی پەیمانێک، کە باوکی لەگەڵ عوسمانییەکاندا بەستویەتی، عەشیرەتی جاف گەڕاوەتەوە بۆ ناو دەوڵەتی عوسمانی. ساڵی ١٨٨٨ عوسمان پاشا کراوە بە قایمقامی ھەڵەبجە. لەبارەی کەسێتیی عوسمان پاشاوە زێوەری شاعیر دەڵێت: (بەڕاستی دیوەخان و نانوخوانی عوسمان پاشا خوانی "بەغما" بووە، نەک بە خسوسی، بە دائیمی وابووە. بۆ تەعمیری مزگەوتی گەورە لە سلێمانی، کە لە زەمانی بابانەکانەوە دروستکرابوو، ڕوو لە خراپ بوون بوو، بەجارێ ٥٠٠ لیرەی عوسمانی نارد، کە سەرفی تەعمیراتی بکەن، ھەروەھا بۆ عولەمای ھەڵەبجە و ئەترافی ئیحسانی دەوامی ئەکرد، تەبیعەتی ئەوەندە بەرز بوو، کە بھاتایە سولەیمانی میوانی کەس نەدەبوو، خانووی خسوسی ئەگرت. ھەروەک ھەڵەبجە ئەھلی سولەیمانی و مەئموران ئەچوونە دیوەخانەکەی). حکومەتی عوسمانی پلەی (میری میران)ی پێ بەخشیوە و حکومەتی ئێرانیش دیاریی نایاب و بەنرخی پێشکەشکردووە. بە بەردەوامی سەردانی شارەکانی: سلێمانی، کەرکوک و موسڵی کردووە، ھەربۆیە زۆربەی دەسەڵاتەکەی کەوتبووە دەست عادیلەخانمی خێزانی. ڕۆڵی ھەبووە لە پێشخستی هەڵەبجەدا، وەک: دروستکردنی یەکەم بازاڕی سەرگیراو (قەیسەری)، گەرماو (حەمام)ی گشتی و کۆشکی خانەوادەکەی، کە لەسەر شێوازی بیناسازی سنە دروستکراون. دواجار لە دوای بیست ساڵ لە قایمقامییەتیی ھەڵەبجە، عوسمان پاشا لە ساڵی ١٩٠٩ لە ھەڵەبجە کۆچیدواییکردووە. دوو جار ژیانی هاوسەر پێکھێناوە، حەوت منداڵی بووە. خێزانێکی خوشکی جافرسان بووە. ئەوی دیکەیان عادیلەخانمی کچی عەبدولقادربەگی ساحێبقڕان بووە. بەهۆی ئەو خزمایەتیەشی لەگەڵ ئێرانیيەکان ماوەیەکی زۆرە لە بابەتی زەويیوزاردا یارمەتی زۆری جافرسان و لەو ڕێیەشەوە حکومەتی ئێرانی داوە، ئێرانییەکان لەبەر ئەو دۆستایەتی و نزیکایەتییەی، کە لەگەڵ پاشا هەیان بوو شمشێرێکی ڕازاوەیان پێشکەشکردووە و پلەی (خان)یان پێ بەخشیوە. لەسەر ئەم بابەتە کاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانی لە عوسمان پاشا تووڕە و نیگەران بوون و داوای لێکۆڵینەوەیان کردووە، چەند جارێک پاشایان بۆ سلێمانی و کەرکوک و هەولێر و موسڵ بانگکردووە. بە بەردەوامی ڕاپۆرت لە دژی عوسمان پاشای جاف بەرزکراوەتەوە و داوای لێکۆڵینەوە و سزادانی کراوە، پێشنیازی دوورخستنەوەی عادیلەخانمی خێزانی لە هەڵەبجە و گواستنەوەی مەڵبەندی قەزاکەش لە هەڵەبجەوە بۆ خورماڵ کراوە، بۆئەوەی قەزاکە لەژێردەستی پاشا و بەگزادەکانی جاف دەربهێنن، سەرباری ئەوەش هەتا کۆچیدوایی لە ١٩٠٩دا نەیانتوانیوە لە پۆستەکەی لایببەن.

سەرچاوەکان:

  1. ھەڵەبجە (١٨٨٩-١٩٣٠)، عادل صدیق، چاپی یەکەم، چاپ و پەخشی نوسەر، ب. ش، ٢٠٠٨، ل٦٦ – ٧٥.
  2. عادیلەخانم کەسایەتی و ئەردەڵانی بوون و ساحێبقڕانی بوونی، عادل صدیق، مەڵبەندی کوردۆلۆجی، سلێمانی، ٢٠١٠.
  3. چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی ھەڵەبجە، عادل صدیق، بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، ٢٠١١.
  4. گۆڤاری (زانکۆی هەڵەبجە)، ٢٠٢٢، قەزای گوڵعەنبەر (هەڵەبجە) لە ساڵنامەکانی عوسمانیدا، کامەران عبدارزاق برایم و عادل صدیق علی، ل١٢٧-١٣٤.
  5. حەسەن فەهمی بەگی جاف: مێژووی هۆزی جاف و مەحمود پاشای جاف، چاپخانەی دێکان، ١٩٩٩، ل٥٣-٥٦.
  6. مشاهر الکرد فی العهد الأسلامی، محمد أمین زکی، ج٢، مطبعة السعادة ـ میصر، ١٩٤٧، ص٨٥.

