دەیلەمستان
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-09
کۆنە ئاوەدانییەک بووە لە سنوری ناوچەی شارەزوور. هەندێک سەرچاوە ئاماژە بە گەروەییەکەی دەکەن، بە (شارێکی بچوک) ناوی دەبەن. شوێنی نیشتەجێبوونی دەیلەمییەکان بووە. لەسەردەمی هاتنی ئیسلام و پادشاکانی ئێران هاتونەتە ناوچەکە. بەهێزبوون و بە چەتەیی و ڕێگری لە کاروانچییەکان بەناوبانگبوون. شوێنی نیشتەجێبوونیان بانی دەرەسولان و دلیدەمان بووە، کە ناوچەیەکی تەختاییە و لە بەرزایی چیاکانی هەورامانە. لە باکوریەوە گوندی دەرەیمەڕ و لە خۆرهەڵاتیەوە گوندی سەرگەت و لە باشوریشیەوە گوندی ئاواییی ڕۆستەم بەگ و شارۆچکەی خورماڵ لە باشور و گوندی ئەحمەدئاوا لە خۆرئاواییەوە هەڵکەوتووە. لە پاشماوەکانیاندا کۆمەڵێک کەلاوەی بیناسازی و شوێنەواری ژیان دەبینرێت. هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو شوێنەش بۆ نیشتەجێبوون، بوونی کانیاو و سەرچاوەی ئاوی باش بووە. لە هەمووشی گرنگتر ئەو شوێنە بەشێوەیەک هەڵکەوتووە، کە دەڕوانێت بەسەر دەربەندی دەرەیمەڕ و دەربەندی زەڵمدا و تەواوی ڕێگاکانی هاتووچۆش دێتەوە ئەو شوێنە.
سەرچاوەکان:
- گۆڤاری (زانکۆی هەڵەبجە)، ناو و جوگرافیا و مێژووی دەیلەمستان لە شارەزووری سەدەکانی ناوەڕاست، شوان محمد صابر، زریان سالار حاجی، وەشانی ٧، بەرگی ٣، مانگی ٩ی ٢٠٢٢، ل٨٠ – ٩٠.
- چاوپێکەوتنى ئامادەکار لەگەڵ (محەممەد سابیر محەممەد ساڵح)، ناسراو بە محمەد سابیر ئەحمەدئاواییی، لەدایکبوو: ١٩٦٨، بڕوانامە: ئامادەیی، پیشە: فەرمانبەر، لە ١٩ی ٩ی ٢٠٢٣.
ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید