شێخ محەممەد ئەمین

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


لاپەڕەی 100

قایمقام

قایمقامی هەڵەبجە بووە. ناوی (شێخ محەممەد ئەمین شێخ عەبدوڵا)یە. لەبەرئەوەی بنەماڵەی شێخانی عەبابەیلێ لە شۆڕشی شێخ مەحموددا دژی ئینگلیز بوون و گوندەکەیان سووتاوە، چوونەتە خۆرهەڵات. ساڵی ١٩٢٥ لە گوندی (بارامئاوا)ی ناوچەی مەریوان لەدایکبووە. ساڵی ١٩٣٢ لە هەڵەبجە خراوەتە قوتابخانە. سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و خانەی مامۆستایانی لە بەغدا تەواوکردووە. سەرکردەی شەڕی دەربەندیخان بووە. بەشداری گرتنی مەخفرەکانی هەورامانی کردووە. ساڵی ١٩٦٦ بۆ ١٩٧٠ کراوە بە قایمقامی هەڵەبجە. لەو خزمەتانەی لەسەردەمی ئەودا کراوە (ڕاکێشانی کارەبا، قیرتاوکردنی شەقامەکان، کردنەوەی کارگەی توتن و هێنانەوەی فەحسی توتن، فراوانکردنی بنکەو پڕۆژەی ئاو). ماوەی جیاواز قایمقامی (کەلار، چەمچەماڵ) و پارێزگاری (کەرکوک)یش بووە. ساڵی ١٩٧٨ خانەنشین بووە و ساڵی ١٩٨٨ کۆچیدواییکردووە.

سەرچاوەکان:

  1. گۆڤاری (هەڵەبجە)، تایبەت بە چواردەیەمین ساڵیادی هەڵەبجە، مەهاباد شێخ حەمەئەمین، ٢٠٠٢، ل٧٤.
  2. هەڵەبجەناسی، ئارام شەمێرانی، بەرگی یەکەم، تهران، ٢٠٢٢، ل١٠٠.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

4

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ئەحمەد محەممەد نوری

قایمقام، سياسى، کارگێڕیی و کەسایەتیی کۆمەڵايەتیيە، ناوی (ئەحمەد محەممەد نوری مەحموود)ە و بە (ئەحمەدى مامەنوری قارەمانى) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە گوندی (قارەمانی) سەر بە شارۆچکەی (سیروان) لەدایکبووە. تا ئاستى ناوەندی خوێندووە و لەبەر پێشمەرگايەتى وازى لە خوێندن هێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى شەش منداڵه. ساڵی ١٩٩٩ قایمقامی قەزای (شارەزوور) بووە. ‌لە ئێستادا ئەندامی مەکتەبی سیاسی (پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان)ـە.

ئەرکان حەسەن

یەکەم قایمقامی قەزای مەرکەزی پارێزگای ھەڵەبجەیە، کە پاش ڕاپەڕین دەستبەکاربووە. ناوی (ئەرکان حەسەن غەفور محەممەد)ە. ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (سەراو) لەدایکبووە. قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی لە ھەڵەبجە و بەشی فیزیای‌ لە کۆلێژی پەروەردە لە هەولێر تەواوکردووە‌. چەند ساڵێک مامۆستایەتی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. ماوەیەک بەڕێوەبەری پەروەردەی ھەڵەبجە و ماوەیەکیش قایمقامی (سەیدسادق)بووە. ژیانی وەرزشی لە قوتابخانەی گوندەی سەرەتایی لە ناوچەی نەوڕۆڵییەوە دەستیپێکردووە و لەم تیپە وەرزشییانەی تۆپیپێدا یاریکردووە: تیپی وەرزشی نەورۆڵی، تیپی وەرزشی باڵامبۆ، تیپی وەرزشی بۆکان، تیپی وەرزشی ئاوارەکان لە ئۆردوگای هەرسین لە ئێران، هەروەها لە تیپی وەرزشی مامۆستایان لە خوێندنگای ناوەندی گۆران یاری تۆپی بالەی ئەنجامداوە.

ئەکرەم حەمەعەلی عەبدوڵا

لە کابینەی یەکەمی حکومەتی هەریمی کوردستاندا، یەکەم قایمقامی هەڵەبجە بووە. ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (وەڵەسمت) لە بناری سورێن لەدایکبووە. لە نفوس ١٩٦٩ی بۆ تۆمارکراوە. خوێندنی سەرەتایی لە وەڵەسەمت و ناوەندی لە کۆمەڵگای شانەدەری تەواوکردووە. ساڵی ١٩٨٣ بووە بە پێشمەرگە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. ساڵی ١٩٩٢ بووە بە قایمقامی هەڵەبجە. ساڵی ١٩٩٤ شەهید بووە.

ئەمين بەگ

قايمقامى قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. دواى سوڵتان (٢٩ی ١٠ی ١٩١٦ بۆ کانوونى دووەمی ١٩١٨) وەک قايمقامى قەزاکه بووە. زانیاریی زیاتر لەسەری نەزانراوە.

ئيبراهيم ئەدهەم

قايمقامی قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. دواى محەممەد عەلى بەگ بووە بە قايمقامى قەزاکه. پێشتر قايمقامى قەزاى کۆيە بووە و لە ١٧ی ٦ی ١٩١٤ فەرمانى گواستنەوەى بۆ قەزاى گوڵعەنبەر بۆ دەرچووە، بەڵام زۆر لەو پۆستەدا نەماوەتەوە و ١٩١٤ ئەمين بەگ ناوێک جێگەی گرتووەتەوە.

ئيبراهيم بەگ

قايمقام قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. دواى ئيبراهيم ئەدهەم وەک قايمقامى قەزاکه بووە. پێشتر قايمقامى قەزاى (واردۆ) بووە لە باکورى کوردستان. لە ڕۆژى ٢٢ی ٦ی ١٩١٦ەوە بۆ چەند مانگێک قایمقامی قەزاکە بووە و لە ٢٩ی ١٠ی ١٩١٦ سوڵتان بەگ لەشوێنی دانراوە.