ئامادەکردنی: د. عادل سدیق عەلی

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ئەحمەد محەممەد نوری

قایمقام، سياسى، کارگێڕیی و کەسایەتیی کۆمەڵايەتیيە، ناوی (ئەحمەد محەممەد نوری مەحموود)ە و بە (ئەحمەدى مامەنوری قارەمانى) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە گوندی (قارەمانی) سەر بە شارۆچکەی (سیروان) لەدایکبووە. تا ئاستى ناوەندی خوێندووە و لەبەر پێشمەرگايەتى وازى لە خوێندن هێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى شەش منداڵه. ساڵی ١٩٩٩ قایمقامی قەزای (شارەزوور) بووە. ‌لە ئێستادا ئەندامی مەکتەبی سیاسی (پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان)ـە.

ئەرکان حەسەن

یەکەم قایمقامی قەزای مەرکەزی پارێزگای ھەڵەبجەیە، کە پاش ڕاپەڕین دەستبەکاربووە. ناوی (ئەرکان حەسەن غەفور محەممەد)ە. ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (سەراو) لەدایکبووە. قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی لە ھەڵەبجە و بەشی فیزیای‌ لە کۆلێژی پەروەردە لە هەولێر تەواوکردووە‌. چەند ساڵێک مامۆستایەتی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. ماوەیەک بەڕێوەبەری پەروەردەی ھەڵەبجە و ماوەیەکیش قایمقامی (سەیدسادق)بووە. ژیانی وەرزشی لە قوتابخانەی گوندەی سەرەتایی لە ناوچەی نەوڕۆڵییەوە دەستیپێکردووە و لەم تیپە وەرزشییانەی تۆپیپێدا یاریکردووە: تیپی وەرزشی نەورۆڵی، تیپی وەرزشی باڵامبۆ، تیپی وەرزشی بۆکان، تیپی وەرزشی ئاوارەکان لە ئۆردوگای هەرسین لە ئێران، هەروەها لە تیپی وەرزشی مامۆستایان لە خوێندنگای ناوەندی گۆران یاری تۆپی بالەی ئەنجامداوە.

ئەکرەم حەمەعەلی عەبدوڵا

لە کابینەی یەکەمی حکومەتی هەریمی کوردستاندا، یەکەم قایمقامی هەڵەبجە بووە. ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (وەڵەسمت) لە بناری سورێن لەدایکبووە. لە نفوس ١٩٦٩ی بۆ تۆمارکراوە. خوێندنی سەرەتایی لە وەڵەسەمت و ناوەندی لە کۆمەڵگای شانەدەری تەواوکردووە. ساڵی ١٩٨٣ بووە بە پێشمەرگە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. ساڵی ١٩٩٢ بووە بە قایمقامی هەڵەبجە. ساڵی ١٩٩٤ شەهید بووە.

ئەمين بەگ

قايمقامى قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. دواى سوڵتان (٢٩ی ١٠ی ١٩١٦ بۆ کانوونى دووەمی ١٩١٨) وەک قايمقامى قەزاکه بووە. زانیاریی زیاتر لەسەری نەزانراوە.

ئيبراهيم ئەدهەم

قايمقامی قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. دواى محەممەد عەلى بەگ بووە بە قايمقامى قەزاکه. پێشتر قايمقامى قەزاى کۆيە بووە و لە ١٧ی ٦ی ١٩١٤ فەرمانى گواستنەوەى بۆ قەزاى گوڵعەنبەر بۆ دەرچووە، بەڵام زۆر لەو پۆستەدا نەماوەتەوە و ١٩١٤ ئەمين بەگ ناوێک جێگەی گرتووەتەوە.

ئيبراهيم بەگ

قايمقام قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. دواى ئيبراهيم ئەدهەم وەک قايمقامى قەزاکه بووە. پێشتر قايمقامى قەزاى (واردۆ) بووە لە باکورى کوردستان. لە ڕۆژى ٢٢ی ٦ی ١٩١٦ەوە بۆ چەند مانگێک قایمقامی قەزاکە بووە و لە ٢٩ی ١٠ی ١٩١٦ سوڵتان بەگ لەشوێنی دانراوە.