بەرگی چوارەم
شوێنی دەستکرد (گوند و شار)
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
بەرگی چوارەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) و بە دووریی پێنج کیلۆمەتر لە باشوری شاری هەڵەبجەوە دوورە. لە باکور گوندەکانی چنار و مۆردین، لە خۆرئاوا زەردۆیان و ناوچەی نەورۆڵی، لە خۆرهەڵات گوندەکانی بامۆک و دەڵەمەڕ و عەبابەیلێ هەڵکەوتووە. بەرزییەکەی لە ئاستی ڕووی دەریا (٨٧٠م)ـە. مێژووی دروستبوونی بۆ ساڵانی ١٨٠٠ دەگەڕێتەوە. دانیشتوانی چنار و باوەکۆچەک بەهۆی فێنکی و لەباریی ناوچەکە، هەواریان تێدا هەڵداوە. بەهۆی بوونی زۆرێک لە سەرچاوەی ئاو و لەوەڕگا، مەڕوماڵاتیان تێدا بەخێوکردووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵی ژمارە ٢٦ی باوەکۆچەکن. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ٥١١ کەس تێیدا نیشتەجێبووە. دەربارەی ناوی گوندەکە، بەهۆی بوونی سەرچاوەی ئاوی زۆر و کانی و کارێز و کانیاو، بە چاوگ ناونراوە، کە سەرچاوەی ئاودێرانی باخەکانی باوەکۆچەک و گوڵانیش بووە. چەندین دیاردەی جوگرافی و بەرزی و نزمی لەم گوندەدا بوونیان هەیە، لەوانە شاخی باڵانبۆ لە خۆرئاوا، دۆڵی پەلی دەواران و دۆڵی دڵی و زەهۆران و ملەی داربەلوجە. لە گرنگترین سەرچاوە ئاوییەکانی بریتییە لە کانی زەردۆیان و کانیی ناو مزگەوت و کارێزی مەلا مستەفا و کانی سەر حەوز، کە بەناوبانگترینیانە و بە سەرچاوگیش ناو دەبرێت. ئەم شوێنە بووەتە هۆی ڕاکێشانی گەشتیارێکی زۆر و سەیرانگایەکی دڵڕفێنە لە ئێستادا و لە کۆنیشدا هاوینەهەوارێکی بەناوبانگ بووە. کەسایەتی وەک مەلا مستەفای کۆکۆیی و مەلا عەلی عبدالقادر هەڵکەوتوون، لە سێ بنەماڵەی بەناوبانگ پێکدێت. گۆڕستانی ملەکەوە لەسەر ڕێگەی چاوگ بۆ دارستانی باوەکۆچەک هەڵکەوتووە و لەوێ مردووەکانیان نێژاوە. لە کۆندا قوتابخانەی نەبووە و قوتابیەکانیان هاتونەتە گوندی باوەکۆچەک، لەئێستاشدا قوتابخانە و بنکەی تەندروستی نییە، بەڵام ڕێگەی قیر و پڕۆژەی کارەبای بۆ کراوە. لە ڕووی گەشتیارییەوە خزمەتگوزاری پێویستی تێدایە.
کەوتووەتە ناوچەی نەورۆڵی و سەر بە ناحیەی (سیروان)ـە. (٢٠کم) لە خۆرئاوای شاری هەڵەبجەوە دوورە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی کانی توو و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی گوندە و هانەژاڵە و لەخۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی پریسی سەروو و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی بێلەنگە و و لە باکوری خۆرئاواشەوە لەگەڵ گوندی قارەمانی هاوسنورە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٣٨ی چرۆستانەیە. ڕووبەرەکەی نزیکەی ١٥٠٠ دۆنم دەبێت. نزیکەی ٢٩٠ دۆنمی بەراوە. کارێزی (ئەحمەد بەگ) سەرچاوەی سەرەکی زەویيە بەراوەکانیەتی. لە کانییەکانی (زڵێخاخان ، دنگڵی، گردەگڕێ، حەوزی دەروێش عەبدولکەرەم، کانیی ناودێ، گوڵباخ، کانییە قوڕینە، کانیی دێ شاناز)ە، کە هەموویان لەڕێی چەمێکەوە دەڕژێنە ناو ئاشەکانی حەوتاشان. بەهۆی چڕیی دار و درەختەکانەوە ناوی (چروستانە) لە گوندەکە نراوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٩٤ کەس بووە و پێش ڕاگواستنی ساڵی ١٩٧٨ نزیکەی پەنجا ماڵی تیدا بووە. لە ئێستادا کەسی تێدا نیشتەجێ نییە و تەنها چوار ماڵ بنەیان لە ئاوایییەکەدا ماوەتەوە، کە سەرقاڵی کاری ئاژەڵدارین.
