خێڵى حەمه (گوند)
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
بە دووریی نزیکەی چوار کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری خۆرئاوای ناحیەی (خورماڵ)ـەوە. ڕووبەرەکەى نزیکەی ٤٥٠٠ دۆنمە. تەنها زەوییەکانی پشت جۆگەی دەلێن نەبێت سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. لە باشورەوە لەگەڵ گوندی تەپەکوڕە و لە باکورەوە لەگەڵ گوندی گۆمەلار و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندى خارگێڵان و لە خۆرئاوايشەوە لەگەڵ گوندی شەشکی خواروو هاوسنورە. سەبارەت بە ناوەکەی دەڵێن: زۆرترین ناوی خەڵکی گوندەکە بەناوی (محەممەد)ە، لەبەر خۆشەویستی بۆ پێغەمبەری خودا (د.خ)، يان دەڵێن یەکەمین کەس گوندی خێڵی حەمەی بونیادناوە ناوی (عبدول محەممەد)بووە، بۆیە ئەو ناوەیان بەکارهێناوە. بۆچونێکى تر پێيوايە، کە کەسایەتییەک بەناوی(محەممەد)، باپیرە گەورەی (میرزا حەسەنى نەورۆڵی)، کە سەرۆک عەشيرەتى نەورۆڵى بووە، دەستێکی باڵای هەبووە لە نیشتەجێبوون و ئاوەداکردنەوەی گوندەکەدا، بۆیە بەو ناوەوە ناو نراوە، ئەم بۆچونەش زیاتر پشتى پێدەبەسرێت. له نێوان (٥٧٣ بۆ ٦٠٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. تێکڕای بارانبارینی ساڵانەی لە نێوان (٧٠٠ بۆ ٨٠٠ملم) دایە. دانيشتوانەکەى سەرقاڵی کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵدارين. چەندین سەرچاوەی ئاوی هەیه، وەک جۆگەى دەلێن و چەمەکانى (چاوەپان، گەورە) و کانيیەکانى (فەقێ کەرەم، مزگەوت، بەردەڕەش، شاخ و وڵات، حمەى ڕۆستەم، مچەکەڵوڕ، پلوسک)، جيا لەوە خاوەنى ٢٥ بيرى قوڵ و ١٢٨ بيرى دەستيه. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٧ی دەلێنی خواروون. له گرنگترين دەشتەکان: (بەردەلێن، شاوڵاخ، دەشتى کانى کەوە، سەبان)ن. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٥٨ کەس بووە و ساڵی ١٩٧٧ بووە بە ٢٧٥ کەس و ساڵی ٢٠٠٢ بووە بە ٢٧٥ کەس و لە ئێستادا ٤٩٧ کەسە. ساڵی ١٩٧٨ بەر شاڵاوی ڕاگواستن کەوتووە. خزمەتگوزارییەکانی (ڕێگاى قیر، بنکەى تەندروستى، هۆڵى بۆنە، دوو مزگەوت، کارەبای نیشتیمانی، قوتابخانە، تۆڕى ئاو)ی هەیە. سێ مەزارگە و گۆڕستان نزیکی ئەم گوندەن بەناوەکانى (گۆڕستانی شێخ جونەید، گۆڕستانی شێخ ڕەش، مەزارگەی پیر محەممەد).
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (زمناکۆ عەلى محەممەد)، لەدایکبوو: ١٩٧٣، بڕوانامە: بەکالۆريۆس، خەڵکى گوندى خێڵى حەمە، ١٤ی ١٢ی ٢٠٢٢.
- بەشێک لە زانياريیە پێوانکارييە جوگرافيیەکان لە ڕێگەى سيستمى زانياريیە جوگرافيیەکان (GIS)ـەوە دەرهێنراون.
ئامادەکردنی: د. هێمن کەمال حەمەئەمین