خورماڵ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
لە باکورەوە لەگەڵ ناحیەی ناڵپارێز لە قەزای پێنجوێن، لە خۆرئاوا و باکوری خۆرئاوا لەگەڵ قەزای سەیدسادق، شارۆچکەی بیارە، لە باشوری خۆرهەڵات و شارۆچکەی سیروان لە باشورەوە هاوسنورە. ساڵی ١٢٩٩ هەتا ساڵی ١٨٦٩ لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا قەزابووە. لە خۆرهەڵات و باکوری خۆرهەڵاتەوە شاخەکانی هەورامان و سورێن لە شارستانی مەریوانی ئوستانی کوردستان لە خۆرهەڵاتی کوردستانی جیادەکاتەوە. لە ٢٠ کەرتی کشتوکاڵی و ٤٨ گوند پێکهاتووە، شەش لەو گوندانە دەکەونە سنوری ناوچەی هەورامان. لە ڕووی تۆبۆگرافیاوە لە شاخی بەرز و هەڵدێرەوە دەستپێدەکات و بە ئاڕاستەی بنار و پێدەشتەکانی شیرەمەڕە و شارەزوور شۆڕدەبێتەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ ڕووبەرەکەی (٧٢٨کم٢) بووە و ڕێژەی ٢٢%ی قەزای هەڵەبجەی پێکهێناوە. لە ساڵی ٢٠٠٢ ڕووبەرەکەی بۆ ٢٤٣.٥ بەرزبووەتەوە و ڕێژەی ٣٠.٦%ی قەزای هەڵەبجەی پێکهێناوە. لەڕووی ڕووبەرەوە دووەم گەورەترین شارۆچکەی پارێزگاکەیە. لە ئێستادا ڕووبەرەکەی (٢٦٠.٥٧کم٢) و ڕێژەی ٢٤% پارێزگای هەڵەبجە پێکدەهێنێت. بەگشتی دانیشتوانەکەی بە کاری کشتوکاڵی، باخداری، ئاژەڵدارییەوە خەریکن. بەهۆی نزیکیی لە سنوری ئێران لە مەرزە لاوەکیەکانی مڵەخورد و سیپە، کاری بازرگانی و کۆڵبەریشی تێدا دەکرێت. چەندین شوێنی سەرنج ڕاکێشی گەشتیاری و مێژوویی بوونیان هەیە. وەک مزگەوتی گەورەی خورماڵ و قەڵای خورماڵ، سەرچاوەی ئاوی گەنجان و ئاوی گۆگردی، هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا، تاڤگەی زەڵم، ڕیشێن و هتد. لە ڕووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیەوە دانیشتوانەکەی لە هەورامی، نەورۆڵی، شێخانی سادات، وڵەدبەگی، هارونی، یاروەیسی، بەلەبزانی، کەڵهور و یەزدانبەخشی پێکدێن. سەبارەت بە ناولێنانەکەی چەند بۆچوونێک هەیە، لەوانە:
١-گوڵعەنبەر: زۆرێک لەمێژوونوسان و شارەزایان و خەڵکی ناوچەکە کۆکن لەسەر ئەوەی (خورماڵ)ی ئێستا سەردەمێک (گوڵعەنبەر) بووە، کۆمەڵێک بەڵگە لەسەر ئەم ڕایە هەن، وەک ئەوەی دەوترێت لە(گوڵعومەر)ەوە هاتووە و مەبەست (عمری کوڕی خەتاب)ـە. یان دەوترێت ناوی ئافرەتێکە بەناوی (گوڵعەنبەر)، کە فەرمانڕەوایی ئەم شارەی کردووە، کچی شا (بدر)ی حەسنەوی بووە، لەپاش نەخۆشکەوتن و چاکبوونەوەی ئەو کچە لەسەر دەستی پیاوچاکێکی ئایینیی ناوچەکە و دواتر مردنی باوکی، خۆی دەبێتە فەرمانڕەوای ناوچەکە و ناوی شارەکەی بەناوەوە دەکرێت، شاری (گوڵعەنبەر)خاتوون، دواتر دەبێتە شاری (گوڵعەنبەر).
٢- خورماڵ: ئەم ناوەش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لە بنەڕەتدا (گوڵعەنبەر) بوە و گۆڕاوە و بووەتە (خورماڵ)، بەم شێوەیە (گوڵعەنبەر - گوڵەمبەر - گوڵەمار - گوڵمار- خوڵمار - خورماڵ). وەک دەوترێت (هەولێر) یش لە (اربیل)ەوە هاتووە، بەم جۆرە (ئەربیل - ئەڕوێل - ئەولیر - هەولیر - هەولێر).
٣- دزدان: (ئەمین نەقشبەندی) دەڵیت (دزدانە واتە دژدانە)، ئەگەر (دژ) بریتیبێت لە (قەڵا)، ئەوا (دژدان) واتە شوێن قەڵا. بەپێی ئەو وردبونەوەیە، دەکرێت بوترێت هۆی ناولێنانی شاری خورماڵ (بەدژدان) بۆ بونی ئەو قەڵایانە دەگەڕێتەوە، کە لەشارەکە و دەوروبەریدا هەن.
سەرچاوەکان:
- معجم البلدان، یاقوت حموی، ط٢، م ٣، دار الصادر، بيروت، ١٩٩٥، ص ٣٧٥-٣٧٦.
- خورماڵ لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆئەنثرۆپۆلۆجی، ئیبراهیم حاجی زەڵمی، بەرگی یەکەم، ٢٠٠٨، ل١٠-٢٩.
- خورماڵ لێکۆڵینەوەیەک لە جوگرافیای هەرێمی(سروشتی- دانیشتوان- ئابووری)، سەلام غفور، چاپی یەکەم، بەبێ ناوی چاپجانە، ٢٠١٦، ل٤٧.
- دەستەی ئاماری هەرێم، بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری سلێمانی، بەشی ئاماری هەڵەبجە، شیکاری دانیشتوان، داتای بڵاونەکراوە، ٢٠٢٣.
- المملکة العراقية، وزارة الشؤون الأجتماعية، مديرية النفوس العامة، احصاء السکان لسنة ١٩٤٧، الجزء الثاني، لواء الموصل، لواء کرکوک، لواء السليمانية، لواء أربيل، بغداد ١٩٥٤، ص١٦٧.
- الجمهورية العراقية، وزارة الداخلية، مديرية النفوس العامة، المجموعة الأحصائية لتسجيل عام (١٩٥٧) لوائى کرکوک و السليمانية، مطبعة العاني، بغداد، جدول ٨، ص ٢١-٢٤.
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا,یوسف باقی عەبدولقادر,کارزان عەدنان حەمەسەعید