کەوتووەتە بناری چیای سورێن لە سنوری ناحیەی (خورماڵ). لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی کانی ئاسکان و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی میریسوور و لە باکورەوە لەگەڵ گەچێنەی زێڕوون و لە باکوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی نەوێدا هاوسنورە. مێژوویەکی دێرینی هەیە، دواجار لە ساڵی ١٩٩٣ ئاوەدانکراوەتەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٦٢٢کەس بووە و ساڵی ٢٠٢٤ تەنها ٢ ماڵی تێیدا نیشتەجێبووە، کە بە ئاژەڵدارییەوە خەریکن. خزمەتگوزاری بۆ نەکراوە تەنها ڕێگەی چەوڕێژی هەیە. دانیشتوانەکەی سەر بە عەشیرەتی قەویلەیین. زۆربەیان لە شارۆچکەکانی خورماڵ و سەیدسادق دادەنیشن. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٢ی زێڕوونە.
کەوتووەتە ناوچەی کۆکۆیی لە سنوری ناحیەی (سیروان). (١٧کم) لە سەنتەری شاری هەڵەبجەوە دوورە.(١٠٤٠م) لە ئاستی دەریاوە بەرزە و لەناو دۆڵێکدا هەڵکەوتووە. لە باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی (نەیجەڵە و دەوەرە) و لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (سازان و تلەوەرێ) لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (لمە و پێگە) و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (مۆردین و گردەناوێ) هاوسنوررە. ڕووباری سیروانيش بە بەشی باشوریدا تێپەڕ دەبێت. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا دانیشتوانەکەی ١٨٨ کەس و (٥٠ بۆ ٦٠) خێزانی تێدا ژیاوە. لە ئێستادا تەنها دە ماڵ تێیدا نیشتەجێن. بەهۆی وشکەساڵییەوە تەواوی سەرچاوەکانی ئاوییەکانی وشکبوون. لە کۆنیشەوە خەڵکی گەرمیان و کوێستانیان کردووە. هاوینان لە (وارگەپان و باسک) و زستانان لە چنار ماونەتەوە. ئاوی ژێرزەوی لەڕێگەی بیری ئیرتیوازییەوە بۆ ئاودانی ئاژەڵ و پێویستییەکانی ڕۆژانە بەکاردەهێنن. ڕێگەی چنار بە ڕێگەیەکی خۆڵ و ناوچەیەکی شاخاویدا تێپەڕدەبێت. ناوی گوندەکە لەو دار (چنار)ە بەرزەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لە کۆندا لەسەر کانییەکی گوندەکە هەبووە. پیشەی دانیشتوانەکەی لە کۆن و ئێستادا تەنها بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات و کاری بازرگانیکردنن لەگەڵ گوندەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بەتایبەت گوندەکانی (بەورۆڵ، سیمان، گوڕی گەور).
کەوتووەتە تەنیشت گوندی (چواردارانی سەروو) بە ئاڕاستەی باشور لە ڕۆخی چەمی چوارداران. زەوییەکانی گوندەکە لەگەڵ گوندی چواردارانی سەروو تێکەڵە و لە زۆرێک لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا بە یەک چوارداران ناویان هاتووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٦٥ کەس بووە، بەڵام لە ئێستادا تەنها یەک خێزانی هەشت کەسی لێ نیشتەجێیە.
کەوتووەتە باشوری گوندی (بەلەسۆ) لە دامێنی چیای بەمۆی سەر بە ناحیەی (بەمۆ). لەسەر ڕێگەی گوندی (کانیی وەیسکێ - گڵێجاڵ)ـە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی بەلەسۆ و لە خۆرهەڵات و باشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی کانیی وەیسکێ و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی کانی پاشا هاوسنورە و لە خۆرئاواشەوە سنورەکەی هەتا شانی شاخی بەمۆ درێژ دەبێتەوە. نزیکەی چوار کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەدێی بەمۆوە دوورە. لە بەڵگەنامە فەرمییەکانى زەویوزاردا زەوییەکانی تێکەڵە لەگەڵ گوندی بەلەسۆ و کەرتی ٤٣. ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە داری سروشتی (بەڕوو)ی بەتەمەن و قەبارە گەورە. ناوەکەی لە بوونی چوار داری گەورەوە وەرگیراوە. چەندین ڕەز و باخی بەرداری تێدایە. لە ئێستادا گوندەکە چۆڵە و هیچ کەسێکی تێدا ناژی.
نزیکەی شەش کیلۆمەتر لە ناوەندی ناحیەی (بەمۆ)وە دوورە. لە باکور لەگەڵ گوندی چواردارانی سەروو و خواروو و لە باشور لەگەڵ گوندی کانی پاشا و لە باشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی کانی وەیسکێ هاوسنورە. ساڵی ١٩٩٢ بونیادنراوە. بەھۆی زۆریی خێزانەکانی گوندی کانی وەیسکێ، کۆمەڵێک لە خزم و کەسوکار بەباشیان زانی لەجێگایەکی گونجاودا گوندێک دروستبکەن، ئەم جێگایەیان ھەڵبژارد، کە پێشتر ناوی ملەخەرمانان بوو. ناوی گوندەکەشیان نا (گوندی حاجی ئاوا)، بەهۆی ئەوەی دامەزرێنەرانی گوندەکە چەند برایەک بوون (کوڕەکانی قازی)، کە هەموویان حاجی بوون. لە ئێستادا چۆڵە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (شیرە مەڕ، بانیشار، گردە گڕێیە) و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ (تەکیە) و لە خۆرئاواوە لەگەڵ (گێڵەک) و لە باشوری خۆرئاواوە لەگەڵ (گردی قازی و تەپەزێڕینە) و لە باشوریشەوە لەگەڵ(هەرسێ کوڵکنی، تازەدێ) هاوسنورە. دانیشتوانەکەی ناولێنانی گوندەکەیان بۆ (حەمەی فەرەج)ناوێک دەگەڕێننەوە، کە لە تۆمارە فەرمییەکاندا ئاماژەیپێکراوە، دواتر ناوەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە. دانیشتوانەکەی سەر بە عەشیرەتی(سەددانی)ن. بەگشتی بە کشتوکاڵکردن و ئاژەڵدارییەوە خەریکن. بەشێکى زەويیەکانى (دێمن) و پێياندەوترێت (زەوییەکانی پشت جۆگە)، بەشێکی تریان بەرئاون و پێیاندەوترێت(زەوییەکانی بەر جۆگە). جگە لە کارەبای نیشتیمانی، هیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزارییان نییە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٢ کەس بووە و لە ئێستادا هەشت ماڵی تێدا دەژی.
کەوتووەتە خۆرئاوای ناحیەی (سیروان). نزیک ڕوباری سیروان. ئەگەرچی لە نوسراوی فەرمیدا بە گوندی (حەسەن بەگ) تۆمار کراوە، بەڵام لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا (حسەین محەممەد ئەحمەد) ناوێک ئاوەدانیکردووەتەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ دا ٩٦ کەس بوون. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا ئاوی ڕووباری سیروان دایپۆشیوە و خەڵکەکەی گوندی (لامـەرکـەزیـان) بونیادناوە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە) لەسەر ڕێگەی سەرەکیی (هەڵەبجە - هەورامان). کیلۆمەترێک لە سێ ڕیانی (هەڵەبجە - خورماڵ - بیارە)وە دوورە. (٧٤٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ (نارنجەڵە و بنجەیدڕە و دەرەکێ)، لە خۆرئاواوە لەگەڵ (قشڵاخەڕووتە و تەپەکوڕە و خێڵی حەمە) لە باکورەوە لەگەڵ (ئاواییی ڕۆستەم بەگ و گوڵپ) لە باشورەوە لەگەڵ گوندی (خەرپانی) هاوسنورە. بە هەوارگەی زستانەی خەڵکی (تەوێڵە) لە قەڵەمدەدرێت. ڕووبەرێکی فراوانی هەیە و نزیکەی سێ هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی هەیە. مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە. لەسەردەمی ململانێی عوسمانی و سەفەویەکاندا شوێنی مانەوەی فەرماندە و سەربازەکان بووە. سەبارەت بە ناونانەکەی چەند بۆچونێک هەن، دەڵێن: (نادرشا)ی ئەفشار لەبەردەم پەلاماری عوسمانیەکاندا شکستیهێناوە. پاشماوەی لەشکرەکەی بەخێرایی پاشەکشەیکردووە و خەڵک گوتویانە بە (غار گێڵانۆ)، واتە: بە ڕاکردن یان هەڵهاتن گەڕاوەتەوه و لە شوێنی ئێستەی (خارگێڵان) نیشتەجێبوون. هەندێکی دیکە دەڵێن: لە (خێرەگێڵێنۆ) بەواتای خێر گەڕاوەتەوە هاتووە. دوا بۆچوونیش ئەوەیە، کە دەڵێن: کاتێک (نادرشا) گەڕاوەتەوە لە ماڵی خانمێکی ژیری گوندەکە لایداوە بەناوی (خاتوو گێڵان)، پێشوازی گەرمی لە نادرشا کردووە. ئەویش فەرمانی تاپۆکردنی گوندەکەی بەناوی (خاتوو گێڵان)ەوە کردووە. ئیدی ئەو ناوەی بەسەردا نراوە. لە کۆندا لە شوێنێک بووە بەناوی(کەلارا) و ئێستاش شوێنەوارەکانی لە بەرد و گرد و تەپۆڵکە هەر ماوە. ژمارەیەک گرد و تەپۆڵکە هەن، کە وەک چاودێری بەکارهاتوون، وەک (تەپە سێلکانی، تەپەغەریبان و تەپی دمارەکۆڵان (دووپشکان) و تەپی ئەوڵاشێت). بناغەدانەری ئەم گوندە خێڵی مەلایانی تەوێڵەن. وەک (مەلا جەلال و مەلا عیسا و حەبیبوڵڵا) بوون. نزیک بە (٧٠) ماڵ بوون، لە بەهاران لە خارگێڵان و هاوینان لە تەوێڵە نیشتەجێبوون. سەربانی خانوەکانیان هەمووی بەیەکەوە نوسابووە. لە سەرژمێریی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی تەنها ١١٦ کەس بووە. لە ئێستادا تەنها ٢٥ ماڵی لێ نیشتەجێیە. هەموویان سەرقاڵی ئاژەڵدارین. هیچ سەرچاوەیەکی ئاوی سەرزەوی لە کانی و کانیاوی تێدانییە. بۆ کشتوکاڵکردن پشتیان بە چەمی (بیارە) بەستووە، کە بەتەنیشت گوندەکەدا دێتەخوارەوە. ئەم چەمە ئاوەکەی بە شەودا بۆ باخەکانی بیارە و بەڕۆژ بۆ کشتوکاڵ و بەراوکردنی زەوییەکانی خارگێڵان تەرخانکراوە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٩ی خارگێڵانە. لە ئێستادا بەهۆی کەمئاوییەوە بیری ئیرتیوازی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ لێدراوە. مزگەوت و قوتابخانە و پڕۆژەی ئاوی هەیە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) لە سەر ڕێگەی سەرەکیی شارۆچکەی سیروان و نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک لە فولکەی (تەپەتۆڵەکە)ە و چوار کیلۆمەتر لە سەنتەر ناحیەی سیروانەوە دوورە. لەگەڵ گوندەکانی (شەکرالی، لامەرکەزی، تەپەگوڵاوی، بەشارەتی سەروو و خواروو) هاوسنورە. لە خۆرهەڵاتەوە زەویی هاوبەشی لەگەڵ گوندەکانی (شەشکی سەروو، تەپی سەفای سەروو، تەپی سەفای خواروو) هەیە. (٥٠٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ ژمارەی دانیشتوانەکەی تەنها ٣٠ی کەس بووە. لە ئێستادا نزیکەی ٣٠ ماڵ تێیدا نیشتەجێن. شوێنەواری دێرینی لێ دۆزراوەتەوە. لەسەردەمی (زعیم سدیق)، ساڵی ١٩٦٣دا، کەپر و داروپەردوی سوتێنراوە. بە سەرچاوەی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی دەوڵەمەندە. بە شەش مەتر دەگەیتە ئاوی ژێرزەوی. کانی (مامەتاڵە و کانیە ڕەش) لە کانیاوە بەناوبانگەکانی گوندەکەن. چەمێک، کە لە گوندەکانی ترەوە سەرچاوەدەگرێت بە تەنیشتیدا تێپەڕدەبێت. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٧ی بەشارەتە و هەموو جۆرە کشتوکاڵێکی تێدا کراوە و دەکرێت.
بە دووریی پێنج کیلۆمەتر لە شارۆچکەی بیارە و (١٣کم) لە شاری هەڵەبجەوە دووره. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ شارۆچکەى بیارە و گوندی بەڵخە، لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (زەردەهاڵ و دەرەقەیسەر و خارگێڵان) و لە باکوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (خێڵی حەمە و تەپەکوڕە) و لە باشوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (دەرەشیشی سەروو و دەرەشیشی خواروو) و لە باشور و باشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (هاوار و تاوێرە) هاوسنورە. لەگەڵ دەشتی شارەزوور و گوندەکانی تری هەورامان ئاوهەواکەی جیاوازە، سەنتەری گوندەکە (٩٥٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژماره ٤٤ـە و نزیکەی ١٨٥٠ دۆنم زەوی دێم و بەراوی هەیە. لە پێدەشتەکانیدا گەنم و جۆ و پاقلەمەنیەکان بەرهەمدەهێنرێت و بە (دار توو) بەناوبانگە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٤٧ ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٥٣ کەس و ساڵی ١٩٥٧، ٥٩٩ کەس و ساڵی ١٩٧٧ لە هەزار کەس و ٢٨٢ خێزان بووە. لە ڕووی ڕووبەر و ژمارەی خێزانەوە بە یەکێک لە گوندە گەورەکانی هەورامان دادەنرێت. لە بەناوبانگترین کەسایەتییەکانی گوندەکە: شێخ عەبدوڵای خەرپانی، مەلا خدر و مەلا مەعسوومی (باپیری "د. فوئاد" سەرۆک کۆماری پێشوتری عێراق). بەشێک لە شێخەکانی بەرزنجە لەم گوندە نیشتەجێبوون. سەبارەت بە ناوی خەرپانی، هەندێک پێیانوایە، کە لە (بەردی خڕ)ەوە هاتووە، هەندێکی تریش دەیگێڕنەوە بۆ فەرمانڕەوایەک بەناوی (کەیخار)ەوە. شوێنەواری (قەڵای گاوران، ئەسحابە درێژ، کەمانگەرا، گۆڕەو کوردەی، گۆڕستانی کۆڵیژی، گۆڕستانی ملەگا، گۆڕستانی شێخ عەبدوڵای خەرپانی، گۆڕستانی زووزووگلان و گۆڕستانی ھانەچەرمە)و چەندین چەم و دۆڵی پڕ لە باخی لێیە. خزمەنگوزاریی قوتابخانە، مزگەوت، کارەبایان هەیە و جادەی قیریان بۆ کراوە.
لە باکورەوە لەگەڵ ناحیەی ناڵپارێز لە قەزای پێنجوێن، لە خۆرئاوا و باکوری خۆرئاوا لەگەڵ قەزای سەیدسادق، شارۆچکەی بیارە، لە باشوری خۆرهەڵات و شارۆچکەی سیروان لە باشورەوە هاوسنورە. ساڵی ١٢٩٩ هەتا ساڵی ١٨٦٩ لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا قەزابووە. لە خۆرهەڵات و باکوری خۆرهەڵاتەوە شاخەکانی هەورامان و سورێن لە شارستانی مەریوانی ئوستانی کوردستان لە خۆرهەڵاتی کوردستانی جیادەکاتەوە. لە ٢٠ کەرتی کشتوکاڵی و ٤٨ گوند پێکهاتووە، شەش لەو گوندانە دەکەونە سنوری ناوچەی هەورامان. لە ڕووی تۆبۆگرافیاوە لە شاخی بەرز و هەڵدێرەوە دەستپێدەکات و بە ئاڕاستەی بنار و پێدەشتەکانی شیرەمەڕە و شارەزوور شۆڕدەبێتەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ ڕووبەرەکەی (٧٢٨کم٢) بووە و ڕێژەی ٢٢%ی قەزای هەڵەبجەی پێکهێناوە. لە ساڵی ٢٠٠٢ ڕووبەرەکەی بۆ ٢٤٣.٥ بەرزبووەتەوە و ڕێژەی ٣٠.٦%ی قەزای هەڵەبجەی پێکهێناوە. لەڕووی ڕووبەرەوە دووەم گەورەترین شارۆچکەی پارێزگاکەیە. لە ئێستادا ڕووبەرەکەی (٢٦٠.٥٧کم٢) و ڕێژەی ٢٤% پارێزگای هەڵەبجە پێکدەهێنێت. بەگشتی دانیشتوانەکەی بە کاری کشتوکاڵی، باخداری، ئاژەڵدارییەوە خەریکن. بەهۆی نزیکیی لە سنوری ئێران لە مەرزە لاوەکیەکانی مڵەخورد و سیپە، کاری بازرگانی و کۆڵبەریشی تێدا دەکرێت. چەندین شوێنی سەرنج ڕاکێشی گەشتیاری و مێژوویی بوونیان هەیە. وەک مزگەوتی گەورەی خورماڵ و قەڵای خورماڵ، سەرچاوەی ئاوی گەنجان و ئاوی گۆگردی، هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا، تاڤگەی زەڵم، ڕیشێن و هتد. لە ڕووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیەوە دانیشتوانەکەی لە هەورامی، نەورۆڵی، شێخانی سادات، وڵەدبەگی، هارونی، یاروەیسی، بەلەبزانی، کەڵهور و یەزدانبەخشی پێکدێن. سەبارەت بە ناولێنانەکەی چەند بۆچوونێک هەیە، لەوانە: ١-گوڵعەنبەر: زۆرێک لەمێژوونوسان و شارەزایان و خەڵکی ناوچەکە کۆکن لەسەر ئەوەی (خورماڵ)ی ئێستا سەردەمێک (گوڵعەنبەر) بووە، کۆمەڵێک بەڵگە لەسەر ئەم ڕایە هەن، وەک ئەوەی دەوترێت لە(گوڵعومەر)ەوە هاتووە و مەبەست (عمری کوڕی خەتاب)ـە. یان دەوترێت ناوی ئافرەتێکە بەناوی (گوڵعەنبەر)، کە فەرمانڕەوایی ئەم شارەی کردووە، کچی شا (بدر)ی حەسنەوی بووە، لەپاش نەخۆشکەوتن و چاکبوونەوەی ئەو کچە لەسەر دەستی پیاوچاکێکی ئایینیی ناوچەکە و دواتر مردنی باوکی، خۆی دەبێتە فەرمانڕەوای ناوچەکە و ناوی شارەکەی بەناوەوە دەکرێت، شاری (گوڵعەنبەر)خاتوون، دواتر دەبێتە شاری (گوڵعەنبەر). ٢- خورماڵ: ئەم ناوەش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لە بنەڕەتدا (گوڵعەنبەر) بوە و گۆڕاوە و بووەتە (خورماڵ)، بەم شێوەیە (گوڵعەنبەر - گوڵەمبەر - گوڵەمار - گوڵمار- خوڵمار - خورماڵ). وەک دەوترێت (هەولێر) یش لە (اربیل)ەوە هاتووە، بەم جۆرە (ئەربیل - ئەڕوێل - ئەولیر - هەولیر - هەولێر). ٣- دزدان: (ئەمین نەقشبەندی) دەڵیت (دزدانە واتە دژدانە)، ئەگەر (دژ) بریتیبێت لە (قەڵا)، ئەوا (دژدان) واتە شوێن قەڵا. بەپێی ئەو وردبونەوەیە، دەکرێت بوترێت هۆی ناولێنانی شاری خورماڵ (بەدژدان) بۆ بونی ئەو قەڵایانە دەگەڕێتەوە، کە لەشارەکە و دەوروبەریدا هەن.
بە دووریی نزیکەی چوار کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری خۆرئاوای ناحیەی (خورماڵ)ـەوە. ڕووبەرەکەى نزیکەی ٤٥٠٠ دۆنمە. تەنها زەوییەکانی پشت جۆگەی دەلێن نەبێت سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. لە باشورەوە لەگەڵ گوندی تەپەکوڕە و لە باکورەوە لەگەڵ گوندی گۆمەلار و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندى خارگێڵان و لە خۆرئاوايشەوە لەگەڵ گوندی شەشکی خواروو هاوسنورە. سەبارەت بە ناوەکەی دەڵێن: زۆرترین ناوی خەڵکی گوندەکە بەناوی (محەممەد)ە، لەبەر خۆشەویستی بۆ پێغەمبەری خودا (د.خ)، يان دەڵێن یەکەمین کەس گوندی خێڵی حەمەی بونیادناوە ناوی (عبدول محەممەد)بووە، بۆیە ئەو ناوەیان بەکارهێناوە. بۆچونێکى تر پێيوايە، کە کەسایەتییەک بەناوی(محەممەد)، باپیرە گەورەی (میرزا حەسەنى نەورۆڵی)، کە سەرۆک عەشيرەتى نەورۆڵى بووە، دەستێکی باڵای هەبووە لە نیشتەجێبوون و ئاوەداکردنەوەی گوندەکەدا، بۆیە بەو ناوەوە ناو نراوە، ئەم بۆچونەش زیاتر پشتى پێدەبەسرێت. له نێوان (٥٧٣ بۆ ٦٠٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. تێکڕای بارانبارینی ساڵانەی لە نێوان (٧٠٠ بۆ ٨٠٠ملم) دایە. دانيشتوانەکەى سەرقاڵی کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵدارين. چەندین سەرچاوەی ئاوی هەیه، وەک جۆگەى دەلێن و چەمەکانى (چاوەپان، گەورە) و کانيیەکانى (فەقێ کەرەم، مزگەوت، بەردەڕەش، شاخ و وڵات، حمەى ڕۆستەم، مچەکەڵوڕ، پلوسک)، جيا لەوە خاوەنى ٢٥ بيرى قوڵ و ١٢٨ بيرى دەستيه. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٧ی دەلێنی خواروون. له گرنگترين دەشتەکان: (بەردەلێن، شاوڵاخ، دەشتى کانى کەوە، سەبان)ن. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٥٨ کەس بووە و ساڵی ١٩٧٧ بووە بە ٢٧٥ کەس و ساڵی ٢٠٠٢ بووە بە ٢٧٥ کەس و لە ئێستادا ٤٩٧ کەسە. ساڵی ١٩٧٨ بەر شاڵاوی ڕاگواستن کەوتووە. خزمەتگوزارییەکانی (ڕێگاى قیر، بنکەى تەندروستى، هۆڵى بۆنە، دوو مزگەوت، کارەبای نیشتیمانی، قوتابخانە، تۆڕى ئاو)ی هەیە. سێ مەزارگە و گۆڕستان نزیکی ئەم گوندەن بەناوەکانى (گۆڕستانی شێخ جونەید، گۆڕستانی شێخ ڕەش، مەزارگەی پیر محەممەد).
بە دووریی هەشت کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (هاوار)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکور و باکوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ نەوسود و شێخان و قەڵاگا لە خۆرهەڵاتی کوردستان و لە باشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی گریانە و هاوارەکۆن و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی پاڵانیان هاوسنوره. (١٣٥٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سەرەتا تەنها لە حەوت ماڵ پێکهاتووە. لە ئێستادا ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ١٢٠ خێزان دەبێت، کە سەربە پەیڕەوانی ئایینی کاکەیی (یارسان)ن. زۆربەیان لە شاری هەڵەبجە نیشتەجێن. سەبارەت بە ناوەکەی بۆچوونی باو ئەوەیە، کە وشەیەکی هەورامییە، لە (دەرە) بەواتای (دۆڵ) و (تفی) بەواتای (توو) دێت و بە هەردووکیانەوە (دۆڵی توو) دەگەیەنێت. لە تۆمارە فەرمییەکاندا بە (دەرەتفێ) ئاماژەی بۆ کراوە، بەڵام لەسەر زاری خەڵکی بە (دەرەتوێ) ناودەبرێت. گوندەکە لە شێوەی دۆڵێکدایە و ڕێژەیەکی زۆر دارتووی تێدایە. چەند کانییەک لە سنوری گوندەکەدا هەن وەک (هەرمێلێ، کانییە گەورە، کانیی باوە فەتحووڵڵا، بگاری). لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٧٥ کەس بووە و لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٧ بووە بە ١١٨ کەس. ڕووبەری زەوییەکانی زیاتر لە ٤٠٠٠ دۆنمە و بەگشتی دەوڵەمەندە بە دارستان و لەوەڕگای سروشتی و شاخەکانی بۆ بنێشتکردن بەکاردەهێنرێت.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی دەرەشیشی سەروو و لە خۆرئاواییەوە لەگەڵ گوندەکانی (تەپەکوڕە و زەمەقیی خواروو) و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی عەنەب و لە باکورەوە لەگەڵ دەشتی سەباندا، هاوسنورە. لەسەرژمێری ١٩٥٧دا ژمارەی دنیشتوانەکەی ١٨٩ کەس بووە. چەمی (تاوێرە و سەرکەن) پاش ئەوەی دێنە دەرەشیشی سەروو، بە چەمێکی فراواندا بەم گوندەدا تێپەڕدەبێت هەتا دەگاتە گوندی تەپەکوڕە، ئەم چەمە هەتا ناوەڕاستی بەهار سەرچاوەیەکی گرنگی ئاوی ناوچەکەیە و لە نێو تەپەکوڕە کارگەکانی غەسالەی چەوولمی لەسەر دروستکراوە. گوندەکە زەویی دێم و بەراوی زۆرە و لێژی گونجاوی هەیە و دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی ئاوی ژێرزەوی، چەندین پڕۆژەی بەخێوکردنی مریشک و گاوداری تێدا دروستکراوە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٠ی دەرەشیشن.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ شاری هەڵەبجە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی تاوێرە و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی دەرەشیشی خواروو و لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (خەرپانی، خارگێڵان) و لە باکوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی تەپەکوڕە و لە باشور و باشوری خۆرئاواشەوە لەگەڵ گوندەکانی (عەنەب و بیاوێڵە) هاوسنورە. لە ناوچەیەکی شاخاویدا هەڵکەوتووە و بانەکانی (٩١٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. زۆربەی دانیشتوانەکەی سەر بە عەشیرەتی کەمانگەرەییەکانن. نزیکەی ٦٠٠٠ دۆنم زەوی هەیە، کە تەنها ١٥٠ دۆنمی بەراوە و زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٠یە. قەڵارێزین بەرزترین شوێنی گوندەکە (١٢٠٠م)ـە. لەسەرژمێریی ١٩٥٧دا دانیشتوانەکەی ٣٤٩ کەس بوون. مێژووەکەی بۆ پێش هاتنی ئیسلام دەگەڕێتەوە و لە سەردەمی ساسانییەکاندا ژیانی تێدا بووە. بۆچونەکان لەوباوەڕەدان، کە ناوەکەی بۆ دێری مەسیحیەکان دەگەڕێتەوە بەو پێیەی، کە شوێنەواری (تەپەقارەغان) لە گوندەکە چەندین گۆڕستانی جیاوازی تێدایە، کە هەندێکیان لەنێو گۆزەدا نێژراون و هەتا پێش هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە، شوێنی پەرستنی مەسیحیەکان لەم شوێنەدا بووە و دواتر کراوەتە قەبرستان و چوار جۆر قەبری تێدا تێبینی دەکرێت. دۆڵی (گاوران) لەنێوان تاوێرە و دەرەشیش، جەخت لەم بۆچونە دەکاتەوە. قەڵای مۆرتکەی شوێنەواری و قەڵای قەڵا ڕێزێن و خرگێزان و هەوارگە قوڕینە و تەپەقارەمان (تەپی قادرخان) و دەشتی سەبان و کانی یاسەمەن و مەکینە هەڵدێر، گرنگترین شوێنەکانی گوندەکەن. تیرەکانی وەڵەدبەگی و کەمانگەری بناغەی گوندەکەیان داناوە. دواتر نۆریاوی و هیروێیی و زەردۆییەکان و ئێناخییەکان، دەوانی و کڵاشییەکان و بێسەرییەکان، هەموو ئەمانە بە درێژایی ٧٠٠ ساڵی ڕابردوو لە گوندەکەدا نیشتەجێبوون و تائێستاش هەر نیشتەجێن. سەرچاوەی ئاو و چەمی زۆرە و هەتا ساڵی هەشتاکان، توتن بەرهەمی سەرەکیی گوندەکە بووە. ساڵی ١٩٧٢ بۆیەکەمین جار قوتابخانەی تێداکراوەتەوە.
هەشت کیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتی ناحیەی (بیارە)وە دوورە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (بنجەیدڕە، زەردەهاڵ) و لە باکوری خۆرئاواوە لەگەڵ خارگێڵان و لە خۆرئاوەوە لەگەڵ خەرپانی و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ هانەنەوتێ، هاوسنورە. (٩٥٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. مێژووی دروستبوون و نیشتەجێبوونی زۆر دێرینە. سەدساڵ لەمەوبەر بۆ شوێنی ئێستای گوازراوەتەوە. ناوەکەی لە دوو بڕگەی (دەرە) و (قەیسەر) پێکهاتووە. (دەرە) لە زمانی هەورامیدا بە واتای (چەم) دێت. (قەیسەر) یش بۆچونی جیاوازی لەسەرە لەوانە: دوو گرد بە ناوەکانی (قەڵا) و (کەریم کوژیا) لە نزیک یەکترن، وەک دەرگای قەیسەری دێنە پێشچاو، چەمێک بە نێوانیاند تێپەڕدەبێت و پێی گوتراوە دەرە قەیسەر. بۆچوونی دووەمیش بریتییە لە هاتنی سەرکردەیەکی سوپای ڕۆم بەناوی (قەیسەر)، کە پەناگا و سەربازگەی سوپاکەی لەم گوندەدا بووە و بەناوی ئەوەوە ناونراوە. بیروبۆچونی سێیەمیش ئەوەیە لەسەردەمێکدا، کە وشکەساڵی ناوچەکەی گرتۆتەوە، کانیاوی سەرەکی ئەم گوندە کاروانچی و خەڵکانی دەرەوەی بۆ خۆی ڕاکێشاوە و گوتویانە قەیسەرەکانی ڕۆمیش ئەم ئاوەیان نیە. بۆچوونی کۆتاییش دەڵێن دەگەڕێتەوە بۆ ناوی کوڕە بچوکی موستەفا جەعفەرسوڵتان (سالاری جەعفەر سان) بەفەرمانی ئەو گوندەکە دروستکراوە و لە خۆشەویستی کوڕەکەی ئەو ناوەی ناوە. تاکو سالار فەرمانڕەوایی ناوچەکە بووە، دەرەقەیسەر یەکێک بووە لە هاوینەهەوارەکانی و شوێنی مانەوەی بەتایبەت سەر حەوزێکی تێدا دروستکردووە بەناوی (هەسارە و دیواخانی)، کە شوێنی مانەوەی خێزانی (سالار بەگ) بووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٤٧دا دانیشتوانەکەی ١٠١ کەس و لە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧دا بووە بە ١٧٦ کەس. چەندین کانی و کانیاوی بەناوبانگی هەبووە وەک (هانەقاڵاوا –هانەچیا – هانەنازەنین – هەسارەو مروا - هەسارەوچاوانا هەسارەجنێ وهەزارگرێ). لە ئێستادا ماڵەکانی لەگەڵ گوندی زەردەهاڵ تێکەڵبوون وپێکەوە دەژین. خەڵکەکەی بەزۆری خەریکی ئاژەڵداری و باخدارین. زەوییەکانی سەر بە کەرت کشتوکاڵیی ژمارە ٦٢ی دەرەقەیسەرە.
کەوتووەتە دامێنی (چیای سورێن)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) نزیکەی (٢٠کم) لە سەنتەری ناحیەکەوە دوورە. لە باکورەوە لەگەڵ چنارە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ میریسوور و لە خۆرئاواوە لەگەڵ کانیئاسکان لە باشورەوە لەگەڵ (قوڵخورد، عەلیاوا لە دەشتی شارەزوور) هاوسنورە. (٤٠٠م) لە دەرە گوڵانی کۆنەوە دوورە، کە دیار نییە بۆ کام سەردەم و ساڵ دەگەڕێتەوە. شوێنەواری لە ئێستاشدا ماوە و زیاتر لە ٢٠ خانووی لێ بووە. لەسەردەمی (حامدبەگ) لەلایەن (عەبدولڕەحمان کاکەوەیس)ـەوە دروستکراوە. زەوییە(دێم)ەکان و بۆ کشتوکاڵی وەک (گەنم، جۆ، نیسک، پاقلە، نۆک...)، بەرئاوەکانيش، کە بەئاوی چەمی (ڕیشێن) ئاودێری دەکرێن، له ڕابردودا (لۆکە و توتن) بووە و بەرهەمی باشی هەبووە، لە ئێستادا (تەماتە و شوتی و خەیار و پیاز و پەتاتە)ی لێدەکرێت، باخی هەنار و هەنجیر و ترێ و قەیسی و قۆخ...)ی هەیە. لە پێدەشتەکانی لەوەڕگا و پاوەنی بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ هەیە. دانیشتوانی لە بەرەبابی (کوێخا کاکەوەیس)ن لە عەشیرەتی (قەویلەیی)، کوێخا، پەیوەندیی لەگەڵ (شێخ مەحموودی حەفید)دا ھەبووە، بۆیە حکومەتی ئەوکاتەی عێراق لە سێدارەیدەدات و تەرمەکەی شوێن بزردەکات. دانیشتوانی لە گوندی (کانی ئاسکان زێڕون)ەوە هاتوون، چەندینجار بەر شاڵاوی ڕژێمەکانی عیراق کەوتووە، ساڵی ١٩٦٣ لەلایەن (زەعیم سدیق)ەوە بۆردومانکراوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٨٤ کەس بووە و لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٧دا بووە بە ١٠٨ کەس. هاوشێوەی گوندەکانی تری کوردستان ساڵی ١٩٧٨ بەرشاڵاوی ڕاگواستن کەوتووە و وێرانکراوە. ساڵی ١٩٩١ گەڕاونەتەوە و گوندەکەیان ئاوەدانکردووەتەوە. شەش ماڵ و ١٥ کەسی لێدەژین. هیچ پڕۆژەیەکی بۆ نەکراوە. بۆ ئاوی خواردنەوە سود لە ئاوی کانی و کارێزەکانی ئاوایی وەردەگرن، بە سۆندە ڕایانکێشاوە بۆ ماڵەکان و بۆ خواردنەوە بەکاردێن، زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٣ی ڕیشێنە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە). لە باکور و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی نارنجڵە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ بیارە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی (بنجەیدڕە و زەردەهاڵ) هاوسنورە. مێژووەکەی بۆ سەرەتای سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، لەلایەن (حەبیب عەزیز نادر)ناوێکەوە ئاوەدانکراوەتەوە. تاکو ڕاگواستنی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٨ نزیکەی ١٠ ماڵی تێدا بووە، بەڵام لە ئێستادا تەنها چوار ماڵی لێ نیشتەجێیە. دانیشتوانەکەی بە باخداری و فەرمانبەرییەوە سەرقاڵن، ناوی گوندەکە لەوەوە هاتووە، کە ئەو دۆڵە یان ئەوچەمەی لەبەردەم گوندەکەدایە بە هەورامی پێیوتراوە (دەرەوکیا)، واتە (چەمی کارێزەکان)، کە چەند کارێزێکی لێ بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥٩ی پشت جـۆگەی بنجۆی دڕەیە.